شێرپەنجەی گون

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-23-18:09:00 - کۆدی بابەت: 9509
شێرپەنجەی گون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێرپەنجەی گونەکان (بە ئینگلیزی: testicular cancer، بە عەرەبی: سرطان الخصية)، لە یەکێک یان هەردوو گونەکان ڕوودەدات. گونەکان دوو ئەندامن لە کۆئەندامی زاوزێی نێرینەدا، سپێرم و هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بەرهەم دەهێنن. ئەم شێرپەنجەیە لە ئەنجامی دابەشبوون و گەورەبوونی خانەی شێرپەنجەیی دروست دەبێت لە یەکێک یان هەردوو شانەکانی گوندا. وەک جۆرەکانی تری شێرپەنجە مەترسیدارە، بەڵام خۆشبەختانە چارەسەری هەیە و دەتوانرێت بنەبڕ بکرێت. شێرپەنجەی گون بە بەراورد بە جۆرەکانی تری شێرپەنجە باو نییە و بەدەگمەن ڕوودەدات، زیاتر لە کەسانی تەمەن (١٥-٣٥) ساڵیدا باوە.

نیشانەکان 

نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی گون بریتیین لە: 

 • بوونی گرێ لە یەکێک یان هەردوو گوندا
 • هەستکردن بە ئازاری گون
 • هەستکردن بە ئازاری بەرموسڵدان (بنی ڕان) یان بەشی خوارەوەی سک
 • لەبەرئەوەی خانە شێرپەنجەییەکە توانای بڵاوبوونەوەی بۆ لیمفە گرێیەکانی دەوروبەری پشت هەیە، دەکرێت هەست بە ئازاری پشت بکرێت. 
 • هەڵئاوسان یان کەمبوونەوەی قەبارەی گون

زۆربەی جار ئەم شێرپەنجەیە بێ‌ئازارە و لە یەکێک لە گونەکاندا دروست دەبێت. دەکرێت هەندێک لەم نیشانانە لە کەسێکدا هەبێت لەگەڵ ئەوەشدا تووشبوو نەبێت، بەڵکوو دووچاری حاڵەتی تری وەک سوڕانی گونەکان بووبێت، واتە بەتەنها ئەم نیشانانە بەڵگە نییە لەسەر هەبوونی شێرپەنجەی گون. لە کاتی هەستکردن بە بوونی هەر گرێیەک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا گرێیەکی بێ زیان یان شێرپەنجەییە. 

هۆکارەکان

شێرپەنجەی گون کاتێک ڕوودەدات کە خانە تەندروستەکانی گون دابەش دەبن و ژمارەیان زیاد دەکات، گرێیەک دروست دەبێت و دواتر بۆ خانەکانی دەوروبەر بڵاودەبێتەوە. هۆکاری زیادبوون و دابەشبوونی ئەم خانانە ئاشکرا نییە، بەڵام چەند هۆکارێک هەن ئەگەری تووشبوون بەم شێرپەنجەیە زیاد دەکەن، ئەوانیش بریتیین لە:  

1. تەمەن، ئەم شێرپەنجەیە لە هەموو تەمەنێکدا ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەڵام ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان (١٥-٣٥) ساڵیدایە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. 
 2. لەماوەی دووگیانیدا گونەکانی کۆرپەلە لە سکدا دروست دەبن و پێش لەدایکبوون بۆ ناو پەردەی گون شۆڕدەبنەوە. حاڵەتێک کە ئەم میکانیزمەی تێدا ڕوونادات پێی دەوترێت کریپتۆرکیسزم (cryptorchidism)، واتە گونەکان بۆ ناو تورەگەی گون شۆڕنابنەوە، ئەمەش پێویست بە ئەنجامدانی نەشتەرکاری دەکات. تەنانەت دوای ئەنجامدانی نەشتەرکاری، ئەگەری دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی لەم کەسانەدا زیاترە. 
 3. هەبوونی ئەندامێکی تری خێزانەکە بەهەمان جۆری شێرپەنجە، ئەو کەسانەی باوکیان یان برایەکیان تووشبوون، ئەگەری دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی تێیاندا زیاترە. 
 4. هەبوونی خانەیەکی شێرپەنجەیی لە یەکێک لە گونەکاندا ئەگەری دروستبوونی هەمان خانە لە گونەکەی تردا زیاد دەکات.
 5. کۆنیشانەی کلاینفێلتەر، لەم حاڵەتەدا نێرینەکە کرۆمۆسۆمی xـی زیادەی هەیە. ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم حاڵەتەن ئەگەری دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی تێیاندا زیاترە.

قۆناغەکانی شێرپەنجە 

شێرپەنجەی گون چوار قۆناغ دەگرێتەوە و لەلایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێت. دەستنیشان کردنی قۆناغەکانی شێرپەنجە بەپێی ئەم بنەمایانە دەکرێت: 

 • قەبارەی خانە شێرپەنجەییەکە 
 • شوێنەکەی
 • توانای بڵاوبوونەوەی خانەکە و گەیشتنیان بە لیمفە گرێیەکانی پشت. 
 • توانای بڵاوبوونەوەی خانەکە بۆ ئەندامەکانی تر
 • بەرزبوونەوەی ڕێژەی AFP, beta-HCG, و LDH. 

  1. قۆناغی سفر: لەم قۆناغەدا خانەی نائاسایی لەناو گوندا دەست بە دابەشبوون دەکەن. 
  2. قۆناغی یەک: قەبارەی خانە شێرپەنجەییەکە بچووکە، لەگەڵ ئەوەشدا بڵاونەبووەتەوە. 
  3. قۆناغی دوو: خانە شێرپەنجەییەکە بۆ لیمفە گرێیەکانی پشت دەگوازرێتەوە. 
  4. قۆناغی سێ (قۆناغی کۆتایی): بێجگە لە لیمفە گرێیەکان، بۆ ئەندامەکانی دەوروبەر بڵاودەبنەوە و دەگوازرێنەوە. 

چارەسەرەکان

چارەسەرەکەی بەپێی جۆری شێرپەنجەکە و قۆناغەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. چارەسەرەکان ئەمانە دەگرێتەوە:  

1. نەشتەرکاری، ئەمە یەکێکە لەو چارەسەرە باوانەی بۆ لابردنی خانە شێرپەنجەییەکە بەکاردێت. 
2. چارەسەرکردن بە تیشک، دەکرێت خانە شێرپەنجەییەکە بە بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە تیشکی ئێکس لەناوببرێت، هەروەها ئەم تیشکە دوای نەشتەرکاری بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە دروستبوونەوەی شێرپەنجەکە بەکاردێت. 
3. چارەسەری کیمیایی، بەکارهێنانی دەرمانەکانی وەک سزپلاتن (cisplatin)، بڵیۆمایسین (bleomycin) و ئیتۆپۆساید (etoposide) دەگرێتەوە. دەکرێت ئەم ڕێگایە لەجیاتی نەشتەرکاری بەکاربهێنرێت یان بۆ چارەسەرکردنی ئەو خانە شێرپەنجەیەی دووبارە سەری هەڵداوەتەوە.


سەرچاوەکان

614 بینین