ئیسرا و میعراج

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-06-11:33:00 - کۆدی بابەت: 7933
ئیسرا و میعراج

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شەوڕەوی و بەرزبوونەوەی پێغەمبەر ﷺ  یان ئیسرا و میعراج (بە عەرەبی: الاسراء و المعراج) بریتییە لەو شەوەی کە پێغەمبەر ﷺ لە مزگەوتی حەڕامەوە لە مەککەوە کۆچی کرد بۆ مزگەوتی ئەقسا لە قودس، لە ڕێگەی ئاژەڵێکەوە بە ناوی "بووڕاق" پاشان لە مزگەوتی ئەقساوە بڵندبووەوە بۆ ئاسمانەکان.
لە زمانی عەرەبیدا وشەی "الإسراء" بە واتای شەوڕەوی یان کۆچکردنی شەوانەیە، وشەی "المعراج" واتای بەرزبوونەوە یان بڵندبوونەوەیە.
لە قورئانی پیرۆز ئەم ڕووداوە سەلمێندراوە و تۆمار کراوە، هەروەها تەواوی هاوەڵان باوەڕیان پێ هێناوە، زانایانی ئیسلامیش پشتڕاستیان کردووەتەوە. 

وردەکاری ڕووداوی شەوڕەوی و کۆچی پێغەمبەر ﷺ

بەپێی دەقی قورئانی و پشتڕاستکردنەوەکانی زانایان و گێڕانەوەکانیان نموونەی ئیبنولقه‌ییم ڕووداوی شەوڕەویی بەم شێوەیە دەگێڕنەوە، گرنگترین بەشی ئەوە بووە کە جه‌سته‌ و ڕۆحی پیرۆزی پێغەمبەر ﷺ  لەو ڕووداوە ئامادەبوو و ئەو ڕووداوە خەوبینین و خەیاڵ نەبووه‌، ڕووداوەکە بە کۆچ و شەوڕەوی پێغەمبەر ﷺ له‌ مزگه‌وتی حه‌رامه‌وه‌ بۆ مزگه‌وتی ئەقسا لە قودس به‌ سواری بووڕاق و بە هاوەڵی "جوبریل" (سەلامی خودای لەسەر بێت) ڕوویداوە، پێغەمبەر ﷺ له‌ قودس دابه‌زییوە و پێشنوێژی بۆ هەموو پێغه‌مبه‌ره‌كانی تر کردووە، پاشان هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ له‌ (بیت المقدس)ـه‌وه‌ به‌رز كرایه‌وه‌ بۆ ئاسمانی دونیا و ده‌رگای بۆ كرایه‌وه‌ و هه‌ر له‌وێ پێغەمبەر "ئاده‌م"ـی بینی (سڵاوی خودای له‌سه‌ر بێت) ئەویش ددانی نا به‌ پێغه‌مبه‌رایەتیدا، پاشان سه‌رخرا بۆ ئاسمانی دووه‌م و له‌وێ هەر یەک لەپێغەمبەران "یه‌حیا" و "عیسا"ـی بینی (سڵاویان له‌سه‌ربێت) ئه‌وانیش پێغه‌مبه‌رایەتیان سه‌لماند، پاشان بۆ ئاسمانی سێیه‌م به‌ڕێكه‌وت و له‌وێش پێغەمبەر "یوسف"ـی بینی ئه‌ویش ددانی نا به‌ پێغه‌مبه‌رایەتیدا، پاشان بەرەو  ئاسمانی چواره‌م سەرخرا، له‌وێش "ئیدریس" پێغه‌مبه‌ری بینی و ئەویش پێغه‌مبه‌رایەتی سه‌لماند، پاشان سه‌رخرا بۆ ئاسمانی پێنجه‌م کە "هارونی كوڕی عیمرانی" بینی، ئه‌ویش پاش به‌خێرهێنانی ددانی نا به‌ پێغه‌مبه‌رایەتی، له‌ ئاسمانی شه‌شه‌میشدا به‌ موسای پێغەمبەر گه‌یشت، ئه‌ویش هه‌ر وه‌كو پێغه‌مبه‌ره‌كانی تر پێشوازی لێكرد، له‌ ئاسمانی حه‌وته‌مدا به‌ پێغەمبەر ئیبراهیم شاد بوو، لەلایەن ئەویشەوە پێغه‌مبه‌رایەتی سەلمێندرا، دواتر چووه‌ "سدرة المنتهى" كە لە ئاسمانی حەوتەمە ئەو شوێنەیە کە هیچ کەس بۆی نییە بچێتە ئەوی تەنانەت فریشتەکانیش، پاشانیش چووە "بيت المعمور" كە هاوشێوەی "بیت الحرام"ـە لە ئاسمان و فریشتەکان بە دەوریدا دەخولێنەوە و ستایشی خودا دەکەن، پاشان به‌رزتر بووەوە تا لە خودای گەورە نزیکتر بووەوە، لەم قۆناغه‌دا سرووشی بۆ هات و چەندان فەرمایشتی گرنگی بۆ ڕوونکرایەوە، له‌وانه‌ خودای گەورە (50) ڕكات نوێژی له‌سه‌ر ئوممه‌ته‌كه‌ی فه‌رز كرد، پاشان به‌ ڕاوێژی پێغەمبەر موسا تكای له‌ خودا كرد هه‌تا بۆی كه‌مكرده‌وه‌و كردی به‌م پێنج نوێژه‌ی ئێستا.
ئاشکراکردنی ڕووداوەکە بۆ بێباوەڕان مایەی سەرسڕمان و شۆک بوو، بەشێکی زۆریان گاڵتەجاڕییان پێدەهات، بەڵام ئەبوبەکری سدیق یەکەم کەس بوو بە تەواوی باوەڕی بە هەموو ڕووداوەکە هێنا لەم ڕووداوەیشەوە نازناوی "سدیق" ڕاستگۆی پێدرا.

