داڵ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-16-21:44:00 - کۆدی بابەت: 7986
داڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

داڵ (بە ئینگلیزی: Vulture)، یەکێكە لە جۆرەکانی باڵندە ڕاوکەرەکان کە بە گشتی لە هەموو جیهاندا دەژی جگە لە هەندێک شوێن، ئەم جۆرە باڵندانە هۆکارێکی گرنگن لە پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی چونکە دەبنە هۆی لابردنی زبڵەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، بەڵام چەندین جار داڵەکان ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە، هۆکارەکانیش دەکرێت لەدەستدانی جێگەبێت یاخود خواردنی لاکی گیانەوەرێک بێت کە لەلایەن ڕاوچییەکانەوە ژەهراوی کرابێت، خۆشبەختانە لەبەر ئەوەی کە سوودی زۆر دەگەیەنن بە ژینگە ئەوا زۆرینەی حکومەتەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا ڕێکاری پێویست دەگرنە بەر بۆ پاراستنیان و ڕێگریکردن لە کوشتنیان، هەروەها داڵەکان بە درێژایی مێژوو و لە چەندین کولتووری جیاوازدا بوونیان هەبووە و باسکراون کە هێمابوون بۆ مەبەستی جیاواز بە گوێرەی ناوچەکە، کەسە پلە بەرز و خانەدانەکان بە شانازییان زانیووە و شاژنەکان تاجێکیان لەسەر کردووە کە ئاماژە بووە بۆ داڵ.

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی زۆرینەی داڵەکان نەبوونی پەڕە لەسەر مل و سەریاندا، باوەڕ وایە ڕووتی سەریان هاوکارییان دەکات لە پێگەیاندنی بێچووەکان و ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەیان،  جگە لە ئەمانەش ئەگەر سەری پەڕی پێوەبوایە ئەوا پیسدەبوو بە خوێن کاتێک کە داڵەکە سەری دەخستە نێو لاک و ژەمە خۆراکییەکانییەوە، قەبارەی بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازە بەگشتی درێژی جەستەو و باڵەکانیان پێکەوە لە نێوان ٦٠-١٤٠ سانتیمەتر دەبێت و ناوەندی کێشیان دەگاتە ١٢ کیلۆگرام، بەڵام جۆری سیسارکی گەورەی ئەمریکی ئەندی درێژی جەستە و باڵەکانی دەگاتە نزیکەی سێ مەتر بەمەش دەبێتە یەکێک لە گەورەترین باڵندەکانی جیهان، هەروەها درێژی و قورسی دەنووکی داڵەکان بەگوێرەی جۆر و خۆراکەکەی دەگۆڕێت، هەندێکیان بە ڕادەیەک دەنووکیان ڕەق و ئەستوورە کە بە هۆیەوە ئێسکەکان دەشکێنێت، هەموو جۆرەکانی داڵ هەستی بینینیان پەرەسەندووە بەڵام تەنها هەندێکیان هەستی بۆنکردنی پەرەسەندوویان هەیە، جگە لە ئەمانەش بەهێزی و گەورەیی قاچی داڵ بە گوێرەی جۆرەکەیەتی، ئەو داڵانەی کە لە کۆمەڵەی جیهانی کۆندان قاچەکانیان گەورە و بەهێزە بەڵام ئەوانەی کە لە کۆمەڵەی جیهانی نوێدان قاچەکانیان تەخت و لاوازە، بەڵام لە ڕاستیدا هەردوو جۆرەکە قاچەکانیان بە جۆرێکە کە زیاتر بۆ ڕۆشتن گونجاوە نەوەکوو هەڵگرتن.

خۆراک

داڵەکان باڵندەی گۆشتخۆرن و لەسەر لاک و خۆراکی خراپبوو دەژین، واتە مشەخۆرن و گیانەوەری مردوو دەخۆن، لە دەرەوەی زەریاکان داڵەکان تاکە زبڵخۆری ناسراون کە بە دەگمەن هێرش دەکەنە سەر گیانەوەرە ساغەکان، بەڵام دەکرێت ئەو گیانەوەرانە ڕاوبکەن کە نەخۆشن یاخود بریندارن، کاتێک لاکێک هەبێت کە بە بەرگی ئەستوور داپۆشرابێت و پێویست بکات کە داڵەکە دەنووکی زۆر بکاتەوە و بەکاریبهێنێت ئەوا چاوەڕێ دەکات ژەمێکی باشتری دەستبکەوێت، پاشان ئەگەر ناچار بێت دەگەڕێتەوە بۆی، لە دوای خواردنی ژەمی خۆراکی بە خەوتوویی یاخود بە نیوە ئاگایی دەمێنێتەوە هەتا خۆراکەکەی هەرس دەکات، هەروەها جۆرێکی هەیە کە لە شاخەکاندا نیشتەجێیە و تاکە بڕبڕەدارە کە ئێسکەکان دەخوات و دەیبات بۆ بێچووەکانی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری شلەی هەرسکردنییەتی کە ماددەی زۆر ترشی تێدایە و دەتوانێت هۆکارەکانی نەخۆشی هەرسبکات، هەروەها لە کاتی هەستکردن بە مەترسی و هەڕەشەدا داڵەکان دەڕشێنەوە، لە ڕابردوودا باوەڕ وابووە کە ڕشانەوەکەی دەهاوێژێتە دژمنەکەی بەڵام لە ڕاستیدا وانییە و بۆ ئەوە دەڕشێتەوە کە هەست بە سووکبوونی جەستەی بکات و بە ئاسانی بنیشێتەوە، داڵەکانی جیهانی نوێش دەگەڕێن بەسەر لاکەکاندا و میزیان پیا دەکەن بۆ کوشتنی بەکتریاکان، هەروەها کیسێک لە جەستەیدا هەیە وەک یەدەگە و هاوکاری دەکات لە بەرگەگرتنی برسێتی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک.

