کۆمیک

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-03-18:54:00 - کۆدی بابەت: 8881
کۆمیک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمیک (بە ئینگلیزی: Comic) بریتییە لە ناوەندێکی میدیایی گێڕانەوە کە بەکاردەهێنرێت بۆ دەربڕینی بیرۆکە و وێنە، هەندێکجاریش نووسراو و زانیاری بینراوی تری تێدا بەکاردەهێنرێت. زۆرجار نووسراوەکان لەناو بازنە (بڵق)ی قسەکردندان یانیش بە شێوەی ژێرنووسن. لە بنەڕەتدا بەکاردەهێنرا بۆ ڕوونکردنەوەی کاریکاتێر و کاتبەسەربردن لە ڕێگەی چیرۆکی پێکەنیناوی و بێ سوود. لە ئێستادا بووەتە ناوەندێکی ئەدەبی و چەندین ژانەری تری لێ بووەتەوە. وشەی کۆمیک لە زمانی ئینگلیزیدا بە واتای کارێکی گاڵتەجارانە و پێکەنین ئامێز دێت کە پێناسەی ستریپی کۆمیکە سەرەتاییە ئەمریکییەکان دەکات، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و لە ئێستادا وشەکە بۆ ئەو کارانەش بەکاردەهێنرێت کە گاڵتەجاڕ و پێکەنیناوی نین.
باوترین جۆرە چاپکراوەکانی کۆمیک بریتین لە ستریپی کۆمیک (بەزۆری درێژییەکەی چوار پانێڵە) لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاودەکرێتەوە و چیرۆکە دوور و درێژەکان لە کتێبی کۆمیک، ڕۆمانی گرافیکی و ئەلبوومی کۆمیکدا بڵاودەکرێنەوە.
بە پشتبەستن بە پێناسەی زاراوەکە، بنچینەی کۆمیک دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٥ـی ئەورووپا. هەرچۆنێک بێت بنچینەی شێوەکانی ئەمڕۆی کۆمیک بە بەکارهێنانی پانێڵ و نووسینی دەقەکان لەناو بازنەی قسەکردندا و وشەی کۆمیک خۆی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٩.

مێژووی کۆمیک

ستریپەکانی کۆمیک بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ لە ڕۆژنامەکاندا دەرکەوتن، کاتێک لە ساڵی ١٨٩٥ لە ئەمریکا ستریپە بەناوبانگەکان کۆکرانەوە لەناو کتێبێکدا و ئەم کارەش بە کۆمیکی منداڵە زەردەکە (The yellow kid) دەستی پێکرد. لە ئەورووپا سەرکێشییەکانی تین تین (The adventures of tin tin) لە ساڵی ١٩٢٨ وەکوو کۆمیکێکی دوو لاپەڕەیی لە بەشی تەواوکەری گەنجانی ڕۆژنامەیەکی بەلجیکیدا بڵاوبووەوە. کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٣٠ بە سەردەمی هاتنە ناوەوەی ژانەری سوپەرهیرۆکان دادەنرێت وەکوو سوپەرمان و باتمان، لەگەڵ کۆمیکی منداڵانی بەریتانی وەکوو داندی و بینۆ (The Dandy and Beano). ساڵانی ١٩٤٠ـەکان بڵاوبوونەوەی کۆمیکەکانی ئارچی (Archie Comics) و ستریپی کۆمیکی پینەتس (Peanuts)ی بەخۆیەوە بینی. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە ژاپۆن، مانگا ناوبانگی دەرکرد، بە بڵاوکردنەوەی یەکەمین زنجیرەی کوڕی ئەستێرە (Astro boy) لە ساڵی ١٩٥٢.


پێکهاتەکانی کتێبێکی باشی کۆمیک چین؟

- پانێڵ: بریتییە لە وێنەیەک لە لاپەڕەیەکدا زۆرجار بە چوارچێوەیەک دەورەدراوە. لاپەڕەیەکی کتێبێکی کۆمیک لەوانەیە لە یەک پانێڵ یان زیاتر پێکهاتبێت. هەر پانێڵێک گێڕانەوەی چیرۆکەکە بەرەوپێش دەبات بە وێناکردنی کردارێک بە وێنە و بڵقی قسەکردن.

