ئەسپێی کۆئەندامی زاوزێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-09-01-18:36:00 - کۆدی بابەت: 10102
ئەسپێی کۆئەندامی زاوزێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەسپێی ناوگەڵ یاخود ئەسپێی کۆئەندامی زاوزێ (بە ئینگلیزی: Pthirus pubis، بە عەرەبی: فيروس العانة یان قمل العانة) جۆرە ئەسپێیەکە کە تووشی ناوگەڵی پیاوان و خانمان دەبێت. زیاتر بە ئەسپێی قرژاڵی (بە ئینگلیزی: Crab loues) ناسراوە. کۆمەڵێک ئەسپێی وردن کە جیاوازە لە ئەسپێی سەر و ئەسپێی ناو قژ و ئەوانە نین کە تووشی قژ و سەر دەبن. یەکێکی ترە لە نەخۆشییە سێکسیە گوازراوەکان (STD)، ئەم ئەسپێیانە درێژییەکەیان ١.٦ میلیمەتر دەبێت. جەستەی ئەسپێکان هاوشێوەی قرژاڵی بچووکە هەر بۆیە بە ئەسپێی قرژاڵیش بەناوبانگە.
ئەم ئەسپێیە خوێنی مرۆڤ دەمژێت، دەبێتە هۆی خورانی زۆر. بەگشتی لەسەر مووەکانی ناوگەڵ دەژین و لەڕێگەی پەیوەندی سێکسی و دەست لێدانەوە دەگوازرێتەوە. 
ساڵانە ملیۆنان کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و نەخۆشییەکی زۆر باوە. بەڵام مەترسیدار نییە. 

تووشبوون بە ئەسپێی قرژاڵی

ئەسپێ پێگەیشتووەکان هێلکەکانیان لەسەر ساقی مووەکە دادەنێن، واتە لە نریک پێستەوە. بەم هێلکانە دەوترێت (nits)، حەوت بۆ ١٠ ڕۆژ دوای دانانی هێلکەکان، هێلکەکان پێ دەگەن و دەلکێن بە پێستەوە و دەست دەکەن بە مژینی  خوێن. ئەسپێکان بەبێ هەبوونی خۆراک دەتوانن ڕۆژێک بۆ دوو ڕۆژ زیندوو بمێننەوە.
ئەگەرێکی کەمی هەیە کە ئەم ئەسپێیانە بگوازرێنەوە، بۆ برۆ، برژانگ، ڕیش و سمێڵ، مووەکانی ژێر باڵ و سەر سنگ. 
منداڵەکان دەکرێت لە دایک و باوکیانەوە بۆیان بگوازرێتەوە، یاخود ئەگەر لە منداڵەکەدا بەدی کرا دەکرێت نیشانە بێت بۆ ئەوەی کەسێک دەستدرێژی سێکسی کردبێتە سەر، یاخود جلوبەرگ و جێگای ئەو کەسەی بەکارهێنابێت. ئەم ئەسپێیانە لە منداڵاندا لەناو برژانگیان دەردەکەوێت.

نیشانەکان

ئەو کەسانەی تووشی ئەم ئەسپێیە دەبن بەگشتی نزیکەی پێنج ڕۆژ دوای تووشبوونیان. دووچاری خورانێکی زۆر لە ئەندامی زاوزێ و کۆمیان دەبنەوە. ئەم خورانە لە شەودا زیاتر دەبێت، جیا لە خوران چەند نیشانەیەکی تریشی هەیە وەک:

  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەڵام به ڕێژەیەکی کەم.
  • هەبوونی ئەسپێ لەسەر مووەکان، کە وەک قرژاڵ بە تۆپەڵ و لە نزیک یەکتریدا وەستاون، ئەم ئەسپێیانە ڕەنگیان سپی یان خۆڵەمێشییە، بەڵام کاتێک پڕ دەبن لە خوێن ڕەنگیان دەگۆڕدرێت بۆ ڕەش
  • کەمبوونەوەی وزە و چالاکی.
  • هەستیاربوون بە دەستلێدان.
    خورانێکی زۆر کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی برین و هەوکردن

ڕێگاکانی گواستنەوە

  • لەڕێگەی جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوودا دەگوازرێتەوە.
  • هەروەها دەستدان لە ناوچەی زاوزێی کەسی تووشبوو.
  • لەبەرکردنی جلووبەرگی ئەو کەسە یاخود بەکارهێنانی شوێنی نووستنەکەی.

