سادق هیدایەت

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-04-30-11:38:00 - کۆدی بابەت: 8441
سادق هیدایەت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سادق هیدایەت (بە ئینگلیزی: Sadegh Hedayat) نووسەر و وەرگێڕی زمانی فارسی، بە یەکێک لە مەزنترین نووسەرە فارسەکانی سەدەی ٢٠ـەم دادەنرێت کە شێوازە هاوچەرخەکانی بە ئەدەبیاتی فارسی ناساندووە. سادق بە پەرتووکی (کوندەپەپووی کوێر) ناسراوە و ناوبانگی ڕۆشتووە. یەکێک بووە لەو نووسەرانەی لە زووەوە ئەدەبیاتی هاوچەرخی لە پیشەکەیدا بەکارهێناوە.

ژیاننامە

سادق هیدایەت لە ڕێکەوتی ١٧ی شوباتی ساڵی ١٩٠٣ لە تارانی پایتەختی ئێران لە خێزانێکی دیاری ئۆرستۆکراتی ناوچەی مازندەران لەدایکبووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا چاوەکانی تووشی نەخۆشی بوون و بەو بۆنەیەوە ماوەیەک لە خوێندن دابڕا.
سەرەتا لە تاران لە کۆلێجی دارولفنون و پاشان کۆلێجی سێن لوویی خوێندوویەتی، کە لەوێ کاتێکی زۆری بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی فەڕەنسی بەسەربردووە. لە ساڵی ١٩٢٥ خوێندنی کۆلێجی تەواو کرد و  لەناو ئەو کەمینە قوتابیانەدا بوو کە هەڵبژێردرا بچێتە ئەورووپا درێژە بە خوێندن بدات. لە ٢٠ـەکانی تەمەنیدا چووە فەڕەنسا بۆ خوێندنی ددانسازی بەڵام هەر زوو بەشەکەی گۆڕی بۆ ئەندازیاری. خوێندنی ئەندازیاریەکەشی ئەوەندە درێژەی نەکێشا کاتێک حەزی چووە خوێندنی مێژووی فارس پێش ئیسلام. لە ساڵی ١٩٢٧ دەستی کردووە بە نووسین و سوودەکانی ڕووەکخۆری لە بەرلین بڵاوکردووەتەوە کە دەرخەری دڕندەیی مرۆڤە بەرامبەر ئاژەڵان و سادق خۆشی لە تەمەنی گەنجێتییەوە بوو بوو بە ڕوەکخۆر.
زۆر سەرسامی کارەکانی ئێدگرئاڵن پۆو، گای دمۆ پسانت، ڕەینەر مریا ڕیڵکە، فرانز کافکا، ئانتۆن چێخۆف و فیۆدۆر دۆستۆیەڤسکی بووە. چەند بەرهەمێکی کافکای وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی وەکو پەرتووکی (سزادراوان) کە سادق خۆی پێشەکییەکی بۆ نووسیوە لە ژێر ناوی (پەیامی کافکا). لە ساڵی ١٩٣٠ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی یەکەمین پەرتووکی لە ژێر ناوی (زیندەبەگۆڕ) پێکهاتووە لە کۆمەڵێک کورتە چیرۆک و پاشان پەرتووکی (پەروین کچی ساسان) کە پێکهاتووە لە سێ شانۆگەری. پاش ئەوەش لە ساڵەکانی ١٩٣١ و ١٩٣٢ هەردوو پەرتووکی (سێبەری مەغۆل) و (سێ دڵۆپ خوێن)ـی بڵاوکردووەتەوە یەک لە دوای یەک.
لە ساڵی ١٩٣٧ پەرتووکی (کوندەپەپووی کوێر)ی بڵاوکردووەتەوە کە بە شاکاری سادق هیدایەت ناسراوە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە بەدوای دەربازبوونەوەیە لەو ژیانە خەمبار و هەژارەی هەیەتی لەناو خواردنەوەی کحولی و تلیاک، کە بووەتە هۆی ئەوەی ژیانی وەکو خەونێکی لێ بێت. بیرۆکەی چیرۆکەکانی سادق بریتییە لە باسکردنی پووچییەتی، بێ بەهایی و بێمانایی بوون (وجود)ی مرۆڤ. لەهەمان کاتدا سادق یەکێک بووە لەو کەسانەی فۆلکلۆری لە کارە ئەدەبییەکانیدا بەکارهێناوە. لە ژێر کاریگەری نووسەری بەناوبانگی فارسی عومەری خەییامدا بووە و سێ پەرتووکی بۆ خەییام و فەلسەفەکەی تەرخان کردووە. کەسایەتی چیرۆکەکانی سادق کەسانی بچووکن بە خۆیان و کێشە و ناڕەحەتی، ڕق، لاوازی، دڵسۆزی بەڵام بێزراوییەکەیانەوە.