یەکگرتن و زۆربوون

بەزۆری داڵەکان لە ساڵێکدا تەنها یەکجار زۆر دەبن و بێچوویان دەبێت، سەرەتا هاوبەشەکان دەبێت هێلانە دروستبکەن لە گەڵا و چڵی درەختەکان و جێگەکەشیان دەکرێت لە بەرزایی دارەکان بێت یاخود لەسەر کەندەڵانەکان، پاشان هەمان هێلانە بۆ یەکگرتنی ساڵەکانی دواتریان بەکاردەهێنن، واتە کۆمەڵگای داڵەکان فرەژنییان نییە و هەموو ساڵێک و لە وەرزی زۆربووندا لەگەڵ هەمان مێینەدا دەبن، پاش یەکگرتن مێینەی زۆرینەی جۆرەکان تەنها یەک هێلکەی گەورە دەکەن، پاشان هەردوو دایک و باوکەکە لە بەرپرسیارێتییەکاندا هاوبەشن و بە نۆرە لەسەر هێلکەکە دەنیشن، هەرکاتێک پێویست بکات مێینەکە خۆراک بخوات و بجووڵێت لە جیگەکەی ئەوا باوکەکە جێگەکەی دەگرێتەوە، پاش هەڵهاتنی بێچووەکان ماوەیەکی زۆریان پێویستە هەتا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، بە گوێرەی جۆرەکەیان لە نێوان ٥-٧ ساڵیدا بێچووەکان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، بە گشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنی داڵ دەگاتە سەروو ١٨ ساڵ و دەکرێت جۆرە گەورەکانی بگەنە ٥٠ ساڵ.

جۆرەکان

نزیکەی ٢٣ جۆری جیاواز لە داڵ هەیە، هەموو جۆرەکان لە هەمان خێزاندا پۆلێنکراون بەڵام دابەشکراون بۆ دوو بەشی جیاواز، ١٦ جۆریان لە ئەورووپا و ئاسیا و ئەفریقا دەژین کە پێیان دەوترێت داڵەکانی جیهانی کۆن یان جیهانی ڕابردوودا، حەوت جۆرەکەی تریشیان لە کیشوەرەکانی ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور دەژین کە پێیان دەوترێت داڵەکانی جیهانی نوێ، سەرەڕای ئەوەی داڵەکانی هەردوو جیهان خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە، بەڵام زۆر پەیوەست نین و تەنها هەندێک لە شێوەی دەرەوەیاندا نزیکن لە یەکەوە، کە ئەو شێوەش لە بنەڕەتدا وانەبووە و بە گوێرەی کات و گۆڕانەکانی ژینگە دروستبووە، زانایانی زیندەیی ڕێککەوتون و هەموو داڵەکانیان لە ژێر یەک ناونیشاندا کۆکردەوە، بەڵام دواتر لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا هەندێک لە زاناکان وتیان کە داڵەکانی جیهانی نوێ لە لەقلەقەکانەوە نزیکترن، دواتر بە گوێرەی پشکنینی زانیارییە بۆماوەییەکانیان ئەم پێشنیارە ڕەتکرایەوە، یەکێکە لە جیاکەرەوەکان ئەوەیە کە جۆرەکانی جیهانی نوێ هەستی بۆنکردنی پەرەسەندوویان هەیە، کە دەتوان لە دووری زیاتر لە کیلۆمەترێکەوە بۆنی لاک و گۆشتی خراپبوو بکەن، ئەم هەستەش نامۆیە بۆ باڵندە ڕاوکەرەکان و زۆرینەیان هەستی بۆنکردنیان پەرەسەندوو نییە، لە ئێستادا داڵەکان بۆ دوو کۆمەڵەی جیاواز دابەشکراون بەم شێوەیە:

داڵەکانی جیهانی کۆن

  • داڵی خۆڵەمێشی
  • داڵی ڕان سپی
  • داڵی سیمرخ
  • داڵی هیندی
  • داڵی زمان لولەیی
  • داڵی هیمالایا
  • داڵی پشت سپی
  • داڵی سەر
  • داڵی کڵاودار
  • داڵی سەر سوور
  • داڵی ڕووخسار شۆڕەوەبوو
  • داڵی سەر سپی
  • داڵی ڕیشدار
  • داڵی میسڕی
  • داڵی دارخورما
  • داڵی ڕوپل

داڵەکانی جیهانی نوێ

  • داڵی ڕەش
  • داڵی شێوە قەل
  • داڵی سەر کەم زەرد
  • داڵی سەر زۆر زەرد
  • سیسارکی گەورەی ئەمریکی کالیفۆرنی
  • سیسارکی گەورەی ئەمریکی ئەندی
  • داڵی پاشا


سەرچاوەکان



2565 بینین