گلوتین

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-14-20:29:00 - کۆدی بابەت: 10250
گلوتین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

گلوتین (بە ئینگلیزی: Gluten، بە عەرەبی: کلویتن یان الغلوتين)، ناوێکی گشتییە بۆ ئەو جۆرە پڕۆتینە بەکاردەهێنرێت کە لە گەنم و جۆدا هەیە. گلوتین بابەتێکە مشتومڕێکی زۆری لەسەر دەکرێت و چەندین بۆچوونی جیاوازی لەسەر هەیە. زۆربەی سەرچاوەکان دەڵێن هەموو کەسێک دەتوانێت ئەو خواردنانە بخوات کە ئەم پڕۆتینەی تێدایە، بێجگە لەو کەسانەی نەخۆشی گەنمیان (celiac disease) هەیە. بە پێچەوانەوە هەندێک سەرچاوەی تر دەڵێن ئەم پڕۆتینە بۆ زۆربەی زۆری خەڵک زیانی هەیە. دەکرێت بابەتی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی خاڵی بێت لە گلوتین، واتە گلوتینی تێدا نەبێت بەر گوێی زۆربەی کەس کەوتبێت. لەوانەیە لە فرۆشگاکاندا ئەو خواردنانەت بەرچاو کەوتبێت کە لەسەریان نووسراوە (gluten-free) واتە گلوتینیان تێدا نییە، زۆربەی کەس سەرەڕای ئەوەی لەلایەن پزیشکەوە ئەوەیان بۆ پێشنیار نەکراوە، بەڵام زیاتر گرنگی بە کڕین و خواردنی ئەو جۆرە خۆراکانە دەدەن. هەندێک کەس لە ئەنجامی خواردنی ئەو خۆراکانەی ئەم پڕۆتینەیان تێدایە دووچاری هەندێک نەخۆشی دەبنەوە، ئەو نەخۆشیانەش پەیوەندنیان بە خواردنی گلوتینەوە هەیە واتە لە ئەنجامی خواردنی گلوتین ڕوودەدەن. لە ئەنجامدا دوای سەردانیکردنی پزیشک و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، دەکرێت پزیشک ڕێنماییان بکات لە خواردنی گلوتین دووربکەونەوە و چارەسەری تایبەتیان بۆ بنوسێت.   

گلوتین چییە؟ 

گلوتین سەر بە خێزانی پڕۆتینە کۆکراوەکانە کە بە پڕۆلامینس (prolamins) ناسراون و لە دانەوێڵەکانی وەک گەنم و جۆدا هەیە. گلوتین لە بەشی پەردەی نێوەوەی تۆودا (endosperm) هەیە، جۆرە شانەیەکە لە تۆودا هەیە و خۆراک بۆ تۆوەکە دابین دەکات. گلوتین لە دوو پڕۆتین بە ناوی گلایدین (gliadin) و گلوتێنین (glutenin) دروستبووە و هەر یەکەیان گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە. گلایدین یارمەتی نان دەدات لە کاتی برژاندندا بەرزبێتەوە، زۆربەی ئەو کێشانەی لە ئەنجامی خواردنی گلوتینەوە ڕوودەدەن بەهۆی بوونی ئەم پێکهاتەیەوەیە. هەروەها گلوتێنین بەرپرسە لە جیڕبوونەوە و تووندبوونەوەی هەویر. بۆ نموونە کاتێک ئارد و ئاو تێکەڵ دەکەیت، بەهۆی بوونی ئەم گلوتینەوە بەیەکدا دەنووسێن و لە ئەنجامدا هەویری لێ دەردەچێت. بەهۆی ئەم تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشانەوە، ئەم پڕۆتینە بۆ زۆربەی خۆراکەکان زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی پێکهاتەیەک یان شێوەیەک بە خۆراکەکە بدات و لە هەمان کاتیشدا بە شێداری بیهێڵێتەوە. 

