کاریگەری مۆسیقا لەسەر مێشک

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-05-01-11:14:00 - کۆدی بابەت: 8455
کاریگەری مۆسیقا لەسەر مێشک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مۆسیقا ئەو توانایەی هەیە وامان لێ بکات سەما بکەین وەکوو ئەوەی کەس چاوی لێمان نەبێت، گۆرانی بڵێین تا قوڕگمان بریندار دەبێت و پێیەکانمان بۆ جڵەو نەکرێت. لەبەرئەوەی چەند جۆرێکی زۆر و جیاوازی مۆسیقا هەیە، هەربۆیە مۆسیقا جیاوازەکان بە شێوەیەکی بێ هاوتا کار دەکەنە سەر هەمووان. لە مۆسیقای ڕۆکەوە هەتا ئەلیکترۆنی، پۆپ و هەر جۆرێکی تر لەو نێوەندەدا، ناکۆتا جۆری جیاواز لە مۆسیقا هەیە بۆ گوێگرتن و دۆزینەوەی ئەو جۆرەی مۆسیقا کە ناخت دەرببڕێت گرنگە. توێژەران لە پەیمانگای مارکس بۆ مێشک، هەڵسوکەوت و گەشەپێدان ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە مۆسیقا یادەوەری و توانای بیرهاتنەوە بەهێز دەکات لە پاڵ بەهێزکردنی توانای فێربوونیش.
چەند شتێکی کەم هەیە دەتوانن هاوشێوەی مۆسیقا مێشک بوروژێنن، ئەگەر دەتەوێت مێشکت لەماوەی بەتەمەنداچووندا بە تەندروست و چالاکی بمێنێتەوە ئەوا گوێگرتن لە مۆسیقا ئامرازێکی زۆر باشە.
توێژەران ئەوەیان دەرخستووە کە گوێگرتن لە مۆسیقا دڵەڕاوکێ، پەستانی خوێن و ئازار کەمدەکاتەوە و لەهەمان کاتدا خەوتن، میزاج، یادەوەری و ئاگایی دەروونی باشتر دەکات.

بەشەکانی مێشک چۆن وەڵامی مۆسیقا دەدەنەوە؟

بە پێی توێژینەوەی دوو پرۆفیسۆر لە ساڵی ٢٠٠٦، پشکنینی MRIیان بۆ کۆمەڵێک کەس ئەنجامداوە و تێبینیان کردووە بە گوێگرتن لە مۆسیقا بەشە جیاوازەکانی مێشک کاردانەوەیان هەیە، بەم شێوەیەی خوارەوە: 

- پلی پێشەوەی مێشک: لە بیرکردنەوە، بڕیاردان و پلان دانان بەکاردێت، بە گوێگرتن لە مۆسیقا هان دەدرێت بۆ ئەوەی باشتر و خێراتر کاربکات.

- لاجانگە پل: لە پڕۆسەی بیستندا بەکاردێت. مرۆڤ ناوەندی زمان بەکاردەهێنێت بۆ تێگەیشتن لە مۆسیقا، کە درێژ دەبێتەوە بۆ هەردوو لایەکەی مێشک. زمان و وشەکان لە نیوەگۆی لای چەپی مێشکدا لێکدەدرێنەوە و مۆسیقا و دەنگەکان لە نیوەگۆی لای ڕاستدا لێکدەدرێنەوە.

- ناوچەی برۆکا: توانای قسەکردنمان پێ دەدات. ئەم بەشەی مێشکمان بەکاردەهێنین بۆ دەربڕینی مۆسیقا، ژەنینی ئامێرێک دەتوانێت توانای پەیوەندی بەستن و قسەکردنت باشتر بکات.

- ناوچەی ۆرنیک: توانای تێگەیشتن لە زمانی نووسین و قسەکردنمان پێ دەدات. ئەم بەشەی مێشک بەکاردەهێنین بۆ شیکردنەوە و چێژبینین لە مۆسیقا.

