سوودەکانی ڤیتامین B3 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-24-21:30:00 - کۆدی بابەت: 10357
سوودەکانی ڤیتامین B3 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سوودەکانی ڤیتامین B3 (بە ئینگلیزی: Health benefits of niacin، بە عەرەبی: فوائد فيتامين بی٣)، لە هەمان کاتدا بە نیاسین (niacin) ناسراوە. پێکهاتەیەکی خۆراکی زۆر گرنگە بۆ هەموو بەشەکانی جەستە تاکوو بە تەواوی ئیش بکەن. بەگشتی ئەم ڤیتامینە بۆ کەمکردنەوەی بەرزی کۆلیستڕۆڵ بەکاردەهێنرێت، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و بۆرییەکاندا هەیە. خۆراکەکانی وەک ماسی و گۆشت و هەروەها چەرەساتەکان سەرچاوەیەکی زۆر باشی ئەم ڤیتامینەن. بێجگە لەم هەموو ئەرکە گرنگانە، لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی سوڕی خوێن و ئەرکی مێشک و بەهێزکردنی بیرەوەری دەدات. زۆر گرنگە ڕۆژانە بەپێی پێویست لەم ڤیتامینە وەبگریت، بە پێچەوانەوە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆر و زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کاریگەری پێچەوانە. نیاسین جۆرە ڤیتامینێکی لە ئاودا تواوەیە، واتە لە ئاودا دەتوێتەوە و دەتوانێت بە ڕێڕەوی خوێندا بگوازرێتەوە، لەم کاتەدا لەش بەشی پێویست لەم ڤیتامینە هەڵدەمژێت و بەشە زیادەکەی لەڕێگەی میزەوە دەکاتە دەرەوەی لەش. کەواتە ئەم ڤیتامینە دەکرێت لەڕێگەی خۆراک و تەواوکەری خۆراکیشەوە وەربگیرێت، لەبەرئەوەی ڕۆژانە لەش بە بەردەوامی پێویستی بەم ڤیتامینە هەیە و وەکوو چەند ڤیتامینێکی تر لە لەشدا کۆناکرێتەوە. 

سوودەکانی ڤیتامین B3 

١. کۆنتڕۆڵی چەوری خوێن دەکات 

ئەم ڤیتامینە یارمەتی ڕێکخستی چەوری خوێن دەدات، لە ڕێگەی:

  • زیادکردنی چەوری باش  (HDL)
  • کەمکردنەوە چەوری خراپ (LDL)
  • کەمکردنەوەی چەوری سیانی (triglyceride)

هەندێکجار، ئەم ڤیتامینە وەک دەرمانێک بۆ کەمکردنەوەی چەوری خوێن بەکاردەهێنرێت. ڤیتامین B3 بە ڕێژەی ١٥% بۆ ٣٥%  یارمەتی زیادبوونی چەوری HDL دەدات، کە جۆرێکە لە چەوری یان کۆلیستڕۆڵی باش. هەروەها بە ڕێژەی ٥% بۆ ٢٥% یارمەتی کەمبوونەوەی چەوری LDL دەدات، کە جۆرێکە لە چەوری یان کۆلیستڕۆڵی باش. هەندێک لێکۆڵینەوە دەریانخستووە، ئەم ڤیتامینە بۆ ئەو کەسانەش بەسوودە کە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زۆرە، لەبەرئەوەی نەک بە تەنها ڕێژەی LDL کەم دەکاتەوە، بەڵكوو بە ڕێژەی ٢٠% بۆ ٥٠% یارمەتی کەمبوونەوەی چەوری سیانیش دەدات. 

٢. پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە

یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم ڤیتامینە بریتییە لە دەردانی پڕۆستاگلاندین (prostaglandin)، پێکهاتەیەکە یارمەتی فراوانبوونی بۆرییەکانی خوێن دەدات، هەروەها ڕۆڵی لە باشترکردنی گواستنەوەی خوێن و کەمکردنەوەی پەستانی خوێندا هەیە. لەبەر ئەم هۆکارە ڤیتامین B3 دەتوانێت ڕێگری لە بەرزبوونەوەی پەسانی خوێن بکات یان وەکوو چارەسەرێک بۆ کەمبوونەوەی پەستانی خوێن بەکاربهێنرێت. لە لێکۆڵینەوەیەکدا، کە لەسەر ١٢٠٠٠ گەنج ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ڕۆژانە زیادکردنی هەر میلیگرامێک لەم ڤیتامینە بە ڕێژەی لە ٢% بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پەستانی خوێن. بێگوومان توێژینەوەی زیاتر بۆ دەرخستی کاریگەری ڤیتامین B3 لەسەر بەرزە پەستانی خوێن پێویستە، بەڵام ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدراون ئەنجامەکانیان دڵخۆشکەرە. 