ئەو خۆراکانەی گلوتینیان تێدایە 

ئەم پڕۆتینە لە زۆربەی دانەوێڵەکان و هەروەها خواردنە هاتووەبارەکاندا هەیە:

  1. هەموو دانەوێڵەکان گلوتینیان تێدا نییە، ئەو دانەوێڵانەی گلوتینیان تێدایە بریتیین لە گەنم، جۆ، تریتکڵ (triticale) واتە تێکەڵەی گەنم و چەودان، هاڕاوەی گەنم. 
  2. بەرهەمە هاتووەبارەکانی وەک نان و پاستا و ئیشە هەویرکارییەکان. 
  3. ئەو خۆراکانەی تر کە گلوتینیان تێدایە بریتیین لە سۆسی سۆیا، هەندێک لەو سۆس و گیراوانەی بۆ زەڵاتە بەکاردەهێنرێن. 

شۆفان 

بابەتی گلوتین لە خواردنی شۆفاندا کەمێک گرفتی تێدا هەیە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە کاتێک دەستکاری پێکهاتەی شۆفان دەکرێت و پێکهاتەی خۆراکی بۆ زیاد دەکرێت، بە هەمان ئەو کەلوپەلانە دەکرێت کە بۆ هەمان پڕۆسەی گەنم بەکاردەهێنرێت. ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گلوتین بە شۆفانەکەدا، تەنانەت ئەگەر لە کیسەی خۆراکەکەشدا نەنوسرابێت گلوتینی تێدایە. زۆرێک لە شارەزایان مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن و دەڵێن هیچ جۆرە شۆفانێک نییە گلوتینی تێدا نەبێت بەهۆی ئەو جۆرە پڕۆسەیەوە، تەنانەت ئەگەر لەسەر بەرهەمەکە نووسرابێت گلوتینی تێدا نییە. یەکێکی تر لەو هۆکارانەی شۆفانیش گلوتینی تێدایە ئەوەیە، لە شۆفاندا پڕۆتینێک هەیە بە ئەڤێنین (avenin) ناسراوە، ئەم پڕۆتینە لەڕووی پێکهاتەوە زۆر لەو پڕۆتینەی ناو گلوتین دەچێت. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، ڕێژەیەکی کەم لەو کەسانەی جۆرە نەخۆشییەکیان هەیە پەیوەندی بە گلوتینەوە هەیە، دەکرێت هەمان ئەو کاردانەوەی جەستەیان بۆ گلوتین هەیەتی بۆ ئەڤێنینیش هەیبێت. ئەو جۆرە شۆفانانەی بە تەواوی دڵنیان هیچ ماددەیەکی گلوتینی تێدا نییە، بەهۆی بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵ و پێکهاتە خۆراکییەکان لە پێکهاتەیدا بۆ ئەو کەسانەی پێویستە لە خواردنی گلوتین دووربکەونەوە پێشنیار دەکرێت.

ئەو خۆراکانەی گلوتینیان تێدا نییە

پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی کە گلوتینی تێدا نەبێت، دەکرێت بۆ زۆربەی کەس ئەرکێکی سەخت بێت. یەکەم کردار پێویستە لە کاتی کڕینی خۆراکدا جێبەجێ بکرێت ئەوەیە پێکهاتە خۆراکییەکانی ناو خۆراکەکە بخوێنرێتەوە، واتە ئەو زانیارییانەی لەسەر کیسەکە هەیە. پێکهاتەی گلوتین بە تایبەتی لە گەنمدا هەیە. لە کاتی پەیڕەوکردنی ئەم جۆرە سیستمی خۆراکییە کەسەکە هەمان خواردن دەخوات، بەڵام پێکهاتەی گلوتینی لێ لابراوە. هەندێک لە دانەوێڵەکان گلوتینیان تێدا نییە وەکوو برنج و کینوا و چەند جۆرێکی تر. ئەو خۆراکانەی گلوتینیان تێدا نییە بریتیین لە: 

