دەروازەی عەشتار

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-25-23:47:00 - کۆدی بابەت: 12694
دەروازەی عەشتار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەروازەی عەشتار (بە عەرەبی: بوابة عشتار، بە ئینگلیزی: Ishtar Gate) شوێنەوارێکی مێژوویی عێراقییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نەبووخز نەسڕی بابلی و لە شاری بابل دۆزراوەتەوە، دروازەی عەشتار بە هەشتەم دەروازەی سەرەکی چوونەژوورەوەی شوێنەواری بابل دادەنرێت و لە ساڵی ٥٧٥ـی پێش زایینی لەلایەن نەبووخز نەسڕەوە بنیاتنراوە، لە ساڵی ١٨٩٩ لەلایەن شوێنەوارناسی ئەڵمانی (ڕۆبێرت کۆڵدوای) لە عێراق دۆزراوەتەوە و بە هاوکاری ئەویش شوێنەوارە مێژووییەکە لە عێراقەوە گواستراوەتەوە بۆ مۆزەخانەی پێرگاموون لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا. لە ڕابردوودا دەروازەی عەشتار بە یەکێک لە حەوت شوێنەوارە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان هەژمار دەکرا، بەڵام لە لیستەکە لابراوە و بڵندگۆی ئەسکەندەرییە کراوەتە شوێنەکەی.

مێژووەکەی

مێژووی دەروازەی عەشتار دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین، بە دیاریکراوی سەردەمی بابلییەکان و سەردەمی پاشا نەبووخز نەسڕ کە پاشا و دەسەڵاتداری ناوچەکە بوو، نەبووخز نەسڕی دووەم لە سەدەی شەشەمی پێش زایین شاری بابلی لە ناوچەی دۆڵی دوو ڕووبار بنیاتنا و هەر ئەو کاتەش دەروازە مەزنەکەی دروست کردووە و بووە بە هەشتەم دەروازەی چوونەژوورەوەی شارەکە.

دەروازە گەورەکەی عەشتار لە دوو دەرگا پێکهاتبوون لەوێوە کەژاوەکانی جەژنی سەری ساڵ دەستی پێدەکرد کە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی نیسان بوو، کەژاوەکە لە بنکەی پەرستگەی ماردۆکەوە دەستی پێدەکرد و بە دەروازەی عەشتاردا بەرەو سەرەوە بەڕێدەکەوتن تا پەرستگای "بەیت ئاکیتو"، پانتایی ڕێگاکە بە شەش شێر ڕازاندرابوونەوە کە هێمای خواوەند عەشتار بووە و شێوەکانیان سوور و زەرد لەسەر زەوییەکەدا بە خشتی شوشەیی شین دەبیندران.

لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن و لە ماوەی ساڵانی هەشتاکان دەروازەیەکی هاوشێوەی دەروازەی عەشتار دروستکرا و لە نزیک شوێنەوارەکانی بابل دانرا، بیرۆکەی دیزاین و شێوەکەی لە دەروازە سەرەکییەکە وەرگیرا بوو بەڵام پڕۆژەکە تەواو نەکرا.

لە ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی پۆڵەندا ناوچە هەڵکۆڵراوەکانی شوێنەواری بابلیان وەکوو بنکەی سەربازی و شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەی سەربازی بەکارهێنا بۆیە شوێنەکە زیانێکی زۆری بەرکەوت، بەپێی توێژینەوەیەک کە مۆزەخانەی بەریتانیا ئەنجامی دابوو و خەمڵاندی که ٣٠٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە شوێنەوارەکانی بابل بەهۆی هێزە ئەمریکییەکان و کارە سەربازییەکانیانەوە زیانی پێگەشتووە، هاوکات لە ناوچەکە خەندەق هەڵکەندرا و ئامێری قورس بەکارهێنرا لە هەڵکەندنی شوێنەکە، بۆیە شوێنەوارەکە بە تەواوی زیانی پێگەیشت و بەشێک لە بەرد و زەوییەکەی شکان و درزیان تێکەوت.

