گامۆفۆبیا

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-04-25-02:37:00 - کۆدی بابەت: 8384
گامۆفۆبیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گامۆفۆبیا (بە ئینگلیزی: Gamophobia) ترسانە لە هاوسەرگیری و چوونە ناو پەیوەندی خۆشەویستی. دەتوانێت دوورتبخاتەوە لە چێژبینین لە پەیوەندییەکی واتادار و ڕاستەقینە. جیابوونەوەیەکی ئازاراوی لە خۆشەویستەکەت، جیابوونەوە لە هاوسەرەکەت یان پشتگوێخستن و بەجێهێشتن لە ماوەی تەمەنی منداڵی یان گەورەیی دەکرێت وات لێ بکات بترسیت لەوەی بچیتە ناو پەیوەندییەکی خۆشەویستییەوە. قسەکردن لەگەڵ چارەسەرکاری دەروونی دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم جۆرە فۆبیایەدا.

فۆبیا چییە؟

فۆبیا یان ترس جۆرێکی باوی نەخۆشی دڵەڕاوکێیە، دەبێتە هۆی ئەوەی زیاد لە پێویست بترسیت یان بیر لەو بابەتانە بکەیتەوە کە هیچ شایەنی ترسان نین. گامۆفۆبیا جۆرێکی تایبەتی حاڵەتی فۆبیایە، واتای ئەوەیە کە کەسەکە لە بارودۆخێکی دیاریکراو دەترسێت وەکوو هاوسەرگیری یان چوونە ناو پەیوەندییەوە.

گامۆفۆبیا چییە؟

گامۆفۆبیا ترسانە لە چوونە ناو پەیوەندی، بەرپرسیارێتی و پابەندبوون بە پەیوەندییەوە. ئەم ترسە بەشێوەیەک کاریگەرە کە کەسەکە بەلایەوە ئەستەمە کە بتوانێت بەردەوامی بە پەیوەندییەک بدات بۆ ماوەیەکی درێژ. گـامۆس (Gamos) وشەیەکی یۆنانییە بە واتای هاوسەرگیری دێت، فۆبۆس (Phobos) یان فۆبیا بە واتای ترس دێت.
هەندێک کەس ناتوانن بڕیار لەسەر ئەو پلانانە بدەن کە کاریگەری زۆری  لەسەر ژیانیان هەیە و ناتوانن جێبەجێیان بکەن وەکوو هەڵبژاردنی کۆلێج، هەڵبژاردنی پیشە و شوێنێک بۆ ژیان. ئەم ترسی پابەندبوون و بڕیاردانە جیاوازە لە گامۆفۆبیا کە بەتایبەتی دەربارەی پەیوەندییە تاکەکەسییەکانە. ئەو کەسانەی گامۆفۆبیایان هەیە بەم شێوەیەن:

- ناتوانن پەیوەندییەکی قوڵ و دوورودرێژ پێک بهێنن
- کاتێک دەچنە پەیوەندییەوە بە بەردەوامی هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەن و هەمیشە نیگەرانن دەربارەی چارەنووسی پەیوەندییەکەیان.
- هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن کە دوو کەس دەبینن لە پەیوەندییەکی تەواودان و دڵخۆشن.

ئەم حاڵەتە تا چەند باوە؟

شتێکی قورسە بە دیاریکراوی بزانیت چەند کەس ئەم جۆرە فۆبیایەی هەیە. هەندێک کەس لەوانەیە قسەی لەبارەوە نەکەن یاخود هەر پێشی نەزانن کە ئەم فۆبیایەیان هەیە. 

کێ لەبەردەم مەترسی توشبوون بەم حاڵەتەدایە؟

ئەو کەسانەی کە تووشبووی تێکچوونی کەسایەتین وەکوو تێکچوونی کەسایەتی ناجێگیر، لەوانەیە خۆیان بەدوور بگرن لە چوونە ناو پەیوەندی بەهۆی ترسان لەوەی بەجێیان بهێڵن یان ڕەت بکرێنەوە، هەروەها کێشەی متمانە پێکردنیشیان هەیە.

