نۆتێلا

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-16-12:51:00 - کۆدی بابەت: 9861
نۆتێلا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نۆتێلا (بە عەرەبینوتيلا، بە ئینگلیزی: Nutellaبەرهەمێکی شیرینی هاڕاوەی کاکاو بە فندقە. ئەم بەرهەمە لەلایەن کۆمپانیای فێرێرۆی ئیتاڵییەوە بەرهەمدەهێنرێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٣ دروستکراوە و لە ساڵی ١٩٦٤ خراوەتە بازاڕەوە.

مێژوو

پیترۆ فێرێرۆ خاوەنی نانەواخانەیەک بوو لە شاری ئەلبای ئیتاڵیا و بە بەرهەمهێنەری شیرینی فندق ناسرابوو. لە ساڵی ١٩٤٦ وەکوو دەستپێک، بڕی ٣٠٠ کیلۆ لە پاستای جیاندوجای فرۆشت کە لە شوکلاتەی جیاندوجاوە وەرگیراوە.

وەشانی ڕەسەنی بڵاوبوونەوەی نۆتێلا ناوی (هەویری gianduja) بوو، هەویری جیاندوجا لە نان دروست دەکرا و بە خڕی دەپێچرایەوە، بۆیە دەتوانرا پارچە پارچە بکرێت و لەسەر نان دابنرێت.

بەرهەمەکە لە سەرەتادا وەکوو پارچەیەکی ڕەق دەفرۆشرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٣ میشێل فێرێرۆی کوڕی فێرێرۆ نوێکردنەوەی بۆ شیرینییەکەی باوکی کردوو ناوی لێنرا (Supercrema gianduja)، ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەورووپای کرد. پێکهاتەکەی دەستکاری کرا و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ "نۆتێلا". یەکەم پەرداخی نۆتێلا لە ٢٠ـی نیسانی ١٩٦٤ لە کارگەکانی فێرێرۆ لە شاری ئەلبا بەرهەمهێنرا.

فێرێرۆ لە ساڵی ١٩٥١ دەستی کرد بە فرۆشتنی وەشانی نوێی کرێمی فندقی (Supercrema gianduja). بەرهەمەکە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و ناوبانگێکی جیهانی پەیداکرد.

پێکهاتەکەی

پێکهاتە سەرەکییەکانی نۆتێلا بریتین لە شەکر و زەیتی خورما کە ڕێژەی نیوە لە زیاتری شیرینیەکەیە. هەروەها بە ڕێژەی ٪١٣ فندق و هاڕاوەی کاکاو و شیری تێدایە. لە زۆرێک لە وڵاتان بە "کرێمی فندق" دەخرێتە بازاڕەوە.

زیانەکانی خواردنی نۆتێلا

  • شەکر پێکهاتەیەکی سەرەکی نۆتێلایە، یەک کەوچکی چێشت ٢١ گرام شەکری تێدایە، واتە نزیکەی ٥ کەوچکی چا. زۆر خواردنی شەکری زیادکراو پەیوەستە بە توشبوون بە چەندین نەخۆشی و حاڵەتی درێژخایەن، لەوانە قەڵەوی، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشییەکانی جگەر، دابەزینی توانای هزری و تەنانەت هەندێک جۆری شێرپەنجە، لەوانەش شێرپەنجەی سورێنچک.
  • ڕێژەیەکی زۆر چەوری و کالۆری تێدایە، هەرچەندە قەبارەی بەرهەمەکە بچووکە بەڵام ٢ کەوچکی چێشت لە نۆتێلا ٢٠٠ کالۆری تێدایە. خواردنی یەک یان دوو ژەمی ڕۆژانە لێی دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش بە تێپەڕبوونی کات، بەتایبەت بۆ منداڵ. لە کاتێکدا چەوری لە زۆر ڕووەوە سوودی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ، بەڵام زۆر خواردنی چەوری دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش. کێشی زیادە و قەڵەوی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد دەکات، لەوانە نەخۆشیەکانی دڵ و شەکرە و هەندێک  جۆری شێرپەنجە.


سەرچاوەکان

290 بینین