حەفسەی کچی عومەری کوڕی خەتتاب

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-20-23:27:00 - کۆدی بابەت: 9465
حەفسەی کچی عومەری کوڕی خەتتاب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دایکی باوەڕداران حەفسەی کچی عومەری کوڕی خەتتاب (بە عەرەبی: حفصة بنت عمر بن الخطاب) چوارەمین خێزانی پێغەمبەر ﷺـە و کچە گەورەی دووەم جێنشینی ئیسلام عومەری کوڕی خەتتاب و خوشکی هاوەڵ عەبدوڵڵای کوڕی عومەرە. ئەو خێزانەی پێغەمبەرە کە لەلایەن شیفای کچی عەبدوڵڵا کە خانمە هاوەڵێکی خوێنەوار بووە لەسەر داوای پێغەمبەر فێری خوێندنەوە و نووسینی کردووە. کەسێکی زمانپاراو و قسەزان بووە. بە 18 ساڵ پێش ڕووداوی کۆچکردن بۆ مەدینە لە ساڵی 661ـی زایینی لە مەککە لەدایکبووە، واتا بە پێنج ساڵ پێش پێغەمبەرایەتی لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لەگەڵ باوکی باوەڕی بە ئیسلام هێناوە و لەو کەسانە بووە که زوو باوەڕیان بە ئیسلام و پێغەمبەر ﷺ هێناوە. واتای ناوەکەی ناوی جۆرە باڵندەیەکە و هیچ نازناوێکی نییە. 

هاوسەرگیری یەکەمی

حەفسەی کچی عومەر هاوسەرگیری لەگەڵ "خونەیسی کوڕی حوزافەی سەهمی" کردووە، ئەم هاوەڵە هەر لە سەرەتای بانگەوازییدا باوەڕی بە ئیسلام هێناوە، هاوسەرەکەی لە کۆچی یەکەم بۆ حەبەشە بەشدار بووە، بەڵام دوای بانگەشە بۆ کۆچی دووەم بۆ مەدینە حەفسە و هاوسەرەکەی بەیەکەوە کۆچیان بۆ شاری مەدینە کردووە. هاوسەرەکەی لە جەنگی بەدر و جەنگی ئوحود بەشداری کردووە، لە دوای جەنگی ئوحود بریندار بووە و دواتر بەهۆی برینەکانییەوە کۆچی دوایی کردووە، پاشان لە گۆڕستانی بەقیع لە مەدینە نێژراوە.

هاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ

لە پاش کۆچی دوایی هاوسەرەکەی حەفسە، عومەری کوڕی خەتتابی باوکی پێشنیاری هاوسەرگیری کچەکەی لەگەڵ هەریەک لە ئەبووبەکری سدیق و عوسمانی کوڕی عەففان کرد، بەڵام عوسمانی کوڕی عەففان تازە خاتوو ڕوقیەی هاوسەری کۆچی دوایی کردبوو بۆیە هاوسەرگیرییەکەی نەویست، ئەبووبەکریش وەڵامی عومەری نەداوەتەوە و بێدەنگ بووە، چونکە زانیویەتی کە پێغەمبەر ﷺ ویستویەتی هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ترسی هەبووە لەوەی نهێنی و بابەتە تایبەتییەکانی پێغەمبەر ﷺ ئاشکرا بکات بێدەنگ بووە، بەپێی گێڕانەوەکان لە ساڵی 3ـی کۆچی پێغەمبەر ﷺ هاوسەرگیری لەگەڵ حەفسەی کچی عومەر کردووە و لە دوای خەدیجەی کچی خوەیلد و عائیشەی کچی ئەبووبەکر و سەودەی كچی زەمعە، حەفسەی کچی عومەر بووەتە چوارەمین خێزانی پێغەمبەر ﷺ.

پێگەی لە ئیسلامدا

حەفسەی کچی عومەر دایکی ئیماندارانە و پێگەی باڵایە لە ئیسلامدا، لەو ژنانەی پێغەمبەر بووە کە پەرۆشی و ئەوینی زۆری بۆ پێغەمبەر ﷺ هەبووە. بەپێی گێڕانەوەکان پێغەمبەر ﷺ ویستوویەتی حەفسە تەڵاق بدات، بەڵام جوبرەئیل سروشی بۆ ناردووە و فەرموویەتی: "تەڵاقی مەدە، ئەو خانمێکی نوێژکەر و ڕۆژووگرە و لە بەهەشتیش هاوسەرتە". دواتر پێغەمبەر ﷺ لێی جیانەبووەتەوە و تەڵاقی نەداوە، هۆکاری بڕیاری تەڵاقەکە ناڕوونە و ڕاجیایی لەسەرە.

کەسێکی بوێر و زیرەک بووە و خوێنەواری هەبووە و زۆر زمانپاراو و قسەزان بووە، بەهۆی زیرەکییەوە نزیکەی 60 فەرموودەی لە پێغەمبەر ﷺ گێڕاوەتەوە. دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ حەفسە هەرگیز ماڵەکەی بەجێنەهێشتووە و تەنها بۆ حەجکردن چووەتە سەردانی مەککەی پیرۆز.
لە دوای "جەنگی هەڵگەڕاوەکانی ئیسلام" زۆرێک لەو هاوەڵانەی کە قورئانی پیرۆزیان لەبەر بوو شەهید کران، بۆیە ئەبووبەکری سدیق بڕیاری کۆکردنەوەی قورئانی پیرۆزی دا تاکوو لەناونەچێت، بۆیە لە یەک بەرگ کۆیکردەوە سەرەتا لەلای خۆی پاراستی، دوای کۆچی دوایی لەلای عومەری کوڕی خەتتاب دانرا، دواتر ئەو بەرگەی کە هەموو قورئانی تێدا کۆکرابووەوە درا بە حەفسەی کچی عومەر و لەلای خۆی پاراستی، تاکوو لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەففان ویسترا چەند لەبەرگیراوەیەک لە قورئان بکەن ڕاجیایی دروست بوو، بۆیە ئەو بەرگەی کە بۆ یەکەم جار کۆکرابووەوە لەلای حەفسە هێنرا و چەندان لەبەرگیراوەی لێکرا.

کۆچی دوایی

حەفسەی دایکی ئیمانداران لە مانگی شەعبانی ساڵی 45ـی کۆچی لە سەردەمی دەسەڵاتی موعاویەی کوڕی ئەبوو سوفیان، لە تەمەنی 60 ساڵی کۆچی دوایی کردووە. بەپێی هەندێک گێڕانەوە و سەرچاوەی تر پێیان وایە کە خاتوو حەفسە لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەففان کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



649 بینین