سادق زیباکەلام

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-20-15:43:00 - کۆدی بابەت: 9097
سادق زیباکەلام

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سادق زیباکەلام موفرەد (بە فارسی: صادق زیباکلام مفرد، بە ئینگلیزی: Sadegh Zibakalam Mofrad) پرۆفیسۆری زانستی سیاسی و نووسەری ئێرانییە و یەکێکە لە شارەزایانی ئێرانی خاوەن مەیلی ڕیفۆرمخواز و نیولیبراڵ. خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی سیاسی لە زانکۆی برادفۆرد. مامۆستا بووە لە لقی زانست و توێژینەوەی زانکۆی ئازادی تاران؛ مامۆستای فاکەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تارانە.

ساڵی ٢٠٢٢ لە چاوپێکەوتنێکی لە هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی ناساندنی كتێبی شۆڕشی بارزانییەكاندا وتی: من كە لە پەنجەرەی هوتێلەكەمە سەیردەكەم تەنها باڵەخانە دەبینم، ئاخۆ ئەمە بوو دەستكەوتەكەتان؟ دەمانویست بگەین بە بیناسازی و پەرەپێدانی ئابووری، ڕێگای ئاسن بێنین، پترۆكیما بێنین، نەوت بێنین و گاز بێنین، بەڵێ خەباتی ١٥٠ ساڵەی نەتەوەی كورد بۆ ئەوەبوو؟ ئێمە لە كۆماری ئیسلامی مۆدێلێكی زۆر باش نەبووین و نەبووین بە سەرمەشقێك كە چاو لە ئێمە بکەن، ئێمە نەمانتوانی جیلی نوێ بكەین بە هاوڕێی خۆمان و وێڵمان كردن، ئێوە لە ئەزموونی ئێمە وانە وەربگرن، لە پەروەردەدا غافڵ مەبن و هەرچەند دەتوانن سەرمایەگوزاری بكەن، دڵنیابن دەستكەوتەكانی زۆر لە سەرمایەگوزاری لە بوارەكانی تردا دەبێت.

بەهۆی ئەم قسانەوە کە لە بەرانبەر هەریەک لە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کردی، زیبا کەلام ناوبانگێکی لەنێو جەماوەری ناڕازی کوردیدا پەیدا کرد، کە قسەکانی جیاوازتربوون لەوانەی پێشوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وێبگە کوردییەکاندا بڵاو کرابوونەوە.

ژیان

سادق زیباکەلام لە ساڵی ١٩٤٨ لە کۆڵانی ناسراو بە دعانویس‌ها، لە گەڕەکی بازاڕی ئابمەنگوول لە تاران لە باشووری شەقامی ڕی لەدایکبووە. باوکی بازرگان بووە و لە شەقامی قەزوین لە تاران خاوەنی دوکانێک بووە، بەڵام لە سیاسەتیشدا تێوەگلاوە و لایەنگری محەمەد موسەدیق بووە، بەڵام لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە لە حیزبی کرێکارانی موزەفەر بەقاعی چالاک بووە.

سادق زیباکەلام پێنج ساڵی یەکەمی قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی غەزالی بنەڕەتی لە شەقامی سینا و پێنج ساڵی کۆتاییش لە قوتابخانەی دکتۆر قاسم زادەی بنەڕەتی لە شەقامی غەفاری بەسەر دەبات. لەگەڵ گواستنەوەی خێزانەکە بۆ خانوویەکی گەورە لە نیاوەران، زیباکەلام لە قوتابخانەی ئامادەیی رەهنما لە شەقامی مونیرییە ناوی تۆمار دەکات. دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی لە ساڵی ١٩٦٦، باوکی دژی خوێندنی بووە لە ئێران و دەینێرێت بۆ نەمسا تا لە ململانێ سیاسییەکانی زانکۆی تاران دووری بخاتەوە. لە نەمسا کەوتۆتە ژێر کاریگەری بیرۆکەی مارکسی و خوێندنی لە نەمسا تەواو کردووە و لەسەر ئامۆژگاری باوکی لە حوزەیرانی ١٩٦٧ چووەتە ئینگلتەرا. دوای خولێکی دوو ساڵەی کۆلێج، بۆ خوێندنی ئەندازیاری کیمیایی، ڕووی لە پۆلیتەکنیکی هادەرسفیڵد لە باکووری بەریتانیا کردووە. دوای تەواوکردنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، لە زانکۆی برادفۆرد بڕوانامەی ماستەر و دواتر دکتۆرای لە ئەندازیاری کیمیا وەرگرت. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.

دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بۆ درێژەدان بە خوێندن گەڕایەوە ئینگلتەرا، بەڵام لە جیاتی درێژەدان بە خوێندن لە بواری ئەندازیاریی کیمیا ڕوو لە زانستە مرۆییەکان دەکات. خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایە لە خوێندنگەی ئاشتیی زانکۆی برادفۆرد. بابەتی تێزی دکتۆراکەی بریتی بوو لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و فەلسەفەی سیاسەتی ڕۆژاوا. زیباکەلام لە ساڵی ١٩٩٠ گەڕاوەتەوە ئێران و دوای دوو ساڵ چووەتە بەشی زانستی سیاسیی فاکەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران.

