میکائیل (فریشتە)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-24-18:18:00 - کۆدی بابەت: 8774
میکائیل (فریشتە)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میکائیل (بە ئینگلیزی: Michael، بە عەرەبی: ميكائيل) یەکێکە لە فریشتەکان، ناوی لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر محەمەدەوە (ﷺ) هاتووە، ئەرکی باراندنی باران و سەوزکردنی ڕووەکەکانی لەسەر شانە و یەکێکە لە بەڕێزترین فریشتەکان لەلای خوای گەورە. باوەڕبوون بە میکائیل لەسەر هەموو موسوڵمانێک فەرزە و لە قورئانی پیرۆزدا باسی کراوە، هەروەک چۆن باوەڕبوون بە فریشتەکان لقێکە لە باوەڕبوون بە خوا و یەکێکە لە پایەکانی باوەڕ.

لە قورئاندا

لە قورئاندا لە سوورەتی البقرة لە ئایەتی ٩٨ ناوی هاتووە: مَنْ كَانَ عَدُوًّا لِلَّهِ وَمَلَائِكَتِهِ وَرُسُلِهِ وَجِبْرِيلَ وَمِيكَالَ فَإِنَّ اللَّهَ عَدُوٌّ لِلْكَافِرِينَ.

واتە: هه‌ر كه‌سێك دوژمنی خوای گه‌وره‌ و فریشتەکانی و پێغه‌مبه‌رانی و جوبرەئیل و میکائیل بێت (به‌تایبه‌ت باسی كردوون له‌به‌ر ڕێزیان) ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایی ئه‌و كه‌سانه‌ بێباوەڕن و خوای گه‌وره‌ش دوژمنی بێباوەڕانە

ئەم ئایەتە چەند لێکەوتەیەکی هەیە:

چیرۆکی یەکەم: ئەوەیە جوولەکەکان چەند پرسیارێکیان لە پێغەمبەر کرد، ئەویش بە وەڵامێکی ورد و گونجاو وەڵامی هەموویانی دایەوە، لە کۆتایی فەرموودەکەدا پرسیاریان لێکرد دەربارەی سروش، کە ئایا کێ دەینێرێتە خوارەوە بۆی، پێغەمبەر وەڵامی دایەوە کە جوبرەئیل -سڵاوی خوای لەسەر بێت- ئەو کەسەیە کە لەلایەن خواوە سپێردراوە بۆ ئەوەی سروش بنێرێتە خوارەوە، بۆیە جوولەکەکان وتیان کە دوژمنی ئەوانە، بە پێچەوانەی میکائیل کە دەڵێن دەیانپارێزێت. 

چیرۆکی دووەم: کاتێک عومەری کوڕی خەتتاب ڕۆژێک چووە ناو پەرستگای جولەکەکانەوە، چەند پرسیارێکی لە بارەی جوبرەئیل و میکائیل کرد کە، ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: جوبرەئیل لەلای ڕاستی و میکائیل لەلای چەپی خوان و دوژمنایەتی لە نێوانیاندا هەیە، ئەویش وەڵامی دانەوە و وتی: دوژمنایەتی لە نێوانیاندا نییە، بەڵام کوفر زاڵ بووە بەسەرتاندا.

تایبەتمەندییەکانی

  • خوای گەورە لە ڕووناکی دروستی کردووە، پێغەمبەریش ئاماژەی بەو شتە کردووە کە دەفەرموێت: (فریشتەکان لە ڕووناکی دروستکراون).
  • لە مرۆڤەکان گەورەتر و پانترە
  • یەکێکە لە باشترین فریشتەکان؛ چونکە بەشداری شەڕی بەدری کردووە.
  • هیچ ڕەگەزێکی نییە، نە نێرە نە مێیە.
  • ناخوات و ناخواتەوە، بێزار نابێت و ماندوو نابێت.
  • پەیوەندییەکی سەرەکی بە ژیانەوە هەیە، چونکە ڕاسپێردراوە بە باراندن.


سەرچاوەکان



1935 بینین