کۆشکی کۆماری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-30-08:49:00 - کۆدی بابەت: 10073
کۆشکی کۆماری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆشکی کۆماری لە بەغداد (بە عەرەبی: قصر الجمهوري، بە ئینگلیزی: Republican Palace)، ناوەندێکی سەرەکییە بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆک و وەفدی وڵاتانی تر و سەرۆک کۆمارەکانی عێراق تێیدا نیشتەجێ بوونە. کۆشکەکە دەکەوێتە ناوچەی سەوز لە بەغداد، لەسەر ڕۆخی ڕووباری دیجلە لە بەشی باشووری ناوچەی کەرخ. لە ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە ناوچەکە کرایە ناوەندی ناوچەی سەوز لە بەغداد و لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکییەکان بوو.

مێژووی کۆشکی کۆماری

مێژووی بنیاتنانی کۆشکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق و بە دیاریکراوی سەردەمی شا فەیسەڵی دووەم، ئەم کۆشکە بنیاتنرا و لەدوای کۆشکی زهور و ڕیحاب بووە سێیەم کۆشکی سەرەکی لە عێراق، کۆشکەکە ئامادە کرا بۆ شا فەیسەڵی دووەم و بڕیاردرابوو کە دوای هاوسەرگیری شا لەگەڵ هاوسەرەکەی لەو کۆشکە نیشتەجێ بن. بەڵام ڕووداوەکانی کودەتای ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ و کوژرانی شا فەیسەڵی دووەم و ماڵباتی پاشا و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی ڕێگر بوون لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.

دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی کۆماری لە عێراق بە ڕابەرایەتی عەبدولکەریم قاسم ناوی کۆشکەکە گۆڕدرا بۆ کۆشکی کۆماری. بەڵام عەبدولکەریم قاسم وەکوو یەکەمین سەرۆکی کۆماری لە عێراق کۆشکەکەی بەکارنەهێنا و ئەو هەر لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە وەزارەتی بەرگری نیشتەجێ بوو، تەنانەت بەپێی سەرچاوەکان عەبدولکەریم قاسم ئەو کۆشکەی نەبینیوە و هەرگیز سەردانیشی نەکردووە.

دووەم سەرکۆماری عێراق کە عەبدولسەلام عارف بوو یەکەم سەرۆک بوو لە عێراق کۆشکەکەی بەکارهێنا و کردی بە ناوەندی ڕاییکردنی کارەکانی وڵات و نیشتەجێی ئەو کۆشکە بوو. دوای کۆچی دوایی عەبدولسەلام عارف بە ڕووداوی کەوتنی فڕۆکەکەی، دەسەڵاتی سەرۆکایەتی عێراق گوازرایەوە بۆ عەبدولڕەحمان عارفی برای عەبدوسەلام عارف، ئەویش وەکوو دووەم سەرۆک کۆشکەکەی کردە ناوەندی دەسەڵاتەکەی و هەر لەو کۆشکە ژیاوە. لە ساڵی ١٩٦٨ بەعسییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو کۆشکە و کودەتایا ڕاگەیاند و عەبدولڕەحمان عارفیان لە دەسەڵات دوورخستەوە و دەسەڵاتی وڵاتیان گرتە دەست.

ئەحمەد حەسەن بەکر دەسەڵاتداری بەعسییەکان سێیەم سەرۆک کۆمار بوو کۆشکی کۆماری بەکارهێنا و لەو کۆشکە نیشتەجێ بوو. لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن، جیاواز لە سەرۆکەکانی پێشوو ئەو لەو کۆشکە نیشتەجێ نەبوو، بەڵکوو تەنها بۆ پێشوازیکردنی لە میوان و کەسایەتییە دیارەکانی وڵاتانی تر بەکاریدەهێنا، هاوکات ناوەکەی لە سەردەمی سەدام کرا بە کۆشکی کۆماریی سەدام حسێن.

لە ماوەی ساڵانی نێوان ١٩٩١ تاکوو ٢٠٠٣ کۆشکەکە چەند جارێک بەر هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بووەوە و زیانی بەرکەوتووە. لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای داگیرکردنی عێراق و کەوتنی شاری بەغداد لەلایەن ئەمریکاوە، کۆشکەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکییەکان و بووە ناوەندی باڵوێزخانەی هەردوو وڵاتی بەریتانیا و ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆشکەکە درایەوە بە سوپای عێراقی. لە ساڵی ٢٠٢٢ بەهۆی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی عێراق لایەنگرانی ڕەوتی سەدڕ هێرشیان کردە سەر کۆشکەکە و پشێوییان تێیدا دروستکرد.


سەرچاوەکان



384 بینین