هۆکاری گەشتی شەوڕەوی و بڵندبوونەوەی پێغەمبەر ﷺ

ئەم ڕووداوە وێنای دڵنەواییکەر و کەمکردنەوەی ئازار و خەمەکانی پێغەمبەر ﷺ بوو، چونکە لەو ماوەیەدا خاتوو خەدیجەی خێزانی کە پاڵپشت و دڵنەوایی هەمیشەیی بوو، لەگەڵ ئەبوتاڵیبی مامی کە پشتیوان و هاوکاری و پارێزگاریکەی بوو کۆچی دواییان کرد.
لە دوای ئەوەی قوڕەیشییەکانی مەککە بە هەموو شێوەیەک ئازاری پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانیان دەدا و ڕووبەڕوویان دەبوونەوە، پێغەمبەر ﷺ بڕیاری دا بە مەبەستی پشتیوانی و هاوکاریکردنی بچێتە ناوچەی "تائیف" و پەیامەکەی لەوێ بڵاوبکاتەوە، بەڵام لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیە پەیامەکەی ڕەتکرایەوە و بە خراپترین شێوە بەرپەرچیان دایەوە، تەنانەت پێغەمبەری خودایان بەردباران کرد، لە دوای ئەم ڕووداوە و گەڕانەوەی بۆ شاری مەککە قوڕەیشییەکان زیاتر ڕووبەڕووی بوونەوە و ڕێگریان دەکرد کە بچێتە نزیک کەعبە و پەرستشەکانی ئەنجام بدات چونکە ئازارێکێ زۆریان دەدا، هەموو ئەمانە هۆکاری ئەوە بوون کە ئەو ساڵە ناو بنێن "ساڵی خەمباری" چونکە پێغەمبەر ﷺ دووچاری خەم و ئازار و مەینەتی زۆر بووەوە.
لە پاش هەموو ئەم ڕووداوانە، ڕووداوی شەوڕەوی و کۆچ بووە ڕووداوێکی دڵنەواییکەر و بەرپەرچدانەوەی بێباوەڕان، هەروەها بووە بەهێزترین دەرئاسا و موعجیزە و بەڵگەی پێغەمبەر ﷺ بۆ ڕاستگۆیی پەیامەکەی.

کاتی ڕووداوی ئیسرا و میعراج

زانایانی ئیسلام لەسەر کات و ڕۆژی ڕووداوەکە کۆک نیین، چەندان بۆچوون هەیە لەسەر ساڵ و کاتی ئیسرا و میعراج، ناودارترین بۆچوون وتەکانی "الزوهری"ـە کە پێی وایە بە ساڵێک پێش کۆچکردن بۆ مەدینە ئەم ڕووداوە ڕووی داوە و بە دیاریکراوی دوای گەڕانەوەی پێغەمبەر ﷺ لە گەشتەکەی لە ناوچەی تاییف.
هەر یەک لە ئیمامی نه‌وه‌ویی و ئیمامی قورتوبی ده‌ڵێن ئه‌و ڕووداوه‌ بە پێنج ساڵ پاش پێغه‌مبه‌رایەتی بوو، هەروەها نووسەری كتێبی (الرحيق المختوم) ده‌ڵێت له‌ 27ـی ڕه‌جه‌بی ساڵی 10ـی پێغه‌مبه‌رایەتیدا بوو.
زۆرێک لە زانایانی بە دیاریکراوی شەوی 27ـی مانگی ڕەجەبیان بۆ ئەو ڕووداوە دیاری کردووە. 

