یادەوەری بیستن چییە؟ ئەرک و شێوازەکانی بەهێزکردنی

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-14-18:38:00 - کۆدی بابەت: 11717
یادەوەری بیستن چییە؟ ئەرک و شێوازەکانی بەهێزکردنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یادەوەری بیستن چییە؟ ئەرک و شێوازەکانی بەهێزکردنی (بە عەرەبی: ما هي الذاكرة السمعية؟ وظائف وطرق التعزيز، بە ئینگلیزی: What is auditory memory? functions and methods of reinforcement)، یادەوەری بیستن بریتییە لە وەرگرتنی ئەو زانیاریانەی کە بە شێوەی زارەکی دەوترێن، لێکدانەوە، کۆگاکردنی زانیارییەکە لە مێشکی مرۆڤدا و دواتر بیرهێنانەوەی ئەوەی بیستوویەتی. لە بنەڕەتدا کارامەییەکانی بەئاگابوون، گوێگرتن، لێکدانەوە، کۆگاکردن و بیرهێنانەوە لەخۆدەگرێت. زۆر جار لە کاتی قسەکردن لەگەڵ منداڵاندا زانیارییەکان لە گوێیەکەوە دەچنەژوورەوە و لە گوێکەی تر دەچنە دەرەوە، ئەمە بۆ مامۆستایان، دایک و باوکان ئاشنایە. بەڵام بۆ ئەو منداڵانەی کە بیرەوەری بیستنیان لاوازە، دەکرێت لێکەوتەی توندی هەبێت لە فێربووندا.

بیرەوەری کاریگەری لەسەر توانای تاک هەیە بۆ ئەنجامدانی زۆربەی چالاکیەکان. بیرەوەری بریتییە لەوەی کە چۆن زانیارییەکان کۆد دەکرێن، کۆگا دەکرێن و دواتر دەگێڕدرێنەوە. تەنانەت بوونی کێشەیەکی کەم لە بیرەوەری دەکرێت کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی خوێندکار هەبێت. یادەوەری جۆری جیاواز هەیە، لەوانە یادەوەری درێژخایەن، یادەوەری کورتخایەن، یادەوەری کارا، یادەوەری بیستراو و بینراو.

ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان یادەوەری بیستن و یادەوەری کارا؟

یادەوەری بیستن بریتییە لە توانای وەرگرتنی ئەو زانیاریانەی کە بە شێوەی زارەکی (بە دەنگی بەرز) دەوترێن، لێکدانەوەیان، مانەوەیان لە یادەوەری و دواتر وەبیرهێنانەوەیان. یادەوەری بیستن پێویستی بە یادەوەری کارا هەیە. یادەوەری کارا بریتییە لە بەڕێوەبردن، لێکدانەوە و گۆڕینی زانیارییەکان کە لە بیرەوەری کورتخایەن و درێژخایەن وەرگیراون. یادەوەری کارا بەرپرسیارە لە لێکدانەوەی زانیارییە زمانەوانییە ئاست بەرزەکان و ئەگەر ئەرکەکە ئاڵۆزتر بێت، یادەوەری کارا کاتێکی زیاتری دەوێت بۆ لێکدانەوەیان. توانستی یادەوەری کارا پەیوەندییەکی بەرچاوی لەگەڵ لێکدانەوەی هێماکان، تێگەیشتن لە زمان، ڕێنووس، شوێنکەوتنی ڕێنماییەکان، پەرەپێدانی وشەسازی، تێبینیکردن و GPAـیەوە هەیە.

ئەرکەکانی یادەوەری بیستن چییە؟

یادەوەری بیستن یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و ئاشکرایە کە کەس ناتوانێت دەستبەرداری ئەم یادەوەرییە ببێ، یادەوەری بیستن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ڕووداوەکانی ژیانمان، بارودۆخ و فێربوونمان. ئەرکەکەی بریتییە لە دابینکردنی بەشێک بۆ کۆگاکردنی هەموو شتێک کە پەیوەندی بە تاکەوە هەیە وەک بارودۆخ، ڕووداو، زانیاری گرنگ یان هەر شتێکی تر. هەرکاتێک مرۆڤ پێویستی بە زانیارییەکان هەبوو وەریدەگرێتەوە لەم بەشە. دەکڕێت هۆکاری لاوازی یادەوەری کەمخەوی یان بەدخۆراکی بێت.

