ئایا پێویستە ڕۆژانە دژەخۆر بەکاربهێنرێت؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-12-19-23:42:00 - کۆدی بابەت: 10722
ئایا پێویستە ڕۆژانە دژەخۆر بەکاربهێنرێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایا دەبێت ڕۆژانە دژەخۆر بەکاربهێنرێت (بە ئینگلیزی: Do You Need Sunscreen Every Day، بە عەرەبی: هل أنت بحاجة إلى كريم واقي من الشمس كل يوم؟دژەخۆر کرێمێکە کە بۆ پێست بەکاردێت. هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی دژەخۆر پاراستنی پێستە دژی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست، جگە لەوە چەندین سوودی تری هەیە وەک:

  • دواخستنی نیشانەکانی پیربوونی وەک چرچبوونی پێست.
  • کاڵکردنەوەی جێگەبرین و پەڵە.
  • ڕێگریکردن لە گۆڕانی ڕەنگی سروشتی پێست.
  • پاراستنی پێست دژی تیشکی شین.

ئایا پێویستە هەموو ڕۆژێک دژەخۆر بەکاربهێنیت؟

ڕۆژانە بەکارهێنانی دژەخۆر بۆ ئەو بەشانەی پێست کە خۆر لێی دەدات، واتە دەرکەوتووە، کارێکی پێویستە نەک شتێکی زیادە. 
تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر تیشکێکی بەهێزە، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی ئەم تیشکە بۆ ماوەی ١٥ خولەک بەسە بۆ ئەوەی زیان بە پێستت بگەیەنێت و مەترسی تووشبوونت بە شێرپەنجەی پێست زیاد بکات. لە توێژینەوەیەکدا باس لەوە کراوە کە شێرپەنجەی پێست لە پیاواندا زیاتر تووشی لای چەپی جەستەیان دەبێت، کە ئەمەش ئەو بەشەی پێستە کە لە کاتی شۆفێریکردن زیاتر خۆر بەری دەکەوێت. 
دەکرێت شێرپەنجەی پێست بە هۆکاری تریش تووشی مرۆڤ ببێت، بەڵام خۆپاراستن باشترین چارەسەرە. 
شارەزایان بە پزیشکان دەڵێن کە ڕۆژانە بەکارهێنانی دژەخۆر بۆ پێستی ڕووخسار و مل و سنگ و گوێ و دەستەکان پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە زیان بەرکەوتنی درێژخایەنی تیشکی خۆر.

دیاریکردنی دژەخۆری گونجاو

ئەکادیمیای پێستناسیی ئەمریکی (AAD) تایبەتمەندی دژەخۆری باشی بەم شێوەیە پێناسە کردووە:

  1. +SPF 30
  2. شەبەنگی فراوان کە پێست دژی هەردوو تیشکی UVA و UVB بپارێزێت. 
  3. دژەئاو بێت.

دوو جۆری دژەخۆر بوونی هەیە، یەکەمیان کیمیاییە کە تیشکی سەروو بنەوشەیی UV فلتەر دەکات. هەروەها دووەمیان فیزیاییە کە تیشکی UV بلۆک دەکات. ئەو دژەخۆرانەی کە فیزیایین بە شێوەیەکی گشتی پێست دژی شەبەنگێکی فراوانتری تیشکی UV دەپارێزن. لەبەر ئەم هۆیەش بەکارهێنانی دژەخۆری فیزیایی هەڵبژاردەیەکی باشترە، ئەم جۆرە دژەخۆرە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە پێستێکی هەستیاریان هەیە یاخود بە دەست زیپکەوە دەناڵێنن باشترین هەڵبژاردەیە. 
ئۆکسیدی زینک و دووانە ئۆکسیدی تیتانیۆم دوو پێکهاتەی باون لە دژەخۆری فیزیاییدا. ئەو کەسانەی کە پێستێکی بە زیپکەیان هەیە باشترە بۆ ئەو دژەخۆرانە بگەڕێن کە نیاسینەمایدیان تێدایە و دووربن لە ئەو دژەخۆرانەی کە بنچینەیان چەورییە (oil-based).

ئایا دژەخۆر دەبێتەهۆی تووشبوون بە کەمیی ڤیتامین D؟

بەرکەوتن بە تیشکی خۆر یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ دەستکەوتنی ڤیتامین D، کە ئەم ڤیتامینە بۆ دروستبوونی ئێسکەکان گرنگە. بەڵام شارەزایانی بواری پێست دەڵێن کە بەرکەوتنی زۆری تیشکی سەروو بنەوشەیی بە سووتاندنی پێست دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە پێست، بەمەش پێست وردە وردە توندییەکەی لەدەست دەدات و تووشی پیربوونی پێشوەختە دەبێت.
هیچ زانیارییەکی یەک لاکەرەوە بوونی نییە کە بیسەلمێنێت بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر دەبێتەهۆی دابینکردنی بڕی پێویستی ڤیتامین D بۆ لەش. کەواتە پێویست ناکات پێستت بخەیتە مەترسییەوە بۆ دەستکەوتنی بڕی پێویستی ئەم ڤیتامینە، لە کاتێکدا کە تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین D بوونی هەبێت.

ئایا ئەو میکیاجانەی دژەخۆریان تێدایە بەسوودن؟

هەندێک جۆری میکیاج پێکهاتەی دژەخۆر SPF یان تێدایە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەکارهێنانیان بەتەنها بەس نییە بۆ پاراستنی پێست. چونکە پێویستە ٦ بۆ ٧ جار لە پێستتی بدەیت تاکوو بەتەواوی پارێزگاری لە پێستت بکات، کە ئەمەش بڕێکی نەگونجاو و زیاد لە پێویستە.

پوختە

پێویستە هەموو ڕۆژێک دژەخۆر بەکاربهێنێت. تەنانەت ئەگەر خۆر لە پشتی هەورەکانیشەوە بێت، دەتوانێت زیان بە پێستت بگەیەنێت. توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە تەنانەت لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلیشەوە خۆر دەتوانێت زیان بە پێستت بگەیەنێت و مەترسی تووشبوونت بە شێرپەنجەی پێست زیاد بکات.
بۆ ئەو دژەخۆرانە بگەڕێ کە لەسەریان نووسراوە +SPF 30 و هەموو دوو کاتژمێر جارێک نوێی بکەرەوە.


سەرچاوەکان



334 بینین