- پلی پشتەوەی مێشک: لە بینیندا بەکاردێت. مۆسیقاژەنە پیشەگەرەکان، توێکڵی پشتەوە کە توێکڵی بینینە بەکاردەهێنن لەکاتی گوێگرتن بۆ مۆسیقا، لە کاتێکدا کەسانی ئاسایی پلی پێشەوە بەکاردەهێنن، ناوەندی بیستن و زمان، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە لەوانەیە مۆسیقاژەنەکان لە کاتی گوێگرتن لە مۆسیقا پەڕەی ئاوازەکان بهێننە بەرچاوی خۆیان و بیبینن.

- مێشکۆڵە: ڕێکخەری جووڵە و پارێزەری یادەوەرییە جەستەییەکانە. نەخۆشێکی ئەلزەهایمەر، ئەگەر تەنانەت هاوسەرەکەشی نەناسێتەوە هێشتا دەتوانێت پیانۆ بژەنیت ئەگەر لە تەمەنی گەنجیدا فێری بووبێت چونکە ئەوە بووەتە یادەوەرییەکی جەستەیی واتە شتێکە بە توانای جەستە و ماسولکەکانی فێری بووە. ئەو یادەوەرییانە لە مێشکۆڵەدا هەرگیز لەبیرناچنەوە.

- نیوکڵیەس ئەکەمبس: ڕۆڵی گرنگی هەیە لە چێژبینین، میکانیزمی پاداشت و ئالوودەبوون بە دەردانی دۆپامین. مۆسیقا دەکرێت ببێت بە دەرمانێکی ئالوودەکەر، بەهەمان شێوەی ماددە و دەرمانە نایاساییەکان کار لە مێشک دەکات. هاوشێوەی کۆکایین دەردانی دۆپامین زیاد دەکات لە نیوکڵیەس ئەکەمبسدا.

- ئامیگداڵا: هەستەکان چالاک دەکات و ڕێکیان دەخات. مۆسیقا دەتوانێت جڵەوی هەستەکانت بکات وەکوو ترس، زیادکردنی حەز و ئارەزوو. 

- هیپۆکامپەس: بەرهەمهێنان و هێنانەوەی یادەوەرییەکان، وەڵامدانەوە هەستییەکان ڕێکدەخات و یارمەتی مرۆڤ دەدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ کارتێکەرەکان. یەکێکە لەو ناوچانەی مێشک کە یەکەم جار لەلایەن نەخۆشی ئەلزەهایمەرەوە کاری تێدەکرێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی یادەوەری و سەرلێشێواوی. مۆسیقا دەبێتە هۆی گەورەبوون و گەشەسەندنی خانە دەمارییەکان ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی یادەوەری.

- ژێرلانک: بارودۆخی لەش جڵەو دەکات. کوێرە ڕژێنەکان دەبەستێتەوە بە کۆئەندامی دەمار و هۆڕمۆنی زۆر گرنگ و پێویست دەردەدات کە تینوێتی، برسێتی، خەوتن، میزاج، لێدانی دڵ و پلەی گەرمی ڕێکدەخەن. گوێگرتن لە مۆسیقاش کاریگەری هەیە بەسەر هەریەکێک لەمانەوە بۆ نموونە لەوانەیە گوێگرتن لە پارچە مۆسیقایەکی دیاریکراو ببێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری خوێن و لێدانی دڵ.

- تەنی کالۆسەم: ڕێگە دەدات نیوەگۆی لای ڕاست و لای چەپی مێشک پەیوەندی ببەستن پێکەوە و جووڵەکانی جەستە ڕێکبخەن لەپاڵ بیرۆکە ئاڵۆزەکان کە پێویستی بە لۆجیک و ژیری هەیە. مۆسیقاژەن پێویستی بەوەیە ئەو بەشەی مێشک کە جڵەوی دەستی ڕاست و ئەو بەشەی جڵەوی دەستی چەپ دەکات جووڵەکانیان هاوئاواز و ڕێکخراو بن. ئەمە یارمەتی پیانۆژەنەکان دەدات نۆتەی سەر لاپەڕەکان وەربگێڕن بۆ ئەو کلیلانەی کە پەنجەی پێدا دەنێن و مۆسیقای پێ بەرهەم بهێنن.

