چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کات

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-29-21:14:00 - کۆدی بابەت: 10056
چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کات

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کات (بە ئینگلیزی: How to manage your time، بە عەرەبی: كيف تدير وقتك)، یەکێکە لە هونەرە بەنرخەکانی ژیان. ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو کاتەکانت ڕێک نەخەیت، ئەوا زوو یان درەنگ دووچاری گرفت دەبیتەوە. کات یەکێکە لە بەشە زۆر گرنگەکانی ژیان، پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو بەکاری بهێنیت و بەفیڕۆی نەدەیت. ئەگەر فێری ڕێکخستنی کات ببیت، ئەوا ژیانت بە شێوەیەکی ئەرێنی دەگۆڕێت. 

بەڕێوەبردنی کات چییە؟

بەڕێوەبردنی کات کۆکردنەوەی ئەرک و چالاکییەکانە بۆ بەرەوپێشبردنی هەوڵ و تێکۆشانەکان. ڕێکخستنی کات یارمەتی کەسەکە دەدات کارێکی باشتر و زیاتر لە کاتێکی کەمدا ئەنجام بدات. 

بۆچی بەڕێوەبردنی کات گرنگە؟

فێربوونی ڕێکخستنی کات کاریگەرییەکی ئەرێنی بەتایبەتی لەسەر ژیانی پیشەیی دروست دەکات. سوودەکانی ڕێکخستنی کات بریتییە لە:

  • زیاتر کۆنتڕۆڵی کارەکانت بۆ دەکرێت.
  • دووچاری فشار نابیت، واتە فشار کەم دەکاتەوە.
  • ژیانێکی بەرهەمدارترت دەبێت.

بە پێچەوانەوە، ئەگەر نەتوانیت کاتەکانت بە شێوەیەکی گونجاو ڕێک بخەیت، ئەوا دووچاری گرفت دەبیتەوە وەکوو:

  • ناهاوسەنگی ئیش
  • زیاتر هەستکردن بە ماندووێتی
  • زیاتر تووشی فشار دەبیتەوە
  • ئیشێکی کوالێتی لاوازت دەبێت
  • مۆڵەت لەبیرکردن

ئەگەر لە تواناتدا هەبێت کاتەکانت بە شێوەیەکی گونجاو و کاریگەر ڕێک بخەیت، ئەوا دەتوانیت بە ئاسانی ئەرکەکانی ڕۆژەکەت ئەنجام بدەیت. کاتێک شتەکان بەپێی ئەوە دەڕۆن کە پلانت بۆ داناوە، زیاتر هەست بە ئەرێنی بوون و دڵخۆشی دەکەیت و کەمتر دووچاری ماندووێتی و بێزاری دەبیتەوە. 

چۆن کاتەکانم ڕێک بخەم؟

دوای ئەوەی زانیت بۆچی ڕێکخستنی کات گرنگە، پێویستە چەند ڕێگایەک بۆ ڕێکخستنی کاتەکانت جێبەجێ بکەیت، تەکنیکەکانی ڕێکخستنی کات بریتیین لە:

زوو لە خەو هەستە و ڕۆژەکەت درێژتر بکەرەوە

هەموو کەس لە ڕۆژێکدا ٢٤ کاتژمێری لەبەردەستە، لەگەڵ ئەوەی ناتوانیت ئەم کاتە درێژتر بکەیتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانیت زووتر لە خەو هەستیت و وابکەیت ڕۆژەکەت درێژتر بێت. بە شێوەیەکی نموونەیی، لەشی مرۆڤ پێویستی بە شەش بۆ هەشت کاتژمێر لە خەو هەیە. لە سەرەتای دەسپێکردندا هەوڵبدە ١٥ خولەک زووتر لە چاو ڕۆژانی تردا هەستیت، دەتوانیت ئەم کاتە زیادەیە بۆ وەرزشکردن، خوێندنەوە یان هەر شتێکی تر بەکاربهێنیت، دواتر وردە وردە هەست بەو گۆڕانکارییانە دەکەیت کە لە ژیانتدا ڕوودەدات. لە کۆتایی ڕۆژەکەدا بیرت دەکەوێتەوە کە ئەرکێکی زۆرترت ئەنجامداوە بە بەراورد بەو ڕۆژانەی درەنگ لە خەو هەستاویت. 

