خالید ڕەشید

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-19-22:35:00 - کۆدی بابەت: 8324
خالید ڕەشید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خالید ڕەشید (بە ئینگلیزی: Khalid rashid) (بە عەرەبی: خالد رشید) گۆرانیبێژ، نووسەر، شوێنەوارناس و میوزیکزانێکی کوردە. لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان لەدایکبووە، خاوەنی 6 ئەلبوومی میوزیک و گۆرانییە، هەروەها دوو پەرتووکی بەزمانی سویدی لەسەر شوێنەوار چاپکراوە، بەسەدان بابەتی لەسەر کولتوور و مۆسیقا و شوێنەوار بڵاوکراوەتەوە.

ژیاننامە

خالید ڕەشید لە بنەماڵەیەکی نیشتیمان پەروەر لەدایکبووە، باوکی پیاوێکی دڵگەورە و ھەقبێژ بووە و لە حەفتاکاندا بەڕێوبەری ناوەندی پۆلیسی خانەقا بووە. خالید ساڵی ١٩٨٠ کوردستانی جێھێشتووە و کۆچی کردووە بۆ سوید. دەرچووی پەیمانگای باڵای ھونەرە لە ڤێسترباری سوید، ھەروەھا دەرچووی بەشی شوێنەوارناسییە لە زانکۆی ستۆکھۆڵم لە سوید (ساڵی ١٩٩١ بڕوانامەی ماستەری وەرگرتووە). ساڵی ١٩٩٩ لە بواری میوزیکدا لە ڕووسیا دەستی بە خوێندن کردووەتەوە، دوکتۆرانامەکەی لەسەر کولتوور و شوێنەواری کوردستانە لە زانکۆی سانکتپیتەربورگ لە ڕووسیا، ھەروەھا چەندین گۆرانیی فۆلکلۆری کوردیشی لەوێ تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٩٦ وەکوو سەرۆکی کۆنگرەی ھونەرمەندانی کورد لە ئەورووپا ھەڵبژێردراوە و دامەزراندنی ئۆرکێسترای نەتەوەیی کوردییان پێ سپاردووە. خالید ڕەشید ھونەرمەندێکی خاوەن ھەڵوێستە و لەسەر ڕووداوەکانی کوردستان بەدەنگ دێت و خاوەنی چەندین بەرھەمی سیاسی و نیشتمانیشە.

کارەکانی

وەرگری دوو خەڵاتە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری سویدەوە. دوای چەندین ساڵ ھەوڵ و چالاکی بۆ یەکەم جار سروودی نەتەوەیی کوردستانی کرد بە مارشی نیشتیمانی و لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا چەسپاندی، یەکێک لە هەرە کارە گرنگ و جوانەکانی پاراستنی شوێنەوارەکانی کوردستان بووە، لەڕێگەی ناردنی یونسکۆ بۆ کوردستان، کە دەرئەنجامەکەی ئەوەبوو قەڵای دێرینی هەولێر خرایە ناو لیستی شوینەوارە پارێزراوە جیهانیەکان. وەک یەکەم هونەرمەندی کورد مۆسیقای کوردی گەیاندووەتە سەر زمانە جیهانییەکانی تر، بەرهەمەکانی لەو بەرهەمانەن کە گەلانی جیهان بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی فراوان بەهۆیەوە بە میوزیکی کوردی ئاشنابوون، جگە لەناساندنی ئاواز و ڕیتم و ئەدا و میوزیک، شیعری گۆرانییەکانی هونەرمەند خالید رەشید وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و لەوانیشەوە بۆ زۆربەی زمانەکانی تری جیهان. نووسەری دوو کتیبە بە زمانی سویدی کە یەکێکیان لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر شوێنەوارناسی کرماشان و ئەوەی تریان باسی نیاندەرتاڵەکانی کوردستانە.

خالید ڕەشید باڵەبانی وەک ئامێرێکی کوردی ھێناوەتە ناو خەڵک و وای کردووە کە تەنیا بۆ ئاھەنگ و شاییەکان بەکارنەیەت. خاوەنی بیرۆکەی شانۆی ڕۆمانییە لە سلێمانی و ساڵی ١٩٩٢ کە گەڕاوەتەوە کوردستان تیپی موزیکی فۆلکلۆری ساز کردووە، ھەروەھا خاوەنی پرۆژەی ئینستیتیوتی کەلەپووری کوردە و ھەر ھەمان ساڵ پێشکەشی پارێزگاری ئەوکاتەی سلێمانی کردووە.

بەرھەمەکان

خالید ڕەشید خاوەنی حەوت ئەلبووم و زیاتر لە پەنجا گۆرانییە، کە ئاوازی زۆربەی گۆرانییەکانی ھی خۆیەتی و شیعرەکانیشی لە شاعیرانێکی وەکوو: عەبدوڵا پەشێو، لەتیف ھەڵمەت، ساڵح بێچار، حەمە سەعید حەسەن، حەمە ڕەزا وەرگرتووە، خۆشی هۆنراوەی چەند دانە لە بەرھەمەکانی ھۆنیوەتەوە، نموونەی بەرهەم:

  • ئەمان: ساڵی ١٩٩٥ لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە.
  • غوربەت: ساڵی ١٩٩٧ لە سوید تۆمارکراوە.
  • باڵەبان: ساڵی ١٩٩٧ لە پاریس تۆمارکراوە.
  • خەڵوەت: ساڵی ١٩٩٨ لە سوید تۆمارکراوە.
  • Clasik Mosko: ساڵی ٢٠٠٢ لە مۆسکۆ تۆمارکراوە.
  • ئەشک نەما: ساڵی ٢٠٠٤ تۆمارکراوە.
  • بووکی ئێوارە: ساڵی ٢٠٠٥ لە ھەولێر تۆمارکراوە.
  • جگەرگۆشەکەم: لە سلێمانی تۆمارکراوە.


سەرچاوەکان



420 بینین