پڕۆتینی بێنس جۆنز

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-04-21:01:00 - کۆدی بابەت: 10150
پڕۆتینی بێنس جۆنز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پڕۆتینی بێنس جۆنز (بە ئینگلیزی: bence jones protein، بە عەرەبی: بروتين بنس جونز) پڕۆتینێکە لەلایەن پلازما خانەکانەوە بەرهەم دێت و بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شێرپەنجەی پلازما خانەکان بەکاردێت. کاتێک کە سیستمی بەرگری بەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و هەندێک نەخۆشی دەگمەن تووشی تێکچوون دەبێت، لەش لە دروستکردنی دژەتەنەکان دەوەستێت لە جیاتی دروستکردنی دژەتەنەکان بۆ پارێزگاریکردنی لەش دژی نەخۆشیییەکان دەست دەکات بە دروستکردنی دژەتەنی مۆنۆکلۆنەڵ کە تەنها یەک جۆرن و ناتوانن پارێزگاری لە لەش دژی نەخۆشیییەکان بکەن. پڕۆتینەکانی بێنس جۆنز لە جۆری دژەتەنی مۆنۆکلۆنەڵن، ئەم پڕۆتینانە قەبارەیان بچووکە و بە شێوەیەکی ئاسایی لە میزدا دەرناکەون، بەڵام کاتێک بڕەکەیان لە خوێندا زیاد دەکات، لە گورچیلەکانەوە دەپاڵێورێن و لە میزدا دەردەکەون، پاڵاوتنی ئەم پڕۆتینانە لە گورچیلەکانەوە بۆ ناو میز زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنن و دەبنە هۆی هەوکردن و داخستنی خانەکانی گورچیلە.

مێژووی دۆزینەوەی پڕۆتینەکە

ئەم پڕۆتینە بۆ یەکەمجار لە نەخۆشێکدا کە بەردەوام ئازاری پشت و سنگی هەبوو لە نەخۆشخانەیەکی لەندەن لەژێر چاودێری دکتۆر واتسۆن و ماکینتایەر تێبینی کرا لە ساڵی ١٨٤٥ دکتۆر هێنری بێنس جۆنز تێبینی کرد لە میزی ئەو نەخۆشانەدا ماددەیەک هەیە، بەڵام پڕۆتینی بێنس جۆنز بەتەواوی لە ساڵی ١٨٨٠ ناونرا.

هۆکاری دەرکەوتنی پڕۆتینی بێنس جۆنز لە میزدا

هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی پڕۆتینی بێنس جۆنز لە میزدا بریتییە لە جۆرێک لە شێرپەنجە کە پێی دەوتریت فرەوەرەمی مۆخ (multiple myeloma) ئەم شێرپەنجەیە کار لە خانەکانی خوێن دەکات و لوو لە ئێسکەکاندا دروست دەکات ئەمەش دەبێتە هۆی تێکشکاندنی دژەتەنەکانی لەش و بەرزبوونەوەی ڕێژەی پڕۆتینی بێنس جۆنز. ٤٠% بۆ ٨٠٪ ئەو کەسانەی کە فرەوەرەمی مۆخیان هەیە پڕۆتینی بێنس جۆنز لە میزیاندا هەیە.

 ئەم هۆکارانەش دەبنە هۆی دەرکەوتنی پڕۆتینی بێنس جۆنز لە میزدا بەڵام کەمتر باون:

  • ئەمایلۆیدۆسیس - Amyloidosis: دروستبوونی بڕێکی نائاسایی پڕۆتین لەناو شانەکانی لەشدا.
  • شێرپەنجەی لیمفە کۆئەندام lymphoma: جۆرێکی شێرپەنجەی لیمفە کۆئەندامە کە کار لە  لیمفە کۆئەندام دەکات.

نیشانەکان

  • ئازاری ئێسکەکان
  • هەستکردن بە گێژی و سەرلێشێوان
  • لاوازی و هەڵئاوساوی لە قاچەکان
  • کێشەی سیستمی دەماری
  • هەوکردنێکی زۆر
  • بەرزی ڕێژەی کالسیۆم لە خوێندا
  • نزمی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکان و خڕۆکە سپییەکان لە خوێندا.
  • نزمی ڕێژەی پەڕەکانی خوێن

 دەستنیشانکردن

بۆ دیاریکردنی بەرزی ڕێژەی بێنس جۆنز پڕۆتین پشکنینی بێنس جۆنز پڕۆتین ئەنجام دەدرێت.

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکینەکە:

  1. سەرەتا بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە نموونەی میز لە نەخۆشەکە  وەردەگیرێت.
  2. نموونەی میز سەنتەرفیوج دەکرێت.
  3. بڕی ١ ملیللیتر لە میز لەگەڵ ٢ ملیللیتر ماددەی گلاشیەڵ ئەسیتیک ئەسید (glacial acetic acid) لە تیوبێکدا تێکەڵ دەکرێت.
  4. ماددەکە کە تێکەڵ کراوە لە تیوبەکەدا بۆ ماوەی ١٠ خولەک دادەنرێت.
  5. لەدوای ١٠ خولەک سەیری ئەنجامەکە دەکرێت، ئەگەر بەشی سەرەوەی تیوبەکە سپی بوو ئەو کاتە واتای بوونی بێنس جۆنز پڕۆتین لە میزدا دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر بەشی سەرەوەی  تیوبەکە سپی نەبوو واتا پڕۆتینی بێنس جۆنز لە میزدا نییە.


سەرچاوەکان



559 بینین