دەستنیشانکردن

کەسەکە ئەگەر خۆی سەیری ناوچەی زاوزێی بکات بە وردی، دەتوانێت ئەسپێکان ببینێت. ئەگەریش بەباشی ناتوانێت بیبینێت واباشە وردبین بەکاربهێنێت. پاش ئەوە سەردانی پزیشک بکە بۆ چارەسەری پێویست.

چارەسەر

ئەگەر ئەسپێکان ڕێژەکەیان کەم بێت، تەنها بە لابردنی مووی ئەو ناوچانە، هەروەها پاکڕاگرتنی و وشکڕاگرتنی دەتوانرێت ئەسپێکان لەناو ببرێن. کاتێک دەبینیت هەندێک لە ئەسپێکان بە هیچ لاناچن و بە توندی نووساون بە مووەکەوە. واباشە موکێش یان هەر ئامێرێکی تر بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی لێیان بکەیتەوە. ئەگەر تەنها بەم ڕێگایە ئەسپێکان لانەچوون پێویستە دەرمانی تایبەتیان بۆ بەکاربهێنرێت. شامپۆ و سابوونی ئاسایی ناتوانن ئەم ئەسپێیانە لەناوببەن. ئەگەر هاتوو ئەسپێکان لەناونەچوون ئەوا پێویستیان بە چارەسەری بەهێزتر هەیە:

  • مالاسیۆن (Malathion): شامپۆیەکی دژەئەسپێیە، کە دەبێت بۆ ماوەی هەشت بۆ دە کاتژمێر بەو ناوچەوە بمێنێتەوە. 
  • ئیڤەرمێکتین (ivermectin): حەپێکە پێویستە بۆ ماوەی دە ڕۆژ بخورێت، لەوانەیە پێویست بکات دوای ئەو ماوەیە دووبارە بخورێتەوە لە ئەگەری چاکنەبوونی نەخۆشەکەدا.
  • لیندان (Lindane): بەهێزترین و بکوژترین شامپۆیە بۆ کوشتنی ئەسپێکانی ناوگەڵ. تەنها چوار خولەک پێویستە لەسەر ناوچەی زاوزێت دایبنێیت. دەبێت وریا بیت ئەگەر شیر دەدەیت یاخود دووگیانیت، نابێت ئەم بەرهەمە بەکاربهێنیت.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

ئەو کەسانەی کە تووشبووی نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکانی ترن، ئەگەری تووشبوونیان بە ئەسپێی کۆئەندامی زاوزێش زیاترە، هەروەها چەند لێکەوتەیەکی خراپی هەیە کە ئەمانەن:

  • گۆڕانی ڕەنگی پێست: لەوانەیە پەڵەی شینباو لەو ناوچانەی پێستدا دەربکەوێت، کە ئەسپێکان بەبەردەوامی خوێنی لێ دەمژن و بەمەش پێست ڕەنگی دەگۆڕێت.
  • هەوکردن: کاتێک ئەو ناوچانە زۆر دەخورێت و کەسەکەش دەیخورێنێت، دەبێتە هۆی برین و هەوکردن.
  • سووتانەوەی چاو: ئەو منداڵانەی کە لەسەر برژانگیان ئەسپێ هەیە، ئەگەری زۆرە تووشی ئاوسان و هەوکردن و سووتانەوەی چاو ببن. 

ڕێگریکردن

  • پێویستە دووربکەویتەوە لە جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو بەم نەخۆشیەدا. 
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی جلوبەرگ و خاولی، جێگای نووستنی کەسی تووشبوو.
  • دوای خۆشۆردنی کەسی تووشبوو پێویستە گەرماوەکە زۆر بەباشی بشوات، بە ماددەی پاککەرەوە. هەروەها جلەکانی بشوات و بیکوڵێنێت.
  • دوورکەوتنەوە لە جووتبوونی ناشەرعی.


سەرچاوەکان



656 بینین