تەنۆلکەی سەربەست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-25-22:08:00 - کۆدی بابەت: 10014
تەنۆلکەی سەربەست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەنۆلکەی سەربەست یان فری ڕادیکاڵ (بە ئینگلیزی: free radical، بە عەرەبی: الجذور الحرة) لە زانستی کیمیادا بریتییە لە گەرد، گەردیلە یان ئایۆنێک کە بە لایەنی کەمەوە یەک ئەلیکترۆنی هاوهێزی تاکی هەیە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم ئەلیکترۆنە تاکە وا لە تەنۆلکەکەی دەکات کە بەشێوەیەکی کیمیاییانە زۆر چالاک بێت. زۆربەی تەنۆلکەکان خۆڕسکانە تووشی دووپارچەبوون دەبن. هەروەها زۆربەی تەنۆلکە ئەندامییەکان ماوەی ژیانیان کورتە.
نموونەی تەنۆلکەی سەربەست بریتییە لە تەنۆلکەی هایدرۆکسیل (HO·)، کە گەردێکە یەک ئەلیکترۆنی تاکی لەسەر گەردیلەی ئۆکسجین هەیە.

مێژوو

تاکوو کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ وشەی تەنۆلکە (ڕادیکاڵ) لە زانستی کیمیادا بۆ دیاریکردنی هەر کۆمەڵە گەردیلەیەکی یەکگرتوو بەکاردەهات، وەک کۆمەڵەی مەسیل یان کاربۆکسیل، جیاوازی نەبوو ئەگەر ئەم کۆمەڵانە بەشێک بن لە گەردی گەورەتر یان هەر خۆیان بن. دواتر وشەی سەربەست بۆ جیاکردنەوەی ئەو کۆمەڵانە بەکارهات کە بەندیان دروست نەکردبوو و هەر خۆیان بوون، ئەم شێوازی ناونانە کۆنە و لەدوای بەرەو پێشچوونی زانست ئەم کۆمەڵانە پێیان دەوترا کۆمەڵەی کارا یان گۆڕاو، دەستەواژەی تەنۆلکەی سەربەست بۆ ئەم کۆمەڵانە تەنها لە کتێبە کۆنەکاندا ماوە.
لە دەقە پێشکەوتووەکاندا یەکەمین تەنۆلکەی ئەندامی (لە کاربۆن پێکهاتوو) کە ناسێنرا بریتی بوو لە تەنۆلکەی سیانە فینایڵ مەسیل (C6H5)3C•. ئەم ماددەیە لە ساڵی ١٩٠٠ لەلایەن مۆسێز گۆمبێرگ دۆزرایەوە.

تەنۆلکەی سەربەست چییە؟

تێگەیشتن لە دەستەواژەی تەنۆلکەی سەربەست پێویستی بە چەند زانیارییەکی بنچینەیی زانستی کیمیا هەیە. گەردەکان بە ئەلیکترۆن دەورە دراون کە خولگەیان بۆ گەردیلەکان لە چینێکدا دروست کردووە کە پێی دەوترێت بەرگی ئەلیکترۆنی. هەر بەرگێکی ئەلیکترۆنی پێویستە بە ژمارەیەک لە ئەلیکترۆن پڕ ببێتەوە. کاتێک بەرگێکی ئەلیکترۆنی پڕ دەبێت، ئەلیکترۆنەکان دەست دەکەن بە پڕکردنەوەی بەرگی دواتر.
کاتێک گەردیلەیەک بەرگێکی دەرەوەی هەیە کە پڕ نەبووە لە ئەلیکترۆن ئەوا دەکرێت لەگەڵ گەردیلەیەکی تردا بەند دروست بکات، ئەلیکترۆنەکانی بەکاربهێنێت تاکوو بەرگی دەرەوەی پڕ بکاتەوە. ئەم جۆرە گەردیلانە پێیان دەوترێت تەنۆلکەی سەربەست.
ئەو گەردیلانەی بەرگی دەرەوەیان پڕە لە ئەلیکترۆن جێگیرن، بەڵام تەنۆلکە سەربەستەکان ناجێگیرن و هەوڵ دەدەن چەند ئەلیکترۆنێک بەدەست بهێنن تاکوو بەرگی دەرەوەیان پڕ بکەنەوە، لەبەر ئەم هۆیەش بەخێرایی لەگەڵ ماددەی تردا کارلێک دەکەن.
کاتێک گەردی ئۆکسجین دابەش دەبێت بۆ دوو گەردیلەی ئۆکسجینی تاک کە ئەلیکترۆنی تاکیان تێدایە، ئەو کات ئەم دوو گەردیلەیە دەبن بە تەنۆلکەی سەربەستی ناجێگیر کە بەدوای گەردیلە یان گەردی تردا دەگەڕێت تاکوو بەندی لەگەڵ دروست بکات. ئەگەر ئەمە بەردەوام ڕوویدا ئەوا پڕۆسەیەک دەست پێدەکات کە پێی دەوترێت پەستانی ئۆکسێنەر (oxidative stress).
پەستانی ئۆکسێنەر دەتوانێت زیان بە خانەکانی لەش بگەیەنێت، ببێت بە ڕێخۆشکەر بۆ تووشبوون بە مەودایەک لە نەخۆشی و نیشانەی پیربوونی وەکوو چرچی ڕووخسار.

