شین

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-18-11:54:00 - کۆدی بابەت: 7849
شین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەنگی شین (بە عەرەبی: اللون الازرق، بە ئینگلیزی: Blue) شین ئەو ڕەنگەیە کە لە شەبەنگی بینراو دەکەوێتە نێوان ڕەنگی مۆر و ڕەنگی سەوز، یەکێکە لە ڕەنگە سەرەتاییەکان و بە ڕەنگە ساردەکان هەژمار دەکرێت، چەند پلەیەکی تۆخ و کاڵی هەیە نموونەی پیرۆزەیی (ڕەنگی شینی سەوزکار)، شینی کاڵ، شینی کاڵی ئاسمانی، شینی تۆخ، چیوتی و چەندانی تر.
درێژی شەپۆلی ڕەنگی شین لە نێوان 380 بۆ 500 نانۆمەترە.
زۆرن ئەو کەسانەی کە ئارەزووی ڕەنگی شین دەکەن، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە کە ڕەنگی شین لەو ڕەنگانەیە کە لەلای زۆرترین کەسی ئەورووپا و ئەمریکا پەسەندە، بە تایبەتی لەلای پیاوان.

مێژووی ڕەنگی شین

لە نیگارە کۆنەکانی یۆنانییەکان و ئەشکەوتەکانی سەردەمی چاخی بەردین ڕەنگی شین دۆزراوەتەوە، بەڵام بە بەراورد بە ڕەنگی سوور و سپی و ڕەش لە ڕابردوودا ئەم ڕەنگە لە بوارەکانی وێنەکێشان و بۆیەکردنی پۆشاکە ئاوریشمییەکان کەمتر بەکارهاتووە،  چونکە بۆیەی شین بە ئاسانی بەردەست نەبووە و کوالێتییەکی باشی نەبووە، لە چەند کانزا و ڕووەکێکی دیاریکراو بەرهەمهێنراوە.
"بەردی لازۆرد" کە بەردێکی کانزاییە، بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵ لە وڵاتی ئەفغانستان دەرهێنراوە و بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕەوانەیان کردووە، لەم بەردە ڕەنگی شین دەرهێنراوە و خشڵ و بابەتی جوانکاریی لێدروستکراوە.
بەهۆی ئەوەی هاوردەکردنی لازۆرد لە ئەفغانستانەوە بۆ میسڕ کارێکی قورس و گران بووە، بۆیە میسڕییە کۆنەکان هەوڵیاندا خۆیان بۆیەی شین دروست بکەن، لە ڕێگای تێکەڵکردنی مس، لیمۆ، سلیکا و چەند کانزایەکی تر، پاشان گەرمکردنیان تا 900 پلەی سەدی، ڕەنگی شینیان بەرهەمهێنا و بووە یەکەم ڕەنگی شینی دەستکرد لە مێژوودا، ناویان لێنا "ڕەنگی شینی میسڕی".
ئەم ڕەنگەیان بەکارهێنا بۆ بۆیەکردنی پۆشاک، وێنەکێشان، خشڵ و جوانکارییەکانی خۆیان، بۆ جوانکاری برۆکان بەکارهێنراوە هەروەها ماسکیان لێدروستکردووە.
هەروەها بۆ بۆیەکردنی ئەو قوماشەی کە لە مۆمیاكان دەپێچران ڕەنگی شین بەکارهاتووە، ئەوان باوەڕیان وابوو کە شین مردووەکانیان لە خراپە بەدوور دەگرێت و پارێزگارییان لێدەکات.
لە میسڕی کۆن و وڵاتی دۆڵی دوو ڕووبار نزیکەی 2500 ساڵ پێش ئێستا، بیرۆکەی چاوەزار بە ڕەنگی شین دروست بوو، بەپێی بیروباوەڕیان ڕەنگی شینیان تەرخان کردبوو بە خوداوەندەکانیان و پێیان وابوو ئەو ڕەنگە لە خراپە بە دووریان دەگرێت و پارێزگارییان لێدەکات، بۆیە وەکوو ملوانکە بەردی گرانبەهای ڕەنگ شینیان لە مل دەکرد.
تاکوو ئێستا دانیشتوانی دەریای سپی ناوەڕاست و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باوەڕیان بە چاوەزاری ڕەنگ شین هەیە و وەکوو بەردێکی پیرۆز بەکاریدەهێنن. 

