فۆبیای کۆمەڵایەتی چییە؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2023-01-12-00:25:00 - کۆدی بابەت: 10881
فۆبیای کۆمەڵایەتی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فۆبیای كۆمەڵایەتی چییە؟ (بە ئینگلیزی: What is social phobia?، بە عەرەبی: ما هو الرهاب الاجتماعي؟)، ئایا بە شێوەیەکی توند دەترسیت لەلایەن کەسانی ترەوە حوکم بدرێت؟ ئایا لە هەموو بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام چاودێری هەڵسوکەوتەکانت دەكەیت؟ ئایا خۆت لە بینینی کەسانی نوێ بەدوور دەگریت؟ ئەگەر ئەم نیشانانە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا جێگیر بوون و ڕێگر بوون لە کارکردنی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتیت، لەوانەیە تووشی دڵەڕاوکێ یان فۆبیای کۆمەڵایەتی بووبیت.

فۆبیای کۆمەڵایەتی جۆرێکە لە تێکچوونی دەروونی. لە ڕاستیدا نەخۆشەكە ترسێکی بەهێز و بەردەوامی هەیە لەوەی لەلایەن کەسانی دیکەوە حوکم بدرێت و چاودێری بکرێت. ئەم ترسە کاریگەری لەسەر کار، قوتابخانە و چالاکییەکانی تری ڕۆژانەی کەسەکە دەبێت.

دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی یان فۆبیای کۆمەڵایەتی چییە؟

هەستکردن بە ترس و شڵەژان لە هەندێک بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا شتێکی ئاساییە. بۆ نموونە چوون بۆ یەكتربینینێك یان قسەکردن لە کۆبوونەوەیەکدا ڕەنگە ببێتە هۆی هەستكردن بە تێكچوونی گەدە. بەڵام لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیدا کە پێی دەوترێت فۆبیای کۆمەڵایەتی، هەڵسوكەوتەكانی ڕۆژانە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، ترس و شەرمەزارییەکی بەرچاو لە كەسەكەدا. ترس لە حوکمدان و بۆچوونی کەسانی دیکە یەکێکە لە خەمی باوی ئەو کەسانە.

دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی نەخۆشییەکی درێژخایەنی دەروونییە، بەڵام بە فێربوونی تواناکانی ڕووبەڕووبوونەوە لە ڕێگەی چارەسەری دەروونی و دەرمانەوە دەتوانێت یارمەتی تووشبووەکە بدات متمانە بەخۆبوونی بە دەست بهێنێتەوە و توانای هەڵسوكەوتی لەگەڵ کەسانی دیکە باشتر بکات.

نیشانەکانی فۆبیای کۆمەڵایەتی

هەستکردن بە شەرمنی یان ناڕەحەتی لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا مەرج نییە نیشانەی نەخۆشی فۆبیای کۆمەڵایەتی بێت، بەتایبەتی لە منداڵاندا. ئاستی ئاسوودەیی مرۆڤ لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی سیفەتی کەسایەتی و ئەزموونەکانی ژیانی دەگۆڕێت. هەندێک کەس بە سروشتی خۆیان زیاتر دوورەپەرێزن و هەندێک كەس زیاتر کۆمەڵایەتین. بە شێوەیەکی گشتی ئەم نەخۆشییە لە سەرەتا تا ناوەڕاستی تەمەنی هەرزەکاری دەست پێدەکات، هەرچەندە هەندێک جار دەكرێت لە منداڵانی بچووک یان گەورەساڵان دەست پێبکات.

  • نیشانە سۆزداری و ڕەفتارییەكان

نیشانەکانی فۆبیای کۆمەڵایەتی دەكرێت ئەمانەی خوارەوە لەخۆ بگرن:

  • ترس لەو شوێنانەی کە ئەگەری هەیە حوکمت لەسەر بدرێت.
  • شەرمەزاربوون یان شكاندنەوەی خۆت.
  • ترسی زۆر لە هەڵسوكەوتكردن یان قسەکردن لەگەڵ کەسانی نامۆ.
  • ترس لە سەرنجدانی خەڵك بە دڵەڕاوکێی كەسەكە.
  • ترس لە نیشانە جەستەییەکان کە ڕەنگە ببێتە هۆی شەرمەزاربوونی كەسەكە، وەک سووربوونەوە، ئارەقکردنەوە، لەرزین، یان لەرزینی دەنگ..
  • دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی کارەکان یان قسەکردن لەگەڵ خەڵک لە ترسی شەرمەزاری.
  • دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرنج.
  • هەبوونی دڵەڕاوکێ لەکاتی چاوەڕوانی بۆ دەستپێکردنی چالاکیەک یان ڕووداوێک.
  • نیشانە جەستەییەکان

