چۆن قوماش دروست دەکرێت؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-29-22:34:00 - کۆدی بابەت: 10062
چۆن قوماش دروست دەکرێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن قوماش دروست دەکرێت (بە ئینگلیزی: How is fabric made، بە عەرەبی: كيف يصنع القماش)، هەموو جۆرەکانی قوماش ڕۆڵی خۆیان هەیە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا، هەر لە یەکەم چرکەی هاتنە ناو ژیانەوە تاکوو ناو گۆڕ مرۆڤ بەبەردەوامی قوماش بەکاردەهێنێت. قوماش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دەرکەوتنی مرۆڤ و تەنانەت هەستکردنیشیدا، دەکرێت دەست لێدان یان بۆن یان بینینی قوماشێک هەستێکی جیاواز بە مرۆڤ بدات، لە دنیای فاشن و دیزایندا پێکەوە ڕێکخستنی قوماشەکان واتا و داهێنان و تایبەتمەندی خۆیان هەیە. مرۆڤ ستایل و ڕەنگ و دەرکەوتەی جیاوازی قوماشەکان بۆ دەربڕینی باری دەروونی و سەرنج و کەسایەتی خۆی بەکاردەهێنێت. لەسەروو هەموویەوە قوماش خزمەتێکی کرداری دەکات، مرۆڤ لە سەرما و گەرما، باران و تیشکی خۆر دەپارێزێت. چونکە قوماش ئەم ڕۆڵە گرنگانەی هەیە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، زانینی چۆنیەتی دروستبوونی پرسیاری زۆربەی کەسەکانە.

ماددەی خاو بۆ دروستکردنی قوماش

ئەو ماددە خاوانەی بۆ دروستکردنی قوماش بەکاردێن دەکرێت بۆ سێ بەشی سەرەکی دابەش بکرێن: ئەوانەی کە لە سەرچاوەی سروشتی ڕووەکەوە دەست دەکەون، ئەوانەی کە لە سەرچاوەی سروشتی ئاژەڵەوە دەست دەکەون و ئەوانەی کە دەستکردی مرۆڤن.
بۆ ئەوەی لە شێوازی دروستکردنی قوماش تێبگەیت، پێویستە سەرەتا بزانیت کە ئەم ماددانە چۆن دروێنە دەکرێن یان دروست دەکرێن، هەروەها دەبێت پێش ئەوەی بنێردرێن بۆ دروستکردنی قوماش دەبێت چیان لێ بکرێت.

  • لۆکە: ئەم ماددەیە لە ڕووەکی لۆکەوە دەست دەکەوێت و بە ئامێر دروێنە دەکرێت، پاشان دەنێردرێت بۆ کارگەی بە پڕۆسەکردنی لۆکە. کە لەوێ بە زنجیرەیەک باگردێندا تێپەڕ دەکرێت، لە ئەنجامدا تۆوەکانی لێ لادەبرێت، پاک دەکرێتەوە لە تۆز و پێکهاتەی نەخوازراو، هەروەها دەکرێت بە گورزە.
  • کەتان: ڕووەکی کەتان (گوش) بەکاردێت بۆ دروستکردنی قوماشی کەتان. ئەم ڕووەکە بە دەست لە زەوی هەڵدەکێشرێت، تەخت دەکرێت تاکوو تۆوەکەی لێ لاببرێت، هەروەها شانە دەکرێت تاکوو ڕیشاڵەکانی لێ جیابکرێتەوە و ئامادە بێت بۆ بەرهەمهێنانی قوماش.
  • ئاوریشم: ئەم ماددەیە بە دروێنەکردنی قۆزاخەی کرمی ئاوریشم دروست دەکرێت، کە پاشان بە چینێکی تەنکی توڵی ئاوریشمی نەرم دەکرێت و دواتر وەک تاڵێک دەردەهێنرێت. ئەم تاڵە پێش ئەوەی بخرێتە قۆناغی دواتری بەرهەمهێنانەوە، لەگەڵ چەندین تاڵی تردا تێکهەڵدەکێشرێن، چونکە یەک تاڵ لە ئاوریشم زۆر تەنکە و ناتوانرێت بەتەنها کاری لەسەر بکرێت.
  • خوری: خوری بەرخ کورت دەکرێتەوە، پاشان دەشۆردرێت و شانە دەکرێت، یان ڕێکدەخرێت بۆ شێوەیەک کە بە ئاسانتر بکرێت بە قوماش. دەتوانرێت بە دەست یان بە ئامێر ئەنجام بدرێت.
  • ئاوریشمی دەستکرد (ڕایۆن): ئەم جۆرەی قوماش لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ دۆزراوەتەوە، ئەم ماددەیە جێگرەوەیەکی بەناوبانگی ئاوریشمە. بۆ دروستکردنی بە ئامێری تەونڕێس (spinneret) هێز دەخرێتە سەر سلیلۆز. ئەم ئامێرە وەکوو ڕەشاشێک وایە، کە سلیلۆزی شل دەکات بە توڵی ڕەق. سلیلۆز شەکرێکی پۆلیمەری سادەیە کە لە ڕووەکەوە دەست دەکەوێت.
  • نایلۆن: لە ڕاستیدا دەکرێت بە نایلۆن بوترێت یەکەمین ڕیشاڵی دەستکردی مرۆڤ. لە کاتێکدا کە بەهەمان ڕێگای دروستکردنی ڕایۆن دروست دەکرێت، بەڵام پێکهاتەکانی ناو نایلۆن لە سەرچاوەی رووەکییەوە دەست ناکەون. نایلۆن لە بەرهەمە زیادەکانی خەڵووز و پێتڕۆلیەمەوە لەگەڵ ئاو و هەوا دروست دەکرێت.
  • فرەئەستەر (پۆلی ئەستەر): ئەم ماددەیە بەهۆی بەهێزی و هەمەکارەییەکەییەوە لە پێش ئاوریشمی دەستکرد و نایلۆنەوەیە. لە کاتێکدا کە ئەمیش بە هێز خستنە سەر ماددە کیمیاییە سەرەتاییەکان لەڕێگەی ئامێری تەونڕێسەوە دروست دەکرێت، ئەو ماددانەی بۆ دروستکردنی فرەئەستەر بەکاردێن لە کحولەوە سەرچاوەیان گرتووە.