- پیوتەیمن: جووڵەکانی لەش ڕێکدەخات. مۆسیقا دۆپامین زیاد دەکات لەم ناوچەیەدا، وەڵامدانەوەی مرۆڤیش بۆ ڕیتمی مۆسیقاکە زیاد دەبێت. بەهۆی ئەمەوە ئەو نەخۆشانەی تووشبووی نەخۆشی پارکینسنین، کە لەکاتی ئاساییدا پێویستیان بە یارمەتییە بۆ هەستان و جووڵە، بە گوێگرتن لە مۆسیقایەکی ڕیتمدار خۆیان دەتوانن هەڵبستن و دابنیشن و تەنانەت بشڕۆن، کە بەداخەوە دوای نەمانی مۆسیقاکە نیشانەکانی نەخۆشییەکە دووبارە دەردەکەوێتەوە.

کاریگەرییەکانی مۆسیقا لەسەر مێشک

- توانای فێربوون باشتر دەکات: پزیشکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە گوێ لە مۆسیقا بگیرێت بۆ ئەوەی مێشک بەشێوەیەکی باشتر کاربکات و گوێگرتن لە مۆسیقا وا لە مرۆڤ دەکات حەزی بۆ فێربوون زیاتر بێت.

- یادەوەری بەهێز دەکات: مۆسیقا کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر توانای لەبەرکردن و بیرهاتنەوە، لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤دا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی گوێ لە مۆسیقای کلاسیک دەگرن توانای لەبەرکردن و بیرهاتنەوەی شتەکانیان باشترە.

- یارمەتیدەرە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونیەکاندا: توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە گوێگرتن لە مۆسیقا دەبێتە هۆی دەردانی چەندین ماددەی کیمیایی لە کۆئەندامی دەماردا کە ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونیدا وەکوو دۆپامین، سیرۆتۆنین و ئۆکسیتۆسین. هەندێک توێژینەوەش ئەوەیان دەرخستووە مۆسیقا دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ باشتر کردنی ژیانی ئەو کەسانەی نەخۆشی شیزۆفرینیایان هەیە.

- مۆسیقا کاردەکاتە سەر باری دەروونی (میزاج): مۆسیقا یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ دەربڕین، لێکدانەوە و ڕێکخستنی هەستەکان.

- دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە: مۆسیقا دەتوانێت لە بارودۆخە سەخت و پڕ فشارەکاندا دڵەڕاوکێ کەمبکاتەوە. توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە بە گوێگرتن لە مۆسیقا لەش دەردانی کۆرتیزۆل کەمدەکاتەوە کە هۆڕمۆنێکە تایبەتە بە فشار و دڵەڕاوکێ.

- کاردەکاتە سەر نیشانەکانی خەمۆکی: لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧دا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە گوێگرتن لە مۆسیقای کلاسیک و جاز، کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر نیشانەکانی خەمۆکی بەتایبەت ئەگەر بەشێوەی دانیشتن و بەرنامەڕێژی گوێی لێ بگرێت و لەلایەن چارەسەرکاری دەروونیەوە سەرپەرشتی بکرێت. گرنگە ئەوەش بزانرێت ئەو مۆسیقایانەی غەمبارن و نۆستالجیان کاریگەری نەرێنیان لەسەر خەمۆکی هەیە و دەرکەوتن و تووندیەتی نیشانەکان زیاد دەکەن.

چی جۆرێکی مۆسیقا باشترینە؟

بۆ ماوەیەکی زۆر توێژەرەوان پێیان وابوو مۆسیقای کلاسیک چالاکی مێشک زیاد دەکات و کەسەکە زیرەکتر دەکات، دیاردەکەیان ناونابوو (کاریگەری مۆزارت)، بەڵام لە توێژینەوەی نوێتردا ئەوە سەلمێنراوە ژانەری مۆسیقاکە پۆپ، ڕۆک، جاز، هیپ-هاپ یان کلاسیک بێت هیچ جیاوازی نییە تەنها لە حاڵەتی خەمۆکیدا نەبێت.


سەرچاوەکان



1231 بینین