خەنسا 

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-16-01:43:00 - کۆدی بابەت: 8268
خەنسا 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیاننامەی

خانمە شاعیری ناوداری سەردەمی ئیسلامی خەنسا (بە عەرەبی: الخنساء)، ناوی تەواوی تەمازوری کچی عەمڕو سەلەمەیە، لە سەردەمی نەفامی لە ناوچەی نەجد لە ساڵی 575ـی زایینی لەدایکبووە، تاقانەی خێزانەکەی بووە و کچێکی بوێر و ژیر و زیرەک بووە، بەهۆی پێگەی باوکی و خێزان و هۆزەکەی کەسێکی دەستڕۆیشتوو و دەوڵەمەند بووە و هیچ داواکارییەکی ڕەتنەکراوەتەوە، لە سەرەتای لاویدا بڕیاریداوە هاوسەرگیری نەکات و زۆر کەسی ڕەتکردووەتەوە، باوک و براکانی ڕێزی زۆریان گرتووە و پشتگیرییان کردووە، دوو برای بە ناوەکانی "سەخڕ" و "موعاوییە" پێگەیەکی تایبەتییان لەلای خەنسا هەبووە، خەنسا لەو سەردەمەدا وەکوو ژنێکی نموونەیی کەسایەتییەکی بەهێز و بوێری هەبووە و هیچ کەس نەیتوانیوە ڕووبەڕووی بوەستێتەوە و دژایەتی بکات و خاوەن جوانییەکی سەرنجڕاکێش بووە و ژنەشاعیرێکی لێهاتووی سەردەمی خۆی بووە.
لە ڕووداوێکدا هەردوو براکەی لە جەنگێکی سەردەمی نەفامی پێش ئیسلام کوژران، ئیتر شیعرەکانی خەنسا لەدوای ئەو ڕووداوەوە گوزارشتیان لە لەدەستدان و لاوانەوە بۆ براکانی دەکرد، بە جۆرێک بە لێهاتووییەوە شیعری دەنووسی کە گەورە شاعیری ئەو کاتە "نابیغەی زیبانی" گوێبیستی شیعرەکانی بووە و دەستخۆشی لێکردووە.
لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا، خەنسا لەگەڵ کۆمەڵێک پیاو لە هۆزەکەی سەردانی پێغەمبەریان ﷺ کرد و باوەڕیان بە ئیسلام هێنا، بەپێی گێڕانەوەکان پێغەمبەر ﷺ چەند جارێک گوێبیستی شیعری خەنسا بووە.
لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب خەنسا حەجی کردووە و لەکاتی هەڵگیرسانی "جەنگی قادسییە"، چوار کوڕی بەشداری جەنگەکەیان کردووە و هەر چوار کوڕەکەی لەو جەنگەدا کوژراون، لەکاتی پێدانی هەواڵی شەهیدکردنی کوڕەکانی، خەنسا زۆر خۆڕاگر و ئارام بووە.
لەدەستدانی هاوسەر و هەردوو براکەی و هەر چوار کوڕەکەی، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ خەمبار بوون و دڵشکانی خەنسا، بۆیە شیعرەکانی خەماوی و ناسۆری ئازاری لەدەستدانیان زۆر پێوە دیارە، بە جۆرێکن کە تا ئێستا بە ناوداری و ناسراوی ماونەتەوە، خەنسا لە شیعرەکانیدا بە زمانێکی پاراو و ڕەوانی عەرەبی شیوەن و لاوانەوە بۆ ئەو ئازیزانەی دەکات کە لەدەستی داون، بۆیە بە پێشەنگی جۆرە شیعری "الرثاء" دادەنرێت (جۆرە شیعرێکی عەرەبییە وەکوو لاواندنەوە وایە بۆ لەدەستدانی کەسێک دەنووسرێت، باسی باشی و چاکەکانی دەکات)، خەنسا بەوە ناسراو بووە کە هەمیشە جلوبەرگی تایبەت بە پرسەی ئەو سەردەمەی پۆشیوە و چاوەکانی بەهۆی فرمێسک ڕشتنی زۆرەوە دووچاری نەخۆشی بوونە. 

کۆچی دوایی

خەنسا لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی کوڕی عەففان، لە ساڵی 646 زایینی کۆچی دوایی کردووه.


سەرچاوەکان



532 بینین