توکان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-05-03-14:14:00 - کۆدی بابەت: 8485
توکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

توکان (بە ئینگلیزی: Toucan)،  یەکێکە لە باڵندەکانی کۆمەڵەی دەنووکلێدەرە کوونکەرەکان، کۆمەڵەکە پێکهاتووە لە نۆ خێزان لە باڵندەی نێو درەختەکان، بەناوبانگترین خێزانیشیان دارکوونکەرەکانن، ئەم جۆرە باڵندانە زۆرینەی کاتەکانیان لەسەر درەختەکان بەسەردەبەن، واتە باڵندەیەکە کە لە دارستانەکاندا دەژی، نشینگەی توکانەکان زۆرینەی ناوچە جیاوازەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە بە تایبەتی ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی ئەمریکا، نزیکەی ٣٥ جۆری جیاوازی هەیە کە لە شەش ڕەگەزی سەرەکیدا پۆلێنکراون، ئەم باڵندەیە کۆچەری نییە و لەبەر ئەوەی هەندێکیان میوە و ڕووەکەکان دەخۆن بۆیە سوودێکی زۆریان هەیە لە نوێبوونەوەی دارستانەکانی هێڵی کەمەرەیی، بەمەش توکانەکان یەکێکن لە ئەو گیانەوەرانەی کە بە هۆکاری پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی دادەنرێن، هەر تاکێک بە تەنها و سەربەخۆ دەژی واتە شێوازی ژیانکردن لە چوارچێوەی کۆمەڵە و ڕەوەدا نییە، خێراییەکی گونجاوی هەیە و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا نزیکەی ٥٦ کیلۆمەتر ببڕێت، بەڵام باڵندەیەک نییە کە بتوانێت بۆ مەودایەکی زۆر بفڕێت لەبەر ئەمە لە ڕووی فڕینەوە بە باڵندەیەکی هەژار پۆلێندەکرێت، هەروەها بۆ ڕۆشتن لە لقێکەوە بۆ لقێکی تر زیاتر بازدان بەکاردەهێنێت، لەبەر ئەوەی باڵندەی توکان پێویستی بە گرنگیپێدانی تایبەتی هەیە لەبەر ئەوەیە هەرگیز بە گونجاو نازانرێت کە ماڵیبکرێت و دەکرێت لە کاتی ماڵیکردندا زۆر بە ئاسانی بمرێت. 

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی ئەم باڵندەیە هەبوونی دەنووکێکی قەبارە گەورەیە کە چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە، پێکهاتەی دەنووکی ئێسکی بچووک و سووکن کە بە ماددەی کیراتین داپۆشراوە و دەبنە ڕاگر و پاڵپشتی دەنووکە گەورەکەی، درێژی دەنووکی دەکاتە یەک لەسەر سێی درێژی گشتی جەستەی، ئەمە لە کاتێکدا کە درێژی هەندێک لە جۆرەکانی دەگاتە ٦٠ سانتیمەتر، جەستەی باڵندەی توکان بچووکە و کلکی درێژە هەروەها باڵەکانی بازنەیی و کورتن، جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت چەندین ڕەنگی جیاواز بێت وەک ڕەش، سپی، زەرد، پرتەقاڵی، سوور یان شین، هەروەها درێژی و کێشی گشتی جەستەی بە گوێرەی جۆر و ڕەگەزەکان دەگۆڕێت، درێژییان لە نێوان ٢٩-٦٣ سانتیمەتر دەبێت و کێشی جەستەشیان دەگاتە نزیکەی ١٣٠-٦٨٠ گرام.

خۆراک

باڵندەی توکان گیانەوەرێکی هەموو شت خۆرە واتە لە هەمان کاتدا دەتوانێت ڕووەک و گۆشتیش بخوات، ژەمەکان بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و بە شێوەیەکی سەرەکی خۆراکی سەرەکییان بریتییە لە مێرووەکان، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی تری لەسەر میوە و هێلکەکان دەژین، ئەمە لە کاتێکدا کە هەندێکیان دەتوانن تەنانەت مار و بۆق و مەمکدارە بچووکەکانیش ڕاوبکەن، بەڵام لەهەمان کاتدا توکانەکانیش دەبن بە نێچیری مرۆڤ و گیانەوەرەکانی تر، بۆ نموونە دەکرێت لەلایەن باڵندە قەبارە گەورەکان وەک باز یاخود لەلایەن مشکی خورماوە ڕاوبکرێن. 