زیندان

پێش شۆڕش چەند جارێک لەلایەن دەزگای ئاسایشی ساواکەوە دەستگیر کراوە و دوای دوو ساڵ و مانگێک ئازاد دەکرێت، دەستگیرکردنەکە بەهۆی ڕاپۆرتبەخشینی بە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلقەوە بووە.

دوای شۆڕش چەند جارێک بەهۆی ڕەخنەگرتن و بەدواداچوونی دەربارەی کێشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەندەڵی و سیاسەتە هەڵەکانەوە، سزا دراوە و چەند جارێکیش تۆمەتی بۆ هەڵبەستراوە. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا، سادق زیباکەلام سزای ساڵ و نیوێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا و بەهۆی پێدانی سزای پێنج ملیۆن تمەنەوە زیندانییەکەی بەسەر نەبرد.

لە دانوستانەکانی کوردستاندا

ئیبراهیم یەزدی لە نیسانی ١٩٧٩ بانگهێشتی زیباکەلام دەکات بۆ کارکردن لەگەڵ نووسینگەی جێگری سەروەزیران بۆ کاروباری شۆڕش، بەم شێوەیە چاوی بە مستەفا چەمران جێگری سەروەزیران بۆ کاروباری شۆڕشگێڕی کەوت و بەناوی حکوومەتی کاتییەوە لەگەڵیان کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد. هەرچەندە دەڵێت کە هەمیشە لەگەڵ هەندێک لە بۆچوونەکانی چەمران سەبارەت بە داماڵینی چەک و ململانێی چەکداری لە مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستاندا ناکۆک بووە، بەڵام بۆچوونەکانی بە پرەنسیپ زانیووە. 

زیباکەلام هۆکاری شکستی دانوستانەکانی لەگەڵ کورد بە جۆرێک ڕوون دەکاتەوە کە لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دانوستاندا دەڕفێندرێت و دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد دەکرێت. ئەو دەڵێت: "ئەم ڕووداوە وایکرد خەڵخاڵی و حەسەنی و زۆر کەسی تر، لەوانە عیزەتوڵڵا سەحابی و هاشم سەباغیان گومانم لێ بکەن و بەڕاشکاوی و ناڕاستەوخۆ بڵێن زیباکەلام لە بەرژەوەندی دیموکراتەکان کاردەکات". ئەو تێڕوانینە دروست کرا کە زیباکەلام سیخوڕی دیموکراتەکانە و بەم شێوەیە دانوستانەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگیرا.

ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل

سادق زیباکەلام ساڵی ٢٠١٦ بۆ پێشکەشکردنی کۆنفرانس و دیبەتێک دەڕواتە زانکۆی ئازادی ئیسلامی لقی مەشهەد، لەکاتی چوونە ژوورەوە کاتێک ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکا لەسەر زەویی چوونە ژوورەوەی زانکۆکە هەڵکەندرابوو. زیباکالام بەلای هەردوو ئاڵادا تێپەڕی و بەسەریاندا نەڕۆشت، کە ئەوە دیاردەیەکی دژەڕۆژاوایی کۆماری ئیسلامییە لەدوای شۆڕش. لەسەر ئەم پرسە وتی: ئاڵای هەر وڵاتێک شوناس و هێمای نەتەوەی ئەو وڵاتەیە. لەپێ کردن و سووتاندنی ئاڵای وڵاتێک هەڵەیە. پێشتر ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا لە ساڵی ٢٠١٥ وتبووی: "کێ بەرپرسیارێتی لەناوبردنی ئیسرائیلی بە ئێمە داوە؟".

دیدگا نایابەکان

ئەو پێی وایە هەر ڕووناکبیرێک ویستبێتی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەیدا بەرپا بکات، شکستی هێناوە. هەروەها زیباکەلام محەمەد موسەدیقی بە شەریفترین، نەتەوەیی و ئایینیترین سیاسەتمەداری ئێران لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا ناوبرد.

ناوبراو لە کۆنفرانسێکدا لە زانکۆی تاران لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ وتی: "پرسی وزەی ناوکیی ئێران، لە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق زیاتر زیانی بە ئێران گەیاندووە". هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێیان وایە کە لە کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠١٣دا، لایەنگری ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی بووە.

زیباکەلام پێی وایە نابێت پرسە ناوەکییەکانی ئێران خزمەت بە بۆچوونی ئایدیۆلۆژیی ئێران لەگەڵ ڕۆژاوا بکات و بەو پێیەش بە توندی پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ناوەکی جنێڤ کردووە تا ئەو ڕادەیەی کە جارێک وتی: "من وەک سەگێک لە پاڵی دەوەستم و بەرگری لە ڕێککەوتنی جنێڤ دەکەم". هەروەها وتی: "هەرکەسێک واز لە دەوڵەمەندکردنی ئێران بە یۆرانیۆم بهێنێت، دوو ڕکات نوێژی سوپاسگوزاری دەکەم و دەست و قاچی ماچ دەکەم. چونکە ئەم ناوکە هیچ سوودێکی بۆ ئێران و ئێرانییەکان نەبووە".

