چۆن وابکەیت بەیانیان زوو لە خەو هەستیت؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-24-22:17:00 - کۆدی بابەت: 9995
چۆن وابکەیت بەیانیان زوو لە خەو هەستیت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن وابکەیت بەیانیان زوو لە خەو هەستیت (بە ئینگلیزی: How to wake up early in the morning، بە عەرەبی: كيفية الاستيقاظ مبكرًا في الصباح)، زوو هەستان لە خەو لە بەیانیاندا بۆ زۆربەی کەس ئەرکێکی قورسە. بەگشتی خەڵکی خەوی بەیانیانیان لەلا خۆشە و ئارەزووی زیاتر مانەوە لە جێگادا دەکەن. دەکرێت ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵت دابێت چیتر تەمبەڵی نەکەیت و ویستبێتت بۆ بەیانی زوو لە خەو هەستیت. بەڵام لەوانەیە سەرکەوتوو نەبووبێتیت، هەندێک کەس لە توانایاندا هەیە و تەنانەت دەتوانن پێش خۆرهەڵاتن هەستن، لە کاتێکدا لەوانەیە کۆمەڵێکی تر نەتوانن. زۆر کەس لە هەوڵی ئەوەدان و دەیانەوێت زوو لە خەو هەستن. بۆ ئەوەی بتوانیت کاتێکی زووتر هەستیت دەبێت سەرەتا بزانیت هۆکار چییە درەنگ خەبەرت دەبێتەوە و ناتوانیت زوو هەستیت. زوو هەستان لە خەو کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی کەسەکە دروست دەکات، توانای سەرنجدانی باشتر دەکات و وا دەکات لە تەواوی ڕۆژەکەدا وزەی هەبێت و کەمتر هەست بە ماندووێتی بکات.

هۆکارەکانی درەنگ هەستان لە خەو 

هۆکاری هەبوونی کێشە لە زوو هەستاندا بە تەنها پەیوەندی بە ئارەزووی کەسەکە بۆ خەو نییە، بەڵکوو دەکرێت بەهۆی شێوازی ژیان، بەکارهێنانی دەرمان یان نەخۆشییەکەوە بێت، یان دەکرێت بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانەوە بێت:

  1. هەبوونی کێشە لە کاتی خەودا، بۆ نموونە لەوانەیە کەسەکە لە کاتی خەودا قسەبکات یان بەدەم خەوەوە بڕوات.
  2. هەبوونی کێشەی هەناسەدان لە کاتی خەودا.
  3. کەمخەوی، دەکرێت کەسەکە بە زەحمەت خەوی لێ بکەوێت، یان خەوەکانی پچڕ پچڕ بێت واتە لە کاتی خەودا خەبەری بێتەوە. 
  4. دوودڵی و دڵەڕاوکێ، بە هەمان شێوە ئەم دوو هۆکارەش کاریگەرییان لەسەر خەوی کەسەکە هەیە. 
  5. خەمۆکی، یەکێک لە نیشانەکانی خەمۆکی بریتییە لەوەی کەسەکە لە ڕۆژدا بۆ ماوەیەکی زۆر دەخەوێت و بەیانیان کاتێکی زۆرتر لە جێگادا دەمێنێتەوە. 
  6. بەکارهێنانی دەرمان یەکێکی ترە لە هۆکارەکان، بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی بۆ ناڕێکی لێدانی دڵ و خاوکردنەوەی ماسولکەکان بەکاردەهێنرێن. 
  7. هەبوونی ئازاری درێژخایەن، ئەمە وا دەکات نەتوانی بەئاسانی بخەویت، لە ئەنجامدا درەنگ خەبەرت دەبێتەوە.

چۆن وابکەیت بەیانیان زوو لە خەو هەستیت؟

چەند ڕێگایەک هەیە یارمەتی کەسەکە دەدات خەوێکی باشتری هەبێت و لە هەمان کاتدا زووتر لە خەو هەستێت. ئەوانیش بریتتین لە:

زوو خەوتن 

ئەگەر دەتەوێت زوو لە خەو هەستیت ئەوا سەرەتا دەبێت خۆت ڕابێنیت لەسەر ئەوەی شەوانە زوو بخەویت و کاتەکە دیاریکراو بێت، واتە هەموو شەوێک لە هەمان کاتدا بخەویت. بزانە چەند کاتژمێر خەوت پێویستە، بە شێوەیەکی گشتی حەوت بۆ نۆ کاتژمێر لە خەو گونجاوە، لەگەڵ ئەوەشدا زوو بخەوە بۆ ئەوەی لەدوای هەستان لە خەو هەست بە ماندووێتی نەکەیت. هەوڵبدە ئەمە بکەیت بە خوو لە ژیانتا، خۆت ڕابێنە لەسەر ئەوەی لە ڕۆژە پشووەکانیشدا هەمان پلان جێبەجێ بکەیت، دواتر وردە وردە لەشت لەگەڵیدا ڕادێت. 