هۆکاری تر کە دەبێتە هۆی مەترسی تووشبوون بەم فۆبیایە بریتییە لە:

- مێژووی خێزانی: گەر لەگەڵ دایک و باوک یان کەسانێکی خۆشەویستدا گەورە ببیت کە فۆبیا یان نەخۆشی دڵەڕاوکێیان هەبێت دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی تۆش تووشی هەمان فۆبیا یان فۆبیای هاوشێوە ببیت.
- ڕەگەزی بایۆلۆژی: ئەو کەسانەی لەگەڵ لەدایکبووندا بە ڕەگەزی مێ تۆمار دەکرێن (لە کاتێکدا لەوانەیە ڕەگەزی خۆیان گۆڕیبێت یان ڕەگەزێکی دیاریکراویان نەبێت) ئەگەری تووشبوونیان بە فۆبیایەکی دیاریکراو زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی لەگەڵ لەدایکبووندا بە ڕەگەزی نێر تۆمار دەکرێن.
- بۆماوەیی: توێژینەوە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو کەسانەی تووشی بازدانی بۆماوەیی دیاریکراو دەبن مەترسی تووشبوونیان بە فۆبیا و نەخۆشی دڵەڕاوکێ زیاترە.
- ئەو کەسانەی تووشبووی فۆبیای ترن: وەک (فیڵەفۆبیا (ترس لە خۆشەویستی)، پستانترۆفۆبیا (ترس لە متمانەکردن و ئازار پێگەیاندن لەلایەن کەسانی ترەوە)، جینۆفۆبیا (ترس لە سێکس)).

هۆکاری تووشبوون بەم حاڵەتە چییە؟

هەندێک لە تووشبووەکان هۆکاری ئەم ترسەیان دەگەڕێننەوە بۆ ئەزموونێکی شۆک و تراومای ڕابردوو واتە گامۆفۆبیا  وەڵامدانەوەیەکی پارێزەرانەیە، ناتوانیت ئەزموونی دڵشکان بکەیت ئەگەر نەچیتە ناو پەیوەندییەکی درێژخایەنەوە. ئەو هۆکارانەی دەشێت ببنە هۆی گامۆفۆبیا بریتین لە:

١. ناکۆکی خێزانی: ئەو منداڵانەی کە گەواهیدەری پەیوەندی و جیابوونەوە شەڕانگێزەکانی دایک و باوکیانن لەوانەیە بەو ترسەوە گەورە ببن و بترسن لەوەیە بچنە ناو پەیوەندییەکەوە و دەرئەنجامەکەی بەو شێوەیە بێت.
٢. دڵشکانی پێشتر: ئەو کەسە پێگەیشتوانەی کە ئەزموونی دڵشکان دەکەن لە جیابوونەوە لە خۆشەویست، هاوسەر یان خیانەتی هاوسەریی لەوانەیە خۆیان بە دووربگرن لە چوونە ناو پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی تردا. بە پێی کات ئەو هەڵبژاردەیەیان دەگۆڕێت بۆ ترس.
٣. ترس لە لێ بەجێمان: هەندێک کەس نیگەرانی ئەوەن بچنە پەیوەندییەوە لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا و کاتێک کەسە ڕاستەکە دەرکەوت نەتوانن لەگەڵ ئەودا بن و لێیان بە جێ بمێنێت.
٤. فشاری ئاینیی و کولتووری: هەندێک کولتووری دیاریکراو هاوسەرگیری ڕێکخراو ئەنجام دەدەن بە بێ ڕەچاوکردنی خۆشەویستی و هەست و سۆز، لەم کاتەدا لەوانەیە کەسەکە بترسێت لەوەی بە تەواوی خۆی بۆ پەیوەندییەکە تەرخان بکات چونکە خۆی کەسەکەی هەڵنەبژاردووە.

نیشانەکان

تووشبوانی گامۆفۆبیا دەکرێت ئەم نیشانە جەستەییانەیان تێدا دەربکەوێت کاتێک بیر لەوە دەکەنەوە دەچنە پەیوەندییەوە لەگەڵ کەسێکی دیاریکراودا:

  • لەرز
  • گێژبوون و بوورانەوە
  • ئارەقکردنەوەی زۆر
  • دڵەکوتێ
  • هێڵنجدان
  • هەناسەتەنگی
  • لەرزین
  • تێکچوونی هەرس

چۆنیەتی دەستنیشانکردن

پشکنینێکی دیاریکراو نییە بۆ دیاریکردنی ئەم حاڵەتە، چاودێری تەندروستی پرسیار لە نەخۆشەکە دەکات سەبارەت بە نیشانەکان، بارودۆخی دەروونی و مێژووی خێزان و دەربارەی ئەوەی ئایا پێشتر کەسەکە فۆبیای هەبووە یان نا.

