کیشوەری ئەورووپا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-22-01:35:00 - کۆدی بابەت: 7664
کیشوەری ئەورووپا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کیشوەری ئەورووپا (بە عەرەبی: قارة أوروبا، بە ئینگلیزی: Europe continent) لە دوای کیشوەری ئاسیا و کیشوەری ئەفریقا سێیەم گەورەترین کیشوەره لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، سەرباری ئەوەی ڕووبەری کیشوەرەکەی بچووکە نزیکەی 10.180 ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە و ڕێژەی 7.1%ـی ڕووبەری زەوی پێکدەهێنێت.

واتای ناوەکەی

لەسەر واتای ناوەکەی چەند ڕاوبۆچوونێکی جیاواز بوونی هەیە، هەندێک پێیان وایە کە ڕەچەڵەکی وشەی ئەورووپا ئەغریقییە بە واتای "ڕووخساری پان"ـە، لە ئەفسانە یۆنانییەکان "ئەورووپا" ناوی کچی "پاشا ئەگینۆر"ـی فینیقییەکان بووە، هەروەها هەندێک لە پسپۆڕان پێیان وایە کە چەمکی ڕۆشنبیری و جوگرافی و سیاسی ئەورووپا پەیوەستە بە کولتوور و ئایینی مەسیحییەوە و ئەوان بناغە و بنەمای کولتووری ئەورووپایان داناوە، ناوەکەشی هەر لەلایەن ئەوانەوە جێگیر کراوە و بەکارهێنراوە.

مێژوو

ـ بەپێی دۆزینەوە مێژووییەکان دەرکەوتووە کە مرۆڤە سەرەتاییەکانی چاخی بەردین نموونەی مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئەورووپا ژیاون، مێژووی ژیانکردن لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە بۆ ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا.
ـ شارستانیەتی یۆنانی و ڕۆمانیی دێرین بنەمای شارستانییەکانی ڕۆژئاوان، مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 2000 ساڵ پێش زایین، ئیمپراتۆرییەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئەورووپا دەسەڵاتدار بوون، تاکوو کۆتایی سەدی دووی زایینی بەردەوام بوون.
ـ دوای دابەشبوونی ئیمپڕاتورییەتی ڕۆمانی بۆ  دەسەڵاتی ڕۆمانیی ڕۆژهەڵات کە بە بیزەنتی ناسراو بوون و دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتیان گرتەدەست، لەگەڵ ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانیی ڕۆژئاوا کە پایتەختەکەی ڕۆما بوو، تەنها دەسەڵاتی بەشێکی ئەورووپای دەکرد.
ـ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی شکستی هێنا، لەم سەردەمەدا ئایینی مەسیحی زۆر بڵاوبووەوە بووە شووناسی سیاسی و کولتووری ئەورووپا، سیستمی دەرەبەگی لەلایەن پیاوانی کڵێساوە سەپێندرا و کاری پێکرا.
ـ لە سەردەمی هاوچەرخ و دەرکەوتنی دەسەڵاتی عوسمانی، تاڕادەیەک دەسەڵاتی ئەورووپا سست و لاواز بوو، بەڵام لەم سەردەمە ئەورووپا زۆر گرنگیان بە زانست و بنیاتنان و هونەر دەدا، لە زۆر بواردا نوێگەرییان کرد و پەیوەستییان بۆ ئایین کەم بووەوە.
ـ لە سەدەی بیستەم و دروستبوونی جەنگی جیهانی یەکەم و جەنگی جیهانی دووەم، ئەورووپا زیانێکی زۆری بەرکەوت، هەر چەند وڵاتێکی ئەورووپی هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی ئەو جەنگانە بوون.
ـ لە ماوەی ساڵانی نێوان 1950 بۆ 1980 زۆرێک لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا کە ژێردەستەی دەسەڵاتی ئەورووپا بوون، سەربەخۆیی تەواویان بەدەستهێنا. 

