سوودەکانی تۆزی خاوێن‌کەرەوە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-26-16:29:00 - کۆدی بابەت: 9177
سوودەکانی تۆزی خاوێن‌کەرەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تۆزی خاوێن‌کەرەوە یان تاید یان تۆزی جل شۆردن (بە ئینگلیزی: Powder detergent) وەک سابوون کاری خاوێنکردنەوەیە، بەڵام دەکرێت بوترێت سابوونێکی هاڕدراوە و لە شێوەی تۆزدایە، کە بۆ شۆردنی جلوبەرگ و بەتانی و لێفە و بەشێوەیەکی گشتی چەندین شتی تر بەکاردێت. دەتوانرێت بۆ شۆردنی ئامێر و کەلوپەلی ناوماڵیش بەکاربێت. تۆزی خاوێن‌کەرەوە یەکێکە لە کۆنترین کەرەستەکانی خاوێنکردنەوە، کە چەندین سوودی گرنگی هەیە وەک: هەرزانی و بەهێزی دژی چەوری و پیسی. ئەم سوودانە لەسەروو هەموویەوە وای لە تۆزی خاوێن‌کەرەوە کردووە کە لە هەموو جیهاندا بەکارهێنانی هەبێت.

سوودەکانی تۆزی خاوێن‌کەرەوە

خاوێن‌کەرەوەیەکی کاریگەرن

پێکهاتەکانی ناو تۆزی خاوێن‌کەرەوە زۆر کاریگەر و بەهێزن بۆ پاککردنەوەی جلوبەرگ و پەڵەی پیسی، پێکهاتەکانی وەک کالسیۆم و مەگنیسیۆم لە تۆزی خاوێن‌کەرەوەدا بنیاتنەر دروست دەکەن، ئەم بنیاتنەرانە ئاو خاوێن دەکەنەوە و وا لە تۆزی خاوێن‌کەرەوە دەکەن باشتر کاربکەن. هەروەها ڕێگری دەکەن لەوەی کە توێژاڵی سابوون و خوێیە نەتواوەکان لەسەر جلەکان بمێننەوە. ئەم بنیاتنەرانە کار لەسەر ڕووکاری جلەکان دەکەن و پەڵەی چەوری و ڕۆن تێکدەشکێنن بۆ بەشی بچووکتر، کە ئەمەش کاری خاوێنکردنەوەی جلەکان ئاسانتر دەکات.

تێچوویان کەمە

بەبەراورد بە هۆکارەکانی تری خاوێنکردنەوە تۆزی خاوێن‌کەرەوە تێچووی کەمترە، هەروەها پاککەرەوەیەکی هەمەکارەیە و لە زۆربەی فرۆشتگاکان بەردەستە.

لە پاککردنەوەی پەڵە زۆر پیسەکانیشدا کاریگەرە

گرنگترین سوودی تۆزی خاوێن‌کەرەوە بەهێزییەکەیەتی، کە بە ئاسانی دەتوانێت پەڵەی زۆر پیسیش لاببات، گرنگ نییە کە جلەکانت لە جلشۆردا یان بە دەست دەشۆیت، تۆزی خاوێن‌کەرەوە کار لەسەر پەڵە دەکات و بە ئاسانی لایاندەبات.
بۆ ئەوەی ئەم سوودەی تۆزی خاوێن‌کەرەوەت دەست بکەوێت دەبێت بە شێوازە ڕاستەکەی بەکاری بهێنیت کە بەم شێوەیەیە:

  • شوێنی پەڵەکە تەڕ بکە و نیو کەوچکی زەڵاتە تۆزی خاوێن‌کەرەوە ڕاستەوخۆ بخەرە سەر شوێنی پەڵەکە.
  • دیسان شوێنەکە کەمێک تەڕ بکە و بە هێواشی بە پەنجەکانت شوێنەکە بسڕە.
  • پاشان پۆشاکاکەت لە دەفرێکی نیوە لە ئاودا نوقم بکە و یەک کەوچکی زەڵاتە تۆزی خاوێن‌کەرەوەی تێبکە، پۆشاکاکەت بۆ ماوەی ٣٠ بۆ ٤٠ خولەک لەناو ئەم کەفاوەدا بەجێبهێڵە.
  • دواتر وەکوو هەموو کاتێک بیشۆ و ببینە کە خاوێن بووەتەوە.

ماددەی کیمیایی بەهێز و توندیان تێدانییە

جلوبەرگ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی لەگەڵ لەشی مرۆڤدا هەیە، کەواتە گرنگە کە خاوێن‌کەرەوەیەک بەکاربهێنیت کە بۆ پێستت سەلامەتە. زۆرجار تۆزی خاوێن‌کەرەوە سەلامەتە، ئەو ماددە کیمیاییانەی تێدانییە کە دەبنە هۆی تووشبوون بە هەستیاریی پێست.

بۆ کوالیتییە جیاوازەکانی ئاو گونجاوە

زۆربەی تۆزە خاوێن‌کەرەوەکان کارای خاوێنکردنەوەی ئاویان تێدایە، کە ئەمەش وای لێکردوون بۆ زۆربەی کوالیتییە جیاوازەکانی ئاو گونجاوبن.

 بەئاسانی لێدەبنەوە

تۆزەکانی خاوێن‌کەرەوە بە بڕێکی کەمتر کەف دەکەن، بۆیە بە ئاسانی لێدەبنەوە و دەشۆردرێن. کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەکارهێنانی ئاو و کارەبا و وزەیەکی کەمتر. یەکێکی تر لە سوودەکانی ئەوەیە کە پێکهاتەی نیانیان تێدایە کە وای لێکردوون بۆ دەست و جلوبەرگیش گونجاوبن.


سەرچاوەکان



330 بینین