ئەو ڤیتامینانە کامانەن کە دەمارەکان بەهێز دەکەن؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-04-26-14:47:00 - کۆدی بابەت: 12696
ئەو ڤیتامینانە کامانەن کە دەمارەکان بەهێز دەکەن؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو ڤیتامینانە کامانەن کە دەمارەکان بەهێز دەکەن؟ (بە عەرەبی: ما هو الفيتامينات التي تقوي الأعصاب، بە ئینگلیزی: What are the vitamins that strengthen the nerves)، چەند بژاردەیەک هەیە کە دەتوانێت دەمارەکان بەهێز بکات لەوانە ڤیتامینەکان بەتایبەتی ڤیتامینەکانی B. یەکێک لە گرنگترین سوودە تەندروستییەکانی ڤیتامینەکانی B پاراستنی تەندروستی دەمارەکانە، بەتایبەت ڤیتامین B1، ڤیتامین B6 و ڤیتامین B12، ئەمەش بەهۆی ڕۆڵی گرینگی ڤیتامینەکان لە دروستکردنی هەندێک لە دەمارە گوێزەرەوەکان، وەک: ئەسیتیلکۆلین، سیرۆتۆنین، نۆرئەپینفرین، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵییان هەیە لە دروستبوونی مایلین کە چینە پارێزەرەکەی دەوروبەری خانە دەمارییەکانە.

ئەو ڤیتامینانە کامانەن کە دەمارەکان بەهێز دەکەن؟

  • ڤیتامینەکانی B

ڤیتامینەکانی B گرنگن بۆ کارکردنی کۆئەندامی دەمار, کەمی ڤیتامین بی لە لەشدا دەبێتە هۆی تێکچوونی دەمارەکانی دەست و قاچ، ئەمەش بە ڕوونی لە تووشبووانی شەکرەدا دەبینرێت، کە بەهۆی کەمی ڤیتامین Bـیەوە ڕوودەدات، کاتێک وەکوو تەواوکەری خۆراکی ئەم ڤیتامینانە دەخۆین، بەتایبەت ڤیتامین B12 و ڤیتامین B6، هەست بە باشتربوون دەکەین، چونکە ڤیتامین B6 وزە بە جەستە دەبەخشێت و کاریگەری هێورکەرەوەی سروشتی هەیە، هەروەها ڤیتامین B12 ماددەیەکی خۆراکی سەرەکییە بۆ کۆئەندامی دەمار، کەمی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی هەستکردن بە لاوازی، رەقبوونەوە، ئازار، بێهێزی، گرژبوونی ماسولکەکان و هەستکردن بە سووتانیان. هەروەها کەمییەکەی دەبێتە هۆی نەخۆشی دەمارەکانی دەوروبەر. ڤیتامین B1 یارمەتی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ دەدات و کاریگەری هێورکەرەوەی هەیە لەسەر دەمارەکان. ڤیتامین B3 یارمەتی بەرهەمهێنانی ماددە کیمیاییەکانی مێشک دەدات. ڤیتامین B9 کە بە ترشی فۆلیک ناسراوە، بە یەکێک لە گرنگترین ڤیتامینەکان دادەنرێت کە پاڵپشتی گەشەکردن و کارکردنی ناوەندە کۆئەندامی دەمار دەکات بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی کۆرپەلەدا، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی تەواوکەری ترشی فۆلیک لە کاتی دووگیانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو مەترسی تووشبوون بە (neural tube defects) کەم دەکاتەوە.

  • ڤیتامین E

یارمەتی ڕێکخستنی کارکردنی کۆئەندامی دەمار دەدات، هەروەها کەمییەکەی دەبێتە هۆی تێکچوونی دەمارەکان، وەک دژە ئۆکسێنەرێک کاردەکات و ڕادیکاڵە ئازادەکان لەناو دەبات، کە بە یەکێک لە بەرهەمە لاوەکییەکانی پرۆسەکانی ئۆکساندن دادەنرێت کە لە جەستەدا ڕوودەدەن، لە توێژینەوەیەکی هۆڵەندی کە لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە کە خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین E، ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشی بیرچوونەوە بەهۆی تەمەنەوە بەڕێژەی ٦٦٪ دوادەخات. 

  • ڤیتامین C

ڤیتامین سی یارمەتی نەهێشتنی دڵەڕاوکێ دەدات هەروەها پاڵپشتی تەندروستی مێشک و کارکردنی ئەدریناڵ دەکات، کاریگەری هێورکەرەوەی بەهێزی هەیە ئەگەر بە ژەمی زۆر بەکاربهێنرێت. توێژینەوەیەک کە لەلایەن زانایان لە زانکۆی ئۆریگۆن ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە دەمارە خانەکانی چاو پێویستیان بە ڤیتامین سی هەیە بۆ ئەوەی بە باشی کاربکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڤیتامین سی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەندروستی خانە دەمارییەکانی مێشک بەگشتی، خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین سی سەرچاوەیەکی پشتگیری و پاراستنە بۆ ئەو کەسانەی کە مەترسی تووشبوونیان بە گلوکۆما هەیە.

  • ڤیتامین A

ڤیتامین ئەی کە پێی دەوترێت ڕێتینۆڵ، پێویستە بۆ گەشەکردنی ئاسایی ناوەندە کۆئەندامی دەمار و بینینی تەندروست، توێژەرانی پەیمانگای سالک لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە ڤیتامین A پرۆسەی فێربوون بەرز دەکاتەوە و یادەوەری کورتخایەن بەهێز دەکات، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە ڤیتامین A کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو ناوچانەی مێشک هەیە کە پەیوەندی بە فێربوون و یادەوەرییەوە هەیە، هەروەها بێتا کارۆتین لە سەوزەی پرتەقاڵدا هەیە و دەگۆڕێت بۆ ڕێتینۆڵ لەناو جەستەدا. 


سەرچاوەکان



73 بینین