هۆکاری هەستکردن بە خەواڵوویی و ماندوویەتی پاش بەربانگ 

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-21-19:34:00 - کۆدی بابەت: 8341
هۆکاری هەستکردن بە خەواڵوویی و ماندوویەتی پاش بەربانگ 

ناوه‌ڕۆك

هۆکاری زانستی دروستبوونی خەواڵوویی و ماندوویەتی پاش بەربانگ 

زۆرێک لە ڕۆژووانان پاش ڕۆژوو شکاندن و ژەمی بەربانگ دووچاری خەواڵوویی و بێهێزی و سەرئێشە دەبنەوە و ئارەزووییەکی زۆریان بۆ نوستن دەبێت، تەنانەت هەندێک لە دوای بەربانگ ڕاستەوخۆ دەخەون.
ئەو کەسەی کە بەڕۆژووە لەشی لە سەرەتای  ڕۆژەکەدا و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ دابینکرنی وزە پشت بەو شەکری گلوکۆزە دەبەستێت کە لە ژەمە خواردنی پارشێوەوە وەریگرتووە، پاشان لەش بۆ دابینکردنی وزەی زیاتر پەنا دەباتە بەر چەوری و شەکری کۆگاکراو لە شانەکانی جەستەدا تا کۆتایی ڕۆژەکە، بەڵام هەندێک کات بڕی شەکر و چەوری پێویست لە لەشدا نییە و تا کاتی بەربانگ بڕەکە کەم دەبێتەوە، بۆیە ڕۆژووانان لە کاتی بەڕۆژووبووندا هەست بە ماندوویەتی و برسێتی دەکەن، پاشان دوای بەربانگ بە شێوەیەکی لەناکاو بڕێکی زۆر لە خواردنی هەمەجۆر دەخورێت و دوای بەربانگ هەستی ماندوویەتی و خەواڵووییان لەلا زیاتر دەبێت، هۆکاری زانستی ئەو هەستە پەیوەستە بە دەردانی چەند هۆڕمۆنێک لەلایەن ئەندامەکانی لەشەوە، نموونەی پەنکریاس کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی ڕێژەی شەکری خوێن لە جەستەدا، بۆیە لە ڕێگەی دەردانی هۆڕمۆنی ئەنسۆلینەوە ئەو کارە ئەنجام دەدات، بڕی دەردانی ڕێژەی ئەنسۆلین بەندە بە بڕ و ڕێژەی ژەمی ئەو خۆراکەی کە دەخورێت، بۆیە لە پاش بەربانگ کە بڕێکی زۆر و هەمەجۆری خواردن دەخورێت ناچار ڕێژەیەکی زۆر لە هۆڕمۆنی ئەنسۆلین لەلایەن پەنکریاسەوە دەردەدرێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لە هەمان کاتدا لەش هۆڕمۆنی نووستن کە میلاتۆنینە لەگەڵ هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین دەربدات تاکوو یارمەتی لەش بدەن کە هەموو وزە و هەوڵەکانی لەش لە هەرسکردنی خواردندا کۆبکەنەوە، بۆیە ڕێژەی ناردنی خوێن بۆ کۆئەندامی هەرس زیاتر دەبێت و کار و فرمانی ئەندامەکانی تری لەش سست دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە دوای ڕۆژوو شکاندندن کەسەکە سەرنجی کەمتر دەبێت و ماندوو و خەواڵوو دەبێت و ئارەزووی نوستنی لەلادروست دەبێت. 
بوونی چەند کێشەیەکی تەندروستی و بوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکوو شەکرە و پەستانی خوێن بارودۆخی لەش قورستر دەکەن و ئەم حاڵەتە زیاتر دەکەن. 

چارەسەری ماندوویەتی و خەواڵوویی پاش بەربانگ 

خواردنی تەندروست

دوورکەوتنەوە لە چەند جۆرێکی خواردن، پسپۆڕانی بواری خۆراک چەند جۆرێکی خۆراکیان دیاری کردووە کە خواردنیان بە ڕادەیەکی زۆر لەش و کۆئەندامی هەرس ماندوو دەکات، نموونەی خواردنە سوورکراوەکان، شیرینی، چەوری و ئەو خواردنانەی کە کاربۆهیدراتی سادەیان تێدایە، چونکە هەندێک لەو خواردنانە لەپڕدا ڕێژەی ئەنسۆلین و کۆلیسترۆڵ لە خوێندا بەرز دەکەنەوە و لەش ماندوو دەکەن و کاتێکی زۆریان دەوێت بۆ هەرسکردن. 

بەربانگ کردنەوە بە شێوەیەکی تەندروست

شکاندنی ڕۆژوو بە شێوەیەکی تەندروست یەکێکە لەو ڕێکارانەی کە دەکرێت ئەم حاڵەتە کۆنتڕۆڵ بکات، باشترین ڕێگای تەندروستیش بۆ بەربانگ کردنەوە بریتییە لەوەی کە لە سەرەتادا بە چەند خورمایەک و بڕێکی دیاریکراو لە ئاو بە لەسەرخۆیی ڕوژوو بشکێنرێت، پاشان ڕێستێک وەربگیرێت و نوێژی ئێوارە ئەنجام بدرێت، دواتر ژەمی سەرەکی بخورێت کە پێویستە ژەمێکی تەندروست و هاوسەنگ بێت. 

کەمکردنەوەی خواردنەوەی کافایین

سنووردارکردن و ڕێکخستنی کاتی ئەو خواردنەوانەی کە کافایینیان تێدایە زۆر کاریگەرە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دۆخەدا، بۆیە دەبێت بە بڕێکی دیاریکراو و کەم چا و قاوە بخورێتەوە و نابێت ڕاستەوخۆ لە دوای ژەمەکان بخورێتەوە. 

ڕێکخستنی کاتەکانی خەو

کێشە و گرفتەکانی خەو لە ڕەمەزاندا زیاتر دەبن، بەڵام بە دانانی خشتەیەکی تایبەت و گونجاو لەگەڵ ڕۆتینی ڕۆژانە و پەیوەستبوون پێوەی، دەکرێت ڕێگری لە تێکچوونی کاتەکانی خەو بکات لە ڕەمەزاندا. 

وەرزش کردن 

ئەنجامدانی چەند جۆرێکی وەرزشی نموونەی پیادەڕەوی، یۆگا، تێڕامانی قووڵ یان هەر جووڵەیەکی سادە و ئاسان دەکرێت زۆرێک لە کێشەکانی لەش چارەسەر بکات.


سەرچاوەکان



559 بینین