مۆزەخانەی لۆڤەر

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-16-21:55:00 - کۆدی بابەت: 7987
مۆزەخانەی لۆڤەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆزەخانەی لۆڤەر (بە عەرەبی:متحف لوفر، بە ئینگلیزی: Louver Museum) لە گرنگترین و گەورەترین مۆزەخانە مێژوویی و هونەری و کولتوورییەکانی جیهانە، دەکەوێتە بەشی باکووری "ڕووباری سین" لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.
ئەم مۆزەخانەیە گەورەترین هۆڵی پێشانگای هونەری لە جیهاندا لەخۆگرتووە، هەروەها وێنەی مۆنالیزای تێدایە کە نیگارکێشی ناوداری ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤینشی لە سەدەی شازدەیەم وێنەکەی کێشاوە، لۆڤەر گەورەترین مۆزەخانەی هونەری جیهانە، هەروەها گەورەترین شوێنی دێرین و کۆنە لە پاریس.
ڕووبەری مۆزەخانەکە 60,600 مەتر چوارگۆشەیە و ناتوانرێت بە ڕۆژێک سەردانی هەموو بەشەکانی مۆزەخانەکە بکەیت، تەنانە خەمڵێندراوە کە ئەگەر بتەوێت هەموو پارچەکانی نێو مۆزەخانەکە ببینی و سەردانی هەموو بەشەکان بکەیت پێویستت بە سەد ڕۆژە.
لە ساڵی 2018 مۆزەخانەی لۆڤەر لەو شوێنانەی جیهان بوو کە زۆرترین سەردانیکەری هەبوو، بە جۆرێک کە لەو ساڵەدا نزیکەی 10 ملیۆن گەشتیار سەردانی مۆزەخانەکەی کردبوو، ڕۆژانە 15 هەزار کەس سەردانی مۆزەخانەکە دەکەن. 

مێژووی مۆزەخانەی لۆڤەر

ـ لە سەرەتای دروستبوونیدا، لۆڤەر قەڵا و شورایەکی پارێزکار بوو بۆ شاری پاریس لە دژمن و داگیرکاران، ماوەی دروستبوونی لە کۆتایی سەدەی دوازدەیەمەوە تاکوو سەرەتای سەدەی سیازدەیەم بەردەوام بوو، کە لە ساڵی 1190 لەلایەن "پادشا فیلیپ ئۆگێست"ـەوە کۆتایی بە بنیاتنانی هێنرا.
ـ لە نێوان ساڵانی 1356 بۆ 1358 لەترسی جەنگی سەد ساڵەی ئینگلتەرا، دیوارێکی مەتین لە دەوری قەڵاکە دروستکرا.
ـ لە پاش فراوانبوونی شاری پاریس چیتر بۆ پارێزگاری کردن پێویستییان بەو قەڵایە نەما، بۆیە لەلایەن تەلارسازێکی ئەو سەردەمەوە کرا بە کۆشک و ناوەندی پادشایەتی ئەو سەردەمەی فەڕەنسییەکان کە "پادشا فڕانسیسی یەکەم" بوو.
ـ لە سەدەکانی ناوەڕاست لۆڤەر بە تەواوی پشتگوێ خرا و گرنگی پێنەدرا.
ـ پاشان لە سەردەمی "پادشا لویسی سیازدەیەم" و " پادشا لویسی چواردەیەم" کۆشکەکە بووژایەوە و گرنگی تەواوی پێدرا، تێیدا پەیکەری یۆنانی و ڕۆمانی کۆن نمایش دەکران.
ـ لە دوای دروستبوونی "شۆڕشی فەڕەنسی" ئەنجوومەنی نیشتمانی فەڕەنسا بڕیاری دا کە مۆزەخانەکە شوێنەوار و پەیکەری ناوخۆی تێدا بخرێتە ڕوو و وەکوو کۆشکی نیشتمانی پەیکەر و شوێنەوارە مێژووییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دانرا.
ـ بە فەرمی لە ساڵی 1793 مۆزەخانەی لۆڤەر کرایەوە و لە سەرەتادا تەنها 537 نیگاری تێدا بوو.
ـ لە سەردەمی ناپلیۆن، بۆ ماوەیەک ناوی مۆزەخانەکە کرا بە "مۆزەخانەی ناپلیۆن"، هەروەها ناپلیۆن چەندان پەیکەر و نیگاری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە، تەنانەت وێنەی مۆنالیزای لە ژووری نووستنەکەی هەڵواسیوە.
ـ لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و جەنگی جیهانی دووەم، مۆزەخانەکە دادەخرا و بەتاڵ دەکرا و شتەکان دەشاردرانەوە.
ـ لە سەردەمی داگیرکارییەکانی ئەڵمانیا و پارتی نازی بەشێک لە نیگار و پەیکەری هونەری مۆزەخانەکە تاڵانکران و دزران.
ـ لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مۆزەخانەکە داخرا و زیانی ئابووری زۆری بەرکەوت. 

پێکهاتە و بەشەکانی مۆزەخانەی لۆڤەر

مۆزەخانەکە بەپێی جۆری هونەر و مێژووەکانیان دابەشکراوەتە سەر چەند بەشێکی دیاریکراوی فراوان، ڕووبەری هۆڵەکانی فراوان و بەرینە، زیاتر لە ملیۆنێک پارچەی هونەری نموونەی نیگاری کێشراو و پەیکەری تێدایە کە نزیکەی 38 هەزار پارچەیان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی سەدەکانی پێش زایین.
کۆمەڵەیەکی تایبەتی لە شوێنەواری شارستانییەتە دێرینەکانی نموونەی شارستانییەتی یۆنانی کۆن و ڕۆمانی، میسڕی و شارستانییەتی دۆڵی دوو ڕووبار لەم مۆزەخانەیە پارێزراون، کە ژمارەیان دەکاتە نزیکەی 5664 پارچەی شوێنەوار لەگەڵ چەندان نیگار و پەیکەر کە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەیەمی زایینی.
زۆرێک لە وێنەی ناوداری نیگارکێشە کۆنەکانی نموونەی لیۆناردی داڤێنشی، تیتان و داڤید لەم مۆزەخانەیە هەیە.

بەشی هونەری ئیسلامی لە مۆزەخانەکە

زورێک لەو پەیکەر و پارچە مێژووییانەی کە تایبەتن بە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەتی، بەهۆی داگیرکارییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەو وڵاتانە لەلایەن داگیرکاران و دەسەڵاتدارانەوە دزراون، پاشان لەو مۆزەخانەیە دانراون و پارێزگارێ لێکراوە.
هونەری ئیسلامی بەشێکی گرنکی مۆزەخانەکەیە، پێکهاتووە لە نەخش و نیگاری تایبەتی کە لە سیرامیک و تەختە و شوشە دروستکراون، هەروەها چەندان فەرش و بابەتی چنراویشی تێدایە، نزیکەی پێنج هەزار کاری هونەری ئیسلامی و هەزار پارچەی شوێنەواری ئەو سەردەمە لەم مۆزەخانەیەدا بوونی هەیە و لە ساڵی 2003ـەوە ئەم بەشە لە مۆزەخانەکە کراوەتەوە، زۆرێک لە شوێنەوار و پارچەکان تایبەتن بە وڵاتی ئەندەلوس، هەندێکیشیان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی مەمالیکەکانی میسڕ.


سەرچاوەکان



1758 بینین