واتای ئاماژەی چاوەکان لە زمانی جەستەدا

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-12-03-16:51:00 - کۆدی بابەت: 10534
واتای ئاماژەی چاوەکان لە زمانی جەستەدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زمانی جەستە (بە ئینگلیزی: Body Language، بە عەرەبی: لغة الجسد)، ئەو نیشانە و جووڵە نازارەکییانە دەگرێتەوە کە لەکاتی گفتوگۆ یان لە پەیوەندییەکاندا بەکاردەهێنرێن و بەشێکی گەورە لە پەیوەندییەکان پێکدەهێنێت کە ڕەنگە بکاتە ٦٠ بۆ ٦٥٪.

گرنگی زمانی جەستە

زمانی جەستە دەتوانێت یارمەتیدەربێت تاکوو لە خۆمان و دەورووبەرمان تێبگەین چونکە نیشاندەری هەستی بەرانبەرە لە بارودۆخەکاندا، هاوکات بۆ دەربڕینی سۆز و هەستی سۆزداریش بەکاردێت. تێگەیشتن لە زمانی جەستە شتێکی گرنگە بەڵام گرنگتر لەوە تێگەیشتنە لە هەموو ئاماژەکان نەک تەنیا لێکدانەوەی یەک ئاماژە وەک تەواوی هەستی بەرانبەر ببینرێت.

دەربڕینی ڕووخسار (Facial expression)

بەشێکی زمانی جەستە بریتییە لە دەربڕینی هەستەکان بەهۆی ڕووخسارەوە، بۆ نموونە زەردەخەنەکردن دەکرێت ئاماژەبێت بۆ ڕەزامەندی یان دڵخۆشی، هەروەها ڕووگرژکردن کە ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ ناڕازیبوون یان بێتاقەتی. لە هەندێک بارودۆخدا ڕەنگە دەربڕینی ڕووخسار هەستی ڕاستەقینەی کەسی بەرانبەر سەبارەت بە دۆخێکی تایبەت دەربخات بۆ نموونە کاتێک کەسێک دەڵێت باشم ڕەنگە دەربڕینی دەموچاوی پێچەوانەی قسەکانی نیشان بدەن. لێرەدا هەندێک لە هەستەکان خراونەتەڕوو کە دەکرێت لەڕێی دەربڕینی ڕووخسارەوە گوزارشتیان لێ بکرێت، ئەوانیش بریتین لە:

  • دڵخۆشی
  • بێتاقەتی
  • تووڕەیی
  • سەرسامبوون
  • بێزکردنەوە
  • ترس
  • شڵەژان
  • بەجۆشی
  • بەدڵبوون
  • سووکایەتیکردن
  • بە سووک سەیرکردن
  • بڕواکردن بە بەرانبەر

لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە متمانەپێکراوترین دەربڕینی ڕووخسار بریتییە لە کەمێک بەرزکردنەوەی برۆکان و کەمێک زەردەخەنەکردن پێکەوە کە بە واتای دۆستایەتی و متمانەبەخۆکردن دێت. هەروەها توێژینەوەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە بە پشتبەستن بە ڕووخسار و دەربڕینی ڕووخساری کەسی بەرانبەرەوە دەتوانرێت بڕیار لەسەر زیرەکی مرۆڤەکە بدرێت، بۆ نموونە لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی خاوەن ڕووخسارێکی بچووکتر و لووتێکی دیارن ئەگەری زۆرترە کە زیرەک بن. هەروەها ئەو کەسانەی دەم بە خەندە و پێکەنینن و خاوەن قسەی خۆشن لەو کەسانە زیرەکتر دەرکەوتوون کە هەمیشە ڕووخسارێکی تووڕەیان هەبووە.

چاوەکان

چاوەکان زۆرجار بە دەروازە و دەرگای ڕۆح ناودەبرێن چونکە توانایەکی زۆریان هەیە لە ئاشکراکردنی ئەوەی مرۆڤ هەستی پێ دەکات یان بیری لێ دەکاتەوە. هاوکات لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسێکی تردا، تێبینیکردنی جوڵەکانی چاو بەشێکی سروشتی و گرنگە. هەندێک لە جوڵەکانی چاو کە ڕەنگە تێبینی بکەیت بریتین لە چاوتێبڕین، چاو لەسەر هەڵگرتن، ژمارەی چاوتروکاندن و فراوانبوونی بیلبیلەی چاوەکان. هەروەها باشترین ڕێگە بۆ خوێندنەوەی زمانی جەستەی کەسی بەرانبەر بریتییە لە گرنگیپێدان و سەرنجدانی، ئاگاداربوون لە هەریەکێک لەم ئاماژانەی چاو:

نیگای چاو

کاتێک کەسێک لەکاتی گفتوگۆکردندا ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانت دەکات، ئەوە ئاماژەیە بۆ هەبوونی ئارەزوو و گرنگیپێدان. لە هەمان کاتدا نیگاتێبڕینێکی درێژخایەن دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی هەستی ترس و هەستکردن بە هەڕەشە. لەلایەکی ترەوە، چاو لەسەر هەڵگرتن و زووزوو چاولابردن دەکرێت ئاماژەبێت بۆ سەرقاڵبوون، ناڕەحەتبوون و نائاسوودەیی یان هەوڵدان بۆ شاردنەوەی هەستە ڕاستەقینەکان.

چاوتروکاندن

چاوتروکاندن شتێکی سروشتییە، بەڵام پێویستە گرنگی بە زۆری و کەمیشی بدرێت، زۆرجار مرۆڤەکان خێراتر چاویان دەتروکێنن کاتێک هەست بە نائاسوودەیی و خەم و خەفەت دەکەن، هاوکات چاوتروکاندنی کەم ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ ئەوەی کەسەکە بە ئەنقەست دەیەوێت جڵەوگیری تروکاندنی چاوەکانی بکات، بۆ نموونە کەسێک بیەوێت نائاسوودەیی و شڵەژانەکەی بشارێتەوە هەوڵ دەدات چاوتروکاندنەکانی جڵەوگیر بکات.

قەبارەی بیلبیلەی چاوەکان

قەبارەی بیلبیلەی چاوەکان ئاماژەیەکی نازارەکی زۆر وردە، چونکە ئاستی ڕووناکی ژینگە جڵەوگیری قەبارەی بیلبیلەی چاوەکان دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا هەستەکانیش دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانکاری بچووک لە قەبارەی بیلبیلەکاندا. بۆ نموونە گەورەبوون و فراوانبوونی بیلبیلەکانی چاو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەسێک ئارەزوومەندە یان ورووژاوە، هاوکات مرۆڤەکان لەکاتی بینینی ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێت بیلبیلەکانیان فراوان دەبێت. 


سەرچاوەکان



1276 بینین