دێربی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-14-21:38:00 - کۆدی بابەت: 9838
دێربی

ناوه‌ڕۆك

دێربی

دێربی (بە ئینگلیزی: Derby، بە عەرەبی: دربي)، شارێکە لە دێربیشایەر لە ئینگلتەرا. دەکەوێتە کەناری ڕووباری دێروێنت (Derwent) لە باشووری دێربیشایەر. دێربی لە ساڵی ١٩٧٧ـدا پێگەی شاری پێ بەخشرا و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٢٤٨٫٧٠٠ کەس بوو. ئەم شارە مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە و لە ئێستادا ناوەندێکی گەشەسەندووی پیشەسازییە.

مێژووی شارەکه

مێژووی دێربی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ساڵی ٥٠ـی زایینی، سەرەتا ڕۆمەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون. پاشان ئەنگلۆ-ساکسۆنەکان ناوچەکەیان داگیرکرد و دواتریش ڤایکینگەکان دەستیان بەسەر دێربی ئێستادا گرت. ناوی شارەکە لە بنەڕەتدا (Derventio) بووە و نازانرێت کەی و بۆچی ناوەکەی گۆڕا و کرا بە دێربی. دێربی شارۆچکەیەکی بازاڕی بچووک بوو و لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا گۆڕانکاری گەورە بەسەردا هات و گەشەی خێرای بەخۆیەوە بینی، دێربی لەم ماوەیەدا ناوەندێکی پیشەسازیی بەریتانیا بوو. لەگەڵ هاتنی هێڵی ئاسن لە سەدەی نۆزدەهەمدا، دێربی بوو بە ناوەندێکی پیشەسازی هێڵی ئاسنینی بەریتانیا. لە سەردەمی مۆدێرنیشدا دێربی بەردەوامە لە بوون بە ناوەندێکی چالاکیی پیشەسازی، بەڵام چەند تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە کە وای لێ دەکات سەرنجڕاکێش بێت و ساڵانە دانیشتووانی زیاتر بۆ خۆی ڕابکێشێت. شارەکە کۆمەڵگەیەکی هونەری گەشەسەندووی هەیە، بە درێژایی ساڵ چەندین فیستیڤاڵ لە دەوروبەری شارەکەدا بەڕێوەدەچن. لەگەڵ ئەوەشدا شارەکە چەندین یانەی وەرزشی هەیە، لەوانە تیپی ڕەگبی و کریکێت، هەروەها پارکە جوانەکانی، ناوچەی بازرگانی، باڕ، چێشتخانە و یانە شەوانەکان تایبەتمەندیی سەرنجڕاکێشی ئەم شارە ئینگلیزییەن.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی دێربی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ٢٤٨٫٧٥٢ کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٦ـدا بەرزبوویەوە بۆ ٢٥٤٫٣٧٤ کەس. ڕووبەری ڕووی شارەکە بەنزیکەیی ٧٨ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٣٫٠٢٨ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. هەروەها ١٤٪ـی دانیشتووانی دێربی لە دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو لەدایکبوون.

هەر بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بریتییە لە:

  • سپی پێست: ٨٠٫٢٪
  • ئاسیایی: ١٢٫٦٪
  • ڕەش پێستی بەریتانی: ٣٪
  • ڕەگەزی تێکەڵ: ٢٫٩٪
  • نەتەوەکانی تر: ١٫٣٪

هەر لە هەمان ئاماردا ئەوە هاتووە کە ٥٫٩٪ـی دانیشتووان پاکستانین، هەروەها لە نێوان سەرژمێرییەکانی ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠١١ـدا ڕێژەی دانیشتووانە ڕەش پێستەکان و نەتەوە کەمینەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە

ئایین

لەڕووی ئایینیشەوە، ٥٢٫٧٪ـی دانیشتووانی دێربی پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، ٢٧٫٦٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن. ٧٪ـی دانیشتووانی شارەکە مسوڵمانن و ٣٪ سیخین، ڕێژەیەکی کەم (کەمتر لە ١٪)ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی هیندۆسی و بوودین.

گەشەی دانیشتووانی دێربی

بەدرێژایی چەندین ساڵ، دانیشتووانی دێربی گەشەیەکی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیوە. زۆرترین گەشەش لە ٥٠ ساڵی نێوان ساڵانی ١٨٠١ بۆ ١٨٥١ بوو، کە ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەی زیاتر لە ٢٣٠٪ بەرزبووەوە. شارەکە بەردەوام بوو لە گەشەکردن بە ڕێژەی زیاتر لە ١٤٤٪ تا سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠، پێش ئەوەی لە ساڵانی ١٩٨١ و ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووان دابەزێت. بەڵام لە نێوان سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ و ٢٠١١، شارەکە گەشەی زیاتر لە ١٢٪ـی بەخۆیەوە بینی. بەهۆی گەشەسەندنی پیشەسازی، شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە و کولتوورە دەوڵەمەندەکەیەوە، پێشبینی دەکرێت دانیشتووانی دێربی بەردەوام لە گەشەسەندنێکی جێگیردا بێت.

کەشوهەوا

شاری دێربی کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت. شارەکە دەکەوێتە ناوەندی ئینگلتەراوە، لە دێربیشایەر.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٦- یان ٧- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢ـدا ١٧- پلەی سەدی بوو.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت. بەڵام ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام کورتخانەینن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی تەممووزی ٢٠١٩ـدا گەشتە ٣٥ پلەی سەدی.

تێکڕای پلەی گەرمی دێربی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی دووەمە ٤٫٥ پلەی سەدییە، و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی تەممووزە ١٦٫٩ پلەی سەدییە.

ساڵانە ٦٢٠ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی شوباتە ٤٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی حوزەیران و تشرینی یەکەمە ٦٠ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٤٥٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی دێربی

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی دێربی وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتیتر لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولە، چونکە لەم کاتەدا پلەکانی گەرما بەگشتی بۆ چالاکییەکانی دەرەوە خۆشن.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

۱. پارکی داڕلی

۲. پێشەنگای نیگارکێشی و مۆزەخانەی دێربی

۳. پارکی مارکیتۆن

٤. خانووی پیک فۆرد

٥. کڵێسای دێربی

٦. شانۆی دێربی

۷. پێشەنگای درەختی دێربی

٨. کێڵگەی شیرەمەنی بلو بێڵ


سەرچاوەکان

32 بینین