  • گۆشت
  • ماسی و خواردنە دەریاییەکان 
  • هێلکە
  • بەرهەمە شیرەمەنییەکان 
  • میوەکان
  • سەوزەکان 
  • پاقلەمەنییەکان 
  • چەرەساتەکان 

وا باشترە کەسەکە گرنگی بە خواردنی ئەو خۆراکانە بدات کە بە شێوەیەکی سروشتی گلوتینی تێدا نییە وەک گۆشت یان سەوزە و میوەکان. لەبەرئەوەی ئەو خۆراکانەی لە پڕۆسەیەکی تایبەتدا گلوتینی لێ لابراوە، پێکهاتەی خۆراکییان کەمترە و هەروەها بڕێکی زۆر شەکری زیادکراوی تێدایە. 

بەرگە نەگرتنی گلوتین 

زۆر کەس هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ بەکارهێنانی گلوتیندا نییە و دووچاری هیچ جۆرە کێشەیەک نابنەوە. بەڵام بۆ هەندێک کەس خواردنی گلوتین کێشەی تەندروستی دروست دەکات، بۆ نموونە ئەو کەسانەی نەخۆشی گەنم، هەستیاریی گلوتین (gluten sensitivity) و هەستیاریی گەنم (wheat sensitivity) و هەندێک نەخۆشی تریان هەیە. 

١. نەخۆشیی گەنم 

نەخۆشی گەنم یەکێکە لە توندترین جۆرەکانی بەرگە نەگرتنی گلوتین، واتە ئەو نەخۆشییەی لە ئەنجامی خواردنی گلوتین ڕوودەدات، کار دەکاتە سەر نزیکەی ١% خەڵك. نەخۆشیی گەنم جۆرە نەخۆشییەکی خۆییە، لەم حاڵەتەدا لەش گلوتین وەکوو ماددەیەکی دەرەکی و زیانبەخش دەناسێتەوە. لە ئەنجامدا کۆئەندامی بەرگری هێرش دەکاتە سەر گلوتین و هەروەها دیواری ڕیخۆڵە و زیانی پێ دەگەیەنێت. زیانگەیاندن بە دیواری ڕیخۆڵە دەبێتە هۆی تووشبوون بە کەمیی پێکهاتە خۆراکییەکان، کەمخوێنی، کێشەی هەرسکردن، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی تر زیاد دەکات. نیشانە باوەکانی نەخۆشی گەنم بریتیین لە: 

  • کێشەی هەرسکردن 
  • برینداربوونی شانەکانی ڕیخۆڵە باریکە 
  • هەڵئاوسانی سک
  • سکچوون و قەبزی 
  • سەرئێشە 
  • هەستکردن بە ماندووێتی
  • سووربوونەوەی پێست
  • خەمۆکی
  • دابەزینی کێش بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک 

مەرج نییە هەموو ئەو کەسانەی نەخۆشی گەنمیان هەیە کێشەی هەرسکردنیان هەبێت، دەکرێت هەندێک نیشانەی تری وەک کەمخوێنی و ماندووێتی لە کەسەکەدا هەبێت. لەبەر ئەم هۆکارە پزیشکەکان بە زەحمەت دەتوانن دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکەن، نزیکەی لە ٨٠% ئەو کەسانەی نەخۆشی گەنمیان هەیە پێشتر نەیان زانیوە و هەستیان پێ نەکردووە.

٢. کۆنیشانەی کۆڵۆنی شڵەژاو (irritable bowel syndrome)

کۆنیشانەی کۆڵۆنی شلەژاو کێشەیەکی باوی کۆئەندامی هەرسە، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی وەکوو:

  • هەستکردن بە ئازاری سک
  • ژانکردنی سک 
  • هەڵئاوسانی سک
  • قەبزی یان سکچوون یان هەردووکیان 

ئەم نەخۆشییە حاڵەتێکی درێژخایەنە، بەڵام دەکرێت بە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست و گۆڕینی شێوازی ژیان و کەمکردنەوەی فشار نیشانەکانی کەم بکرێتەوە. 

