عەلی قەرەداغی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-01-08-22:49:00 - کۆدی بابەت: 11832
عەلی قەرەداغی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دکتۆر عەلی قەرەداغی (بە عەرەبی: علي القره داغي، بە ئینگلیزی: Dr. Ali Al Qaradaghiزانا و بیرمەندی ئیسلامییە کە وەکوو سەرۆک و ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانان دەستبەکارە. دکتۆر عەلی قەرەداغی وەکوو بیرمەندێکی ئیسلامی بانگخواز و ئابووریناس ناسراوە.

زانیاری گشتی

ناو  عەلی محییەدین قەرداغی
نازناو دکتۆر عەلی قەرەداغی
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون  ساڵی ١٩٤٩، قەرەداغ، سلێمانی 
پیشە  بانگخواز، مامۆستای ئایینی، زانا  و بیرمەندی ئیسلامی، نووسەر
شوێنی نیشتەجێبوون قەتەر
ئایین ئیسلام
نەتەوە کورد

ژیاننامەی

ناوی تەواوی عەلی محییەدین قەرداغییە و لە گوندی (نەوتی) سەر بە قەرەداغ لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٩ لەدایکبووە. لە خێزانێکی پەیوەست بە ئایین پەروەردەکراوە و ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئیمامی حسێن، باوکی ناوی شێخ محییەدین بووە و دایکیشی ناوی ئامینە عوسمان بووە و هاوکات خێزانەکەی دۆستی شێخ مەحموودی حەفید بوونە، شێخ محییەدینی باوکی کەسێکی کاریگەر بووە و دژی هزری شیوعییەت بووە و ئەو کاتەی کە ئەو ڕەوتە لە ناوچەکە تەشەنەی سەندووە لە ساڵانی ١٩٥٨ تاکوو ١٩٦٣ باوکی دژی وەستاوەتەوە و تەنانەت بەو هۆیەوە هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە. بۆیە عەلی قەرداغی بە کەسایەتی باوکی زۆر کاریگەر بووە.

ئەزموونی خوێندنی

سەرەتاکانی قۆناغی خوێندنی لە گوندەکەی خویان لە قەرەداغ خوێندووە، لە تەمەنی منداڵییەوە هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە. لە ساڵی ١٩٦٩ پەیمانگای ئیسلامی تەواوکردووە و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەمی پەیمانگاکە بووە، ساڵێک دواتر لە ساڵی ١٩٧٠ ئیجازەی زانستی مەلایەتی وەرگرتووە. لەسەر دەستی چەندان زانای ئایینی کوردستان و عێراق لە شاری سلێمانی و بەغداد زانستی شەرعی وەرگرتووە نموونەی شێخ مستەفا قەرەداغی، شێخ نەجمەدین قەرەداغی، مەلا عبدولكەریمی مودەریس و مامۆستا شێخ عبدولقادری خەتیب. لە ساڵی ١٩٧٥ چووەتە کۆلێجی ئیمام ئەعزەم لە بەغداد و بە پلەی نایاب بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە شەریعەی ئیسلامی بەدەست هێناوە.

لە ساڵی ١٩٨٠ لە وڵاتی میسر بڕوانامەی ماستەری بە پلەی نایاب لە فیقهی بەراوردکاری لە کۆلێجی شەریعه و قانون لە زانکۆی ئەزهەر بەدەستهێناوە. هەر لە هەمان کۆلێج بڕوانامەی دکتۆرای لە ساڵی ١٩٨٥ وەرگرتووە، دکتۆراکەی لە بواری گرێبەست و مامەڵە داراییەکاندا بووە و پلەی نایابی لێ بەدەستهێناوە. تێزی دکتۆراکەی بە ناونیشانی (مبدأ الرضا في العقود: دراسة مقارنة في الشريعة والقانون المدني) بوو، لەڕووی زانیارییەوە تێزی دكتۆراكە زانستی فیقهی هەرهەشت مەزهەبە زانراو و باوەكەی لەخۆگرتبوو، هاوكات لەڕووی یاساییشەوە یاساكانی ڕۆمانی و ئینگلیزی و فەڕەنسی و میسری و عێراقی لەخۆگرتبوو. لە ساڵی ١٩٩٠ پلەی مامۆستای یاریدەدەری بەدەستهێناوە و لە ساڵی ١٩٩٥ پلەی پڕۆفیسۆری بەدەست هێناوە.

ئەزموونی نووسینی

لەڕووی نووسین و بەرهەمی زانستییەوە زیاتر لە ٥٠ كتێبی هەیە و بابەت و لێكۆڵینەوە زانستییەكانی زیاتر لە ٢٠٠ لێكۆڵینەوەی زانستی دەبن، زۆرینەی بەرهەمە زانستییەكانی لە بواری ئابووری ئیسلامی و مامەڵە داراییەكاندایە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری فیقهی سەردەم و فیكری ئیسلامیدا بەرهەمی هەیە، هاوکات بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیوە و بەردەستن. دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:
• دیدێکی ئیسلامی نوێ بۆ جیھاد و توندوتیژی‌ و وەلاء و بەرا
• کۆ بەرھەمەکانی د. عەلی قەەرداغی
• چۆن زەکاتی ماڵەکەت دەدەیت؟
• ململانێ لەسەر شوناس
• گەشەپێدان و گەندەڵی
• کۆمەڵگە و گەشەپێدان
• ئیسلام و ئیرھاب
• خۆپیشاندانی ئاشتییانە و ڕاپەڕینی جەماوەری لە ڕوانگەی ئیسلامەوە
• لێکۆڵینەوەی ھۆکارەکانی ئاوەدانکردنەوە و زیندووکردنەوەی ماڵە وەقف کراوەکان

