سالیسبێری

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-16-23:37:00 - کۆدی بابەت: 9873
سالیسبێری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سالیسبێری (بە ئینگلیزی: Salisbury، بە عەرەبی: ساليسبري)، شارێکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ویڵتشایەر لە ئینگلتەرا، ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ٤٠٫٣٠٢ کەس دەخەمڵێندرێت. نزیک شوێنی بەیەکگەیشتنی ڕووبارەکانی ئەیڤۆن (Avon)، نادەر (Nadder) و بۆرن (Bourne). ئەم شارە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە ساوسهامپتۆن و ٥٠ کیلۆمەتر لە باثەوە دوورە. هەروەها ستۆنهێنج (Stonehenge) کە یەکێکە لە شوێنەوارە جیهانییەکانی یوونسکۆ، ١٣ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای سالیسبێرییەوە دوورە.

مێژووی شارەکە

مێژووی سالیسبێری دەگەڕێتەوە بۆ ٢٫٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، کاتێک قەڵایەکی چەرخی ئاسنین لەسەر گردی سالیسبێری دروست کرا. لە سەدەی شەشدا سەکسۆنییەکان ویڵتشایەریان داگیرکرد و لە ساڵی ٥٥٢ـدا جەنگێک لە سەر گردەکە و نێوان سەکسۆنییەکان و سێڵتیکەکاندا ڕوویدا، لە ئەنجامدا سێڵتیکەکان بەزێنران. بەڵام لە سەرەتای سەدەی یازدەدا جێگیرگەیەک لە شوێنی قەڵا کۆنەکەدا گەشەی کرد و لە ساڵی ١٫٠٠٣ـدا ڤایکینگەکان هێرشیان کردە سەر ویڵتۆن، هەندێک لە ڕزگاربووان هەڵهاتن بۆ سەر گردەکە و جێگیرگەیەکی نوێیان دۆزییەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە ساڵی ١٫٢١٩ـدا سالیسبێری شارۆچکەیەکی مۆدێرن بوو و وردەوردە گەشەی بەخۆیەوە بینی و بازاڕ و پێشەنگای ساڵانەی تێدا کرایەوە، خەڵکی لە ناوچەکانی دەوروربەرەوە بە مەبەستی کڕین و فرۆشتن لە پێشەنگای سالیسبێری ڕوویان لە ناوچەکە کرد. شارەکە گەشەی زیاتری کرد و لە ساڵی ١٢٤٤ـدا پردێکی بەردین لەسەر ڕووباری ئەیڤۆن دروستکرا و پیشەسازی خوری لە ناوچەکەدا گەشەی سەند. لە سەدەی پازدەدا سالیسبێری گەورەترین شارۆچکەی ئینگلتەرا بوو و ژمارەی دانیشتووانەکی ٨٫٠٠٠ کەس بوو، شارەکە بەردەوام بوو لە گەشەسەندن و دوو نەخۆشخانە لە ناوچەکەدا دروستکرا. سەرەڕای ئەوەش، لە سەدەی ١٧ـدا پیشەسازی خوری دایە بێهێزی و بەم بۆنەیەشەوە ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ ٧٫٠٠٠ کەس دابەزی، ژمارەی دانیشتووان لە سەدەی نۆزدەدا بەرزبوویەوە، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا گەشتە ١٧٫٠٠٠ کەس. هەروەها لە سەدەی بیستەمدا، سالیسبێری بەردەوام بوو لە گەشەکردن بەڵام وەک شارۆچکەیەکی کشتوکاڵی مایەوە و لە ئێستادا یەکێک لە پیشەسازییە سەرەکییەکانی شارەکە گەشتیارییە.

دانیشتووان

سالیسبێری شارێکە دەکەوێتە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ویڵتشایەر لە ئینگلتەرا. بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمی کە لە ساڵی ٢٠١١ـدا ئەنجامدراوە ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانی شارەکە ٦٢٫٢١٦ کەس بوو. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی بچووکترین یەکەی کارگێڕی ناوخۆیی، کە زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە لەخۆ ناگرێت، ٤٠٫٣٠٢ کەس بوو.