٣. هەستیاری گەنم 

لە ٠٫٢ بۆ ١% ئەو منداڵانەی هەستیاری گەنمیان هەیە، لەدوای خواردنی ئەو خۆراکانەی گلوتینیان تێدایە دووچاری کێشەی هەرسکردن دەبنەوە، زۆربەیان بەبێ بەکارهێنانی چارەسەر لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیاندا و گەیشتنیان بە تەمەنی گەنجێتی چاک دەبنەوە و ئەم کێشەیەیان نامێنێت. هەندێک لەو کەسانەی هەستیاریان بە گەنم هەیە، سەرەڕای ئەوەی ئەو خواردنانە دەخۆن کە گلوتینیان تێدایە، بەڵام دووچاری کاردانەوە نابنەوە. 

٤. هەستیاری گلوتین 

هەندێک کەس نەخۆشی گەنمیان نییە، بەڵام جەستەیان کاردانەوەی نەرێنی بەرامبەر گلوتین هەیە، ئەم حاڵەتە بە هەستیاری گلوتین ناسراوە. لێکۆڵینەوەکان نازانن چەندێک لە خەڵک ئەم حاڵەتەی هەیە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ٠٫٥ بۆ ١٣% خەڵک ئەم کێشەیەی هەبێت. نیشانەکانی هەستیاری گلوتین بریتیین لە: 

  • سکچوون 
  • ئازاری سک
  • ماندووێتی 
  • هەڵئاوسانی سک
  • خەمۆکی

جیاوازی نێوان هەستیاری و بەرگە نەگرتنی گلوتین  

ناڕەحەتبوون لە هەرسکردنی خواردندا یەکێکە لە ئاماژە دیارەکانی بەرگە نەگرتنی گلوتین، ئەگەری هەیە کەسەکە کەمخوێنی هەبێت و نەتوانێت کێشی لەشی زیاد بکات. دەکرێت لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە یان بە وەرگرتنی نموونەیەک لە ڕیخۆڵە باریکە دیاری بکرێت کەسەکە نەخۆشی گەنمی هەیە یان نا. پێویستە ئەم دوو پشکنیە لە کاتێکدا ئەنجام بدرێت کەسەکە ئەو خۆراکانە بەکاربهێنێت کە گلوتینیان تێدایە. بە پێچەوانەوە ئەگەر کەسەکە گلوتین بەکارنەهێنێت و ئەم پشکنیانە ئەنجام بدات ئەوا ئەنجامێکی هەڵە دەدات بە دەستەوە. ئەگەر کەسەکە هەستی کرد نەخۆشی گەنمی هەیە پێویستە سەردانی پزیشک بکات.

ئەگەر کەسەکە نەخۆشی گەنمی نەبێت، باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی بزانێت هەستیاری بە گلوتین هەیە یان نا ئەوەیە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەو خواردنانە دووربکەوێتەوە کە گلوتینیان تێدایە بۆ ئەوەی بزانێت نیشانەکان دەمێنن یان نا. دواتر دووبارە گلوتین بەکاربهێنێت و بزانێت ئایا نیشانەکان دووبارە دەردەکەونەوە یان نا. ئەگەر نیشانەکان پاش بەکارنەهێنانی گلوتینیش هەر هەبوون لە کەسەکەدا، هەروەها ئەگەر دوای وازهێنان و دووبارە بەکارهێنانەوەی گلوتین نیشانەکان وەکوو خۆی بوون، ئەوا کێشەکە پەیوەندی بە گلوتینەوە نییە. ئەمە ڕێگەیەکی تەواو متمانەپێکراو نییە، بەڵکوو پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت تاکوو بزانیت کێشەکە هەستیاری گلوتینە یان نەخۆشی گەنمە واتە بەرگە نەگرتنی گلوتین.


سەرچاوەکان



641 بینین