چۆن بەسەر ئەم حاڵەتەدا زاڵ دەبیت؟ 

چارەسەری فێرکاری کردەیی، جۆرێکی چارەسەرکردنە بە قسەکردن، یارمەتی زۆر کەسی داوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم جۆرە فۆبیایەدا. ئەم جۆرە چارەسەرە ئەو هۆکارە ئاشکرا دەکات کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو بیرکردنەوەیە لەلای کەسەکە و وای لێ دەکات بترسێت، بیرکردنەوە و تێڕوانینە نەرێنییەکان سەبارەت بە پەیوەندی و هاوسەرگیری دەگۆڕن بە بیرکردنەوەی ئەرێنی.
بە چەند هەنگاوێکی دیاریکراو چارەسەری ئەو هەستیارییە دەکرێت کە کەسەکە بەرامبەر بەو بابەتە هەیەتی، ئەم جۆرە چارەسەر پێی دەوترێت چارەسەری خستنە بەر، کە تێیدا:

- کەسەکە فێری تەکنیکی ئارامکردنەوە و ڕاهێنانی هەناسەدان دەکرێت بۆ جڵەوکردنی نیشانەکان
- پلە بە پلە کەسەکە ڕووبەڕووی بیرۆکەی هاوسەرگیری و چوونە ناو پەیوەندی خۆشەویستی دەکرێتەوە
- ئەرکێک بە نەخۆشەکە دەسپێردرێت لە جیهانی ڕاستەقینەدا وەکو بەشێک لە چارەسەرەکە بۆ ئەوەی زیاتر ئاسوودە و ئارام بێت بە چوونە ناو پەیوەندییەکی درێژخایەنەوە.

کێشە تەندروستییەکان

بە بەردەوامی دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە خۆشت دەوێن و هەڵهاتن لە پەیوەندییەکان کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت لەسەر باری تەندروستی دەروونی و جەستەیی، دەکرێت کەسەکە تووشی ئەم حاڵەتانە ببێت:

مامەڵەکردن لەگەڵ گامۆفۆبیا

هەرکات هەستت بەوە کرد و بۆت دەرکەوت ئەم ترسە زۆرەت هەیە لە چوونە ناو پەیوەندی یان هاوسەرگیری کردن، دەتوانیت هەنگاو بنێیت بەرەو چارەسەر، لە پاڵ قسەکردن لەگەڵ چارەسەرکاری دەروونیدا چەند بەرنامەڕێژییەک هەیە دەتوانیت سوودی لێ ببینیت:

- ڕەچاوی ڕابردووت بکە: کات تەرخان بکە بۆ بیرکردنەوە لە ڕابردووی پەیوەندییەکانت. چۆن ترسەکەت کاریگەری هەبووە لەسەر پەیوەندییەکانت لە ڕابردوودا، ئایا بە بەردەوامی هەڵهاتوویت لە پەیوەندییەکان، خەڵک لە خۆت دووردەخەیتەوە، یاخود هەر پەیوەندییەک بە باشی بڕوات خۆت کۆتایی پێ دەهێنیت.
- بیر لە پێویستییەکانی خۆت بکەرەوە: ڕەچاوی ئەوە بکە ئایا ترسەکەت لەو شتە دوورت دەخاتەوە کە خۆت دەتەوێت. لەوانەیە خۆت ئامادە نەبیت بۆ پەیوەندییەکی جددی، درێژخایەن کە خۆتی بۆ تەرخان بکەیت. بەڵام ئەگەر هەست دەکەیت ئەوەت لە دەست دەچێت کە خۆت دەتەوێت، لەو کاتەدا گرنگە هەنگاو بگریتە بەر بۆ چارەسەری ترسەکەت بۆ ئەوەی بتوانیت پەیوەندییەکی تەندروست، پڕ خۆشەویستی و درێژخایەن ببەستیت لەگەڵ کەسێکی تردا.
- یادداشت: دەربڕینی بیرکردنەوە و ترسەکانت بە نووسین دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ شیکردنەوەی هەستەکانت. دەکرێت ڕێگایەکی باش بێت بۆ ئاشکراکردنی شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانت کە دەبنە هۆی ئەو ترسە.
- تەکنیکی ئارامکردنەوە تاقی بکەرەوە: دەست بکە بە ڕاهێنانی تەکنیکی ئارامکردنەوە وەکوو هەناسەدانی قوڵ و یۆگا. هەرکاتێک هەست بەو ترسە دەکەیت دەتوانیت بەم تەکنیکانە هەم لاشەت و هەم بیرت ئارام بکەیتەوە.

گامۆفۆبیا دەتوانێت کاریگەریی ڕوژد و مەترسیداری هەبێت لەسەر توانای مرۆڤ بۆ پێکهێنان و پاراستنی پەیوەندییەکانی. دەتوانێت زیان بەو پەیوەندییانە بگەیەنێت کە کەسەکە تێیدایە و وا لە کەسەکەش بکات نەتوانێت پەیوەندی نوێ ببەستێت. لە دەرئەنجامدا دەکرێت کەسەکە بەرەو دابڕان و تەنهایی ببات و زیانی هەبێت بۆ دروستیی جەستەیی و دەروونی کەسەکە.


سەرچاوەکان



543 بینین