شێوە و وێنە و دیزاینی سەر دەروازەی عەشتار

پانی دەروازەکە زیاتر لە ٣٠ مەترە و بەرزییەکەی دەگاتە ١٣ مەتر. دەروازەکە بە بەکارهێنانی بەردی پۆلیشکراوی هاوشێوەی سیرامیک دروستکراوە و لە دوو ڕەنگی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە شینێکی ڕەنگ تێر و سەوزێکی دەریایی، هاوکات بەشێکیشی کەرپووچ و بەردی لازۆردی گرانبەها دروست کراوە.

دیارترین وێنەی سەر دەروازەکە وێنەی نەخشێنراو و هەڵکۆڵراوی شێرە، چونکە خواوەندی عەشتار کە دەراوازەکە بە ناوی ئەو خواوەندەوە ناونراوە خواوەندی خۆشەویستی و جەنگ و جوانی بووە، بۆیە شێر وەکوو هێمای بەهێزی ئەو خواوەندە دادەنرێت و لە زۆرێک لە شوێنەکانی دەروازەکە کێشراوە و بە ڕوونی دیارە، سەرباری وێنەی شێر وێنەی چەند ئاژەڵێکی تریش لەسەر دەوازەکە هەیە نموونەی گای بچووک کە هێما بووە بۆ خواوەندی کەشوهەوا لەلای بابلییە کۆنەکان، هەروەها وێنەی ئەژدیها کە بە هێمای گەورەی خواوەندەکان دانراوە بەهەمان شێوە لەسەر دەروازەکە نەخشێدراەوە.

دەرگا و بنمیچی دەروازەکە لە داری برنج و بڕۆنزی زەردی ئاڵتوونی و ڕەنگی شین بنیاتنرا بوو. لە بەشی پێشەوەی دەروازەکە ڕێگایەکی درێژ هەبووە کە درێژییەکەی نیو میل (نزیکەی ٨٠٠ مەتر) بووە و بەو ڕێگەیەدا چوونەتە نێو دەروازەی شارەکەوە بە "ڕێگای قافڵەکان" ناسراو بووە، ڕێگاکە بۆ گەیشتن بە دەروازەکە بە شێوەیەکی تەلارسازی هونەری سەرسوڕهێنەر دروستکرابوو و بە بەردی سوور و زەرد ڕێکخراو بوو، لەژێر هەر بەردێکی ڕێگاکە نووسراوێک نەخشێندرا بوو کە تێیدا نوێژێکی کورت لە نەبووخوز نەسڕەوە بۆ خوداوەندەکانی ماردوخ نووسرا بوو.

لە هەردوو تەنیشتی ڕێگاکە دیوارێکی بەرزی هاوشێوەی پەرژین هەبووە کە بەرزییەکەیان نزیکەی ١٥ مەتر بووە و بە ١٢٠ وێنەی هەڵکۆڵراوی شێر و گوڵ نەخشێنراو بوون. ڕێگای قافڵەکان لە بۆنە و جەژنەکان بەکارهاتووە و بت و خواوەندەکانیان بەو ڕێگایەدا تێپەڕکردووە و لە دەروازەی عەشتارەوە چوونەتە نێو شاری بابل.

