بۆچی هەندێک کەس هەمیشە دوادەکەون؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-02-12-23:12:00 - کۆدی بابەت: 10990
بۆچی هەندێک کەس هەمیشە دوادەکەون؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی هەندێک کەس هەمیشە دوادەکەون؟ (بە ئینگلیزی: ?Why are some people always late، بە عەرەبی: لماذا يتأخر بعض الناس دائما؟). بەدڵنییایەوە دەبێت هەموو کەسێک هاوڕێیەکی هەبێت کە بەردەوام دوادەکەوێت. یاخود دەکرێت خۆت خودی ئەو کەسە بیت، هەندێک لەو کەسانە زۆرجار تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن کە زوو بگەن بەڵام هەمیشە درەنگ دەکەون. ئەو کەسانەی بەردەوام درەنگ دەکەون، مەرج نییە کەسانی تەمەڵ، ناڕێکوپێک بن، بەڵکوو دەکرێت چەند هۆکارێکی جیاوازی هەبێت.

هۆکارەکان

کەسایەتی کەسەکە

هەندێک لە خەڵکی بەردەوام دوادەکەون، هەندێکی دیکەشیان تەنها لە هەندێک کاتدا وایان لێ دێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان کەسایەتی مرۆڤەکان دەکرێت هۆکارێک بێت بۆ ئەم بابەتە. لەوانەیە تۆش وابیربکەیتەوە کە دەتوانێت لە یەک کاتدا چەند کارێک ئەنجام بدەیت، بەڵام بەوشێوەیە نەبێت. لەوانەیە کێشەکە تێنەگەیشتن بێت لە کەمی کات و سەیرنەکردنی کات لە کاتی خۆئامادەکردندا.

بیروباوەڕی کەسەکە

بیروبۆچونی خەڵکی لەبارەی ڕۆشتنیان بۆ شوێنە جیاوازەکان زۆر جیاوازە، هەندێک پێیان خۆشە هەمیشە زووتر لە کاتی خۆی بگەن بە شوێنەکە، بەڵام هەندێکی تر ئەمەیان ناوێت.

ئەم بابەتەش پەیوەندی بە بیروباوەڕی کەسەکەوە هەیە. مرۆڤ ئەم بیروبۆچوونانەی لە منداڵییەوە بۆ دروست دەبێت ئەویش لە، خێزان، قوتابخانە، کۆمەڵگا، هاوڕێکانییەوە.

بەڵام زۆرێک پێیان وایە کە پێویستە لە کاتی خۆیدا ئامادەبن و عەیبەیە کە درەنگ بگەن، لەهەمان کاتدا ئەو کەسانەش بوونیان هەیە، کە شەرم دەکەن لەوەی زوو بگەن.

توانج لێدان

لە قوتابخانە نرخی کات زۆرە و درەنگ گەیشتن سزای خۆی هەیە، هەر لێرەوە توانج دەست پێ دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە دوادەکەون، زۆرجار مامۆستاکان و قوتابییەکان توانج دەدەن لەو کەسانە و بەردەوام ئەم ڕستانەیان پێ دەڵێن:

تۆ تەمەڵی

تۆ زۆر دەخەویت

تۆ گرنگی بە کات و کارەکانت نادەیت

ئەم جۆرە کەسانە بەدرێژایی ژیانیان لەگەڵ ئەم توانجانەدا گەورە دەبن و دەبنە هاوشێوەی ئەو شتەی کە خەڵکی پێیان دەڵێت. بۆیە زۆریان پێ ئاساییە لە کاتی گەورەبوونیشیاندا بەهەمان شێوەبن.

شێوازی ژیان

زۆرێک لە زانایانی ئەم بواره شێوازی ژیانیش بە هۆکارێک دەزانن بۆ دواکەوتنی کەسەکان. پێیان وایە ئەو کەسانەی کە داهاتوویان لە پێش چاوە و هەوڵی بۆ دەدەن بەدەوام زووتر دەگەن، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی کە تەنها لە ئێستادا دەژین درەنگتر دەگەنە شوێنەکان.

کێشە دەروونییەکان

دەکرێت هەندێک لەو کەسانەی بەردەوام درەنگ دەگەن چەند کێشەیەکی دەروونییان هەبێت، وەک:

دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵێک کەسەدا

خەمۆکی

خۆبەگەورەزانی

ئالوودەبوو بەماددەی هۆشبەر

چارەسەر

گرنگ نییە هۆکارەکە چی بێت، گرنگ ئەوەیە هەوڵ بدەیت چارەسەری بکەیت. دەتوانیت چەند ڕێگایەکی ئاسان بگریتە بەر بۆ ئەوەی بتوانیت لە کاتی خۆیدا بگەیتە شوێنەکان، بەبێ دواکەوتن.

سوود لە کەسی شارەزا وەربگرە: دەتوانیت بچیتە لای کەسی شارەزا و کێشەی خۆتی بۆ باس بکەیت، دواتر ئەو بەپێی هۆکاری دواکەوتنەکەت دەتوانێت یارمەتیت بدات و ڕێگا چارەت بۆ دابنێت.

کات دابنێ: کاتێک دابنێ کە تێیدا ئەگەر تەواوببیت لە خۆئامادەکردن ئەوا زووتر دەگەیتە شوێنی مەبەست، بڕیار بدە کە کاتێک زەنگەکە لێیدا تۆ تەواوبووبیت لە خۆئامادەکردن. 

بەرنامەی ڕۆژانەت ڕوون بێت: ڕۆژانە کاتێک پێویستە بچیتە شوێنێک زووتر لە خەو هەستە، بۆ ئەوەی بتوانیت زووتر کارەکانت ئەنجام بدەیت و ئەگەری دواکەوتنت کەمتر ببێتەوه.

شتەکانت بە ڕێکی دابنێ: هەموو ئەو جل و کەلوپەلانەی کە ڕۆژانە پێویستتە، پێکەوە لە یەک جێگادا دایانبنێ و کاتێکی زۆر بەوەوە مەکوژە کە بە شوێنیاندا بگەڕێیت، وەک، مۆبایل، سویچ، جزدانی پارە و بۆن.

پێش کاتی خۆی بەڕێکەوە: هەمیشە پێش ئەوەی کاتی بەڕێکەوتن بێت زووتر بەڕێبکەوە و ئەگەری ئەوە دابنێ کە لە ڕێگەدا شتێک بێتە پێشەوە و دوات بخات.

شەوی پێش ئەوە خۆت ئامادە بکە: ئەگەر ناچاریت بەیانی زوو بۆ جێگایەک بچیت، پێویستە تاکوو دەکرێت زۆربەی کارەکان لە شەودا ئەنجام بدەیت. وەک ئامادەکردنی جلەکان، هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستت پێیەتی.


سەرچاوەکان



418 بینین