بۆچی یادەوەری بیستن گرنگە؟

ئەگەر منداڵێک کێشەی یادەوەری بیستنی هەبێت، بە ئاستەم پابەندی ڕێنماییەکان دەبێت و ناتوانێن بەباشی سەرنجیان بدات یان گوێبگرێت. هەروەها بە کەمی لەو شتانە تێدەگات کە لە پۆلدا دەوترێ و دوای ماوەیەک تەنها بڕێکی کەم یان هیچ کام لەو شتانەی بە بیردا نایەتەوە کە وتراوە. ئەو خوێندکارانەی یادەوەری بیستنیان لاوازە زۆرجار تووشی کێشە دەبن لە پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی باش لە وشەکان، بیرهێنانەوەی ئەو زاراوە و زانیاریانەی کە بە شێوەی زارەکی پێشکەش دەکرێن، بۆ نموونە لە مێژوو و زانستدا. لە توێژینەوەیەکی تیرۆش و کۆهین (١٩٩٨) دەرکەوتووە کە یادەوەری کورتخایەنی بیستن پەیوەندییەکی بەرچاوی بە ADHD و کێشەکانی زمانەوە هەیە.

ئایا یادەوەری بیستن ڕۆڵی هەیە لە خوێندندا؟ 

یادەوەری بیستن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە خوێندندا یەکێکە لە بوارەکانی لێکدانەوەی بیستن کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خوێندنەوە، ڕێنووس، نووسین و لێهاتوویی لە بیرکاریدا هەیە. کوردێک و سینکلێر (٢٠٠١) پێوانەی یادەوەری بیستنیان لە باخچەی ساوایاندا کرد و بۆیان دەرکەوت ئەو خوێندکارانەی کە یادەوەری بیستنیان بەهێزە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا توانای خوێندنەوە و بیرکارییان باش دەبێت. ئەو منداڵانەی کە توانای یادەوەری بیستنیان لاوازە، لەوانەیە کێشەیان هەبێت لە ناسینەوەی دەنگەکان و هاوتاکردنیان لەگەڵ پیتەکاندا ئەمەش نیشانەیەکی باوی لاوازی خوێندنەوەیە.

گرنگترین نیشانەکانی لاوازی یادەوەری بیستن

  • دەنگی بەرز لەکاتی قسەکردندا
  • بە ئاستەم بیرهێنانەوەی لیستێک یان زنجیرەیەک ڕووداو
  • کەسەکە داوای دووبارەکردنەوەی وشەکان یان ڕستەکان دەکات
  • تواناییەکی کەمی بیرهێنانەوەی ئەو زانیاریانەی هەیە کە  لە ڕێگای بیستنەوە فێری بووە 
  • لێکدانەوەی ڕستەکان بە شێوەی وشە وشە
  • لە کاتی بوونی ژاوەژاو ناتوانێت بە ڕوونی گوێبیستی قسەکان ببێت
  • کێشەی بیرهێنانەوەی ئەو زانیاریانەی کە بە شێوەی زارەکی باسکراون

ئایا دەتوانین پەرەبدەین بە یادەوەری بیستن؟

ئەگەر منداڵێک لە ڕاکردندا خاو بێت، ئەوا بە مەشقکردن دەتوانێت خۆی باشتر بکات، بە هەمان شێوە دەتوانێت یادەوەری بیستنی کورتخایەنی خۆی پەرەپێبدات. لاوازی یادەوەری بیستراو لە بیرهێنانەوەی ئاراستە فرە هەنگاوەکان، پەیوەستکردنی زانیاری نوێ بە زانیاری کۆنەوە، تێگەیشتن لە دەربڕینە زارەکییەکان، تێبینیکردن لەکاتی گوێگرتن، لێدوانی زارەکی و نووسراو. ئەو کەسانەی کە یادەوەری بیستنیان لاوازە یان کێشەیان لە یادەوەری بیستراو هەیە دەتوانن سوودمەند بن لە فێربوونی ڕاستەوخۆی ستراتیژییەکان.

چۆنییەتی پەرەپێدانی یادەوەری بیستن

ڕێگای یەکەم: چەند ڕاهێنانێک هەیە بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی یادەوەری بیستن لە  منداڵان و گەورەکان کە بریتین لە:

چوار ڕستە هەڵبژێرە کە هەریەکێکیان پێکهاتبن لە سێ یان چوار وشە دواتر بیاننوسەرەوە بۆ ئەوەی لەبیرت نەچێ و بەردەوام هەمان ڕستە دووبارە بکەرەوە. ڕستەی یەکەم بڵێرەوە و دوای ماوەیەک پرسیار لە منداڵەکە بکە بزانە چەند وشەی لە بیرماوە، پاشان ڕستەی دووەم بخوێنەرەوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەسەر ڕستەی یەکەم بڵێیت. دواتر ڕستەی سێیەم و چوارەم، پێویست ناکات منداڵەکە ڕستەکان لەبەربکات تەنها یەکجار ڕستەکەی پێدەڵێین و ناوبەناو داوای لێدەکەین دووبارەی بکاتەوە، ڕستەکە هەمووی بە ڕاستی پێدەڵێین یان جاروبار وشەیەک لادەبەین بۆ ئەوەی بەراوردی بکەین بە ڕۆژی دواتر. ئەگەر هەستمان کرد لە ڕستەکە تێگەشتووە و توانیویەتی ڕستە چوار وشەیەکە وەکوو خۆی بڵێتەوە بێ ئەوەی وشەی تری بۆ زیاد بکات، ئەو کات ڕستەیەکی تری پێدەڵێین کە وشەکانی زیاتر بێت