- پەراوێز: بریتییە لە بۆشایی نێوان پانێڵەکان. ئەم بۆشاییانە دەکرێت گەورە یان بچووک بن، کاردەکەنە سەر ئاسانکردنی خوێندنەوە.

- ڕیز: بریتییە لە ڕیزێک لە پانێڵەکان

- سپڵاش: بریتییە لە وێنەیەک کە تەواوی لاپەڕەکە بگرێتەوە، زۆرجار لەسەرەتای کتێبی کۆمیکدا بەکاردەهێنرێت بۆ ناساندن و ڕێکخستنی چیرۆک و دۆخەکە.

- بڵاوبوونەوە: بریتییە لە بڵاوبوونەوەی وێنەیەک بەسەر زیاتر لە لاپەڕەیەکدا.

- ژێرنووس: سندووقێکە بە تەواوی جیایە لە هەموو پانێڵەکە بە شێوەیەکی گشتی بەکاردەهێنرێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ڕوودەدات بە دەنگی وەگێڕەکە.

- بڵق یان باڵۆنی قسەکردن: ئەم بڵقە گفتوگۆی کەسایەتییەکانی تێدایە لەناو پانێڵەکەدا. هەر بڵقێک کلکی هەیە، ئاڕاستەکەی بەرەو ڕووی ئەو کەسەیە کە قسەکە دەکات.

ژانەرەکانی کۆمیک

ژانەرەکانی کۆمیک پێکدێن لە:

  • کۆمیکی پێگەیشتووان
  • کۆمیکی منداڵان
  • کۆمیکی خود-ژیاننامە
  • کۆمیکی تاوان
  • کۆمیکی ئیرۆتیک
  • کۆمیکی خەیاڵی
  • کۆمیکی ترسناک
  • کۆمیکی ڕۆمانسی
  • کۆمیکی زانستی - خەیاڵی
  • کۆمیکی سوپەرهیرۆ
  • کۆمیکی جەنگ
  • کۆمیکی ڕۆژئاوایی

بەناوبانگترین کۆمپانیا و بڵاوکەرەوەکانی کۆمیک

کۆمیک بە گشتی و کۆمیکی سوپەرهیرۆ بەتایبەتی لە ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ هەواداری نوێی بۆ زیاد دەبێت، لەبەرئەوە گرنگە هەواداران جیاوازی بکەن لە نێوان کۆمپانیا گەورەکانی بڵاوکەرەوەی کۆمیک بەوەی هەر کۆمپانیایەک شێوازی جیاواز، کەسایەتی و هەواداری خۆیی هەیە.

  • کۆمیکەکانی مارڤڵ
  • کۆمیکەکانی دیسی
  • کۆمیکەکانی دارک هۆرس
  • کۆمیکەکانی ئیمەیج
  • بڵاوکراوەکانی IDW
  • کۆمیکەکانی ڤاڵیەنت

ئێستای کۆمیک

هەتا ئێستاش کۆمیکەکان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوە و چەندین فیلمی سینەمایی وەرگیراو لە کۆمیکەوە بەرهەم هاتووە و بەرهەم دەهێندرێت کە سەرکەوتنی مەزنی بەدەستهێناوە لە ڕووی ئابوورییەوە. پیشەسازی کۆمیکیش بەردەوامە لە سەرکەوتن و بەرزبوونەوەی داهاتەکانی. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ پیشەسازی کۆمیک بە تەنها لە ئەمریکای باکوور وەکوو پیشەسازییەک کە داهاتەکەی ملیارێک دۆلار بوو مایەوە بە بێ کەمبوونەوە و کورتهێنان.
بە پێی پێگەی 360 research reports، پێشبینی دەکرێت پیشەسازی کۆمیک لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٦ داهاتەکەی بگاتە ٤.٦٩ ملیار دۆلار.


سەرچاوەکان



689 بینین