ژیانی تایبەت

سەبارەت بە کەسایەتی سادق وەکو تاکەکەس زانیارییەکی زۆر کەم هەیە بەو پێیەی حەزی لێ بووە ژیانێکی سادە، تەنها بژی و هاوسەرگیری نەکردووە، سەرەڕای ئەوەش کە کەسێک بووە گرنگی بە چینی ئاسایی خەڵک داوە و کەسێکی نیشتمانپەروەریش بووە بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەن هزری خۆکوژیش بووە. لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٢٧ هەوڵی خۆکوشتن دەدات لەسەر پردێکەوە بۆ ناو ڕووباری مارن لە فەڕەنسا، بەڵام هەوڵەکەی سەرکەوتوو نابێت و لەلایەن پیاوێکی گەنجەوە ڕزگار دەکرێت. لە پاش ئەو ڕووداوە لە نامەیەکدا بۆ براکەی دەنووسێت: "کارێکی زۆر شێتانەم ئەنجامدا"، هۆکاری ئەوەی بۆچی هەوڵیداوە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، نەزانراوە. لە پەرتووکی زیندەبەگۆڕدا نووسیویەتی: "نا، کەس بڕیاری ئەوە نادات خۆی بکوژێت. خۆکوشتن لە ناو ناخی هەندێک کەسدایە. لە سروشتیاندایە، ناتوانن لێی هەڵبێن".
لە ساڵی ١٩٣٢ لەگەڵ هەریەکە لە بوزورگ عەلەوی، مەسعود فەرزاد و موجتەبا مینەوی کۆمەڵەیەکی ئەدەبی دژە شا و دژە ئیسلامی دادەمەزرێنن بە ناوی کۆمەڵەی (ڕوبعە) کە دژی ئەو ئەدەبیاتە چەقبەستووەی ئەوکاتە بوو و ئامانجی ئەوە بوو دووبارە ژیان بە ئەدەبیاتی فارسی ببەخشێتەوە.
بۆ دەستکەوتی ژیانی ڕۆژانەی لە بانکی نێودەوڵەتی ئێراندا کاری دەکرد، بەلای سادقەوە دەستکەوتە ڕووناکبیرییەکانی گرنگتر بوو وەک لە کاری ڕۆژانەی. لە کۆتاییدا بیروباوەڕە دژە شاییەکەی و ڕەخنەکانی لە کۆمەڵگە سەرنجی دەسەڵاتدارانی ڕاکێشا بەلای خۆیاندا، ئەو کاتەش کۆمەڵەی (ڕوبعە) قەدەغەکرابوو و زۆربەی ئەندامەکانیشی لە زیندان بوون بۆیە ناچار بەرەو هیندستان هەڵهات و لەو ماوەیەدا پەرتووکی (کوندەپەپووی کوێر)ی تەواو کرد، یەکەم چاپی تەنها ٥٠ لەبەرگیراوەی لێ چاپ کرا و ناردی بۆ هاوڕێکانی لە ئەورووپا و تا ساڵی ١٩٤١ ئەو شاکارەی سادق هیدایەت لە ئێران بڵاونەبووەوە. 

کارەکانی

گرنگترین بەرهەمەکانی سادق هیدایەت بریتین لە:

  • زیندەبەگۆڕ ١٩٣٠
  • پەروین کچی ساسان ١٩٣٠
  • ئەوسانە ١٩٣١
  • سێبەری مەغۆل ١٩٣١
  • سێ دڵۆپ خوێن ١٩٣٢
  • تاریک و ڕوون ١٩٣٣
  • خاتوو عەلەوییە ١٩٣٣
  • کوندەپەپووی کوێر ١٩٣٧
  • سەگی بەرەڵڵا ١٩٤٢
  • حاجی ئاغا ١٩٤٥

کۆچی دوایی

لە ساڵی ١٩٥١، سادق تارانی بەجێهێشت و بەرەو پاریس گەشتی کرد، لەوێ شوقەیەکی بە کرێ گرت. چەند ڕۆژێک پێش مردنەکەی هەموو کارە بڵاونەکراوەکانی خۆی دڕاند. لە ڕێکەوتی ٩ی نیسانی ساڵی ١٩٥١، لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا هەموو دەرگا و پەنجەرەکانی شوقەکەی قەپات کرد و کون و کەلەبەرەکانی گرت، پاشان گازەکەی کردەوە و بە ژەهراوی بوونی گاز خۆی کوشت. دوو ڕۆژ دوای ئەوە لاشەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دۆزرایەوە. لە گۆڕستانی پڕ لەچەیز لە پاریس، لە فەڕەنسا نێژرا.


سەرچاوەکان



927 بینین