پلە و پۆستەکانی

  • سەرەتای ئەزموونی مامۆستایەتی بووە و لە ساڵی ١٩٨٥ لە کۆلێجی شەریعە لە وڵاتی قەتەر بووەتە مامۆستا و وانەبێژی کۆلێجەکە.
  • لە وڵاتی قەتەر بەشداری كاری ڕێكخراو و ناوەندە زانستییەكانی دەكرد بە بەردەوامی و لە ناوەوەو دەرەوەی قەتەردا ئامادەی ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەكان بوو، وەك بانگخواز و موفتی هاوبەشێكی كاریگەری كار و كێشەكان بووە.
  • لە وڵاتی قەتەر بەشداری بەشێكی زۆری لیژنەی فەتوا و چاودێری شەرعی بانكە ئیسلامییەكان بووە.
  • ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمانانە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە و لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤یشەوە بۆ هەمان پۆست هەڵبژێردرایەوە.
  • وەکوو جێگری ئەنجوومەنی ئەورووپی بۆ فەتوا و توێژینەوە هەڵبژێردراوە.
  • مامۆستا و سەرۆك بەشی پێشووی كۆلێجی شەریعە و یاسا و دیراساتی ئیسلامی بووە لە زانكۆی قەتەر.
  • سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەمیندارێتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییە لە كوردستانی عێراق، هەر خۆشی ئەم زانكۆیەی لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراندووە و پاڵپشتی دارایی بۆ دابینكردووە، زانكۆكەش وەقفییە نەك قازانج ویست.
  • سەرۆكی ڕێکخراوى ڕابیتەى مرۆییە.
  • سەرۆک و دامەزرێنەرى ڕێکخراوى اقرأ.
  • سەرۆک و دامەزرێنەرى کۆمەڵگەى پەروەردەی لیدەرسە.
  • سەرۆك و ئەندامی جێبەجێكردنە لە كۆمەڵێك دەستەی فەتوا و چاودێری شەرعی لە كۆمەڵێك بانكی ئیسلامی و كۆمپانیای دڵنیایی ئیسلامی لە ناو قەتەر، لەوانەش كۆمپانیای ئیسلامی قەتەر بۆ دڵنیایی، لە دەرەوەی قەتەریش وەك بانكی دوبەی ئیسلامی و بانكی وەبەرهێنان لە بەحرەین، یەكەمین لە وەبەرهێناندا لە كوەیت.

ئەزموونی لەگەڵ یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانان

یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانان دامەزراوەیەكی ئیسلامی تایبەت بە زانایانە کە ساڵی ٢٠٠٤ لە شاری دبلنی ئیرلەندا دامەزراوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ بارەگای سەرەكی خۆی گواستەوە بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئەم دامەزراوەیە لە چەندین وڵاتدا ئەندامی هەیە و لە وڵاتانی كەمینە مسوڵمانانیشدا خاوەنی چەندین ئەندامە، ئەم دامەزراوەیە كەسێتییەكی مەعنەوی تایبەت بەخۆی هەیە و سەر بە هیچ دەوڵەت و ڕێكخراوێكی سیاسی نییە و سەربەخۆیە.

دکتۆر عەلی قەرەداغی کەسایەتییەکی کاریگەرە لەنێو ئەم ڕێکخراوە و لە دەستەی دامەزرێنەرانی بووە، پاشان وەکوو ئەمینداری گشتی دامەزراوەکە هەڵبژێردراوە. لە ئێوارەی هەشتی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤  پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ یەکێتی نێودەوڵەتی زانایانی موسڵمان دەستیپێکرد، کە لە هۆتێل شیراتۆن لە پایتەختی دەوحەی قەتەر بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی لیستی کاندیدەکان پێشکەشی ئامادەبووان کرا بۆ ئەوەی لەسەر شاشەیەکی گەورە پێیان بناسێنن، زۆربەی ئامادەبووان شێخ عەلی قەرداغییان هەڵبژاردەوە و وەکوو ئەمینداری دامەزراوەکە دانرایەوە.

خەڵاتەکانی

  • خەڵاتی وقایە بۆ توێژینەوەی زانستی تایبەتمەند لە بیمەی تەکافول لە ڕیاز لە ساڵی ٢٠١١ بەدەستهێناوە.
  • خەڵاتی عەجمانی لە ساڵی ٢٠٠١ بە دەستهێناوە، کە خەڵاتێکە دەدرێت بە کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگادا گێڕاوە.
  • خەڵاتی هاندانی دەوڵەت لە فیقهی ئیسلامی بەراوردکاریدا بەدەستهێناوە، کە لەلایەن دەوڵەتی قەتەرەوە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە لە زانستە جیاوازەکاندا تایبەتمەندن و ڕۆڵی کاریگەریان هەیە.


سەرچاوەکان



287 بینین