گیای دەریایی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-03-05-14:01:00 - کۆدی بابەت: 7926
گیای دەریایی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گیای دەریایی (بە ئینگلیزی: Seaweed) ناوێکی باوە بۆ ئەو ڕەگەزە بێشومارانەی ڕووەک و قەوزەکان کە لە ناو زەریا، ڕووبار، دەریاچەکاندا گەشە دەکەن، هەندێک لە گیا دەریاییەکان بە چاوی ئاسایی نابینرێن وەکو فایتۆپڵانکتن کە لەسەر ڕوو و قوڵایی ئاودا دەژین و بنچینەی زۆربەی زنجیرە خۆراکییە دەریاییەکان پێکدەهێنن، هەندێکیش لە گیا دەریاییەکان قەبارەکەیان گەورەیە و بە چاو دەبینرێن وەکو کێڵپی زەبەلاح کە لەسەر ڕەگی درەختی (ڕێد وود) دەژی، لە قوڵایی زەریاکاندا. بەشێکی زۆریشیان قەبارەیان ناوەندییە واتە نە زۆر گەورەن نە زۆر بچووک. ڕەنگی سوور، سەوز، قاوەیی و ڕەشیان هەیە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەکەونە کەنار دەریا و زەریاکان، بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێکی نزیک زەریاکان دەبینرێن.

ژمارەیەک لە ڕەگەزەکانی گیایە دەریاییەکان بۆ خواردن دەشێن، بەشێکی تریشیان لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ مرۆڤەکان سوودیان هەیە، هەندێکیان وەکو سەرچاوەی کاربۆهیدراتی ئاڵۆز بەکاردەهێنرێن.

گیا دەریاییەکان لە ڕاستیدا جۆرێکی قەوزەن نەک ڕووەک. گەڵا، قەد و ڕەگیان نییە بۆ ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی ئاو و خۆراکە ماددەکان، لە جیاتی ئەوە خانەکانیان ڕاستەوخۆ پێویستییەکانیان لەو ئاوەوە وەردەگرن کە لە نێویدان. تاکە خاڵی هاوبەش لە نێوان ڕووەک و گیا دەریاییەکاندا ئەوەیە بۆ کرداری ڕۆشنەپێکهاتن پشت بە تیشکی خۆر دەبەستن.

زۆربەی ئەو ئۆکسجینەی ئێمە هەڵی دەمژین سەرچاوەکەی گیا دەریاییەکانن، ڕێژەی ٧٠٪ی ئۆکسجینی ئەو هەوایەی ئێمە هەڵی دەمژین، گیا دەریاییەکان دابینی دەکەن، دارستانە باراناوییەکان تەنها لە ٢٨٪ی ئۆکسجین بەرهەم دەهێنن و لە ٢٪ش لە سەرچاوەکانی ترەوەیە. ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ پاراستنی زەریاکان لە پیسبوون.

جۆرەکانی گیا دەریاییەکان

گیا دەریاییەکان زیاتر لە ١٢ هەزار جۆریان هەیە، گیای دەریایی ناوێکی باوە بۆ چەندەها جۆری ڕووەکی دەریایی و قەوزە واتە تایبەت نییە بە جۆرێکی دیاریکراوی ڕووەک. تا ئێستا زاراوەیەکی دیاریکراو و فەڕمی نییە تایبەت بەم زیندەوەرانە، بەڵام دەتوانرێت بکرێت بە سێ بەشەوە: قەوزەی قاوەیی، سوور و سەوز، کە دەتوانرێت بە شێوازی جیاواز بەکاربهێنرێت و سوودی تەندروستی هەبێت.

گیای دەریایی وەک سەرچاوەی خۆراک

ئەو گیا دەریاییانەی لە قەراغ دەریا و زەریاکاندا گەشە دەکەن، سەرچاوەی خۆراکی زۆر لە وڵاتە ئاسیاییەکان پێک دەهێنن وەکو ژاپۆن، کۆریا و چین، دەتوانرێت چەندەها جۆر خۆراکی لێ دروست بکرێت وەکو: سووشی،  شۆربا، زەڵاتە، دەرمان و شەربەتیشی لێ دروست دەکرێت.

