هۆملاندەر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-28-00:08:00 - کۆدی بابەت: 9203
هۆملاندەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆملاندەر (بە عەرەبی: هوملاندر، بە ئینگلیزی: The homelander) کەسایەتییەکی خەیاڵی، خراپەکارێکی مەزن و سەرەکییە لە زنجیرەی کۆمیکی هاوڕێکان (The boys) کە لەلایەن کۆمپانیای Dynamite entertainmentـەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی هۆملاندەر لەلایەن گارث ئێنس و دێریک ڕۆبەرتسنەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ لە کۆمیکی (The boys #3). هۆملاندەر ڕابەری گرووپی حەوت کەسەکەیە (The seven) و دوژمنی بیلی بوچەری ڕابەری گرووپی هاوڕێکانە. هۆملاندەر شێوەیەکی گاڵتەجارانە و لاساییکراوەی سوپەرمانە.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

هۆملاندەر ناوی جۆنە، لە دایکێکی دەروون شێواو لەدایکبووە و هەر لەگەڵ لەدایکبوونی ئەم دایکی بەسەرییەوە مردووە. پێش لەدایکبوونیشی هاوکێشەی ڤی لەسەر تاقی کراوەتەوە وەکوو نموونەیەکی تاقیکاری بۆ کۆمپانیای ڤۆتی ئەمریکی لەپاڵ کۆمەڵێک لە سوپەرهیرۆی تر. لە ئەنجامی ئەمەدا کۆمەڵێک توانای بەدەستهێناوە وەکوو هێزی زۆر، توانای دەرپەڕاندنی گەرمی، بینینی تیشکی X، توانای دەرپەڕاندنی شەپۆلی دەنگی بەهێز لە ڕێگەی هاوارکردنەوە و توانای فڕین.

لە تەمەنی گەنجێتیدا و لەکاتی تاقیکردنەوەکانی ڤۆت بە بۆمبێکی ناوەکییەوە بەسترابووەوە نەک لەناکاو هێرش بکات و جڵەو نەکرێت. چیرۆکەکەی هۆملاندەر لەناو خەڵک و ڕای گشتیدا بە شێوەیەکی جیاواز بڵاوکرابووەوە، کۆمپانیای ڤۆت وا بڵاوی کردووەتەوە کە هۆملاندەر وەکوو سوپەرمانی پاڵەوانی کۆمیکی دیسی کەشتییەکەی کەوتووەتە خوارەوە بۆ سەر زەوی.

هۆملاندەر کەسێکی باڵابەرزە و جەستەیەکی پڕ ماسولکەی هەیە. ڕەنگی قژی کاڵە، پێستی سپییە و چاوی شینە. جلوبەرگەکەی تێکەڵەیەکە لە جلەکانی سوپەرمان و کاپتن ئەمریکا. پووت و دەستکێش لە دەست دەکات و عەبایەکی پێوەیە بە ئاڵای ئەمریکا نەخشێندراوە و نیشانەی نیشتمانپەروەرییە.

(لێرەوە بابەتەکە سپۆیڵی کۆمیکی تێدایە) لەسەرەتادا وادەزانرا کە هۆملاندەر دەستدرێژی کردووەتە سەر هاوسەرەکەی بوچەر و دووگیانی کردووە، و لە کۆتایشدا بەسەر منداڵبوونەکەوە مردووە.  بەمەش بوچەر بوو بە دوژمنی و هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ لەناوبردنی هۆملاندەر و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرد، بەڵام لەدواییدا دەرکەوت کە بڵاک نووار، ئەندامێکی تری گرووپی حەوت کەسەکە دەستدرێژیکارەکەیە، هەروەها هۆملاندەر ئەوەشی بۆ دەرکەوت کە نووار لەبەرگیراوەی هۆملاندەرە لەلایەن ڤۆتەوە دروستکراوە بۆ سیخوڕی کردن بەسەرییەوە و کوشتنی ئەگەر پێویستی کرد. هەموو ئەمانە هۆملاندەر زۆر تووڕە دەکەن، لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنی کۆشکی سپیدا هۆملاندەر هەوڵی کوشتنی نووار دەدات و لە شەڕێکی خوێناویدا شکست دەهێنێت و نووار دەیکوژێت، تەنها سنگ و قۆڵی دەمێنێتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە لە جەستەی بە دەستی نووارەوە دەبێت.