ڕووداوی ئيسرا و میعراج لە قورئای پیرۆزەوە

چەمکی ئیسرا یان شەوڕەوی کە بە واتای کۆچکردنی پێغەمبەر لە مزگەوتی حەڕەمی مەککەوە بۆ مزگەوتی ئەقسای قودس لە ئایەتی یەکەمی سوڕەتی "الإسراء" بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە، خودای گەورە دەفەرموێت:
(سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا ۚ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ)، واتا: پاك و بێگەردی بۆ ئه‌و خودایه‌ی كه‌ شه‌وڕه‌وی به‌ به‌نده‌ی خۆی محمد ﷺ کرد له‌ كه‌عبه‌ی پیرۆزه‌وه‌ بۆ مزگەوتی ئەقسا له‌ "بیت المقدس"، كه‌ ده‌وروبه‌ری "بیت المقدس"ـمان پڕ خێر و به‌ره‌كه‌ت كردووه‌ به‌ به‌رووبووم و ئاو و دابه‌زینی وه‌حى و ناردنى پێغه‌مبه‌ران و شوێنی پیاوچاكان، بۆیه‌ شه‌وڕه‌ویمان به‌و به‌نده‌یه‌ی خۆمان كرد تاکوو هه‌ندێك له‌ موعجیزه‌ و بەڵگە سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی خۆمانی نیشان بده‌ین، به‌ دڵنیاییەوە هه‌ر خودای گه‌وره‌یه‌ كه‌ بیسه‌ر و بینه‌ره‌.
لەم ئایەتەوە بەڵگەی ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە سەلمێنرا، وشەی "الْأَقْصَى" بەکارهێنرا کە واتای "ئه‌وپه‌ڕ"ـە له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا له‌و ناوچەیەدا هیچ مزگه‌وتێكی تر نه‌بووه‌ سەردانیکردنی ئەقسا لە مەککەوە چەندان ڕۆژی ویستووە، هەروەها خودای گەورە ئاماژەی بە خودی بێغەمبەر ﷺ کردووە بەوەی ده‌فه‌رمووێت "بِعَبْدِهِ" به‌ به‌نده‌كه‌ی خۆی وەکوو ڕێزێک بۆ پێغه‌مبه‌ر ﷺ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ندایه‌تی به‌رزترین پله‌یه‌، هەر ئەمەش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ شه‌وڕه‌وى به‌ جەستە و ڕۆح بووه‌، چونكه‌ عه‌بد یان بەندە بریتییه‌ له‌ جەستە و ڕۆح، لەو کاتەدا پێغەمبەر ﷺ به‌خه‌به‌ر و بە ئاگا بووه‌ نەخه‌وتووە، چونكه‌ ئەگەر لە خه‌ودا بوایه‌ هیچ كه‌س له‌ بێباوەڕان نكوڵیان لێ نەدەکرد، چونکە له‌ خه‌ودا مرۆڤ هه‌ر شتێك ببینێت ئاساییە.
ڕووداوی میعراج بەرزبوونەوەی پێغەمبەر ﷺ بەرەو ئاسمانەکان وبینینی پێغەمبەرانی تر لە سوڕەتی "النجم" ئایەتی 18 ئاماژەی پێکراوە و خودای گەورەدەفەرموێت:  (لَقَدْ رَأَىٰ مِنْ آيَاتِ رَبِّهِ الْكُبْرَىٰ)، واتا: به‌ ڕاستی پێغه‌مبه‌ر ﷺ گه‌لێك به‌ڵگه‌ و نیشانه‌ی مەزنی په‌روه‌ردگاری خۆی له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌یدا بینی وه‌ك (سدرة المنتهى) و (بیت المعمور) و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ و پێغەمبەران و چەندانی تر. 

پەند و حیکمەتەکانی ئەم ڕووداوە

ـ پاش ئەو ڕووداوە قۆناغێکی تری بانگەوازی دەستی پێکرد، به‌م ڕووداوه‌ گرنگه‌ ئاسۆی ئاسمانی لێدره‌وشایه‌وه‌ و هیوا و ئومێدێكی به‌ پێغەمبەر ﷺ و به‌ یارانی به‌خشی.
ـ بەرزکردنەوەی پلە و پێگەی پێغەمبەر ﷺ، دەرخستنی پێگەی باڵای بۆ بێباوەڕان.
ـ نیشاندانی بەڵگە و موعجیزەی خودایی.
ـ ئاشنابوون بە پەیام و بانگەوازی پێغەمبەرانی تر.
ـ پەیوەستکردنی مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی حەڕەم بەڵگەی ئەوەیە کە ئەم دوو شوێنە لە پیرۆزترین و گرنگترین شوێنەکانن بۆ موسڵمانان.
ـ لەم شەوڕەوییە نوێژ سەپێنرایە سەر موسڵمانان و پێگە و گرنگی ئەم پەرستشە بۆ موسڵمانان دیاری کرا.
ـ سزای چەندان تاوان و گوناهـ و هەڵە دیاریکران و مەترسییەکانییان بۆ موسڵمانان خرانە ڕوو، نموونەی باسكردنی خەڵکی بە خراپە وغەیبەتکردن، بوختان کردن، خواردنی ماڵی هەتیو، وەرگرتنی سوو، داوێنپیسی و چەندانی تر.


سەرچاوەکان



4744 بینین