دۆزینەوەی دەروازەکە 

لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە عێراق "پڕۆژەی بابل" ڕاگەیەندرا و تێیدا بە هاوکاری گرووپی چەند زانایەکی شوێنەوارناسی ئەڵمانی بە سەرۆکایەتی (ڕۆبێرت کۆڵدوای) دەروازەی عەشتار دۆزرایەوە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٧ لە نزیک قەڵای بابل (ڕۆبێرت کۆڵدوای) بە ڕێکەوت چەند شوێنەوارێکی لەمبەردی ڕەنگاوڕەنگ دروستکراوی دۆزییەوە، دوای دوو ساڵ بڕیاری هەڵکۆڵین درا و پڕۆژەکە ناونرا "کاری هەڵکۆڵینەکان لە بابل"، لە میانەی هەڵکۆڵینی ئەو پڕۆژەیەدا سەرەتا چەندان پارچەی ڕەنگاوڕەنگ بە ژمارەیەکی زۆر دەرکەوتن، پاشان دوو دیواری هاوتەریب لەڕۆژهەڵاتەوە لە هەمان پارچەی ڕەنگاوڕەنگ دروستکرابوون دۆزرانەوە، دوای هەڵکۆڵینی زیاتر زەوییەکەی کە بە "ڕێگای قافڵەکان" ناسراوە لەگەڵ دیواری ڕۆژاوا دۆزرانەوە و ئەم دۆزراوانە هۆکاربوون کە لە ناوچەکە هەڵکۆڵینی زیاتر بکرێن. لە ساڵی ١٩٠٢ دەروازەی عەشتار لە نزیک دیوار و زەوییە دۆزراوەکان بە تەواوی دۆزرانەوە.

چۆنێتی گواستنەوەی دەروازەکە لە عێراق

لە ساڵی ١٩١٤ و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم کاری هەڵکۆڵین و گواستنەوەی شوێنەوارەکە ڕاگیرا، کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی عوسمانی کە هاوپەیمانی ئەڵمانیا بوو لە ناوچەکە و شکستی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی یەکەم کاریگەربوون لە وەستان و سستبوونی کارەکانی پڕۆژەکە، بەڵام دوای چوار ساڵ لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم ئەڵمانییەکان توانیان دانووستان لەگەڵ هێزەکانی بەڕیتانیادا بکەن لە عێراق،  ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ئەو شوێنەوارە کۆنانەی کە لە کاتی هەڵکۆڵینەکانی سەردەمی عوسمانییەکان لە عێراق لەلایەن ئەڵمانییەکان دۆزراونەتەوە بۆ بەرلین بگوازرێتەوە، دەروازەی گەورەی عەشتار لەو شوێنەوارانە بوو.

بەرد و کەرپوچەکانی دەوازەکە پارچە پارچە لێکرانەوە و بە ژمارەی تایبەتی دیاریکران، پاشان کرانە سندوقی تایبەتییەوە و لە عێراقەوە گواسترانەوە بۆ مۆزەخانەی پێرگاموون لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، دوای گواستنەوەی پارچەکانی دەروازەکە بۆ مۆزەخانەکە تاکوو ساڵی ١٩٣٠ پسپۆڕان بەشێکی دەروازەکەیان بنیاتنایەوە و لە مۆزەخانەکە دانرا، تەنیا بەشی پێشەوەی دەروازەکە دانرایەوە چونکە بەشەکەی تری دەروازەکە قەبارەی زۆر گەورە بووە و لە مۆزەخانەکە جێگەی نەبووەتەوە و هەر لە کۆگای مۆزەخانەکە بە پارچەکراوی مایەوە، هاوکات دەروازەکە کە دەرگا و بنمیچەکەی لە داری برنج و بڕۆنز دروست کرابوو ئەو بەشەش لەسەر دەروازەکە لادراوە و لە مۆزەخانە نییە.

بەهۆی لێککردنەوەی پارچەکانی دەروازەکە ئەگەری دزین و لە ناوچوونی زۆر زیاتر بوو، بۆیە لە زۆرێک لە مۆزەخانەکانی جیهان چەند بەشێک یان چەند پارچەیەکی جۆراوجۆری دەروازەکە و شوێنەوارەکە هەن، لەوانە مۆزەخانەی شوێنەوارناسی ئیستەنبووڵ، مۆزەخانەی شاهانەی ئۆنتاریۆ، مۆزەخانەی لۆڤەر، مۆزەخانەی میونخ بۆ هونەری میسری، مۆزەخانەی هونەری میترۆپۆلیتان لە نیویۆرک، پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی شیکاگۆ و چەندین مۆزەخانەی تر.


سەرچاوەکان



59 بینین