هەندێک جار فۆبیای کۆمەڵایەتی نیشانە جەستەییەکانی لەگەڵدایە و لەوانەیە بریتی بن لە:

  • سووربوونەوە
  • خێرا لێدانی دڵ
  • لەرزین
  • ئارەقکردنەوە
  • ڕشانەوە
  • کێشەی هەناسەدان
  • سەرگێژە
  • گرژبوونی ماسولکەکان

هۆکارەکانی فۆبیای کۆمەڵایەتی

وەک زۆرێک لە تێکچوونەکانی تری تەندروستی دەروونی، تێکچوونی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی کارلێکی ئاڵۆزی هۆکارە بایۆلۆجی و ژینگەییەکانەوە دێتە ئاراوە. هۆکارە ئەگەرییەکان بریتین لە:

  • سیفەتە بۆماوەییەکان

دڵەڕاوکێی كۆمەڵایەتی لە نێو ئەندامانی خێزاندا دەبینرێت، بەڵام بە تەواوی ڕوون نییە کە چەندێك لەمە بەهۆی جیناتەوەیە و چەنێكیش بەهۆی فێربوونەوەیە.

  • پێکهاتەی مێشک

پێکهاتەیەک لە مێشکدا هەیە کە پێی دەوترێت ئەمیگدالا، لەوانەیە بەشدار بێت لە کۆنترۆڵکردنی وەڵامدانەوی ترس. ئەو کەسانەی کە ئەمیگدالایەکی زۆر چالاکیان هەیە لەوانەیە وەڵامدانەوەیان بۆ ترس زیاتر بێت و ئەمەش دڵەڕاوکێیان لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا زیاد دەکات.

  • ژینگە

دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی لەوانەیە ڕەفتارێکی فێربوو بێت، ڕەنگە هەندێک کەس دوای دۆخێکی کۆمەڵایەتی ناخۆش یان شەرمەزارکەر تووشی ببن. هەروەها، لەوانەیە پەیوەندییەک لە نێوان تووشبوون بە فۆبیای کۆمەڵایەتی و ئەو دایک و باوکانەدا هەبێت کە دڵەڕاوکێی كۆمەڵایەتیان هەیە یان زیاد لە پێویست منداڵەکانیان کۆنتڕۆڵ دەکەن و دەیانپارێزن.

  • تایبەتمەندی 

هەندێک لە منداڵان بە سروشتی خۆیان شەرمن، ترسنۆک، گۆشەگیر یان خۆپارێزن کاتێک ڕووبەڕووی بارودۆخی نوێ دەبنەوە.

  • شوێن یان كاری نوێ

نیشانەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی گشتی لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەستپێدەکات، بەڵام لە كاتی ناسینی کەسانی نوێ، پێشکەشکردنی وتارێک لە ناو خەڵكدا، یان پێشکەشکردنی ئەرکێکی گرنگ لەوانەیە بۆ یەکەمجار نیشانەکان دەستپێبكەن.

  • هەبوونی ڕواڵەتێک یان حاڵەتێک کە سەرنج ڕابکێشێت

بۆ نموونە، شێواوییەك لە دەموچاو، گیرانی زمان یان لەرز کە بەهۆی نەخۆشی پارکینسۆنەوە دروست دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی فۆبیای کۆمەڵایەتی لە هەندێک کەسدا.

