بەردەوامبوون لەسەر پەرستشەکان لە دوای ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-29-20:36:00 - کۆدی بابەت: 8429
بەردەوامبوون لەسەر پەرستشەکان لە دوای ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرێک لە موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزاندا زیاتر پەیوەستی ئایینی ئیسلام و پەرستشەکانی دەبن، نموونەی چاکەکردن و خێرکردن بە هەژاران، نوێژکردنی بەکۆمەڵ لە مزگەوت، قورئان خوێندن و پاڕانەوە و چەندان ئەرک و پەرستشی تر، بەڵام لە دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان لە ئەنجامدانی پەرستشەکان سارد دەبنەوە و بەو گڕوتینەی مانگی ڕەمەزانەوە ئەنجامی نادەن.
خودای لە سوڕەتی الحجر ئایەتی 99 دەفەرموێت: (وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّىٰ يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ)، واتا: به‌رده‌وام په‌روه‌ردگارت بپه‌رسته‌ هه‌تا مردن یه‌خه‌ت پێده‌گرێت.
لەم فەرمایشتەوە ڕوون دەبێتەوە کە پەرستش و پاڕانەوە و یادکردنەوەی خودا، کات و ساتێکی دیاریکراوی نییە، پێویستییەکی گرنگی ڕۆژانەی باوەڕدارە و ئاسوودەیی ناخ و ڕۆحی دەستەبەر دەکات.

ڕێگرییەکانی بەردەوامبوون لەسەر پەرستشەکانی دوای ڕەمەزان

ـ پشوودرێژی و هیوازۆری بە خۆشییەکانی دونیا: لەبیرکردنی ڕۆژی دوایی و بوونی هیوایەکی زۆر بە دونیا لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشتگوێخستنی پەرستشەکانە، خودای گەورە لە سوڕەتی الحجر ئایەتی 3 ئاماژەی بەم چەمکە داوە و دەفەرموێت: (ذَرْهُمْ يَأْكُلُوا وَيَتَمَتَّعُوا وَيُلْهِهِمُ الْأَمَلُ ۖ فَسَوْفَ يَعْلَمُونَ)، واتا: لێیان گه‌ڕێ بابخۆن و ڕابوێرن و ئومێد بێئاگایان بکات، جا بێگومان له‌مه‌ودوا ده‌زانن چۆن سزایان ده‌ده‌ین.

ـ زیادەڕۆییکردن و ڕۆچوون لە چێژە کاتییەکان: حەڵاڵ و حەرام لە ئایینی ئیسلامدا ڕوون و ئاشکرایە، چەمکی موباح دەکەوێتە نێوان حەرام و حەڵاڵەوە، بۆیە زیادەڕۆییکردن لە هەندێک لەو چەمکانەی کە موباحن (موباح: واتا ئەنجامدانی کردوەیەک کە پاداشت و سزای لەسەر نییە) هۆکار و ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی موسڵمانی باوەڕدار بەرەو هەڵدێر بەرن و دووچاری گوناهـ و تاوان ببن، بە جۆرێک کە گوناهکردن لەڵای ئاسایی دەبێت و تەنانەت هەندێک کەس پێوەدەکات.