واتا و هێماکانی ڕەنگی شین لەڕووی دەروونناسییەوە

ـ ڕەنگی شینی کاڵ پەیوەستە بە خووی داهێنان لە کەسەکاندا بیری داهێنەرانە لەکەسەکان زیاد دەکات، هەروەها ڕەنگی شینی تۆخ پەیوەستە بە ژیری و زیرەکی
ـ ڕەنگی شین ئارامی و ئاسوودەیی و هەستی هێز و ئازایەتی دەبەخشێت.
ـ بە پێچەوانەی ڕەنگی سوور، ئەم ڕەنگە ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە، خێرایی ترپەکانی دڵ هێواش دەکاتەوە، چونکە ڕەنگێکی ئارامکەرەوەیە.
ـ لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە ڕەنگی شینیان لەلا پەسەندە خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و دەروون ئارامن، خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ژیان هەیە، کەسێکن تا ڕادەیەکی باش ئاستی متمانە بەخۆبوونیان بەرزە. 

ڕەنگی شین لە سروشتدا

ـ ڕەنگی شین ڕەنگی ڕووبار و دەریا و ئاسمانە، کاتێک ڕووناکی لەگەڵ زەوی کارلێک دەکات، بەهۆی خۆرەوە چەند ڕەنگێک لە ڕووناکییەکە دروست دەبێت پێیدەوترێت شەبەنگ، ڕووناکی ئەو شەبەنگە بە چەندین ئاڕاستەدا بڵاودەبێتەوە، ئاسمان ڕووبار و زەریاکان بە ڕەنگی شین دەردەکەون چونکە ڕەنگی شین زیاتر لە ڕەنگەکانی تر بڵاودەبێتەوە بەهۆی ئەوەی شەپۆلەکانی تا ڕادەیەک بچووک و کورتن بۆیە چانسی زیاتریان هەیە تاکوو بە هەموو شوێنێکدا بڵاوببنەوە. 

ڕەنگی شین لە ڕووەک و ئاژەڵاندا 

- زۆرێک لەو ڕووەک و ئاژەڵانەی کە ڕەنگیان شینە ژەهراویین و زیانیان هەیە.
ـ ڕووەکی کاکتۆسی شین (ئەم ڕووەکە لە کێڵگەکانی وڵاتی مەکسیک دەڕوێت، بۆ دروسکردنی خواردنەوەی تەکێلای کحولی بەکاردەهێرێت).
ـ گوڵی شینی Scilla 
ـ  میوەی تووی شین 
ـ نەهەنگی شین
ـ بۆقی شینی ژەهراوی، ئەم ئاژەڵە لە ئەمریکای باشوور زۆر بڵاوە.
ـ جاڵجاڵۆکەی شینی ژەهراوی. 

بەکارهێنانەکانی ڕەنگی شین 

ـ ڕەنگی شین هێمایە بۆ باوەڕبەخۆبوون و متمانەپێکردن، بۆیە زۆرێک لە دامەزراوە داراییە جیهانییەکان پلەکانی ڕەنگی شینیان لە لۆگۆکانیان بەکارهێناوە، نموونەی "بانکی نەتەوە یەکگرتووەکان"، "بانکی ئەمریکا" و "بانکی چیک".

ـ ڕەنگی شین هێمای داهێنان و کاری نوێ و بازرگانییە، بۆیە له زۆرێک لە لۆگۆی کۆمپانیا و بڕاندە جیهانییەکان بەکارهێنراوە نموونەی "مایکرۆسۆفت"، "فەیسبووک"، "تویتەر"، "ئینتێڵ"، "سامسۆنگ" و چەندان کۆمپانیای تر.
ـ شین لە چەند خواردنەوەیەکی گازی و خواردنەوە وزە بەخشەکان بەکارهێنراوە نموونەی "بیپسی"، خواردنەوەی وزە بەخشی "XL" و بتڵی ئاوی کانزاکان، چونکە ڕەنگی شین هەستی ساردی و وزە دەبەخشێتە کەسەکان.
ـ ڕەنگی شین بۆ جل و بەرگی منداڵانی کوڕ بەکاردەهێنرێت.
ـ لە نەخۆشخانە و هۆڵی نەخۆشەکان و هۆڵی نەشتەرکاریدا پزیشک و پەرستار پۆشاکی ڕەنگ شین دەپۆشن، چونکە هەستی ئارامی و دڵنیایی و ئاسوودەیی لەلای نەخۆشەکان دروست دەکات.
ـ لە دیزاینی دیکۆراتی ناوەوە ئارامی و هێمنی و ئاسوودەیی بە شوێنەکە دەبەخشێت و شوێنەکە فراوانتر دەردەخات، بۆ ژووری نووستن ڕەنگێکی گونجاوە، هەروەها بۆ شوێنی کارکردن و ئۆفیسەکان ڕەنگێکی لەبار و ڕێکە.


سەرچاوەکان



2973 بینین