یەکگرتن و زۆربوون

بە شێوەیەکی گشتی باڵندەی توکان هێلانەکەی لە درەختەکاندا دروستدەکات، خۆی هەڵیناکۆڵیت بەڵکو لە هێلانەکەی ئامادەکراودا گژوگیا دادەنێت و هێلانەکەی دروستدەکات، کە بە شیوەیەکی گشتی ئەو هێلانەیە پێشتر هی دارکوونکەرە بووە و هەڵیکۆڵیوە، وەرزی زۆربوونی باڵندەی توکان دەکەوێتە بەهارەوە، یەکێک لە سەیرترین کردەوەکانیان پێش یەکگرتن ئەوەیە کە هەردوو نێرینە و مێینەکە میوە دەهاوێژن بۆ یەکتری، لە پاش یەکگرتن مێینەکە لە هەر ساڵێکدا ٢-٤ هێلکە دەکات، پاشان ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکان لە نێوان ١٥-١٨ ڕۆژ دەخایەنێت، کە هەردووو نێرینە و مێینەکە بەنۆرە لەسەر هێلکەکان دەنیشن، پاش هەڵهاتنیان بێچووەکان پەڕیان نییە و نابینان هەتا تەمەنیان نەگات بە سێ هەفتە چاوەکانیان ناکرێتەوە، لە هێلانەکەدا لەگەڵ دایک و باوکیان دەمێننەوە هەتاکوو تەمەنیان دەگات بە نزیکەی ٦-٨ هەفتە، پاشان هێلانەکان جێدەهێڵن و توانای پشتبەخۆبەستنیان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە باڵندەیە لە سروشتدا لە نێوان ١٢-٢٠ ساڵ دەبێت.

باوترین جۆرەکان

- توکانی سنگ خۆڵەمێشی: نشینگەی ئەم جۆرە دەکەوێتە ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی زنجیرە چیاکانی ئەندێز لە ئەمریکای باشوور، لە دارستانە شێدار و مامناوەند و شاخاوییەکانیشدا دەژین، درێژییەکەی لە نێوان ٤٦-٤٨ سانتیمەتر دەبێت. 
- توکانی کبریتی: نشینگەکەی ناوچەی جیاواز دەگرێتەوە وەک باشووری مەکسیک و باکووری کۆڵۆمبیا لەگەڵ باکووری ڕۆژهەڵاتی ڤەنزوێلا، لە دارستانی ناوچە نزمەکاندا دەژی و درێژییەکەشی دەگاتە نزیکەی ٥٢ سانتیمەتر، هەروەها ئەم جۆرە تایبەتمەندە بە شێوەی دەنووکی کە وەک مۆز دەردەکەوێت. 
- توکانی ناڕوون: نشینگەکەی دەکەوێتە ئەمریکای ناوەڕاست لەگەڵ کەنارەکانی باکووری ڕۆژاوای ئەمریکای باشوور، بە گشتی لە دارستانە شێدار و مامناوەندەکاندا دەژی، یەکێکە لە گەورەترین جۆرەکانی باڵندەی توکان، درێژی نێرینەکانی لە نێوان ٥٥-٦٠ سانتیمەتر دەبێت، لە کاتێکدا درێژی مێینەکانی لە نێوان ٥٠-٥٣ سانتیمەتر دەبێت، سەرەڕای ئەوەی هاوشێوەی توکانەکانی تر ڕەنگی ئاڵ لە جەستەیدا هەیە، بەڵام ڕەنگی ڕەش بە شێوەیەکی سەرەکیتر تیایدا دەردەکەوێت. 


سەرچاوەکان



477 بینین