ـ دوورکەوتنەوە لە کەشی ڕۆحی و ئیمانی: باوەڕ و ئیمان بنەمای سەرەکی ئایینن، هەموو بەندەیەکی موسڵمان هەمیشە ئاستی ئیمان و باوەڕەکەی لە یەک ئاستدا نییە، ئیمانی بەندەکان سست و لاواز دەبێت ئەگەر کەسەکان هەمیشە و بە بەردەوامی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ و دووبارەیان لەگەڵ گوناهـ و تاوانەکان هەبێت یان پابەندی لە ڕادەبەدەریان بۆ چێژە کاتییەکانی دوونیا هەبێت، ئەم هۆکارانە ئەگەر تەوبە و گەڕانەوەی لەدوا نەبێت ڕۆح و باری دەروونی تاکەکان ئاڵۆز دەکەن، بۆیە ژینگە و کەشی دەوروبەر و کەسەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر باوەڕی تاکەکان هەیە، لە ڕەمەزاندا زۆرێک لە پەرستشەکان دەستەجەمعی و بە کۆمەڵن بۆیە کەشێکی ئیمانی بۆ زۆرێک لە باوەڕداران دروست دەبێت و ئەنجامدانی پەرستشەکان ئاسان دەبێت، بۆیە دوای تەواوبوونی کەشی ڕەمەزان زۆرێک لە بەجێگەیادنی پەرستشەکان سارد دەبنەوە و سستی دەنوێنن.

چۆنییەتی بەردەوامبوون لەسەر پەرستشەکان لە دوای ڕەمەزان

ـ پاڕانەوە و هەوڵدانی بەردوام: بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هەر شتێک بدرێت، پێویستە باوەڕی تەواو بە ناخ و دەروون و مێشک بهێنرێت کە بەردەوام بوون و جێگیربوون ئامانجەکەیە و باوەڕ و متمانەی تەواوی بەخۆی هەبێت، واتا خود و دەروون ڕابهێنرێت و پەرستشەکان بکرێت بە خووی ڕۆژانە و پلانی تۆکمەیان بۆ دابڕێژرێت، پاشان پاڕانەوە و داواکردن لە خودای گەورە کە دڵ و دەروون جێگیر بکات لە هەرە ڕێگا کاریگەرەکانی پەیوەستبوونە بە پەرستشەکانەوە.

ـ هەمەجۆری لە ئەنجامدانی پەرستشەکان: پەرستش و پاڕانەوەکان ڕزگارکەر و خۆراکی ڕۆحی مرۆڤی باوەڕدارن، بۆیە شێواز و چۆنییەتی بەجێگەیاندنیان کاریگەرن لە بەرداومبوون و جێگیربوون لەسەر ئەنجامدانیان، دەکرێت باوەڕدار لە یەک ڕۆژدا پابەند و پەیوەستی چەند جۆرێکی پەرستش بێت و بیکات بە خوو و ڕۆتێنیکی ڕۆژانەی، نموونەی ئەوەی کە دەسپێکی ڕۆژەکەی بە خوێندنی ویردەکانی بەیانیان بێت، پاشان بە ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەکان و نوێژی بە کۆمەڵ لە مزگەوت و کردنی نوێژەکان لە کاتی خۆی بەردەوام بێت، هەروەها لە ڕێگەی خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک لە قورئانی پیرۆز و خوێندنی ویردی ئێواران و شەوان کۆتایی بە ڕۆژەکەی بهێنێت، زۆر گرنگە کە تێڕوانینمان بۆ پەرستشەکان وەکوو ئەرکێکی قورس نەبێت و تەنها بمانەوێت لەکۆڵیبکەینەوە و بە خێرایی ئەنجامی بدەین، بەڵکوو پێویستە بەشێوەیەک بڕوانینە پەرستشەکانی ڕۆژانەمان کە وێنای ئارامکەرەوە و چارەسەرێکی ئاسوودەبەخش و فریادڕەسێکی بۆ بکەین کە لە جەنجاڵییەکانی ژیانی ڕۆژانەمان ڕزگارمان دەکات.
ـ هاوڕێیەتی کەسانی باوەڕدار: هاوڕێیەتی و دۆستایەتی کردنی ئەو کەسانەی کە هەمان بۆچوون و ئامانجی هاوبەشیان لەگەڵ ئێمە هەیە، یارمەتیدەری سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان، بۆیە هاوڕێیەتی کردنی کەسانێک کە وابەستەی ڕێگای ڕاست و بنەماکانی ئایینن، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر بیر و بۆچوونەکانت.


سەرچاوەکان



643 بینین