چۆن زیان بە لەش دەگەیەنن؟

بەپێی بیردۆزی تەنۆلکەی سەربەستی بە ساڵاچوون، کە لە ساڵی ١٩٥٦ دانرا، تەنۆلکە سەربەستەکان بەپێی تێپەڕبوونی کات خانەکانی لەش تێکدەشکێنن. بەپێی زیادبوونی تەمەن لەشی مرۆڤ توانای وەستانەوەی دژی کاریگەری تەنۆلکە سەربەستەکان لەدەست دەدات. لە ئەنجامدا تەنۆلکەی سەربەست زیاد دەکات، بەمەش پەستانی ئۆکسێنەر زیاد دەکات، لە ئەنجامدا خانەکان زیاتر زیانیان پێدەگات. کە ئەمەش دەبێتە هۆی پڕۆسەی تێکچوونی لەشی مرۆڤ و بەتەمەنداچوون.
چەندین توێژینەوە و بیردۆزی جیاواز پەستانی ئۆکسێنەری تەنۆلکەی سەربەستیان پەیوەستکردووە بە:

  • نەخۆشییەکانی ناوەندە کۆئەندامی دەمار، وەکوو نەخۆشی ئەلزەهایمەر و خەڵەفانەکانی تر.
  • نەخۆشییەکانی دڵەلوولەکۆئەندام بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانەوە.
  • ناڕێکییە دژەخۆیی و هەوکردنەکانی وەکو هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی و شێرپەنجە.
  • ئاوی سپیی چاو و کزبوونی بینایی بەهۆی تەمەنەوە.
  • دەرکەوتەکانی پەیوەست بە تەمەنەوە، وەکوو نەمانی توندی پێست، دروستبوونی چرچ و لۆچی، سپیبوونی قژ، هەڵوەرینی قژ و گۆڕان لە دەرکەوتەی قژدا.
  • نەخۆشیی شەکرە.
  • نەخۆشییەکانی وەکوو پارکینسن و هەنتینتۆن.

بیردۆزی تەنۆلکەی سەربەستی بەساڵاچوون نوێیە، بەڵام چەندین توێژینەوە پشتڕاستی دەکەنەوە. بۆ نموونە توێژینەوەکان لەسەر مشک دەری خستووە کە بە زیادبوونی تەمەنی مشکەکە تەنۆلکەی سەربەست بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. ئەم گۆڕانانە لەگەڵ کێشەکانی تەندروستی پەیوەست بە تەمەنەوە یەک دەگرنەوە.

