پارکی ناوەندیی نیویۆرک 

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-03-23-14:11:00 - کۆدی بابەت: 8032
پارکی ناوەندیی نیویۆرک 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارکی ناوەندیی نیویۆرک (بە ئینگلیزی: Central Park in New york، بە عەرەبی: سنترال بارك نيويۆرك) یەکێکە لە گەورەترین پارکەکانی شاری نیویۆرک و دەکەوێتە ناوچەی مانهاتن، لەسەر ڕووبەری 3.41 کیلۆمەتری دووجا بە درێژیی 4 کیلۆمەتر و پانیی 0.8 کیلۆمەتر دروست کراوە و کۆنترین پارکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. 

مێژووەکەی

لە ساڵی 1840ـی زایینی گەشەسەندنی دانیشتوان وای لە شاعير ویلیام کولن و دیزاینەر ئاندرو جاکسۆن کرد کە داوای پارکێکی نوێی گەورە بکەن لە شارەکە، بۆچوونەکانیان پشتگیری زۆری لێکرا، پاشان لەساڵی 1856 زەویەکە لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانی دەوڵەتەوە بڕی 50 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ تەرخانکرا. لە ساڵی 1857 دەستیان بە پاککردنەوە و ئامادەکردنی زەويیەکە کرد کە لە گوندێک بوو بە ناوی سنێکا لەلایەن ئەمریکییە ئەفریقییە ئازادەکانەوە دروستکرابوو مەڕوماڵاتیشی تیا بەخێودەکرا، پاشان پێشبڕکێیەکی گشتی ڕێکخرا و 33 کەس بەشدارییان تێدا کرد کە خەڵاتەکەی 2000 دۆلار بوو. هەریەک لە فردریک لا ئۆمستد و کلڤێرت ڤاکس توانییان سەرکەوتووبن و پلانەکەیان داڕشت و گەورەترین پارکیان بۆ دانیشتوانی شارەکە دروست کرد. لە کاتی درووستکردنی پارکەکە ملیۆنان کاغەز و کارتۆنی پیسی لابران و پاککرانەوە، نزیکەی 5 ملیۆن دار و نەمام چێندران، سیستمی ئاودێری دانرا، چەندین پرد و تاق و ڕێگا دروستکران. پارکی ناوەندی لە ساڵی 1876 بە فەرمی تەواوکرا و بەڕووی سەردانکەراندا کرایەوە، هەتا ئێستاش یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین پارکەکانی نیویۆرک. 

دیمەنی پارکەکە

گژوگیا و سەوزایی پارکەکە زۆر جیاوازە و دیمەنێکی دڵڕفێنی هەیە. پارکەکە مۆزەخانەیەکی هونەری، باخچەی ئاژەڵان، خلیسکێنەی سەر سەهۆڵ، سێ گۆمی بچووک، شانۆییەک کراوە و چەندین شوێنی یاری وەرزشی و یاری منداڵان لەخۆی دەگرێت، هەروەها چەندین نافوورە و سەدان پەیکەری بچووکی تێدایە، لە ڕووی ئاساییشەوە شوێنێکی پارێزراوە و بنکەی پۆلیس لەخۆی دەگرێت، دەیان خانووی بچووکی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە و بورجی کیلۆپاترا و چەندین ڕێڕەوی پایسکیل و ڕێگای ئۆتۆمبێلی لێیە، شوێنێکی گونجاوی پیاسەکردن و ڕاکردن و پشوودانە، ئەمانەو چەندەهای تر بوونەتە هۆی جوانترکردنی پارکەکە. 

یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی جیهان کە ساڵانە زۆرترین ڕێژەی سەردانکەریان هەیە کە بە بڕی 42 ملیۆن دەخەمڵێندرێت، لەو 42 ملیۆنە تەنها لە ٪14 یان گەشتیاری بیانیین و ٪70 دانیشتوانی نیویۆرکن، بە شێوەیەکی ئاسایی دێن بۆ پارکەکە بۆ دەربازبوون لە جەنجاڵی زۆری شارەکە.


سەرچاوەکان



553 بینین