ئیبن حاجیب

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-04-19-22:55:00 - کۆدی بابەت: 8326
ئیبن حاجیب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیبن حاجیب (بە عەرەبی: إبن الحاجب), زانای مسوڵمانی پەیڕەوی ڕێبازی مالیکی، قورئانخوێن، فەقیه، شاعیر، موفتی، مێژوونووس، نووسەر و مامۆستا. بە یەکەم کەس دادەنرێت کە (النحو) و (الصرف)ی لەیەک جیاکردوەتەوە.

ناوی تەواوی عوسمانی کوڕی عومەری کوڕی ئەبی بەکری کوڕی یونسی دوینی کوردییە، ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری (نەهاوەند)، ناسراوە بە "ئەبو عەمر"، کە لە یەکی تەمووزی ساڵی ١١٧٤ز لە گوندی ئیسنا لە ناوچەی سەعید میسر لەدایکبووە، باوکی سەربازێکی کورد بووە، ناسراوە بە ئیبن حاجیب چونکە باوکی یاوەری ئەمیر عیزز موسیك سەڵاحی بووە، کە کوڕە خاڵی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەییوبییە، باوکی هەر بە منداڵی بردویەتی بۆ قاهیرە بۆ لەبەرکردنی قورئان و فێربونی زانست. 

ئیبن حاجیب لە میسر گەورە بووە، هەر لەوێش  نیشتەجێ بووە و وانەی وتوەتەوە تا ساڵی ١٢٢٠ بۆ ١٢٢١، دواتر چووە بۆ  شام و لەوێ نیشتەجێ بووە و  وانەی وتوەتەوە لە (النورية المالكية) لە مزگەوتی گەورەی دیمەشق، پاشان لەگەڵ "عززەدینی کوڕی عەبدول سەلام" خراونەتە زیندانەوە لەلایەن والی دیمەشقی ئەو سەردەمە کە "ساڵحی کوڕی ئەبوجەیش" بووە بەهۆی بەرهەڵستیان بۆ بڕیارەکانی والی، پاشان بە بڕیاری والی دیمەشق لە ساڵی ٦٣٨ی کۆچیدا لە دیمەشق کرانەدەرەوە، ئەوانیش گەڕانەوە بۆ میسر و لەوێ نیشتەجێ بوون، دواتر وانەی وتوەتەوە لە قوتابخانەی (الفاضلية) لەو شوێنەی کە ئیمام شاتبی لێ بووە، پاشان ڕۆشتووە بۆ ئەسکەندەرییە ماوەیەکی کەم لەوێ نیشتەجێ بووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە،  لەو ماوەیەی کە وانەی وتووەتەوە زانایان و پیاو چاکان زۆر سوودیان لێ بینیوە بە شێوەیەک لە زانستیدا نقوم بوون.

ئەو مامۆستایانەی کە ئیبن حاجیب لەلایان خوێندویەتی

  • ئیمامی شاتبی، کە قورئانی بە چەند ڕیوایەتێک لەلا خوێندووە لەگەڵ( التيسير والشاطبية).
  • حافز بەهائەدینی کوڕی عەساکیر، کە فەرموودەی لێ وەرگرتووە لە دیمەشق.
  • ئەبو عەبدوڵا محەمەدی ئەرتاحی، فەرموودەی لێ وەرگرتووە لە شام.
  • ئیمام ئەبو حەسەن شازی، کە پەرتوکی شیفای (الشفا) لەلا خوێندووە.
  • فاتیمەی کچی سەعدولخەیر، کە فەرموودەی لێ وەرگرتووە.
  • ئەبوحەسەنی کوڕی جوبەیر، فیقهی لەلا خوێندووە.
  • ئەحمەدی کوڕی حەسەن ئەبو غالیب، کە ئادابی لەلا خوێندووە لەگەڵ چەندانی تر.

ئەو خوێندکارانەی کە لەلای ئیبن حاجیب خوێندویانە

  • مەلیک ناسڕ داودی کوڕی عیسا، کە (نحو)ی لەلا خوێندووە.
  • شێخ جەمالەدین موحەممەدی کوڕی مالیک تائی.
  • ئیبن مونەییر، ئیبن حاجیب بەم خوێندکارەی زۆر سەرسام بووە بەهۆی زیرەکی زۆری و لێکۆڵینەوەی زۆریەوە.
  • شێخ ئەبوبەکری کوڕی سالم قەسەنتینی، کە عەرەبی و پەرتوکی ( الكافية) لەلا خوێندووە.
  • وەجیهەی کچی عەلی کوڕی یەحیای کوڕی سوڵتان ئەسکەندەری.
  • ئەبو فەزڵ ئەڕبیلی زەهەبی.
  • ئیمام زینەدین عەلی کوڕی موحەمەدی کوڕی مونەییر.
  • عەبدول سەلامی کوڕی عەلی کوڕی سەیدولناس و چەندانی تر. 