کەسایەتی

لە ڕووکەشدا هۆملاندەر کەسێکی نەرمونیان دیارە و وا دەردەکەوێت گرنگی بە هەمووان دەدات، لە پاڵەوانێک دەچێت کە هەموو شتێک دەکات لە پێناو پاراستنی خەڵکی ئەمریکا و خەونەکانیان. بەڵام لە پشت ئەم ڕووپۆشەوە کەسێکی نارسیست و دەروون شێواو هەیە کە هیچ هاوسۆزییەک پیشان نادات. بۆ سوپەر هیرۆیەک هۆملاندەر زۆر دڕندە و شەڕانییە و هیچ لە خەمی سەلامەتی هاوڕێ و ئەو کەسانەدا نییە کە دەبێت بیانپارێزێت.

هاوڕێ و دوژمنەکانی هۆملاندەر

دۆست و هاوڕێکانی

١. جەیمس ستیڵوێل

٢. زە دیپ

٣. ئەی-ترەین

٤. ستۆرمفڕۆنت

٥. گەنپاودەر

دوژمنەکانی

١. بیلی بوچەر

٢. گرەی ماڵەری

٣. وی هیوی

٤. فرێنچی

٥. زە فیمەیڵ

٦. ئێم.ئێم

٧. کوین مەیڤ

٨. ستارڵایت

٩. بلاک نووار

تواناکانی هۆملاندەر

١. هێزی سەروومرۆیی: مەزنترین ئاستی هێزی هەیە تا ئێستا بینرابێت و ئەمەش وای لێدەکات بە ئاسانی بەسەر دوژمنەکەیدا سەربکەوێت

٢. توانای خۆڕاگری سەروومرۆیی: هیچ هێزیکی فیزیکی، گوللە و تەقینەوە کاری تێ ناکات

٣. لە توانایدایە وزەی گەرمی بەهێز بەرهەم بهێنێت لەناو چاوەکانیدا و دەریشی بپەڕێنێت، وزەکە هێندە بەهێزە دەتوانێت هەموو شتێک ببڕێت

٤. توانای بینینی تیشکی X: توانای بینینەکەی ڕێگەی پێدەدات ئەودیو هەموو ماددە و ڕوویەکی ڕەق ببینێت

٥. توانای بیستنی سەروومرۆیی: دەتوانێت لە دووری چەند میلێکەوە ببیستێت و دەتوانێت گوێی لە لێدانی دڵی کەسەکانیش بێت

٦.توانای بۆنکردنی سەروومرۆیی: توانای بۆنکردنی زۆر بەهێزە بە شێوەیەک بۆنی هەندێک شت دەکات مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت بۆنی بکات، دەتوانێت بۆنی ئەدریناڵین بکات کە لە کاتی ترسدا بەرهەمدێت

٧.توانای دەنگی سەروومرۆیی: توانای دەنگی ئەوەندە بەهێزە بە هاوارکردنێک دەتوانێت پەردەی گوێچکەی مرۆڤی ئاسایی بدڕێنێت

٨.خێرایی سەروومرۆیی: دەتوانێت بەخێراییەکی زۆر بفڕێت و دیواری دەنگ بشکێنێت

٩.دەتوانێت بفڕێت

خاڵە لاوازەکانی

هۆملاندەر خاڵێکی لاوازی وەهای نییە بتوانرێت بە ئاسانی ببەزێنرێت، تاکە ڕێگەی بەزاندنی لە ڕێگەی کەسێکی هاوشێوەی خۆی یان لەبەرگیراوەیەکە. لە هەمان کاتدا بارودۆخە دەروونییە ناجێگیرەکەی بە خاڵی لاواز دادەنرێت، ئەو حەزە زۆرەی بۆ پەرستنی لەلایەن خەڵکانی ترەوە، نەبوونی هیچ هاوسۆزییەک و ئازاردان و کوشتنی کەسانی تر نیشانەی ئەوەن تووشی گرێی نارسیزم بووە.

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی هۆملاندەر تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە زنجیرەی سینەمایی و لەلایەن ئانتنی ستار ڕۆڵەکەی دەگێڕدرێت.

دیارترین فیلم و زنجیرەکان

  1. زنجیرەی The boys 2019


سەرچاوەکان



1109 بینین