٣. ئەرکی مێشک بەهێز دەکات 

بێگوومان ئەو خواردنانەی ڕۆژانە دەیخۆیت، کاریگەرییان لەسەر مێشک و نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، نەخۆشی دوو جەمسەری و شیزۆفرینیا هەیە. دەرکەوتووە کەمیی ڤیتامین B3 دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی. لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی بوون، ڕێژەی گواستنەوەی خوێن بۆ مێشکیان کەمە، هەروەها دەرکەوتووە ئەم ڤیتامینە یارمەتی زیادبوونی گواستنەوەی خوێن بۆ مێشک دەدات. لەبەر ئەم هۆکارەیە ڤیتامین B3 ڕۆڵی لە باشترکردن و بەرەوپێشبردنی ئەرکی مێشکدا هەیە. 

٤. بۆ تەندروستی پێست باشە

ڤیتامین B3 تەواوکەرێکی خۆراکی زۆر باشە بۆ پێست. خانەکانی پێست لە زیانی تیشکی خۆر دەپارێزێت، پێست لە زیپکە پاک دەکاتەوە، سووربوونەوە و هەوکردنیش کەم دەکاتەوە. نیاسینەماید (niacinamide)، کە یەکێکە لە شێوەکانی ڤیتامین B3 وەکوو بەرهەمێکی سروشتی بۆ پاراستی پێست و لابردنی زیپکە بەکاردەهێنرێت. هەروەها ڕێگری لە هەندێک جۆری دیاریکراوی شێرپەنجەی پێست دەکات. لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان ٣٠٠ کەس ئەنجامدرابوو، ئەو کەسانەی ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست زۆر بووە، ڕۆژی دوو جار تەواوکەری خۆراکی نیاسینەمایدی ٥٠٠ میلیگرامیان وەرگرتووە، لە ئەنجامدا ئەگەری تووشبوونیان کەمبووەتەوە.

٥. یارمەتی چارەسەرکردنی شەکرەی جۆری یەک دەدات 

نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک نەخۆشیەکی خۆییە، واتە جەستە هەڵدەستێت بە پەلاماردان و تێکشکاندنی ئەو خانانەی پەنکریاس کە لە دەردانی ئەنسۆلین بەرپرسن. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە، ئەم ڤیتامینە دەتوانێت ئەو جۆرە خانانە بپارێزێت و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک لەو منداڵانەی گومان دەکرێت تووش ببن کەم بکاتەوە. بەڵام بەکارهێنانی ئەم ڤیتامینە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە کەمێک ئاڵۆزە. لە لایەکەوە ئاستی کۆلیستڕۆڵ کەم دەکاتەوە، کە یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو، لە لایەکی تریشەوە ئاستی شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە. لە ئەنجامدا، ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە و ئەم ڤیتامینە وەردەگرن بۆ ئەوەی ئاستی کۆلیستڕۆڵ کەمبکەنەوە، لە هەمان کاتدا پێویستە چاودێری شەکرەی خوێن بکەن. 

٦. بۆ کرداری هەرسکردن باشە

ئەم ڤیتامینە بۆ کۆئەندامی هەرس گرنگە، لەبەرئەوەی یارمەتی تێکشکاندنی کاربۆهیدرات و چەوری دەدات و دەیان گۆڕێت بۆ وزە. ئەگەر کەسێک کێشەی کەمیی ئەم ڤیتامینەی هەبێت، ئەگەری هەیە بە زەحمەت بتوانێت خواردنەکان هەرس بکات و هەروەها بەپێی کات دەکرێت کێشەی لە گەدە و ڕیخۆڵەدا بۆ دروست ببێت. 

٧. جومگەکان بە تەندروستی دەهێڵێتەوە

بەکارهێنانی نیاسینەماید، کە یەکێکە لە شێوەکانی ڤیتامین B3، توانای جووڵەی جومگەکان زیاد دەکات، ئازار و هەوکردن و هەڵئاوسانی جومگە کەم دەکاتەوە. لەبەرئەوەی کاریگەری دژەهەوکردن لەسەر جومگەکان دروست دەکات. ئەم ڤیتامینە هەڵبژاردەیەکی باشە بۆ ئەو کەسانەی هەوکردنی جومگەیان هەیە.


سەرچاوەکان



528 بینین