بەردەرکی سەرا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-02-12:29:00 - کۆدی بابەت: 8469
بەردەرکی سەرا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەردەرکی سەرا (بە ئینگلیزی: Bardarki Sara) شوێنێکی دێرینی شاری سلێمانییە و لە دروستبوونی سلێمانییەوە ناوەندی شاری سلێمانی بووە، کۆمەڵێکی زۆر دوکان و بازاڕ لەخۆی دەگرێت، مێجەرسۆن لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٠٨ باسی (خانی عەجەم) و (خانی غەفوورئاغا) و قەیسەری وەسمان پاشا و قەیسەری نەقیب ئەکات، واتە لە پێش ھاتنی مێجەرسۆنەوە ئەم خان و قەیسەرییانە لە سلێمانی ھەبوون، ئێستا تەنیا قەیسەری نەقیب وەک خۆی ماوە بەڵام خان و قەیسەرییەکانی تر نەماون و شوێنەکانیان ئێستا دوکان و بازاڕە، لە دوای ئەمانەوە کە سلێمانی فراوان بووە و شەقامی تێدا دروستکراوە لە سەر شەقامە سەرەکییەکان و سەنتەری شار و گەڕەکەکاندا بە سەدەھا دوکان و بازاڕی تێدا دروستکراوە.

مێژوو

میرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جێگەیەکیان تەرخانکردووە بۆ بارەگای بەڕێوبردنی دەسەلاتەکەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حکوومەتی دەوڵەتی مەلیکنشینی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەکانی لیوای سلێمانی ئەوکاتە ئامادەکرابێت.

لە ساڵی ١٩٢٦- ١٩٢٨ لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستکراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازی تێدا کراوە بۆ سوود وەرگرتن لە نیشتەجێ بوون و بەڕێوبەرایەتی فەرمانگەکانی شار. پاشان تەرخانکراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قایمقامیەت ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازی ڕەسەنەکەی نۆژەنکراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی میّژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازیەکانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت.

ڕووداوە گرنگەکان

  1. سازکردنی مەراسیمی دانانی یەکەم مەلیکی کوردستان شێخ مەحموودی حەفید ساڵی ١٩١٨ لە بەردەرکی سەرا کە ئەم شارە یەکەم پایتەختی حکوومەتی کوردییە.
  2. ڕۆژی ٦ ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ خۆپیشاندانی جەماوەری لەو ڕۆژ مەزەنەدا ئەنجامدراوە.
  3. لە ڕێکەوتی (٩-١٠-١٩٥٦) خۆپیشاندانی جەماوەری شاری سلێمانی لە بەردەم سەرای سلێمانی لەکاتی ھاتنەوەی تەرمی شێخ مەحموودی حەفید.
  4. خۆپێشاندانەکانی حەڤدەی شوبات.


سەرچاوەکان



557 بینین