جوگرافیا 

ـ شوێنی جوگرافی: کیشوەری ئەورووپا هاوشێوەی نیمچە دوورگە و کەنارێکی پان و بەرینە، لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە بە چەند شاخ و کێوێکی بەرز دەورە دراوە نموونەی شاخی ئۆڕاڵ و قەوقاز و دەریای قەزوین، لە ڕۆژئاواوە کیشوەرەکە هاوسنوورە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی، دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای ڕەش و ناوچەی قەوقاز لە باشوورەوە هاوسنوورن، زەریای بەستەڵەکی باکوور لە باکوورەوە دەوری داوە، دەریای ناوەڕاست کیشوەری ئەورووپا لە کیشوەری ئەفریقا جیادەکاتەوە، هەروەها سنووری لەگەڵ کیشوەری ئاسیا چەند ڕاجیاییەکی لەسەرە، هەندێک پێیان وایە کە سنووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکە لە نزیک شاخی ئۆڕاڵەوەیە سنووری هاوبەشە، بەڵام هەندێک لە پسپۆڕان سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو کیشوەرەکە بە ڕووباری "ئیمبا" دیاری دەکەن، ژمارەیەک لە زانایانی بواری جوگرافیا پییان وایە کە کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا یەک پارچەن چونکە هیچ بەربەستێکی ئاوی لەنێواندا نییە، بۆیە پێیان دەڵێن "ئۆراسیا"، هەروەها چەندان ڕووبار و دەریا و دەریاچە و کەناراو لەم کیشوەرەدا بوونیان هەیە. 

زمان

بەپێی توێژینەوە و ئامارەکان ژمارەی ئەو زمانانەی کە لە ئەورووپا قسەی پێدەکرێت 200 زمانن، لەو ژمارەیە 23 زمانیان فەرمییە و لە چەند وڵاتێکی ئەرووپی قسەی پێدەکرێت.

ژمارەی دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 741 ملیۆن کەسە و 11%ـی ڕێژەی دانیشتوانی گۆی زەوی پێکدەهێنێت، وڵاتی ڕووسیا گەورەترین وڵاتی کیشوەرەکەیە لەڕووی ڕووبەر و ڕێژەی دانیشتوانەوە، ڕێژەی 40%ـی ڕووبەری ئەورووپا پێکدەهێنێت ڕووبەرەکەی 17 ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە، وڵاتی ڤاتیکان بچووکترین وڵاتی کیشوەرەکەیە.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەهۆی هەژاری و برسیەتی و نەخۆشییەوە زۆرێک لە دانیشتوانی کیشوەری ئەورووپا کۆچیان کرد بۆ کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور بۆیە لە ئێستادا زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو کیشوەرە ڕەچەڵەکیان ئەورووپییە، هەروها لە ئێستادا وڵاتانی کیشوەری ئەورووپا لەو وڵاتانەن کە زۆرترین کۆچبەر لەخۆدەگرن.

ئایینەکان

ئایین لە ئەورووپا کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر هونەر فەلسەفە و یاساکانیان، ئایینی مەسیحی بەربڵاوترین باوەڕە لە ئەورووپا نزیکەی 76.2% لە دانیشتوانی ئەورووپا پەیڕەوی ئەم ئایینەن، ڕێژەی موسڵمانان لەم کیشوەرە5.2%ـە، پەیڕەوانی ئایینەکانی تری نموونەی جوو و بوزی و هیندۆسی دەگاتە دوو ملیۆن کەس، هەروەها ڕێژەی ئەو کەسانەی کە هیچ بیروباوەڕ و ئایینێکیان نییە 18.2%ـن.

کەرتی ئابووری 

کەرتی ئابووری کیشوەری ئەورووپا لە هەموو جیهاندا ئاستی یەکەمە، بە دەوڵەمەندترین کیشوەر دادەنرێت لەڕووی داهات و بوونی سەرچاوەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2009 دەرکەوتووە کە یەک لەسەر سێی سامانی جیهانی لەو کیشوەرەیە، یەکیەتی ئەورووپا کە لە گەورەترین ناوچە ئابوورییەکانی جیهانە هەر لەو کیشوەرەیە، دراوی یۆرۆ دراوی هاوبەشی 18 وڵاتی یەکیەتییەکەیە، هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا لە ڕیزبەندی دە گەورەترین وڵاتن لە ڕووی ئابووریی و داهاتی ناوخۆوە، وڵاتی مۆناکۆ لەڕووی داهاتی تاکەوە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانە، درێژترین هێڵی شەمەندەفەر لە جیهاندا لەم کیشوەرەیە و دەکەوێتە وڵاتی بەلجیکاوە، هەروەها لەڕێگەی گواستنەوەی دەریایی دەتوانرێت بە نیو کاتژمێر گەشتی کیشوەری ئەفریقا بکرێت.