بەتەنها ئاوات مەخوازە، بەڵکوو زیرەکانە ئامانجەکانت دیاری بکە

ئامانجەکانت زیرەکانە دیاریبکە، بۆ ئەوەی بە ئارەزووەکانت بگەیت، ئەگەر ئامانجەکانت بە لێهاتوویی دیاریبکەیت ئەوا ژیانێکی کاریگەر و ئەرێنیت دەبێت. هەوڵبدە ئامانجەکانت تایبەت و شیاوی جێبەجێبوون بن و هەروەها لە ڕاستییەوە نزیک بن. واتە شتێک مەکە بە ئامانج کە زۆر لە ڕاستییەوە دوور بێت و بەتەنها کاتت بەفیڕۆ بدات. 

هەوڵبدە لە بەیانیاندا ئەرکە گرنگ و پێویستەکان ئەنجام بدەیت

نووسەرێکی ئەمریکی بە ناوی (مارک توین) دەڵێت هەموو بەیانییەک بۆقێکی زیندوو بخۆ و هیچ شتێکی لەوە خراپتر لەماوەی ڕۆژەکەدا ڕوونادات. ئەم نووسەرە مەبەستی ئەوە نییە بەڕاستی ئەم کردارە ئەنجام بدەیت و بۆقێک بخۆیت، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە خواردنی بۆق سەختترین شتە پێویست بکات کەسێک ئەنجامی بدات، واتە مەبەستی ئەوەیە ئەرکە سەخت و قورسەکان لە بەیانیاندا ئەنجام بدە، واتە وا باشترە لە سەرەتای ڕۆژەکە ئەم ئەرکانە تەواو بکەیت. بەم شێوەیە ڕۆژەکەت کاریگەرتر دەبێت و دەتوانیت ئەرکەکانی تر بە ئاسانی جێبەجێ بکەیت. 

لەو شتانە دووربکەوە کە سەرقاڵت دەکەن

ئیمەیڵ و پەیوەندی تەلەفونی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکن لە گەورەترین و باوترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرقاڵکردنی مرۆڤ. بەهۆی ئەم هۆکارانەوە لەوانەیە ئەگەر ئەرکێک پێویستی بە ٦٠ خولەک بێت بۆ ئەنجامدانی تۆ بە سێ کاتژمێر تەواوی بکەیت. ئەگەر کاتەکانت بە گونجاوی ڕێک نەخەیت ئەوا تەواوی ڕۆژەکەت بەهۆی ئەمانەوە بەفیڕۆ دەچێت. کاتێک دەست دەکەیت بە ئەرکە گرنگەکانی ڕۆژەکەت هەوڵبدە مۆبایلەکەت بێدەنگ بکەیت، ئەم ڕێگایە زۆر یارمەتیدەر دەبێت و وا دەکات کاتێکی زۆرترت بۆ بگەڕێتەوە. 

گرنگی بە چۆنیەتی بدە نەک چەندێتی

سەرنجەکانت بخەرە سەر چۆنیەتی کارەکانت نەک چەندێتی، واتە چەند کارێکی جیاواز لە یەک کاتدا ئەنجام مەدە. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە، بە تەنها لە ٢% خەڵک دەتوانن چەند ئەرکێکی جیاواز لە هەمان کاتدا ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە لە ٩٨% خەڵک ناتوانن و تاقیکردنەوەی ئەم ڕێگایە بەتەنها بە فیڕۆدانی کاتە و سوودی لێ نابینن. لەجیاتی ئەوەی لە یەک کاتدا سەرنجت لەسەر سێ شتی جیاواز بێت، وا باشترە بەتەنها لەسەر یەک شت بێت و بەباشی ئەو ئەرکە تەواو بکەیت.