زۆربەی زۆری دانیشتووانی شاری سالیسبێری سپی پێستن و بە ڕێژە ٩٥٫٧٣٪ـی کۆی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن. ڕەگەزەکانی دیکە بریتین لە ئاسیایی، ڕەش پێست، ڕەگەزی تێکەڵ. نزیکەی ٩١٪ـی دانیشتووانی سپی پێستی بەریتانی. زیاتر لە ٨٦٪ـی دانیشتووانی شاری سالیسبێری لە ئینگلتەرا لەدایکبوون. نزیکەی ٤٪ـیان لە بەریتانیا لەدایکبوون، لە کاتێکدا نزیکەی ٥٪ـیان لە شوێنێکی یەکێتیی ئەورووپا لەدایکبوون. تەنها نزیکەی ٤.٧٪ـی دانیشتووانەکەی لە دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لەدایکبوون. لەم شارەدا ڕێژەی مێ بەرزترە لە نێر و ٥٢٪ـی کۆی دانیشتووان پێک دەهێنێت. هەروەها زیاتر لە ٤٢٪ـی دانیشتووانی شاری سالیسبێری تەمەنیان لە سەرووی ٤٥ ساڵەوەیە و گەورەترین گرووپی شارەکە پێک دەهێنن.

ئایین

هاوشێوەی زۆرێک لە شارە ئینگلیزییەکانی تر، ئایینی سەرەکی شاری سالیسبێری ئایینی مەسیحییە، کە بە ڕێژە زیاتر لە ٦٢٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها زیاتر لە ٢٧٪ـی دانیشتووان پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن. ئایینە پەیڕەوکراوە کەمینەکانی تری دانیشتووانی شارەکە بریتین لە ئیسلام، هیندۆسی و بوودی.

زمان

نزیکەی ٩٦٪ـی دانشتووانی سالیسبێری بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا زمانی یەکەمی چەند گرووپێکی بچووک پۆڵەندی، بەنگالی و تاگالۆگە. سەرەڕای ئەوەش ٩٩٫٤٣٪ـی کۆی دانیشتووان دەڵێن بە باشی بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن.

گەشەی دانیشتووانی شاری سالیسبێری

وەک شارە بچووکەکانی دیکەی ئینگلتەرا، سالیسبێری لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی خاوی بەخۆیەوە بینیوە. هیچ هۆکارێکیش بوونی نییە کە ئاماژە بە خێرابوونی گەشەی دانیشتووانی شارەکە و گۆڕانی ئەم ڕەوتە بکات، بۆیە لە ساڵانی داهاتوودا پێشبینی گەشەیەکی خاو و جێگیر دەکرێت.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شاری سالیسبێری ئۆقیانوسییە و کەشی شارەکە وەکوو زۆربەی شارەکانی شانشینی یەکگرتوو گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەدرێژایی ساڵ ڕێژەیەکی بەرچاو باران لە شارەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا بارانێکی زۆر دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە شارەکە ١٠٫٤ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ٧٦٥ مللیمەتر باران دەبارێت و تێکڕای ١٫٦٥٠ کاتژمێری تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

شاری سالیسبێری لە نیوەگۆی باکوورە، هاوین ئەم شارە لە کۆتایی مانگی حوزەیران دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوولدا کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب، ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرزترینە ٨٦٫٦٣٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی تەممووزدا نزمترینە ٧٣٫٥٣٪ـە.

وشکترین مانگی ساڵ مانگی ئازارە و بە تێکڕایی ٥١ مللیمەتر باران دەبارێت، مانگی تشرینی دووەم باراناویترین مانگی ساڵە و زۆربەی دابارینەکان لەم مانگەدایە و بە تێکڕایی ٧٩ مللیمەتر باران دەبارێت.

گەرمترین مانگی ساڵ مانگی تەممووزە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٦٫٩ پلەی سەدییە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ٢٠٠٦ـدا ٣٤٫٥ پلەی سەدی بوو. هەروەها ساردترین مانگی ساڵ مانگی شوباتە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ٤٫٩ پلەی سەدییە، نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٦٠ـدا ١٢٫٤- پلەی سەدی بوو.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی سالیسبێری مانگەکانی تەممووز و ئابە، چونکە کەشی شارەکە لەم کاتەدا خۆشە و تێکڕای پلەی گەرمی لە نێوان ٢٠ پلەی سەدی بۆ ٢٦ پلەی سەدیدایە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. كاتێدراڵی سالیسبێری

٢. خانووە نزیکەکانی كاتێدراڵەکە

٣. ناوەندی شار

٤. مۆزەخانەی سالیسبێری

٥. ستۆنهێنج

٦. ویڵتۆن هاوس

٧. فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هونەری سالیسبێری

٨. مۆزەخانەی ڕایفڵس بێرکشایەر و ویڵتشایەر


سەرچاوەکان



234 بینین