دەتوانین ئەم ڕێگایە بۆ ژمارەکانیش بەکاربهێنین

ڕێگای دووەم: ڕێگایەکی خێرا بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کێشەی بیرەوەری بیستنیان هەیە ئەوەیە کە بە دەنگی بەرز چیرۆکێک بۆ منداڵەکەت بخوێنیتەوە و دواتر پرسیاری لێ بکەیت سەبارەت بە چیرۆکەکە. پاشان، ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ دواتر داوای لێبکە وێنەی شتێک بکێشێت کە لە چیرۆکەکەدا هەبووە و لەبیریان ماوە، چەند پرسیارێکی تریان سەبارەت بە چیرۆکەکە لێبکەن. ئەوە بەس نییە کە دەستبەجێ پێی دووبارە بکەیتەوە. پێویستە کارامەیی بیرەوەری درێژخایەن بنیات بنێین بۆ بنیاتنانی  زانیاری ڕاستەقینەی گشتی بە شێوەیەکی کارا. دەتوانی ئەم پرسیارانەی لێبکەی:

  • چیرۆکەکە دەربارەی کێ بوو؟
  • چیرۆکەکە لە کوێ ڕوویداوە؟
  • چیرۆکەکە کەی ڕوویداوە؟
  • پێت وایە ______ بۆچی ڕوویداوە؟
  • پێت وایە لە داهاتوودا چی ڕوودەدات؟
  • بەشە ئارەزوومەندەکەیان چی بوو؟

ئەو نیشانانەی دەریدەخەن کە  منداڵەکەت بەدەست لاوازی یادەوەری بیستنەوە دەناڵێنێت

١- بوونی کێشەی گوێگرتن یان بیستن لە منداڵاندا، وەک کێشەی تێگەیشتن لە قسەکردن لە ژینگەیەکی نەگونجاودا، واتە کاتێک دەنگی ژاوەژاوی دەوروبەر هەبێت، تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت، وەک دەنگی تەبرید یان دەنگەکانی تری ژینگەی دەوروبەر.

٢- بەسەختی پەیڕەوکردن و تێگەیشتن لە ڕێنماییە زارەکییەکان.

٣- بە ئاستەم تێگەیشتن، زۆرجار منداڵەکە داوای دووبارەکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئەو قسەیە دەکات کە ئاراستەی کراوە و بۆ ئەوەی بتوانێت لێی تێبگات.

٤- بە ئاستەم دەتوانێت سەرچاوە و ئاراستەی دەنگ دیاری بکات.

٥- سەختی لە جیاکردنەوەی دەنگەکان یان هەستکردن بە بوونی لێکچوون و جیاوازی نێوان دەنگەکان.

٦- هەندێک لە منداڵان وا دەردەکەون کە تووشی لەدەستدانی هەستی بیستن بوون، چونکە گرنگی بە دەنگەکانی دەوروبەریان نادەن و وەک پێویست مامەڵەیان لەگەڵدا ناکەن.

٧- کێشەکانی فێربوون منداڵ دوای ئەوەی لە قوتابخانە وەردەگیرێت، ئەم کێشانە بە گشتی لە شێوەی هەڵەی ڕێنووسی، هەڵەی خوێندنەوە و سەختی تێگەیشتن لە ڕوونکردنەوەی مامۆستا یان زانیاری زارەکی دەردەکەون.

٨- بوونی کێشە لە یادەوەری بیستنی کورتخایەن.

ئەو کێشانەی کە بەهۆی لاوازی بیستن ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە

١- شەرمکردن بەتایبەت لای ئەو منداڵانەی کە کەسەکە ناناسن، چونکە ناتوانن لە هەموو قسەکانی تێبگەن.

٢- توڕەیی، هەڵچوون و بێزاری چونکە ناتوانن گوێ لە کەسانی تر بگرن و پەیوەندیان لەگەڵیاندا هەبێت.

٣- ڕەفتاری خراپ یان کێشەی پەیوەندیدار بە ڕەفتارەوە، هۆکارێکی تر لە ڕەفتارە خراپەکانی منداڵەکە لەوانەیە لاوازی بیستن بێت. دەرئەنجامی ئەم کێشانە زیاتر بێزارییەکی توندە بەهۆی نەبیستنی کەسانی تر بە دروستی.


سەرچاوەکان



202 بینین