كاریگەرییەكانی فۆبیای کۆمەڵایەتی

چارەسەرنەکردنی ئەم كێشەیە دەبێتە هۆی خراپترکردنی و وا دەكات كەسەكە نەتوانێت کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی بكات. دڵەڕاوکێ دەتوانێت کاریگەری لەسەر کار، قوتابخانە، پەیوەندی و چێژوەرگرتن لە ژیان هەبێت. كاریگەرییەكانی دیکە بریتین لە:

  • خۆبەكەم زانین
  • کێشە لە دەربڕین
  • قسەكردنی نەرێنی لەگەڵ خۆت
  • هەستیاری لەڕادەبەدەر بەرامبەر بە ڕەخنە
  • لاوازی توانای کۆمەڵایەتی
  • گۆشەگیری
  • پێشکەوتنی كەم لە بواری ئەکادیمی و پیشەیی
  • بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و زۆر خواردنەوەی کحول
  • هەوڵدان بۆ خۆکوشتن

فۆبیای کۆمەڵایەتی لە منداڵاندا

شێوازەکانی چارەسەرکردنی فۆبیای کۆمەڵایەتی لە منداڵاندا هەمان شێوازەکانی چارەسەرکردنی هەرزەکاران و گەورەکانە، هەرچەندە دەرمانەکان بە شێوەیەکی گشتی بەکارناهێنرێن. چارەسەرکردنەكە لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەتدا گونجاو دەبێت و زۆرجار چارەسەری یاریکردن، تەکنیکەکانی ئیسراحەتکردن، قسەکردن لەگەڵ منداڵەکە و دایک و باوکی لەخۆدەگرێت.

شێوازەکانی چارەسەری فۆبیای کۆمەڵایەتی

بۆ چارەسەرکردنی فۆبیای کۆمەڵایەتی، بەگوێرەی بارودۆخی نەخۆشەکە، ڕێگەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت. بژاردە سەرەکییەکان بریتین لە:

  • چارەسەری هزری-ڕەفتاری  (CBT): چارەسەرکەر دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ دەستنیشانکردن و گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارە نەرێنییەکان. ئەمەش ڕەنگە بە تاک، بە گروپ، یان لەگەڵ خێزان ئەنجام بدرێت. لە کاتی چارەسەری گروپیدا، ئەندامانی گروپ سەرنجیان لەسەر فۆبیای کۆمەڵایەتییە و ئەو کارامەییانەی لە ژیاندا فێریبوون بەکاردەهێنن.
  • بەرنگاربوونەوە: چارەسەرەكە بە خەیاڵکردنی دۆخێکی کۆمەڵایەتی و هەڵسوكەوت تێیدا ئەنجام دەدرێت. چارەسەر بە بەرەنگاربوونەوە دەتوانرێت بە بینین یان ئەزموونکردنی دیمەنێکی دیاریکراو یان دۆخێکی کۆمەڵایەتی لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئەنجام بدرێت. ئەم شێوازە چارەسەرە بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە بە شێوەیەكی توند نەخۆشیەکەیان هەیە. چارەسەرکەر سەرەتا خەیاڵ بەکاردەهێنێت و وردە وردە نەخۆشەکە ڕادەکێشێت بۆ بارودۆخی ڕاستەقینە.

فێرکردنی کارامەیی کۆمەڵایەتی

پێدانی ڕاهێنانی جیاواز لەخۆدەگرێت وەکو ڕۆڵگێڕان بۆ نموونە كاتێك یارمەتی نەخۆشێك دەدات، تا باشتر فێری کارامەیی کۆمەڵایەتی بێت و زیاتر ئامادەبێت بۆ دۆخە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم کارامەییانە بریتین لە چاوپێکەوتن، گفتوگۆ، دەربڕین و پەیوەندی تەلەفۆنی.

دەرمانی دژە خەمۆکی

جۆرێک لە دەرمان کە پێی دەوترێت ڕێگریکەری هەڵبژێردراوی وەرگرتنەوەی سیرۆتۆنین (SSRI)، وەک (escitalopram) یان (sertraline)، بەزۆری کاریگەرە لە چارەسەرکردنی فۆبیای کۆمەڵایەتیدا. چارەسەری دەرمان بەبێ چارەسەری ڕەفتاری ڕێکوپێک و بەردەوام کاریگەری درێژخایەنی نییە. پێدەچێت دەرمانی دژە خەمۆکی کاریگەری نەبێت لەسەر هەموو ئەو کەسانەی کە نەخۆشی فۆبیای کۆمەڵایەتییان هەیە و تەنها ١٥%ی ئەم نەخۆشانە ئەنجامیان دەبێت. ئەم دەرمانانە بەزۆری بۆ چارەسەرکردنی کەسانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ بەکارناهێنرێن.


سەرچاوەکان



906 بینین