تۆنی کرووس

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-27-00:47:00 - کۆدی بابەت: 8806
تۆنی کرووس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تۆنی کرووس (بە ئینگلیزی: Toni Kroos، بە عەرەبی: تونی کرووس) یاریزانی پیشەگەری هێڵی ناوەندیی یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە. لە ٤\١\١٩٩٠ لە ناوچەی گریفسواڵدی ئەڵمانیا لەدایکبووە. بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ناوەندی دەیەی ٢٠١٠-٢٠٢٠ دادەنرێت.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی تۆنی کرووس
ناوی کورتکراوە کرووس
بەرواری لەدایکبوون ٤\١\١٩٩٠
شوێنی لەدایکبوون گریفسواڵد، ئەڵمانیا
باڵا ١٨٣ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن ناوەند

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

ساڵەکانی سەرەتا

کرووس سەرەتای ژیانی وەرزشی لە یانەی ناوچەکەی گریفسواڵد دەستپێکرد، پاشان پەیوەندی کرد بە یانەی هانسا ڕۆستۆک بۆ منداڵان و لە ساڵی ٢٠٠٦ پەیوەندی بە یانەی بایەرن میونخەوە کرد. لە وەرزی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ و کاتێک کرووس تەمەنی تەنها ١٧ ساڵان بوو، توانی بەژداری ٢٠ یاری یانەکەی بکات و ٣ گۆڵ تۆماربکات.  

گرێبەستی کاتی بۆ بایەرن لیڤەرکوزن

لە ٢٠٠٨دا کرووس گرێبەستێکی ١٨ مانگی لەگەڵ یانەی بایەرن لیڤەرکوزندا بەست، ئامانجی سەرەکی گرێبەستەکەی زیاتر یاریکردن (کاتی یاریگا) و زیاکردنی ئەزموون بوو. لەم وەرزەدا ٢٠٠٨-٢٠٠٩ توانی لە کۆی ٣٣ یاری توانی ١٢ گۆڵ دروستبکات و ٩ گۆڵ تۆماربکات.

گەڕانەوە بۆ بایەرن میونخ

لە ساڵی ٢٠١٠ و پاش تەواوبوونی گرێبەستە کاتییەکەی لەگەڵ بایەرن لیڤەرکوزن، کرووس گەڕایەوە بۆ یانەی بایەرن میونخ و لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ وەکوو یاریزانێکی سەرەکی پێکهاتەکە دەردەکەوت، لە ٣٧ یاری یانەکەیدا لەو وەرزەدا بەژداربوو. لە وەرزی ٢٠١٢-٢٠١٣ بە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی بایەرن میونخ دادەنرا بەڵام کاتێک لە خوولی یانە پاڵەوانەکان تووشی پێکان بوو چیتر نەیتیوانی بەژداری یارییەکانی داهاتووی یانەکەی لەو وەرزەدا بکات. لە وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤ بەژداری ٢٩ یاری کردووە، ٤ گۆڵی دروست کردووە و ٢ گۆڵی تۆمارکردووە.

گواستنەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید

سەرەڕای ئەوەی کرووس زۆر نزیک بوو لە پەیوەندی کردن بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید گرێبەستی کرد. کرووس لە ١٧\٧\٢٠١٤ گرێبەستێکی بە بڕی ٢٤-٣٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی ٦ ساڵ لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدریددا کرد. زەینەدین زیدانی ڕاهێنەری پێشووی ڕیاڵ مەدرید دەربارەی کرووس وتی: کرووس یەکێکە لە یاریزانە گرنگەکان و دەتوانێت لە ڕیاڵ مەدرید مێژوو بۆخۆی تۆماربکات. بە درێژایی وەرزەکانی ٢٠١٥-٢٠١٩ وەکوو یاریزانێکی گرنگی یانەی ڕیاڵ مەدرید دادەنرا و بە نزیکەیی لە هەموو یارییەکاندا سەرەکی بوو. توانی بە درێژایی ئەم ٤ وەرزە یارمەتیدەرێکی گەورەی یانەی ڕیاڵ مەدرید بێت لەو نازناوانەی بەدەستیانهێنا. لە وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەژداری ٣٥ یاری کردووە، ٥ گۆڵی دروستکردووە و ٤ گۆڵی تۆمارکردووە. لە وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەژداری ٢٨ یاری کردووە، ١٠ گۆڵی دروستکردووە و ٣ گۆڵی تۆمارکردووە. لە وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بەژداری ٢٨ یاری کردووە، ٣ گۆڵی دروست کردووە و گۆڵێکی تۆمارکردووە.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

لە جامی یۆرۆی ٢٠١٢ کرووس یەکەم یاری فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئەنجامدا. ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و بەهۆیەوە ڕاهێنەر جواکیم لۆو دەربارەی کرووس ووتی: توانای پچڕاندن و وەرگرتنی تۆپی زۆر نایابە و بە بەراورد لەگەڵ یارییەکانی پێشوودا ئاستی زۆر بەرز بووەتەوە. لە جامی جیهانیی ٢٠١٤، جامی یۆرۆی ٢٠١٦، جامی جیهانیی ٢٠١٨ و جامی یۆرۆی ٢٠٢٠ وەکوو یاریزانێکی سەرەکی هەڵبژاردەکەی دەرکەوت. لە ١٣\١٠\٢٠٢٠ یاری ژمارەی ١٠٠ـی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئەنجامدا. لە ٢٩\٧\٢٠٢٠ وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتی ڕاگەیاند. لەکۆی ١٠٦ یاری نێودەوڵەتی ١٩ گۆڵی دروستکردووە و ١٧ گۆڵی تۆمارکردووە.

ژیانی تایبەتی

تۆنی خاوەنی برایەکە کە بە هەمانشێوە یاریزانی تۆپی پێیە. کرووس لە ١٣\٦\٢٠١٥ لەگەڵ خۆشەویستەکەی بە ناوی جێسیکا فاربەر چوونە ژیانی خێزانییەوە و بوون بە هاوسەری یەکتر. خاوەنی دوو کوڕ و کچێکن.

شێوازی یاریکردن

کرووس یاریزانێکی ناوەڕاستی، باڵا بەرزە کە چەندین هۆکاری ئەرێنی هەیە کە وای لێ دەکەن زۆر نایاب بێت. توانای بینین، بڕیاردان و لێسەندن وای لێ دەکەن یاریزانێکی ناوەندی زۆر نایاب بێت. توانای بەکارهێنانی هەردوو قاچەکانی هەیە بە شێوەیەک هیچ جیاوازییەک نابینیت لە کاتی یاری کردنیدا. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا کرووس توانای گۆڵ کردن لە دەرەوەی ناوچەی سزا و گۆڵ کردنی بە لێدانی ڕاستەوخۆ هەیە.


سەرچاوەکان



447 بینین