کولتووری ئەورووپی

بەهۆی داگیرکارییەکانی ئەورووپا بۆ وڵاتان و ناوچەکانی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا، ئەورووپا ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە سەپاندن و بڵاوکردنەوەی کولتووری خۆی لە جیهاندا، بە تایبەتی لە ماوەی سەدەی شازدەیەم بۆ سەدەی بیستەم کە ئەورووپا لەو ماوەیەدا دەسەڵاتی داگیرکارییەکانی لە لوتکەدا بووە، لە هەمان کاتدا کولتووری ئەورووپا کاریگەر بوو بەو ناوچانە و تێکەڵی کولتووری وڵاتانی ژێردەستەی بووە.

دابەشبوونە کارگێڕییەکان و وڵاتانی کیشوەرەکە

دابەشبوونە کارگێڕییەکانی کیشوەری ئەورووپا بەسەر پێنج ناوچە و هەرێمدا دابەش بووە، هەر هەرێمێک چەند وڵاتێک لەخۆ دەگرێت، بە گشتی ژمارەی وڵاتانی کیشوەری ئەورووپا 44 وڵاتە. 

ئەورووپای باکوور

لە ئەورووپای باکوور، هەریەک لە وڵاتانی ئیستۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا بە وڵاتانی "باڵتیک" ناسراون، دەکەونە سەر دەریا و کەناراوەکانی باکوور، هەروەها وڵاتانی سوید و دانیمارک و نەرویج بە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا ناسراون، ناوچەکانی ئەم بەشە بەوە ناسراوە کە دەریاچە و ناوچەی شاخاوی زۆرە، وڵاتانی ئەم بەشە بریتین لە: 

ئەورووپای باشوور

وڵاتانی ئەم بەشە ناوچەی شاخاوی زۆر لەخۆدەگرن و ناوچەی زورگ و پانتاییان کەمە، کەرتی گەشتگوزار لەم بەشە زۆر گرنگی پێدەدرێت، وڵاتەکانی بریتیین لە:

ئەورووپای ڕۆژهەڵات

ئەم بەشە ڕووسیا کە گەورەترین وڵاتی کیشوەرەکەیە  لەخۆدەگرێت، زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتانی ئەم بەشە پەیڕەوی ئایینی مەسیحیین، وڵاتەکانی بیرتیین لە:

ئەورووپای ڕۆژئاوا

وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەکەونە سەر کەناراوەکانی زەریای ئەتڵەسی، بە گشتی کەشوهەوایان مامناوەندە، لەم بەشەدا چڕی دانیشتوان زۆر بەرزە چونکە زۆرێک شارە گەورەکانی وەکوو لەندەن و بەرلین و پاریسی لەخۆگرتووە، شارەکانی بریتین لە:

ئەورووپای ناوەڕاست

وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەکەونە ناوند و ناوەڕاستی کیشوەری ئەورووپا، بەرزترین زنجیرە چیاکانی کیشوەرەکە دەوری وڵاتەکانی داوە نموونەی شاخی ئەلب، وڵاتانی ئەم بەشە هیچ کەنار و دەریایەکیان نییە چونکە لە ناوەندی کیشوەرەکەن، بۆیە کەشوهەوایان مامناوەندە، وڵاتەکانی بریتیین لە:

ئەو وڵاتانەی کە بەشێکیان لە کیشوری ئاسیایە و بەشێکیان لە کیشوەری ئەورووپایە بریتیین لە: 


سەرچاوەکان

1085 بینین