ئەیمەن سوەید

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-06-02-22:10:00 - کۆدی بابەت: 8878
ئەیمەن سوەید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەیمەن ڕوشدی سوەید (بە عەرەبی: أيمن رشدي سويد)، پسپۆڕ لە ١٠ شێوازەکەی خوێندنەوەی قورئان، زانستەکانی قورئان و تەجوید (شێوازی جوان خوێندنەوەی قورئان) و زمانی عەرەبی، ئەیمەن سوەید لە ٢٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٥ لە شاری دیمەشقی سووریا لە خێزانێکی ئایین پەروەر لەدایکبووە، پاشان بۆ خوێندن چەندین وڵاتی عەرەبی گەڕاوە و لەلای کۆمەڵێک مامۆستا خوێندویەتی، لە ساڵی ١٩٨٠ تاکوو ئێستا لە وڵاتی سعوودییە نیشتەجێیە.
 

ئەزموونی خوێندنی

تا ساڵی ١٩٧٤ خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە دیمەشق تەواوکردووە، پاشان گەشتی بۆ میسڕ کردووە و لە ساڵی ١٩٨١ لە پەیمانگای خوێندنەوە (معهد القراءات) لە قاهیڕە مۆڵەتی تەجویدی وەرگرتووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٢ بڕوانامەی بەکالیۆرۆسی لە زمانی عەرەبیدا لە زانکۆی ئەزهەر بەدەستهێناوە. 
پاشان چووە بۆ سعوودییە و لە ساڵی ١٩٩١ لە زانکۆی (أم القرى) لە شاری مەککەی پیرۆز بە پلەی نایاب بڕوانامەی ماستەری لە زمانی عەرەبیدا بەدەستهێناوە، هەروەها دوو دکتۆرای وەرگرتووە، یەکەمیان لە ساڵی ١٩٩٩ لە زمانی عەرەبیدا لە زانکۆی (أم القرى)، دووەمین دکتۆرای لە ساڵی ٢٠٠٠ لەسەر لێکۆڵینەوەی ئیسلامی و عەرەبی لە زانکۆی ئەزهەر لە قاهیڕە بەدەستهێناوە.  
لەلایەکی ترەوە شێوازەکانی خوێندنەوەی قورئان و تەجویدی قورئان فێربووە، هەشت موڵەتی خوێندنەوەی قورئانی لەلای مامۆستای جیاواز بەدەستهێناوە، دیارترینیان محیەدین کوردییە لە دیمەشق.

ئەزموونی کارکردنی

  1. وەک ڕاوێژکار لە ڕێکخراوی جیهانی بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز سەر بە ڕابیتەی ئیسلامی جیهانی کاری کردووە.
  2. لە کۆمەڵەیەکی خێرخوازی بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز لە جددە کاریکردووە.
  3. لە هەندێك لە مزگەوتەکانی شاری جدەدا سەرپەرشتیاری ئەڵقەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزی کردووە.
  4. خولی تەجویدی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایانی قورئان کردووەتەوە.
  5. هەستاوە بە چاپکردنی کۆمەڵێک دەستنووس و وێنە بۆ ڕوونکردنەوەی حاڵەتە تەجویدییەکان کە پێشتر بەو جۆرە چاپ نەکرابوون.
  6. ماوەیەک لە کەناڵی (إقرأ) پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تایبەت بە تەجویدی قورئانی پیرۆز بووە.

ئەو مامۆستایانەی کە ئەیمەن سوەید لەلایان خوێندوویەتی 

  1. ئەبوحەسەن محیەدین کوردی لە دیمەشق.
  2. محەمەدی کوڕی تەها سوکەر لە دیمەشق. 
  3. عەبدولعەزیزی کوڕی شێخ محەمەد عەلی.
  4. ئەحمەد عەبدولعەزیز زیات لە قاهیڕە.
  5. ئیبراهیم عەلی سەمنودی لە قاهیڕە.
  6. شێخ عامر سەید عوسمان لە قاهیڕە.


ئەو خوێندکارانەی کە لەلای ئەیمەن سوەید خوێندوویانە

  1. ئەبوبەکر شاتری
  2. سەهلی کوڕی زین یاسین
  3. حسێن سەقاف
  4. حازم حەیدەر کەرمی
  5. خالیدی کوڕی عەلی حەداد
  6. عەبدوڵا ساڵح سەنعان

لە گرنگترین نووسراوەکانی 

  1. نامەی دکتۆراکەی (العقد النضيد في شرح القصيد للسمين الحلبي).
  2. البيان لحكم قراءة القرآن الكريم بالألحان.
  3. رسالة قاعدة أقوى السببين في المد للقراء العشر.
  4. رسالة في حكم الوقف على الهمز المتوسط بزائد لحمزة من طريق الشاطبية.
  5. تلقي القرآن عبر العصور مفهومه وضوابطه.
  6. بحث في مواضع النبر في القرآن الكريم.
  7. سبب اختلاف القراء بين مصنف وآخر، وما يقرأ به اليوم من ذلك.
  8. ليس كل ما ينسب إلى واحد من القراء السبعة أو العشرة متواترًا.
  9. مرة أخرى:«جامع أبي معشر».
  10. كتاب التجويد المصور.
  11. شرح منظومة المقدمة فيما يجب على قارئ القرآن أن يعلمه.
  12. شرح منظومة المفيد في التجويد.

پەرتوکی (التجويد المصور) یەکێکە لە دیارترین نووسراوی دکتۆر ئەیمەن سوەید، کە سەرەتایەکە بۆ فێربوونی زانستی تەجوید، بۆ یەکەمجار دکتۆر ئەیمەن لەم پەرتوکەدا بە وێنە جێدەنگی هەموو پیتەکانی زمانی عەرەبی تێدا ڕوونکردوەتەوە، کە ئەمەش ئاسانکاری زۆری بۆ فێرخوازانی ئەم زانستە کردووە، بەهۆی گرنگی ئەم پەرتوکەوە بۆ چەندین زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە، هەروەها وەکو سەرچاوە بۆ نووسینی پەرتوکی تر لە بواری زانستی تەجویدا بەکارهاتووە.


سەرچاوەکان



845 بینین