شێتگیری (٢٠١٤)

له‌لایه‌ن: - لاوێن سامان لاوێن سامان - به‌روار: 2022-05-22-00:30:00 - کۆدی بابەت: 8738
شێتگیری (٢٠١٤)

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی فیلم

فیلمی شێتگیری (بە ئینگلیزی: Fury) بەرهەمی ساڵی ٢٠١٤ وڵاتی ئەمریکایە و لە چەشنی ئەکشن و جەنگییە، کاری دەرهێنانی لەلایەن (دەیڤد ئایێر) بۆ کراوە و کاری بەرهەمهێنانیشی بە هاوبەشی لەگەڵ (بیڵ بلۆک) بۆ کراوە.
کاتی فیلمەکە دوو کاتژمێر و ١٤ خولەکە، بە بەشداری هەریەکە لە ئەکتەران براد پیت، شایا لەبەف، لۆگان لێرمن، مایکڵ پێینیا, جۆن بێرنثاڵ، جەیسن ئایزاکس و سکۆت ئیستوود.

لە پێگەی IMDB تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرە نمرەی ٧.٥/١٠ ی وەرگرتووە و لە پێگەی تەماتە ڕزیوەکانیش ٪٧٦ـی وەرگرتووە.
تێچووی فیلمەکە ٦٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و داهاتەکەشی بە  ٢١١.٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت.
براوەی پێنج خەڵاتە و پاڵێوراوە بۆ ١٩ خەڵاتی جیاواز.

چیرۆکی فیلم

لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ کاتی جەنگی جیهانیی دووەم، هاوپەیمانان لە مەیدانی جەنگی ئەورووپا کۆتا هێرشیان ئەنجام دەدەن.
بەرپرسێکی توندڕەوی جەنگ بە ناوی دۆن کۆڵیەر، کە بە باوکی جەنگ ناویان دەبرد، ڕابەرایەتی تانکێکی جۆری شێرمان و دەستەیەکی پێنج کەسی دەکات، لە پشت هێڵەکانی دووژمنەوە ئەرکێکی سەربازی کوشندە دەگرێتە ئەستۆ.
لە کاتی هێرش کردنیان بۆ سەر ئەڵمانیای نازی، باوکی جەنگ و دەستەکەی تووشی کێشمەکێشم و ڕووداوی نامۆ دەبنەوە.

دەربارەی دۆن کۆڵیەر (باوکی جەنگ)

باوکی جەنگ سەربازێکی بێ بەزەیی و دڕندەیە کە هیچ سنوورێکی بۆ نییە، تەنانەت بەرامبەر بە پیاوەکانی خۆشی بەو جۆرەیە ئەگەر پابەندی فەرمانەکانی نەبن.
ڕقێکی گەورە بەرامبەر بە ئەڵمانییە نازییەکان پیشان دەدات، بە تایبەتی SS کە ڕێکخراوێک بوو ئەدۆڵف هیتلەری سەرۆکی ئەڵمانیای نازی سەرکردایەتی دەکرد، باوکی جەنگ داوا لە پیاوەکانی دەکات هەموو ئەو چەکدارە ئەڵمانیانە بکوژن کە دەیانبینن، گرنگ نییە چەند گەنج بن، هەروەها فەرمانیان پێ دەکات بێ بەزەییانە بە تانکەکانیان بەسەر جەستەی ئەڵمانییە نازییەکاندا بڕۆن. چەندین تاوانی جەنگی نایاسایی ئەنجامداوە، وەک لە سێدارەدانی سەربازێکی بارمتەی بێ چەک کە خاوەن خێزان بووە.
وەک لە فیلمەکەشدا دەردەکەوێت باوکی جەنگ کێشەی لەگەڵ خودی خۆشیدا هەیە لەبەر ئەو کارانەی کە لە ڕابردوودا کردوویەتی و ئازاری دەدەن، بۆیە بەردەوام جگەرە دەکێشێت و دەشزانێت کە بێسوودە.

زانیاری دەربارەی فیلم

⁃ ئەکتەر شایا لەبەف لەگەڵ دەستەکە نەدەگونجا، بۆیە دەچووە شوێنێکی نووستنی نزیک بۆ نووستن و  شوێنێکی دوور لە هەمووان بۆ نان خواردن.

⁃ بۆ دووەم جارە تانکی جۆری تایگەر ١ لە فیلمدا بەکاربهێنرێت، کە لەم فیلمەدا بەکارهێنراوە، تانکەکە لە مۆزەخانەی تانکی بۆڤینگتن لە بەریتانیایە و تەنها دانەیەک لەو جۆرە لە هەموو جیهاندا هەیە.

⁃ هەندێک لەو چەکانەی لە فیلمەکدا بەکار هاتوون لە فیلم و زنجیرەی تریشدا بەکارهێنراون، وەک:

⁃ لە فیلمەکەدا بڕاد پیت دەقێکی ئینجیل بۆ شایا لەبەف دەخوێنێتەوە، کە لە فیلمی تریشدا هەمان دەق بە شایا لەبەف گوتراوە. دەقەکە دەڵێت (جیهان و هیچ شتێکی جیهانت  خۆشنەوێت، ئەگەر کەسێک جیهانی خۆشبوێت، ئەوا خۆشەویستی "عیسا"ـی لە دڵدا نییە. بۆ هەموو شتێک لە جیهاندا، حەز بۆ گۆشت، حەز بۆ چاو و شانازی ژیان، لە عیساوە نەهاتووە بەڵکو لە جیهانەوە هاتووە. جیهان و ئارەزووەکانی دەڕۆن، بەڵام ئەوەی بە پێی ویستی خودا بکات بۆ هەتا هەتایە دەژی.

⁃ لە فیلمەکەدا هەر کاتێک کە شایا لەبەف لە تانکەکەوە تەقە دەکات، هاوار دەکات و یەک شت دەڵێتەوە، دەڵێت: “بەڕێوەیە!”

⁃ هەموو ئەو شتانەی لە ناو فیلمەکەدا بەکارهاتوون، هەمووی کەلوپەلی ئێستا یان ڕابردووی سەربازی بەڕیتانین.

 ⁃ ماوەی وێنەگرتنی فیلمەکە ٦٢ ڕۆژی خایاندووە.


سەرچاوەکان



1825 بینین