ئیعتیكاف

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-24-19:41:00 - کۆدی بابەت: 8377
ئیعتیكاف

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیعتیکاف یان خەڵوەت یاخود خەڵوە (بە عەرەبی: الاعتكاف) بریتییە لە مانەوە بۆ چەند ڕۆژێک بە تەنها لە مزگەوت و خۆتەرخانکردن بۆ خوداپەرستی، وشەی "الاعتكاف" لە زمانی عەرەبیدا واتای خۆگرتنەوە و بەندکردنی نەفس و دەروونە، لە شەرعدا واتای مانەوەیە لە مزگەوت بە مەبەستی نزیکبوونەوە لە خودا و ئەنجامدانی پەرستشەکان.
ئیعتیکاف سوننەتێکی جێگیرە و بەپێی گێڕانەوەکانی بووخاری و موسلیم پێغەمبەر ﷺ ئیعتیکافی کردووە و پاش کۆچی دوایی خێزانەکانیشی ئەو سوننەتەیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە، هەروەها هاوەڵان لە سەردەمی ئەو و لە پاش ئەویش ئەم سوننەتەیان ئەنجام داوە.
لە قورئاندا بەڵگەی سوننەتی ئعتیکاف لە سوڕەتی البقرة خراوەتە ڕوو، لە ئایەتی 187 خودای گەورە دەفەرموێت: (وَلاَ تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ)، واتا: "نزیکیی لەگەڵ هاوسەرەکانتاندا مەکەن لە کاتێکدا ئێوە بڕیاری مانەوەتان داوە بۆ خوداپەرستی لە مزگەوتەکاندا".
هەروەها لە هەمان سوڕەت لە ئایەتی 125 خودای گەورە دەفەرموێت: (أَن طَهِّرَا بَيْتِيَ لِلطَّائِفِينَ وَالْعَاكِفِينَ وَالرُّكَّعِ السُّجُودِ)، واتا: فه‌رمانماندا به‌ ئیبراهیم و ئیسماعیل كه‌ ئه‌و ماڵه‌م خاوێن بكه‌نه‌وه‌ (له‌ چه‌په‌ڵی ماددی و مه‌عنه‌وی) بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ده‌وریدا ده‌سوڕێنه‌وه‌ و تەواف ده‌كه‌ن و تیایدا ده‌مێننه‌وه‌ و ئیعتیكاف ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها بۆ كڕنووشبه‌ران و سووژده‌به‌رانیش. 

کات و ماوەی ئیعتیکاف

هەموو زانایانی ئیسلام کۆکن لەسەر ئەوی کە ئیعتیکاف کاتێکی دیاریکراوی نییە و هەموو کاتێک دروستە کە ئەنجام بدرێت، بەڵام لە دە ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزان خێر و پاداشتی زیاترە و ئەنجامدانی لەو دە ڕۆژەدا باشترە، پێغەمبەر ﷺ لە دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان و لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی شەوال ئیعتیکافی ئەنجام داوە، ماوەی ئیعتیکاف لەلایەن زانایانەوە دیاری کراوە کە لە 24 کاتژمێر واتە لە ڕۆژێک کەمتر نەبێت، هەندێک لە زانایانی تریش پێیان وایە کە ماوەکەی دیاریکراو نییە و دەکرێت بۆ چەند کاتژمێرک بێت و ئاساییە. 

مەرجەکانی ئیعتیکاف

ـ باوەڕداریی و موسڵمان بوون
ـ عەقڵ و ژیریی کامڵ
ـ ژن و پیاو دەتوانن ئیعتیکاف بکەن
ـ پاکژی و پاکوخاوێنی، پاکڕاگرتنی لەش لە لەشگرانی و هۆکارەکانی ئەو دۆخە
ـ پێویستە ئیعتیکاف لە مزگەوتێک بێت کە نوێژی تێدا ئەنجام بدرێت
ـ ڕۆژووگرتن لە کاتی ئیعتیکافدا کارێکی پەسەندە
ـ بۆنخۆشکردن و ڕێکپۆشی و جوانپۆشی لە کاتی ئیعتیکافدا ڕێگەپێدراوە 

ئەو شتانەی کە ئیعتیکاف هەڵدەوەشێننەوە

ـ نزیکبوونەوە و تێکەڵی لەگەڵ ژنان و هاوسەراندا، بە دەقی قورئانی ئەو کارە لە کاتی ئیعتیکافدا ڕێگە پێدراو نییە و لە سوڕەتی البقرة ڕوونکراوەتەوە، لە ئایەتی 187 خودای گەورە دەفەرموێت: (وَلاَ تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ)، واتا: "نزیکیی لەگەڵ هاوسەرەکانتاندا مەکەن لە کاتێکدا ئێوە بڕیاری مانەوەتان داوە بۆ خوداپەرستی لە مزگەوتەکاندا."
ـ دەرچوون و بەجێهێشتنی مزگەوت بۆ کارێکی ناپێویست و ناڕەوا، بەڵام دەرچوون لە مزگەوت بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند کارێکی گرنگ و پێویست نموونەی: خۆشۆردن، نانخواردن، سەرئاو و دەستنوێژگرتن بەو مەرجە ئاساییە کە ئەگەر نەتوانرا ئەو کارانە لە مزگەوت ئەنجام بدرێت. 

ئیعتیکافی ژنان

ژنانیش وەکوو پیاوان دەتوانن ئیعتیکاف ئەنجام بدەن، چونکە دایکانی ئیمانداران لە پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ ئیعتیکافیان ئەنجام داوە. مەرجی ئیعتیکافی ژنان:
ـ ئیعتیکاف پەرستشێکی پەسەندە و ئەرک و فەرمان نییە، بۆیە پێویستە پێش ئەنجامدانی، ژنان لەلایەن مێرد و هاوسەرەکانیانەوە ئیزن وەربگرن.
ـ ئەو مزگەوتەی کە ژنان خەڵوەتی تێدا ئەنجام دەدەن پێویستە پارێزراو بێت، هەروەها دوور بێت لە تێکەڵی لەگەڵ پیاوان.
ـ لە کاتی سوڕی مانگانە ژنان ناتوانن ئیعتیکاف بکەن. 

سوودەکانی ئیعتیکاف

پێویستە لەسەر ئەو كەسەی كە لە مزگەوت  دەمێنێتەوە، خەریك و سەرقاڵ بێت بە نوێژ و ویردکردن و قورئان خوێندن و جۆرەكانی تری پەرستشەوە، بەهەموو شێوەیەک دووربكەوێتەوە لە هەموو قسە و وتووێژێكی دوونیایی بێسوود.
چونکە ئیعتیکاف و دوورکەوتنەوە لە چێژە کاتییەکانی دوونیا بۆ ماوەیەکی کاتی، یارمەتی دووبارە بنیاتنانەوە و ڕێکخستنی دەروون دەدات، دڵ و ناخ ئارام دەکاتەوە و مرۆڤ ڕادێنێت لەسەر دوورکەوتنەوە لە تاوان و گوناهـ و ئەنجامدانی چاکە. ئەنجامدانی پەرستش، نزاکردن و پاڕانەوە، نوێژکردن و خوێندنەوەی قورئان، هەموو ئەم پەرستشانەی که لە خەڵوەتدا ئەنجام دەدرێت پاداشتێکی باڵایان لەلای خودا هەیە.


سەرچاوەکان



367 بینین