لە ڕووی نەتەوەپەرستییەوە بە توندی جەخت لەسەر یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ئێران دەکاتەوە، نەک وڵاتەکانی وەک لوبنان و سووریا و کەرتی غەززە. ناوبراو لە ٢٩ـی نیسانی ٢٠١٢ لە زانكۆی قوم داوای لێبوردنی لە سێ ملیۆن ئەفغانیی ئێرانی كرد بەهۆی ئەو ستەمەی لەلایەن ئێرانییەكانەوە لێیان دەکرێت.

دەرکردن و خانەنشینکردنی ناچاری

لە مانگی ئازاری ٢٠١٧دا، سادق زیباکەلام بەبێ ئاگادارکردنەوە لە زانکۆی ئازاد دەرکرا. زیبا کەلام هۆکاری ئەمەی بۆ هاتنە سەرکاری فەرهاد ڕەهبەر گەڕاندەوە. لە بەرانبەردا فەرهاد ڕەهبەر وتی: کەسمان لە کار دەرنەکردووە. بەڵکوو ڕامانگەیاند کە چالاکی ئێوە نایاساییە؛ چونکە لە دوو شوێنەوە مووچە وەردەگریت. دەتوانیت زانکۆی تاران بەجێبهێڵیت و لێرە دابمەزرێنیت، یان دەتوانیت لە زانکۆی تاران بیت و وەک مامۆستا لە زانکۆی ئازاد کار بکەیت.

بەرهەمەکان

خاوەنی چەندین بەرهەمی نووسراو و بینراوە، دوو لە کتێبەکانی لە باشترین کتێبەکانی وڵاتی ئێرانن بە ناوەکانی "ئێمە چۆن بووین بە ئێمە" و "ڕۆژاوا چۆن بوو بە ڕۆژاوا".

  • ما چگونه، ما شدیم: ریشه‌یابی علل عقب ماندگی در ایران، صادق زیبا کلام، تهران: روزنه
  • غرب چگونه غرب شد؟ (چاپی یەکەم: ۱۳۹۵)
  • هاشمی بدون رتوش: پنج سال گفتگو با هاشمی رفسنجانی، صادق زیبا کلام، فرشته سادات اتفاق فر، تهران: روزنه
  • جامعه‌شناسی به زبان ساده، صادق زیبا کلام، تهران: روزنه
  • مقدمه‌ای بر انقلاب اسلامی، صادق زیبا کلام، تهران: روزنه
  • فرهنگ خاص علوم سیاسی (دربرگیرنده کلیه اصطلاحاتی که به «ایسم» ختم می‌شوند)، حسن علیزاده، صادق زیبا کلام (مقدمه)، تهران: روزنه
  • سنت و مدرنیته: ریشه یابی علل ناکامی اصلاحات و نوسازی سیاسی در ایران عصر قاجار، صادق زیبا کلام، تهران: روزنه
  • از دموکراسی تا مردم سالاری دینی: نگرشی بر اندیشه سیاسی شریعتی و زمانه او، صادق زیبا کلام، تهران: روزنه
  • تحولات سیاسی و اجتماعی ایران ۱۳۲۰–۱۳۲۲، صادق زیبا کلام، تهران: سازمان مطالعه و تدوین کتب علوم انسانی دانشگاه‌ها (سمت)
  • قربانیان، وقایع نگاری فرازها و فرودهای جنبش نوخاسته اصلاحات، صادق زیبا کلام، امیرهوشنگ شهلا، تهران: قطره
  • آذری غریب، صادق زیبا کلام، نصیر عبادپور (به اهتمام)، تهران: بیدگل
  • نهادها و اندیشه‌های سیاسی در ایران و اسلام، حمید عنایت، صادق زیبا کلام (مصحح)، تهران: روزنه
  • از هانتینگتون و خاتمی تا بن لادن: برخورد یا گفتگو میان تمدن ها؟، صادق زیبا کلام، تهران: روزنه
  • مبانی علم و سیاست، مرتضی صادقی، جواد شفیع‌پور، حسین عنایت مهدی، صادق زیبا کلام (زیرنظر)، تهران: رهپویان شریف
  • افلاطون، توماس هابز، جان لاک، جان استوارت میل و کارل مارکس: پنج گفتار در باب حکومت، صادق زیباکلام، تهران: روزنه
  • ایران در عصر نادر، مایکل اکسورتی، صادق زیباکلام (مترجم)، سیدامیر نیاکویی (مترجم)، تهران: روزنه
  • گفتن یا نگفتن
  • توهم توطئه
  • هاشمی رفسنجانی و دوم خرداد
  • عکسهای یادگاری با جامعه مدنی
  • یادداشت‌های انقلاب
  • تولد اسرائیل
  • رضاشاه
  • شاه کشتار نکرد


سەرچاوەکان



915 بینین