ڕستن و چنین

بەشی دووەم لە دروستکردنی قوماش بریتییە لە چنینی، کە لە کۆندا بە دەست ئەنجام دراوە. لە وەبەرهێنانە گەورەکانی قوماشدا، ئامێری چنین کارەباییە و پێویستی بە هەمان ئەو کارامەییە نییە کە چنین بە دەست پێویستییەتی، هەرکە ڕیشاڵەکان کران بە تاڵ کرداری چنین دەست پێدەکات. پڕۆسەی چنین بە ئامێر لەڕێگەی کۆمپیوتەرەوە چاودێری دەکرێت.

قۆناغی کرێمی

قۆناغی کۆتایی لە بەرهەمهێنانی قوماش بریتییە لە قۆناغی کرێمی، کە ئەم ناوەشی لەوەوە هاتووە کە قوماشی تازە دروستکراو ڕەنگێکی کرێمی چڵکنی هەیە و دەرکەوتەیەکی چرچی هەیە (وەک جلەکانت بە ئوتوو نەکراوی). ماددەی نەخوازراو و تەپوتۆز و دەنکۆڵە لە پێکهاتەکەیدا هەیە. پێش ئەوەی بگۆڕدرێت بۆ قوماشێکی بەسوود، دەبێت لەم پیسیانە پاک بکرێتەوە. سەرەتا ماددەی سپیکەرەوەی بۆ بەکاردەهنێرێت تاکوو ڕەنگەکەی ڕوون ببێتەوە. دواتر چەندین ماددەی کیمیایی و پاککەرەوەی بۆ بەکاردەهێنرێت تاکوو ڕۆن و مۆم و توخمە سروشتییەکانی تر لاببرێن، کە ئەم پێکهاتانە بەهۆی بوونیان لە ڕیشاڵە پێکهێنەرەکەیدا (ئەو ڕیشاڵەی سەرچاوەی دروستکردنی قوماشەکەیە) لە قوماشەکەدا ماونەتەوە.

لە کۆتاییدا قوماشەکە ئامادەیە بۆ ڕەنگکردن و بەکارهێنان.

ڕەنگکردن

هەرکە قوماشێک دروستکرا، دەتوانرێت بە ڕەنگی جیاواز ڕەنگ بکرێت. یەکەم هەنگاوی ڕەنگکردنی قوماش تێپەڕکردنییەتی بە ئامێرێکدا کە پێی دەوترێت (Mercerizer). ئەم ئامێرە گیراوەیەکی کیمیایی تێدایە، وەک سۆدە، کە بە نزیکەیی لە پلەی گەرمی نزمدا دەپارێزرێت، ئەم ئامێرە دەبێتە هۆی ئەوەی کە قەبارەی کونیلەکانی تاڵی قوماشەکان زیاد بکات، ئەمەش وایان لێدەکات کە لە کاتی پڕۆسەی ڕەنگکردندا بە ئاسانتر ڕەنگەکە وەربگرن، بەبێ تێپەڕکردنی قوماش بە ئەم ئامێرەدا ڕەنگە ڕووناک و تۆخەکانی قوماش دەست ناکەون.
دواتر قوماشەکە دەشۆردرێت و کاتێک هێشتا تەڕە، بە چوارچێوەیەکی کانزادا کێشی دەهێنرێت و با توندی ڕادەکێشرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نێوانی بەشە چنراوەکانیش ڕێگە بە ڕەنگەکە بدەن و قوماشەکە زیاتر ڕەنگەکا وەربگرێت.

قوماش بە چی ڕەنگ دەکرێت؟

بەدرێژایی مێژوو، بۆیەی ڕەنگی قوماش لە سەرچاوەی جیاوازی پڕۆتینی و ڕووەکییەوە دەست دەکەوت، تووی هاڕدراو یان تۆو یان ڕووەکی تر کە بەناوبانگ بوون بۆ ڕەنگکردنی قوماش بەکاردەهاتن. لە ساڵی ١٨٥٦ (ویلیام هێنری پێرکن) زانایەک بوو کە بۆ چارەسەری مەلاریا دەگەڕا، توانی یەکەمین بۆیەی دەستکردی قوماش بەرهەم بهێنێت، کە بە ئەنیلین ناسراوە (aniline)، ئەم دۆزینەوەیەی ویلیام بووە هۆی بەرپاکردنی شۆڕش لە پرۆسەی ڕەنگکردنی قوماشدا، هەروەها ڕێڕەوێک بوو بۆ دروستبوونی ڕەنگی جیاواز و کاریگەرتر. 
لە سەردەمی پێشکەوتوودا، بۆیە چالاکەکان باوترینن، کە لە تاقیگەدا لەڕێگەی ئاوێتە کیمیاییە جیاوازەکانەوە دروست دەکرێن، کاتێک ئەم بۆیانە دەدرێن لە قوماشی تەڕ، ئەم بۆیەیە کارلێک لەگەڵ زۆرترین گەردەکانی ناو ڕیشاڵی قوماشەکەدا دەکات، بەندێکی زۆر بەهێز دروست دەکەن کە ڕەنگی قوماشەکە لە ئاستی گەردیدا دەپارێزێت.


سەرچاوەکان



880 بینین