ماهر موعەیقلی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-23-22:47:00 - کۆدی بابەت: 10426
ماهر موعەیقلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماهر موعەیقلی یان شێخ ماهر معێقەلی (بە عەرەبی: ماهر المعيقلي، بە ئینگلیزی: Maher Al Mueaqly) قورئانخوێنێکی ناوداری عەرەبییە و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی حەڕەمە لە شاری مەککە. قورئانخوێنێکی ناوداری ئیسلامییە و خاوەن دەنگێکی جیاواز و تایبەتە، لە هەموو جیهانەوە گوێگری تایبەتی خۆی هەیە. هەموو قورئانی بەشێوازێکی خوێندنەوەی "حەفس لە عاسم" تۆمارکردووە و هەر بەو شێوازەش دەخوێنێت، هاوکات هەموو قورئانی بە تەواوی لەبەرە.

زانیاری گشتی

ناو

ماهر حەمەد موعەیقلی

ساڵ و شوێنی لەدایکبوون

٧ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٩ مەدینە

ئاستی خوێندن

بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دکتۆرا لە شەریعە

شوێنی نیشتەجێبوون

شاری مەککە

پیشە

پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی حەڕام لە مەککە، قورئانخوێن

ئایین

ئیسلامی سوننە 

ژیاننامەی

ماهری کوڕی حەمەدی کوڕی محەمەدی ئەلمعێقەلی لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٩ـی شاری مەدینەیە لە سعوودیە. بنەچەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای ئەلوەجهـ لە باکووری سعوودیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕەچەڵەکی دایکی ماهر پاکستانییە و باوکی هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، لەلایەن هۆزەکەیانەوه دووچاری دەربەدەری و کێشەی زۆر بوونەتەوە، بۆیە باوکی ماهر لەگەڵ منداڵەکانی کۆچی شاری مەدینە دەکەن، منداڵەکانی ئەم خێزانە هەموویان گرنگی بە خوێندنی شەرعی دەدەن و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە توانای لەبەرکردنی قورئانیان هەیە و لە تەمەنێکی کەمدا توانیانە قورئان لەبەربکەن. ماهریش هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەموو قورئانی لەبەرکردووە.

ئەزموونی خوێندن

لە سەرەتادا خوێندنی لە کۆلێجی مامۆستایانی شاری مەدینەی تەواو کردووە و بووە بە مامۆستا و وانەبێژی بیرکاری. پاشان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ گرنگی بە خوێندنی شەرعی داوە، لە مەککە لە "زانکۆی أم القرى" لە کۆلێجی شەریعە پلەی ماستەری لە فیقهی ئیمامی حەنبەل بەدەست هێناوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١١ لە هەمان زانکۆ لە مەککە بڕوانامەی دکتۆرای لە فیقهی شافیعی بە پلەی نایاب بەدەست هێناوە.

ئەزموونی پیشەیی

لە پاش تەواوکردنی خوێندنی مامۆستایی، لە خوێندنگەی "بلاط الشهداء" لە مەککە وەکوو مامۆستا وانەی وتووەتەوە، پاشان لە چەند خوێندنگەیەکی تر کاری وانەوتنەوەی کردووە و پلەی بەرزکراوەتەوە بۆ سەرپەرشتیاری قوتابیان. هەروەها کاری وانەبێژی کردووە لە بەشی دادوەری لە کۆلێجی شەریعە و خوێندنەوەی ئیسلامییەکان.

ئەزموونی پێشنوێژی

سەرەڕای ئەزموونی پێشنوێژی وەکوو پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی سەعدی لە مەککە کاری کردووە. دواتر لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ پێشنوێژی کردووە و لە مانگی ڕەمەزان بەتایبەتی نوێژی تەراویحی بە کۆمەڵ بۆ نوێژخوێنان لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ ئەنجام داوە. پاشان گوێزرایەوە بۆ مزگەوتی حەڕام لە مەککە بە فەرمی کرا بە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە.

ژیانی تایبەتی

شێخ ماهر ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەن دوو کوڕ و دوو کچە، هاوکات هەموو منداڵەکانی قورئانیان لەبەرکردووە.


سەرچاوەکان



512 بینین