سوودەکانی گیای دەریایی

١- گیا دەریاییەکان سەرچاوەیەکی باشی یۆد و ترشێکی ئەمینین بە ناوی (تایرۆسین). ڕژێنی سایرۆید (غوددە) پێویستی بە هەردووکیانە بۆ ئەوەی بە باشی کار بکات کە ئەم ڕژێنە بەرپرسە لە جڵەوکردنی گەشە، بەرهەمهێنانی وزە، جڵەوکردنی ئەندامەکانی کۆئەندامی زاوزێ و چاککردنەوەی ئەو خانانەی زیانیان بەرکەوتووە، گیا دەریاییەکان یۆد لە زەریاوە هەڵدەمژن و لەگەڵ ترشە ئەمینییەکەدا دوو سەرچاوەی سەرەکین بۆ ئەوەی ڕژێنی سایرۆید فرمانە سەرەکییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

٢- گیا دەریاییەکان بڕێکی باش و جۆری جیاوازی ڤیتامین و کانزاکانیان تێدایە، وەکو: یۆد، ئاسن و کالسیۆم. هەندێکیان بڕێکی زۆر ڤیتامین B12 تێدایە، سەرچاوەیەکی باشی چەوریی ئۆمێگا -٣یە.

 

٣- لە پێکهاتەکەیاندا بڕێکی باش ماددەی دژە ئۆکسانی تێدایە، وەکو ڤیتامین A، C و کارۆتین و فڵاڤەنۆید ئەم دژە ئۆکسانانە لەش دەپارێزن لە تێکشکانی خانەکان.

پێکهاتە فری ڕادیکاڵەکان لە لەشدا دەتوانن زیان بگەیەنن بە خانەکان، تێکیان بشکێنن و ببنە سەرچاوەی نەخۆشییەکانی وەکو شەکرە و دڵ. ئەم پێکهاتانە لەلایەن ماددە دژە ئۆکسانەکانەوە جێگیر دەکرێن و ڕێژەی کارلێککردنیان کەم دەکەنەوە بەمەش خانەکان لە زیان و تێکشکان دەپارێزن.

٤- ماددەی ڕیشاڵی و پێکهاتەی شەکری تێدایە کە بەسوودە بۆ کار و گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکانی گەدە.

٥- سوودی هەیە بۆ دابەزاندنی کێش بەوەی برسێتی دوادەخات و ماددەی ڕیشاڵی تێدایە کە کالۆری کەمتر دەبەخشێت.

٦- مەترسییەکانی تووش بوون بە شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.

٧- گیا دەریاییەکان سوودیان هەیە بۆ پێست و لە بواری تەندروستیدا بەکاردەهێنرێن، گیا دەریاییەکان چەندین کانزای سوودبەخشیان تێدایە وەک: زینک، کالسیۆم، مەنگەنیز، مس و یۆدید کە پێست دەتوانێت هەڵیان بمژێت و پێست بە تووندی و درەوشاوەیی دەهێڵێتەوە، یۆنانییەکان باوەڕیان وابووە کە گیا دەریاییەکان دەتوانن نەخۆشی چاک بکەنەوە، لە گەرماوەکانیاندا بەکاریان هێناوە بۆ نوێکردنەوەی پێست و دەرهێنانی ماددە ژەهراویەکان لە لاشە.

٧- گیا دەریاییەکان دەتوانن وەکو سووتەمەنی بەکاربهێنرێن گیا دەریاییەکان گەرمی پەیداکەرن، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە سەرچاوەیەکی بەنرخی سووتەمەنی. بەشێک لە زانایانی جیهان  تاقیکردنەوە لەسەر گیا دەریاییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەکو سووتەمەنی بۆ ئامێرەکان بەکاریان بهێنن.

مەترسییەکانی خواردنی گیا دەریاییەکان

سەرەڕای چەندەها سوودی پزیشکی بەڵام زیادەڕەوی کردن لە خواردنیان دەبێتە هۆی مەترسی و دروستبوونی کێشەی تەندروستی، بۆ نموونە زیادەڕەوەی کردن لە خواردنی گیا دەریاییەکان دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری یۆد کە ئەمەش زیان بە ڕژێنی سایرۆید دەگەیەنێت. پێویستە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو و کەم بخورێت.


سەرچاوەکان



694 بینین