قەواڵەی پشتپێبەستراو

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-03-13-14:46:00 - کۆدی بابەت: 7974
قەواڵەی پشتپێبەستراو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قەواڵەی پشتپێبەستراو ( بە عەرەبی: الاعتماد المستندي) بریتییە لە قەواڵەیەکی پشت پێبەستراو لە بانکدا، زیاتر بۆ هاوردە و هەناردەکردنی نێودەوڵەتی بەکار دێت، بۆ دڵنیابوونەوەی کڕیارە لە جۆری کاڵای داواکراو و باشی کاڵاکە و گەشتنی پارەی شایستە بە فرۆشیار لە کاتی دیاریکراودا، لە کۆندا زیاتر لە  مامەڵە بازرگانییە دەریاییەکان و نێوان کاپتنی کەشتییەکان و بازرگانەکان بەکارهاتووە.
لەم مامەڵەیەدا چەند لایەنێک ڕۆڵیان هەیە بۆ ئەوەی کارەکان بە باشی بکرێن، یەکێک لەوانە ئەو بانکەیە کە کڕیار (هاوردەکار) هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ببێتە نێوەندگیر، ئەم بانکە هاوکاری کڕیار دەکات بۆ ئەوەی مامەڵەکە بە ڕێکی بکرێت، هەندێکجار بە لەبەرچاو گرتنی ئاستی کەسایەتی کڕیار بانک یارمەتیدەرێکی باشی کڕیاردەبێت، لە پێدانی بڕە پارەی شایستە بە لایەنی دووەم لە ئەگەری دابین نەکردنی بڕە پارەکە لەلایەن کڕیارەوە.
قەواڵەی پشت پێبەستراو گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ مەبەستی مامەڵە نێودەوڵەتییەکان و کارە یاساییەکان لە وڵاتە جیاوازەکان و ڕۆڵیکی گرنگ و گەورەی هەیە لە ئاسانکردنی مامەڵەکان، هاوردەکار له ڕێگای ئەو بانکەی هەڵیدەبژێرێت متمانەی تەواوەتی بەوە هەیە کاڵاکە دەکەوێتە دەستی و بڕە پارەکەش بە سەلامەتی دەگاتە دەستی هەناردەکار، واتە دڵنیایی لە نێوان دوو لایەنەکە درووست دەبێت، قەواڵەی پشت پێبەستراو بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت.

ئەم بەڵگەنامە تەنها لە نێوان هەناردەکار و بانکەکان و هاوردەکاردا نییە و بەتەنها دەستەواژەیەکی ژمێریاری و ئابووریی نییە بەڵکوو لە نێوان یاساناسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بازرگانی نێودەوڵەتیش بایەخی هەیە.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەواڵەی پشتپێبەستراو

- هاوردەکار: بریتییە لەو لایەنەی داوا لە بانک دەکات کاری حەواڵەکردنی بڕە پارەی شایستەی بۆ بکات و هەناردەکار سوودمەند ببێت.
- سوود وەرگر: بریتییە لەو لایەنەی پارەکە وەردەگرێت، ئەوانیش هەناردەکار و فرۆشیارەکانن.
- ئەو بانکەی هەڵدەستێت بە دەرکردنی قەواڵەی پشتپێبەستراو: ئەم بانکە هەڵدەستێت بە دەرکردنی قەواڵەکە لەسەر داوای هاوردەکار.
- بانکی ڕاوێژکاری: ئەو بانکەیە کە قەواڵەکە لە بانکی یەکەم  وەردەگرێت (بانکی هاوردەکار) دەکرێت وەکوو نێوەندگیر و تەنانەت بە شێوەی دڵنیاکەرەوەییش مامەڵەی کارەکانی پێبکرێت.
- نێوەندگیر: ئەو کۆمپانیایە کە نێوەندگیری هەردوو لایەنی هەناردەکار وهاوردەکار دەکات.
- بریکاری بارهەڵگر: ئەم کۆمپانیایە هاوکاری بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کاڵا دەستەبەر دەکات بۆ بارهەڵگرەکان کە پێویستییان بە بارکردنی کاڵا هەیە.
- بارهەڵگر: کۆمپانیای گواستنەوەی کاڵاکانە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، دەکرێت بریکاری بارهەڵگر ئەم کارە بکات.
- ڕاوێژکاری یاسای: ئەم کۆمپانیایە کاری ڕاوێژکاری پێشکەش بە هاوردەکار و هەناردەکار دەکات، دەربارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم قەواڵەیە.

جۆرەکانی قەواڵەی پشتپێبەستراو

- بەڵگە نامەی پشت پێبەستراوی بازرگانی: ئەم جۆرە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەواوکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی، ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەواڵەیە، ئەم جۆرە قەواڵە زۆرترین مامەڵەی پێوەدەکرێت.
- بەڵگە نامەی پشت پێبەستراوی یەدەگی: جیاوازییەکی کەمی هەیە لەگەڵ جۆرەکانی تر، کاتێک یەکێک لە لایەنەکان مافی خۆی وەرنەگرت ئەوا لە ڕێگەی ئەم قەواڵەیەوە دەتوانێت بیسەلمێنێت، بۆ نموونە کاتێک فرۆشیار بڕە پارەکەی وەرنەگرت دەتوانێت لە ڕێگای ئەم قەواڵەیەوە دڵنیا بکرێتەوە کە مافەکەی پێدەدرێتەوە، ئەم قەواڵەیەش هاوکاری دەبێت لە ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان.
- ئەو بەڵگە نامە پشت پێبەستراوەی شایەنی هەڵوەشاندنەوەیە: لە ڕووی یاسای وەگریبستییەوە یەکێک لەلایەنەکان دەتوانێت گۆڕانکاری لە ڕێککەوتنەکەدا بکات یان هەڵیبوەشێنێتەوە لەهەر کاتێکدا بەبێ ڕازیبوونی سوود وەرگر، داوایەک پێشکەش بەو لایەنە دەکات کە قەواڵەکەی دەرکردووە و ڕێکەوتنەکە  هەڵدەوەشێتەوە، واتە پێویستە هەردوو لایەن بە شێوەیەکی تەواو ڕازی بن.
- ئەو بەڵگە نامە پشت پێبەستراوەی شایەنی هەڵوەشاندنەوەیە نییە: هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک و پەشیمان بوونەوەیەکی تاک لایەنانە نییە، بەڵام ئەگەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پاشگەز بوونەوە کۆتای بە ڕێککەوتنەکە دێت.


سەرچاوەکان



534 بینین