ڕیوایەتی لێ وەرگیراوە لەلایەن

  • عیمادی کوڕی بالیسی.
  • عەبدول عەزیزی کوڕی نەبیە هەواری.
  • ئەبو حەسەنی کوڕی بەقال.
  • یاقوت حەمەوی.

تایبەتمەندی کەسایەتی ئیبن حاجیب

ئیبن حاجیب یەکێک بووە لە زانایانی سەردەمی خۆی، سەرۆکی قورئانخوێنەکان و شەرعزانێکی چاکەکار و هەڵکەوتوو بووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کەسێکی دادپەروەر، پایەبەرز، باوەڕدار، ملكەچ، خاکی و خۆبەخش بووە، یەکێک بووە لە زیرەکەکانی جیهان، نمونەی پێ دەهێنرێتەوە بەهۆی بیر تیژی و ئاسۆی فراوانیەوە، پێشڕەو بووە لە زۆر لە زانستەکاندا لەوانەش (الأصول، الفروع، التصريف، العروض و تفسير).

ئیبن حاجیب خاوەنی توانایەکی سەرسوڕهێنەر بووە لە کورتکردنەوەدا، بەشێوەیەک بە بەکارهێنانی کەمترین وشە مەبەستەکەی دەگەیاند، هەروەها ئەگەر پیتی فا یان واو ئەگەر (زائيد) بووبێت، بەبێ بەکارهێنانیان واتاکەی تەواو کردووە، سەرپێچی یاساکانی ڕێزمانی دەکرد لە هەندێ لە بابەتە وردەکاندا و کێشەکانیشی دەخستەڕوو، بە باشترین شێوە بابەتەکانی پۆلێن دەکرد کە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر توانا و چالاکی و زیرەکی و ئاسۆی فراوانی.

کۆچی دوایی

ئیبن حاجیب لە کازیوەی ١٨ شوباتی ساڵی ١٢٤٩ز لە ئەسکەندەرییە کۆچی دوای کردووە و لە هەمان ڕۆژدا لە گۆڕستانی" الشيخ الصالح بن أبي شامة" نێژراوە، کە ئێستا دەکەوێتە قاتی خوارەوەی مزگەوتی "أبي العباس المرسي" . 

بەرهەمەکانی

ئیبن حاجیب لە دوای مردنی کۆمەڵێکی زۆر نووسراوی بەجێ هێشتووە، لە گرنگترین نووسراوەکانی:-

١- الجامع بين الأمهات.
٢-  الكافية.
٣- الشافية.
٤- منتهى الوصول والأمل في علمَيْ الأصول والجدل.
٥- مختصر المنتهى.
٦- الأمالي النحوية.
٧- الإيضاح في شرح المفصّل.
٨- رسالة في العشر.
٩- المقصد الجليل في علم الخليل.
١٠- المسائل الدمشقية.
١١- شرح كتاب سيبويه.
١٢- شرح الإيضاح.
١٣- معجم الشيوخ.
١٤- شرح مقدمة الزمخشري.

بۆچونی زانایان دەربارەی ئیبن حاجیب

ئیبن خەلەکان لە بارەیەوە فەرموویەتی: لە ناو دروستکراوەکانی خوادا ئەو خاوەنی باشترین هزر و بیروهۆش بووە، چەندان جار بەهۆی جێبەجێکردنی چەند کارێکەوە سەردانی کردووم، منیش دەربارەی چەند بابەتێکی زمانی عەرەبی پرسیارم لێی کردووە، ئیبن حاجیب بە باشترین شێواز، بە شێوەیەکی جێگیر و لەسەرخۆوە وەڵامی داومەتەوە.

ئیبن ئەبو شامە لەبارەیەوە فەرموویەتی: یەکێک بووە لە زیرەکترینی میللەت، پایەیەک بووە لە پایەکانی ئایین لە زانستدا و هەڵکەوتوبووە لە ( العلوم الأصولية وتحقيق علم العربية) درێژەپێدەری مەزهەبی مالیکی بووە، کەسایەتیەکی خاکی، خاوەن قسە، بە ڕەوشت، دادوەر و زانست خۆشەویستی هەبووە, هەروەها لە ناو خێزانەکەیدا بە کەسێکی ئارامگر بەسەر ناڕەحەتیەکاندا ناسرابوو.


سەرچاوەکان



336 بینین