بەپێی تێپەڕبوونی کات، توێژەران بەهۆی بیردۆزی تەنۆلکەی سەربەستەوە سەرنجیان خستەسەر مایتۆکۆندریا، کە ئەندامۆچکەی ناو خانەن و کاریان شیکردنەوەی پێکهاتە خۆراکییەکانە بۆ پێدانی توانا بە خانەکان. توێژینەوەکان لەسەر مشک پێشبینی ئەوەیان کرد کە تەنۆلکە سەربەستەکان لەناو مایتۆکۆندریادا بەرهەم دێن و زیان لە ئەو ماددانە دەدەن کە خانەکان پێویستیانە تاکوو بە ڕێکوپێکی کاربکەن. ئەم زیانە دەبێتە هۆی بازدان و بەرهەمهێنانی تەنۆلکەی سەربەستی زیاتر، ئەمەش پڕۆسەی زیانگەیاندن بە خانەکان زیاد دەکات.
ئەم بیردۆزە یارمەتی ڕوونکردنەوەی پڕۆسەی بەساڵاچوون دەدات، چونکە بەساڵاچوون بەپێی تێپەڕبوونی کات ڕوودەدات. واتە وردە وردە ڕوودەدات، بەڵام زیادبوونی کەڵەکەبوونی تەنۆلکە سەربەستەکان پێویستی ڕوونکردنەوەیەکی ترە، ئەویش ئەوەیە کە بۆچی تەنانەت ئەو کەسانەی کە لەشێکی ساغیشیان هەیە بەپێی تێپەڕبوونی کات نیشانەکانی بەساڵاچوونیان تێدا دەردەکەوێت.

هۆکارەکان

بیردۆزی تەنۆلکەی سەربەستی بەساڵاچوون و نەخۆشی دەکرێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی هەندێک کەس درەنگتر نیشانەکانی بەساڵاچوونیان تێدا دەردەکەوێت.
هەروەها تەنۆلکە سەربەستەکان بەشێوەیەکی سروشتی لە لەشدا بەرهەم دێن، شێوازەکانی ژیان دەتوانن هانی بەرهەمهێنانیان بدەن. وەک:

ئەم هۆکارانە پەیوەستکراون بە نەخۆشی وەکوو نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵەلوولەکۆئەندام. کەواتە پەستانی ئۆکسێنەر دەکرێت هۆکاری ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی ئەم ماددانە دەبنە هۆی نەخۆشی.

دژەئۆکسان و تەنۆلکەی سەربەست

دژەئۆکسانەکان ئەو گەردانەن کە ڕێگری لە ئۆکسانی گەردەکانی تر دەکەن، دژەئۆکسانەکان ماددەی کیمیایین کە کاریگەری تەنۆلکەی سەربەست کەم دەکەنەوە یان ڕێگری لێ دەکەن. ئەلیکترۆنێک دەدەن بە تەنۆلکە سەربەستەکان بەم شەوەیەش توانای کارلێککردنیان کەم دەکەنەوە. ئەوەی کە دژەئۆکسانەکانی کردووە بە ماددەی نموونەیی ئەوەیە کە دەتوانن ئەلیکترۆنێک ببەخشن بەبێ ئەوەی خۆیان ببن بە تەنۆلکەی سەربەستی کارلێککردوو. تەنها یەک دژەئۆکسان ناتوانێت دژی کاریگەری هەموو تەنۆلکە سەربەستەکان بوەستێت. هەروەک چۆن تەنۆلکە سەربەستەکان کاریگەری جیاواز دەخەنە سەر ناوچە جیاوازەکانی لەش، هەموو دژەئۆکسانێک بەهۆی تایبەتمەندییە کیمیاییەکانییەوە ڕەوشتی جیاوازی هەیە.
لە هەندێک بواردا هەندێک لە دژەئۆکسانەکان دەکرێت ببن بە ئۆکسێنی باش، کە ئەلیکترۆنی گەردەکانی تر دەبەن، بەم شێوەیەش ناجێگیری کیمیایی دروست دەکەن کە دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی پەستانی ئۆکسێنەر.

تەواوکەری خۆراکیی دژەئۆکسانەکان

زۆربەی توێژینەوەکام ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە دژەئۆکسانەکان پەیوەستە بە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری نەخۆشی وەکوو شێرپەنجە. بەداخەوە کە خواردنی تەواوکەری خۆراکیی دژەئۆکسانەکان هەمان ئەو کاریگەرییەی نابێت کە بە خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە دژەئۆکسانەکان دەست دەکەوێت.
بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە ڕێژەیەکی زیاتریان لە ئەو خواردنانە خواردووە کە دەوڵەمەندن بە بێتاکارۆتین و ڤیتامین E مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سی کەمترە. توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن و لە هەمان کاتدا دەیانەوێت لەڕێگەی تەواوکەری خۆراکیی بێتاکارۆتینەوە سوودی دژەئۆکسانەکانیان دەست بکەوێت، ئەوا مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجی سی زیاتر دەکات.


سەرچاوەکان

401 بینین