هەوڵبدە زوو زوو پشووی کورت وەربگریت

وەرگرتن و گرنگیدان بە پشوو یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ڕێکخستنی کاتەکانت بە گونجاوی. ئەنجامدانی ئەرکەکانت بەسەر یەکەوە و بەبێ پشوو ڕێگەیەکی زیرەکانە نییە، بەڵکوو وا باشترە و هەروەها گونجاوترە جارجار پشوویەک وەربگریت بۆ ئەوەی بە زوویی هەست بە ماندووێتی و بێزاری نەکەیت. 

گرنگی بەو شتانە بدە کە دەبنە هۆی بەردەوامیت و هانت دەدەن 

سەختە لەسەر ئەرکەکانت بەردەوام بیت ئەگەر شتێک نەبێت هانت بدات. هەوڵبدە سەیری ئەو ڤیدیۆیانە بکەیت کە باسی ڕێکخستنی کات دەکەن و وات لێ دەکەن بەردەوام بیت، یان دەتوانیت پیاسەیەکی کورت بکەیت. هەموو کەس ڕووبەڕووی ساردبوونەوە دەبێت، بەڵام گرنگە کاتێک دابنێیت و بزانیت ئەو شتانە چین وات لێ دەکەن بەردەوام بیت، دواتر ئەنجامیان بدە. 

بەلایەنی کەمەوە شەش بۆ هەشت کاتژمێر بخەوە

خەو دەکرێت کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر ژیانت دروست بکات. کاتێک بەلایەنی کەمەوە شەش بۆ هەشت کاتژمێر دەخەویت، نەک بەتەنها هەستێکی ئەرێنی و نوێبوونەوەت بۆ دروست دەبێت، بەڵکوو ژیانێکی تەندروستیشت دەبێت. بە پێچەوانەوە، کاتێک بەپێی پێویست ناخەویت، بێجگە لەوەی هەست بە ماندووێتی دەکەیت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشییەکانی شەکرە و قەڵەوی و کەمخەوی زیاد دەبێت. مێشک و جەستەی مرۆڤ بە باشتر ئیش دەکات، کاتێک بە تەواوەتی پشوو وەردەگرێت، لەئەنجامدا دەتوانیت بەخێرایی بڕیارەکانت بدەیت. بەرنامەی کاتەکانت دیاریبکە و پێوەی پابەند ببە، هەوڵبدە هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا هەستیت و بخەویت. 

ئەوەندە ئەنجام بدە کە لە تواناتدایە و زیادەڕەوی مەکە

هەرگیز هەوڵ مەدە شتێک ئەنجام بدەیت کە دەزانیت لە تواناتدا نییە و ناتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت. فشار لەسەر خۆت دروست مەکە، کارەکانت بە کەمی ئەنجام بدە، واتە وردە وردە پلانەکانت جێبەجێ بکە و هەوڵبدە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانت پەلە نەکەیت. 

شوێنی کاتەکانت بکەوە

بۆ ئەوەی بتوانیت کاتەکانت ڕێک بخەیت پێویستە بزانیت چۆن کاتەکانت لەسەر ئیش بەسەر دەبەیت. ئەو کەسانەی شوێنی کاتەکانیان دەکەون، واتە دەزانن کاتەکانیان بە چییەوە بەسەر دەبەن، سەرنجیان زیاترە و هەروەها ژیانێکی ڕێکخراوتریان هەیە. ئەم کەسانە نەک بە تەنها سەرنج دەکەنە سەر ئەو شتانەی کاتەکانیان تێدا بەسەر دەبەن، بەڵکوو گرنگیش دەدەن بە ژمارەی ئەو چالاکی و ئەرکانەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەن.


سەرچاوەکان

1416 بینین