گرنگی بەو کاروبارانە بدە کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەیت 

زۆرجار ئەو چالاکی و کاروبارانەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەیت هۆکارن بۆ ئەوەی درەنگ لە خەو هەستیت. بۆ نموونە خواردنەوەی کافایینەکان وەک چا و قاوە، یان سەیرکردنی شاشەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی وەک مۆبایل، کۆمپیوتەر و تەلەڤزیۆن بۆ ماوەیەکی زۆر. بۆ باشترکردنی خەو و هەروەها زوو هەستان دەکرێت چەند تەکنیکێکی هێورکەرەوەی وەک خوێندنەوەی کتێب، یان خۆشۆردن ئەنجام بدەیت. هەوڵبدە دووربکەویتەوە لەو چالاکییانەی دەبنە هۆی تێکچوونی سوڕی خەو و کەمخەوی. بۆ نموونە:

  • سەیرکردنی شاشەی مۆبایل یان کۆمپیتەر.
  • خواردنەوەی کافایینەکان پێش خەوتن.
  • سەرخەو شکاندن یان بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە خەو بە ڕۆژ. 
  • خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان.

گرنگی بە خواردنی تەندروست بدە

پەیڕەوکردن و گرنگیدان بە سیستمێکی خواردنی تەندروست یارمەتی زیادبوونی وزە دەدات و هەروەها ڕۆڵی لە باشترکردنی پڕۆسەی خەودا هەیە. خواردنی ناتەندروست بەتایبەتی پێش خەوتن، کەسەکە تووشی تەمبەڵی دەکات و وا دەکات دووچاری لەشگرانی ببێتەوە. گرنگی بەو خواردنانە بدە کە وزە بە لەش دەبەخشن وەک میوە، سەوزە و هەروەها ئەو خۆراکانەی بە ڕێژەیەکی زۆر ئۆمێگا ٣ تێدایە. 

وەرزشکردن 

پشتڕاستکراوەتەوە وەرزشکردن دەبێتە هۆی باشترکردنی پڕۆسەی خەوتن و ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی کەمخەوی یان زیادخەوی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ. هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەیەک سەلمێنراوە، وزەی لەش زیاد دەکات بە ڕێگریکردن لە هەستکردن بە ماندووێتی یان لاوازیی. 

چوونە بەر تیشکی خۆر

ڕۆشنایی ڕۆژ یارمەتی ڕێکخستنی سوڕی خەو دەدات. چوونە بەر تیشکی خۆر لە بەیانیاندا، لایەنی دەروونی بەهێز دەکات و هەروەها وزەی کەسەکە زیاد دەکات. هەوڵبدە لە بەیانیاندا دوای هەستان لە خەو بچیتە بەر تیشکی خۆر، یان ئەگەر پیاسەیەکی کورت بکەیت ئەوا زۆر باشترە. 

دووربکەوە لە بەکارهێنانی مۆبایل پێش خەوتن 

هەوڵبدە ٣٠ خولەک پێش خەوتن مۆبایل یان هەر ئامێرێکی تر بەکارنەهێنیت، لێکۆڵینەوەیەک سەلماندووێتی ئەو ڕووناکییە شینەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان کاریگەری لەسەر میلاتۆنین هەیە، دەبێتە هۆی گۆڕینی ئاستی ئەم هۆڕمۆنە لە لەشدا، لە ئەنجامدا وا دەکات بە قورسی خەوت لێ بکەوێت.

مۆبایلەکەت بێ دەنگ بکە

پێش خەوتن موبایلەکەت بێ دەنگ بکە، دەکرێت بیستنی هاتنی نامە لە مۆبایلەکەتەوە خەبەرت بکاتەوە و ببێتە هۆی خەوزڕاندن، واتە سوڕی خەو تێک دەدات. 

پەردەکەت بە کراوەیی جێ بهێڵە 

ئەگەر پەنجەرە لە ژوورەکەدا هەیە، هەوڵبدە پێش خەوتن پەردەکەی بە کراوەیی جێ بهێڵیت، بەم شێوەیە لە بەیانیاندا هەست بە تیشکی ڕۆژەکە دەکەیت و یارمەتیدەر دەبێت لە هەستانت لە خەو. 

کاتژمێری ئاگادارکەرەوەکەت لە شوێنێکی دوور دابنێ

ئەگەر مۆبایلەکەت یان کاتژمێری کات ئاگادارکەرەوەکەت لە نزیک خۆت دابنێیت، ئەوا ئەگەری هەیە لە کاتی زەنگ لێداندا بیکوژێنیتەوە و بخەویتەوە. بەڵام ئەگەر لە شوێنێکی دوور لە خۆت دایبنێت ناچار دەبیت بە تەواوی هەستیت بۆ ئەوەی بێ دەنگی بکەیت، ئەم ڕێگایەش دەکرێت یارمەتیدەر بێت. 
جەستە بۆ گۆڕانکاری پێویستی بە کات و بەردەوامی هەیە، پێشبینی ئەوە مەکە لە یەکەم هەوڵەوە توانای ئەوەت هەبێت کاتژمێر پێنج لە خەو هەستیت. بە گۆڕانکاری بچووک دەست پێ بکە، بەڵام هەوڵبدە هەموو ڕۆژێک پێوەی پابەند بیت. بەم شێوەیە جەستە وردە وردە لەگەڵ گۆڕانکارییەکە ڕادێت و دەبێت بە بەشێک لە ژیانت.

ئەو نیشانانەی دەریدەخات خەوێکی ناڕێکت هەیە

بەتەنها درەنگ هەستان لە خەو دەریناخات کە خەوێکی باشت نییە بەڵکوو چەند نیشانەیەکی تریش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەسەکە بە بڕی پێویست ناخەوێت، وەکوو: 

  • باوێشکی زۆر و بەردەوام
  • زوو تووڕەبوون
  • بێ وزەیی
  • هەستکردن بە ماندووێتی
  • زیادبوونی ئارەزووی خواردن


سەرچاوەکان



758 بینین